Bible in 90 Days
زەبوورێکی داود.
25 ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
2 ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە.
ڕێ مەدە شەرمەزار بم،
دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
3 هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە
شەرمەزار نابن،
بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن
کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.
4 ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە،
ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
5 لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە،
چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت،
بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
6 ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت،
چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
7 ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و
یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە،
بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە،
لە پێناوی چاکی خۆت.
8 یەزدان چاک و سەرڕاستە،
بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
9 ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری،
ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
10 هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن
بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.
11 ئەی یەزدان، لە پێناوی ناوی خۆت،
لە گوناهم خۆشبە، هەرچەندە گەورەشە.
12 کێیە ئەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت؟
خودا فێری ئەو ڕێگایەی دەکات کە بۆی هەڵبژاردووە.
13 هەموو ڕۆژانی لە چاکەدا دەبێت و
زەوی بە میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە.
14 خودا نهێنی خۆی بەوانە دەسپێرێت کە لێی دەترسن،
وا دەکات پەیمانەکەی زانراو بێت لەلایان.
15 من هەمیشە چاوم ئاراستەی یەزدان کردووە،
چونکە تەنها ئەو پێم لە تەڵە دەکاتەوە.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
چونکە تەنها و کڵۆڵم.
17 دڵتەنگیم زیاد بووە،
لە تەنگانەکانم ڕزگارم بکە.
18 تەماشای داماوی و ڕەنجکێشانم بکە و
لە هەموو گوناهەکانم خۆشبە.
19 تەماشای دوژمنەکانم بکە چەند زۆر بوونە و
چەند بە قینەوە ڕقیان لێمە.
20 ژیانم بپارێزە و ڕزگارم بکە،
شەرمەزارم مەکە،
چونکە پەنا وەبەر تۆ دەهێنم.
21 با دروستی و سەرڕاستی پارێزەرم بن،
چونکە ئومێدم بە تۆیە.
22 ئەی خودایە، ئیسرائیل بکڕەوە،
لە هەموو تەنگانەکانی!
زەبوورێکی داود.
26 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
بەبێ دوودڵی.
2 ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
مێشک و دڵم بپشکنە.
3 چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.
4 لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
تێکەڵی دووڕووان نابم.
5 ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
6 دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
7 بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
8 ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
9 گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.
12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.
زەبوورێکی داود.
27 یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
لە کێ بتۆقم؟
2 کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
ساتمە دەکەن و دەکەون.
3 ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.
4 داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
5 چونکە لە ڕۆژی بەڵا،
لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.
6 ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
7 ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،
لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
8 سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»
ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
9 ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،
تۆ یارمەتیدەری من بوویت.
ئەی خودای ڕزگارکەرم،
ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
10 تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،
یەزدان دەمگرێتە خۆی.
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،
لەبەر دوژمنەکانم.
12 بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،
چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،
هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.
13 من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،
کە لە خاکی زیندووان
چاکەی یەزدان دەبینم.
14 چاوەڕێی یەزدان بە،
خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،
چاوەڕێی یەزدان بە.
زەبوورێکی داود.
28 ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم.
ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە،
چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت،
وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.
2 گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە،
کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم،
دەستەکانم بەرز دەکەمەوە
بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.
3 لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە،
ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن،
بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن،
بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.
4 بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە،
بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و
ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.
5 لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و
بە کارەکانی دەستی،
تێکیان دەشکێنێت و
جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.
6 ستایش بۆ یەزدان،
چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.
7 یەزدان هێز و قەڵغانی منە،
دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت،
دڵم شاد دەبێت و
بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.
8 یەزدان هێزی گەلەکەیەتی،
قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی [a]
9 گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە،
ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[b] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[c] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[d] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
زەبوورێکی داود.
گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[e]
30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
چونکە هەڵتکێشام و
نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
2 ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
تۆش چاکت کردمەوە.
3 ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
4 ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
5 چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
6 کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
«هەرگیز نالەقێم.»
7 ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
پەرێشان بووم.
8 ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
9 «مەرگی من سوودی چی تێدایە،
ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
جلوبەرگی گوشت[f] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
31 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.
2 گوێت بۆم شل بکە،
بە زوویی فریام بکەوە،
ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم،
بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.
3 لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی،
لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.
4 لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە،
چونکە تۆ پەناگای منی.
5 ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم،
ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.
6 من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن،
من متمانەم بە یەزدان هەیە.
7 من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم،
چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و
لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە.
8 نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان،
بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم.
