Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
شینەکانی یەرمیا 2:1 - حزقیێل 12:20

چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی
    بە هەوری تووڕەییەکەی!
لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا
    بۆ سەر زەوی،
لە ڕۆژی تووڕەییدا
    تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە.

پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە،
    هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی،
بە تووڕەیی خۆی
    قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند.
پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد
    دایگرتنە سەر زەوی.

بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە
    هەموو هێزی ئیسرائیل.
دەستە ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە
    لەبەردەم دوژمن.
ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند،
    هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.

وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا،
    دەستە ڕاستی ئامادە کرد.
وەک ناحەز لەناوی برد
    هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد.
لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ
    تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت.

پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات،
    ئیسرائیلی هەڵلووشی.
هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی،
    قەڵاکانی ڕووخاند.
شیوەن و ماتەمی زۆر کرد
    بۆ یەهودای کچ.

کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما،
    شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند.
یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە
    ڕۆژی شەممە و جەژنەکان.
بە تووڕەیی خۆی
    پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە.

پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە،
    وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا.
دیواری کۆشکەکانی
    ڕادەستی دوژمنەکانی کرد.
لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی
    وەک لە ڕۆژی جەژندا.

شووراکانی سییۆنی کچ
    یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت.
بە گوریس پێوای و
    دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە.
سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و
    پێکەوە ڕووخان.

دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون،
    شمشیرەکانی[a] لەناوبرد و شکاندی.
پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون،
    فێرکردنی موسا نەماوە،
هەروەها پێغەمبەرەکانیشی
    هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە.

10 پیرەکانی شاری سییۆن
    بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن،
خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن،
    جلوبەرگی گوش[b] لەبەر دەکەن.
پاکیزەکانی ئۆرشەلیم
    سەریان دادەنەوێنن.

11 چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن،
    دڵم توندە،
جەرگ بڕاوم
    لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو،
لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران
    لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا.

12 بە دایکیان دەڵێن:
    «کوا نان و ئاو[c]؟»
کاتێک وەک بریندار
    لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە،
کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت
    لەناو باوەشی دایکیان.

13 چیت پێ بڵێم؟
    ئەی ئۆرشەلیمی کچ،
    بە چیت بچووێنم؟
بە چی بەراوردت بکەم،
    بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە،
    ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟
وێران بوونت وەک دەریا قووڵە.
    کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟

14 بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت
    درۆ و فریودەر بوو،
تاوانی تۆیان دەرنەخست
    بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن.
بەڵکو سروشی[d]
    درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.

15 هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت
    بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات،
فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن
    لەبەر ئۆرشەلیمی کچ،
دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە
    کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و
    مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»

16 هەموو دوژمنەکانت
    دەمیان لێت دەکرێتەوە،
فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە،
    دەڵێن: «هەڵمانلووشی.
بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین،
    پێی گەیشتین و بینیمان.»

17 یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی،
    قسەی خۆی بەجێگەیاند،
    ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا.
بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند،
    دوژمنی پێت خۆشکرد،
    هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.

18 دڵی خەڵکەکە
    بۆ پەروەردگار هاوار دەکات.
ئەی شووراکانی سییۆنی کچ،
با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت
    بە شەو و بە ڕۆژ.
خۆت مەبووژێنەوە،
    چاوەکانت پشوو نەدات.

19 هەستە، بە شەو هاوار بکە،
    لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن.
وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە
    لەبەردەم پەروەردگار.
دەستت بۆی بەرز بکەوە
    لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت،
ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە
    لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.

20 «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە،
    ئەمەت بە کێ کردووە؟
ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات،
    منداڵی باوەشی؟
ئایا کاهین و پێغەمبەر
    لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟

21 «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن
    لەسەر زەوی شەقامەکان،
پاکیزە و لاوەکانم
    بە شمشێر کوژراون.
لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت،
    ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.

22 «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن،
    ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد.
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان
    کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو،
ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن،
    دوژمن لەناوی بردن.»

من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی
    بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.
منی بە پێش خۆی دا و
    منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.
بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە
    بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.

گۆشت و پێستی منی پیرکرد،
    ئێسکەکانی شکاندم.
دەوری گرتم و گەمارۆی دام
    بە ژەهر و ناخۆشی.
ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم
    وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.

لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم،
    زنجیرەکانی منی قورس کرد.
هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم،
    بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.
بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت،
    ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.

10 وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە،
    وەک شێرێک خۆی مات دەکات،
11 منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم،
    منی وێران کرد.
12 کەوانەکەی ڕاکێشا
    منی کردە نیشانەی تیرەکانی.

13 تیرەکانی تیردانەکەی
    لە دڵم چەقاند.
14 هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن،
    بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.
15 تێری کردم لە تاڵی،
    زەقنەبووتی دەرخوارد دام.