9 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام.
چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان،
ڕۆح و لەشم لە خەمان.
10 ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە،
ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان،
لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە،
ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.
11 بەهۆی دوژمنەکانمەوە،
بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم،
بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم،
ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.
12 لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم،
وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.
13 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە،
«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!»
هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن،
بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.
14 بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە،
دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»
15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
لە دەستی دوژمنان و
ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.
17 با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان،
چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
با بەدکاران شەرمەزار بن،
لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن.
18 با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت،
چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە
سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن.
19 چاکەت چەند مەزنە،
کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە،
ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە،
بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن.
20 لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە،
لە پیلانەکانی خەڵکی،
لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت،
لە زمانی سکاڵاکەران.
21 ستایش بۆ یەزدان،
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام،
کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم.
22 لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم:
«لەبەرچاوت نەماوم!»
بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت،
کە هاوارم بۆت هێنا.
23 ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت!
یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت،
بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات.
24 ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن،
ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە.
هۆنراوەیەکی داود.
32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
گوناهەکانی داپۆشراوە.
2 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.
3 کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
ئێسقانەکانم پووکانەوە،
لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
4 چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[g]
5 ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.
6 بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
7 تۆ پەناگای منیت،
لە تەنگانە دەمپارێزی و
بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.
8 خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
9 وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»
11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!
33 ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
2 بە ساز ستایشی یەزدان بکەن،
بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
3 سروودێکی نوێی بۆ بڵێن،
بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.
4 چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕاستە،
لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
5 یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت،
زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
6 بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا،
بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
7 ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و
زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
8 با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت،
با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
9 چونکە کە فەرمووی، پەیدا بوو،
فەرمانی دا، بوو.
10 یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە،
تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
11 بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت،
تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.
12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە،
بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
13 یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ،
هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
14 لە نشینگەکەی خۆیەوە
چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
15 ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە،
ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
16 هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت،
هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
17 ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون،
بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
18 بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە.
19 بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و
لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.
20 ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین،
یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
21 دڵمان بەو خۆشە،
چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
22 ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت،
بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.
زەبوورێکی داود، کاتێک لەبەردەم ئەبیمەلەخ خۆی کردە شێت، ئەویش دەریکرد و داود ڕۆیشت.[h]
34 هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم،
هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.
2 گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات،
با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
3 با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین،
با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.
4 ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات،
لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.
5 ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە،
ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.
6 ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو،
لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.
7 فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن،
دەربازیان دەکات.
8 تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە!
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.
9 لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی،
چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.
10 ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن،
بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.
11 کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن،
فێری لەخواترسیتان دەکەم.
12 چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و
ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟
13 زمانت لە خراپە بپارێزە و
لێوەکانت لە فێڵبازی.
14 لە خراپە دوور بە و چاکە بکە،
بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.
15 چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
16 ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە،
تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.
17 سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت،
لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.
18 یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و
ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.
19 پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت،
بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،
20 هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت،
هیچیان ناشکێنرێت.
21 بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات،
ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.
22 یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و
ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.
زەبوورێکی داود.
35 ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن،
لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.
2 سپەر[i] بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە،
ڕاپەڕە و بگە فریام.
3 ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە
لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن.
بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»
4 با ڕیسوا و شەرمەزار بن
ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن،
با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن
ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.
5 با وەک کای بەر بایان لێ بێت،
فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.
6 با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت،
فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.
7 لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە،
بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،
8 با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات،
با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە،
با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.
9 ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت،
بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.
10 هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن:
«ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟
تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن،
هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»
11 شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە،
پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.
12 بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە،
گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.
13 بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی،
بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە.
کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،
14 وەک ئەوەی دۆست و برام بێت،
پرسەدار بووم بۆی،
وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە،
لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.
15 بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە،
کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و
بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.
16 وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن،
ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.
17 ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟
گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان،
ژیانم لەو بەچکە شێرانە.
18 لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم،
لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.
19 مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن،
کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم.
مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە،
بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.
20 ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن،
بەڵکو درۆ دادەڕێژن
لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.
21 دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن:
«ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»
22 ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە.
ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.
23 هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم،
ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.
24 ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.
25 مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!»
یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»
26 با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن،
تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن.
با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن،
بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.
27 با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن،
گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.
با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت،
کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»
28 زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و
بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدانە.
36 جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە
دەربارەی یاخیبوونی بەدکار:
ترسی خودای لەبەرچاو نییە.
2 بە بەرچاوی خۆیەوە خۆی دەڕازێنێتەوە،
تاکو هەست بە گوناهی خۆی بکات و ڕقی لێ ببێتەوە.
3 قسەی دەمی خراپە و تەفرەدانە،
دەستبەرداری وریایی و چاکی بووە.
4 تەنانەت لەناو نوێنیش بیر لە پیلانی خراپە دەکاتەوە،
خۆی دەخاتە سەر ڕێگایەک کە باش نییە،
هەڵە ڕەت ناکاتەوە.
5 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
6 ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە،
دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە[j].
ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت.
7 ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە!
ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.
8 بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن،
تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن،
9 چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە،
بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.
10 بەردەوامی بدە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ ئەوانەی دەتناسن،
بە ڕاستودروستییەکەت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن.
11 با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز،
دەستی بەدکاران وێڵم نەکات.
12 ببینە بەدکاران چۆن دەڕووخێن،
دەکەون و ناتوانن هەستنەوە!
زەبوورێکی داود.
37 بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ،
بەغیلی بە بەدکاران مەبە،
2 چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن،
وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن.
3 پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە،
لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە.
4 خۆشی لە یەزدان ببینە،
داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت.
5 ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و
متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات:
6 ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات،
بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ.
7 لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە،
کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون،
کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ.
8 لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە.
مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات.
9 چونکە بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە،
بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە.
10 پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت،
دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە.
11 بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و
خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.
12 خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و
ددانی لێ جیڕدەکاتەوە،
13 بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت،
چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.
14 بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و
کەوانەکانیان دەچەمێننەوە،
بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن،
بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە.
15 بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان،
کەوانەکانیان تێکدەشکێت.
16 ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی،
لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە،
17 چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت،
بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت.
18 یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین،
هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت.
19 لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن،
لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن.
20 بەڵام بەدکاران دەفەوتێن،
دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن،
وەک دووکەڵ لەناودەچن.
21 بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە،
بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن.
22 ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە،
بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە.
23 یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ،
بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ.
24 ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت،
چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت.
25 من گەنج بووم و ئێستا پیرم،
هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت،
یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن.
26 هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات،
منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن.
27 لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە،
ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت.
28 چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات،
واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ.
هەتاهەتایە دەپارێزرێن،
بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە.
29 ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و
هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن.
30 دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت،
زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات.
31 فێرکردنی[k] خودای خۆی لەناو دڵ،
بۆیە پێی ناخلیسکێت.
32 بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست،
هەوڵدەدات بیکوژێت،
33 بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت،
ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت.
34 چاوەڕێی یەزدان بکە و
ڕێگای ئەو بگرە.
ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری زەوی،
کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت.
35 بەدکارم دی بێ ویژدان بوو،
وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد،
36 بەڵام زوو تێپەڕی و نەما،
هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو.
37 بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە،
مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە.
38 بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن،
دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە.
39 ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت،
ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە.
40 یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات،
لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات،
چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.
زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.
38 ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
2 چونکە تیرەکانت منیان پێکا،
دەستت منی خستە خوارەوە.
3 بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،
بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
4 تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،
وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.
5 برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،
بەهۆی گێلایەتی خۆم.
6 پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،
بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
7 کەلەکەم[l] پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،
تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
8 بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،
لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.
9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،
ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
10 دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،
تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
11 لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،
خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
12 ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،
ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،
بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.
13 بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،
وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
14 وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،
هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
15 ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە.
16 چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم خۆش بن،
یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»
17 چونکە خەریکە دەکەوم،
هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
18 دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،
بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
19 دوژمن چالاک و بەهێزن،
ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
20 ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،
دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.
21 ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،
ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
22 ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،
خێرا بگە فریام.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون[m] زەبوورێکی داود.
39 گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و
زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.
ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،
دەمم بە لغاو دەبەستم.»
2 بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،
تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،
ئازارم زیاد بوو.
3 دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،
هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،
ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:
4 «ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،
هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،
بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.
5 بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،
تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.
ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.[n]
6 «بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،
ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،
سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.
7 «ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟
هیوای من بە تۆیە.
8 لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،
مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.
9 بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،
چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.
10 بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،
بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.
11 مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،
وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،
هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
12 «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
گوێ لە هاوارم بگرە،
لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،
چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،
میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.
13 ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،
پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.
40 بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،
ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
2 لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،
لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.
پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و
هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
3 گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،
سروودێکی ستایش بۆ خودامان.
زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و
پشت بە یەزدان دەبەستن.
4 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
پشت بە یەزدان دەبەستێت،
ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،
لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
5 ئەی یەزدان، خودای من،
زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.
ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە
کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،
ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.
6 بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو گوێی منت کردەوە،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[o]
8 ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
9 لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.
12 چونکە بێشومارە بەڵا دەوری داوم،
گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم.
لە مووی سەرم زیاترن،
ورەم بەرداوە.
13 یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم،
یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.
14 با هەموو شەرمەزار و سووک بن،
ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی.
ببەزن و ڕیسوا بن
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
15 با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن،
ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
16 با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!»
ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
17 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
با پەروەردگار بایەخم پێبدات.
یارمەتی و دەربازکەرم تۆی،
ئەی خودای من، دوا مەکەوە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
41 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە،
یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
2 یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە،
لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و
نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
3 یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و
لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.
4 گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
5 دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن:
«کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
6 کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت،
بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە،
کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.
7 هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن،
پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
8 «دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە،
لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
9 تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو،
ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.[p]
10 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
11 بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت،
چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
12 بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و
لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.
13 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە.
ئامین و ئامین.
کۆکراوەی بەشی دووەم
زەبوورەکانی 42–72
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح
42 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،
ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.
کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[q]؟
3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،
لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:
چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،
بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
6 گیانم خەمبارە لە ناخم،
بۆیە یادت دەکەمەوە
لە لای ڕووباری ئوردون،
لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[r]، لە کێوی میچعارەوە.
7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،
بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،
هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.
8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،
بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،
نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.
9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:
«بۆچی لە یادت کردووم؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم
ناحەزانم توانجم تێدەگرن،
بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
43 ئەی خودایە، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
پارێزگاریم لێ بکە لە نەتەوەیەکی خوانەناس،
لە پیاوی فێڵباز و لە زۆردار دەربازم بکە.
2 تۆ خودا و قەڵای منی.
بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟
3 ڕووناکی و ڕاستی خۆت بنێرە،
ئەوان ڕابەرایەتیم دەکەن،
ئەوان دەمهێننە کێوی پیرۆزت،
بۆ نشینگەکەت.
4 ئەوسا دێم بۆ قوربانگای خودا،
خودای خۆشی و دڵشادیم،
خودایە، خودای من، بە قیسارەوە ستایشت دەکەم.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح.
44 خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان،
باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین
تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان،
لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.
2 بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و
باوباپیرانی ئێمەت چاند،
گەلانت وردوخاش کرد و
گەشەت بە باوباپیرانمان دا.
3 ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکدا نەگرت،
بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.
بەڵکو دەستە ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،
هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.
4 تۆ پاشا و خودای منی،
تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.
5 لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین،
بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.
6 من پشت بە کەوانەکەم نابەستم،
شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.
7 بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین،
تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.
8 بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. [s]
9 بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین،
لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.
10 وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین،
ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.
11 وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین،
لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.
12 گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە،
قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.
13 لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی،
بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.
14 ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان،
خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.
15 ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە،
شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،
16 لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم،
لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.
17 ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە،
لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە،
پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.
18 دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە،
پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.
19 بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ،
بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.
20 ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە،
یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،
21 ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو،
چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟
22 لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.
23 ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟
هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟
بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟
25 گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە،
سکمان بە زەوییەوە نووساوە.
26 ڕاپەڕە! بگە فریامان!
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند.
45 دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت،
کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە،
زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.
2 تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و
نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە،
چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.
3 ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە،
شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.
4 بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە،
لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری،
با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.
5 با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن،
با گەلان لەبەر پێت بکەون.
6 ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
7 تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[t].
8 جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[u] و کاسیا[v] بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[w] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
9 لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[x] لەلای دەستە ڕاستتە.
10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12 دانیشتووانی شاری سور[y] بە دیارییەوە دێن،
خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[z] دێنن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.