16 بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد،
    منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.
17 من لە ئاشتی بێبەش کراوم،
    سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.
18 ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما،
    هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»

19 دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
    وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
20 بە باشی بەبیرم دێتەوە،
    لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
21 بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
    لەبەر ئەوە هیوام هەیە:

22 بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
    چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
23 ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
    دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
24 بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
    لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»

25 یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،
    بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
26 باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات
    بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.
27 باشە پیاو نیر هەڵبگرێت
    هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.

28 با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت،
    چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.
29 با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ،
    لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.
30 با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات،
    با تێربێت لە ڕیسوایی.

31 چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە
    لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.
32 لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات،
    بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
33 چونکە کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و
    دڵتەنگی ناکات.

34 تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی
    لەژێر پێ،
35 یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی
    لەبەردەم خودای هەرەبەرز،
36 یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری،
    ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟

37 کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ،
    ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟
38 ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە
    بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟
39 بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات
    کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟

40 با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و
    بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.
41 با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە
    بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:
42 «ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین،
    تۆش لێمان خۆش نەبوویت.

43 «خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین،
    بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.
44 بە هەور خۆت داپۆشی
    بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.
45 ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو
    لەنێو گەلان.

46 «هەموو دوژمنانمان
    دەمیان لێمان کردەوە.
47 ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا،
    لەناوچوون و وێرانی.»
48 چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن
    لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.

49 چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن
    بەبێ پسانەوە،
50 تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە
    تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.
51 ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات
    لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.

52 ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ
    وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.
53 بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ،
    بەردیان تێمگرت.
54 نوقومی ئاو بووم،
    گوتم: «خەریکە بمرم.»

55 ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە
    بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.
56 گوێت لە دەنگم بوو:
    «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»
57 ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە،
    فەرمووت: «مەترسە!»

58 ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد،
    ژیانی منت کڕییەوە.
59 ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی.
    دادوەری کێشەکەم بکە!
60 هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی،
    هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.

61 ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو،
    هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛
62 ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من
    باسی دەکەن و دەیچرپێنن.
63 تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان،
    بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.

64 ئەی یەزدان، سزایان بدە،
    بەپێی کردەوەکانی دەستیان.
65 پێچە لەسەر دڵیان دابنێ،
    با نەفرەتت لەسەریان بێت!
66 بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە
    لەژێر ئاسمانی یەزداندا.

چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات،
    زێڕی بێگەرد گۆڕا!
بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە
    لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.

چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن،
    ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران،
ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران،
    دەستکردی دەستی گۆزەکەر!

تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان
    بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن،
بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە
    وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.

لەبەر تینووێتی
    شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا.
منداڵەکان داوای نان دەکەن،
    بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.

ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد
    لە شەقامەکاندا وێران بوون،
ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران
    لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.

سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو
    لە سزای گوناهەکەی سەدۆم،
ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو
    بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.

میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون،
    لە شیر سپیتر بوون،
جەستەیان لە یاقووت[e] سوورتر بوو،
    وەک یاقووتی شین[f] بوون.

بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە،
    لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە.
پێستیان بە ئێسکیانەوە نووسا
    وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕا.

ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون
    لەوانەی بە قاتوقڕی مردن.
ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت
    چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.

10 دایکە میهرەبانەکان
    بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا،
بوونە خۆراکیان
    کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.

11 یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت،
    هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت.
ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد
    بناغەکانی سووتاند.

12 پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان
    باوەڕیان نەکرد
کە دوژمن و ناحەز
    دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.

13 بەڵام ڕوویدا، لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی[g] و
    تاوانی کاهینەکانی،
ئەوانەی لەناوەڕاستیدا
    خوێنی ڕاستودروستان دەڕێژن.

14 بە شەقامەکاندا وێڵ بوون
    وەک کوێر.
خۆیان بە خوێن گڵاوکرد،
    کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.

15 خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە!
    دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!»
کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون،
    لەناو گەلاندا گوتیان،
    «جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»

16 یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن،
    ئیتر چاودێرییان ناکات.
خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت،
    لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.

17 سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو
    بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی،
لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین
    بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.

18 تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە
    بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین.
کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە،
    چونکە کۆتاییمان هات.

19 ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون
    لە هەڵۆکانی ئاسمان،
بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن،
    لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.

20 پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە،
    لە بۆسەکانیان گیرا،
ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا
    لەنێو گەلان دەژین.

21 ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە،
    ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ.
بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت،
    سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.

22 ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت،
    ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە.
بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات،
    گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.

ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات،
    تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.
میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو،
    ماڵمان بۆ بێگانە.
هەتیو و بێ باوک بوون،
    دایکانمان وەک بێوەژنن.
دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە
    دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.
ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە،
    ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.
دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە
    بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.
باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان،
    ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.
کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن،
    کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.
بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە
    هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.
10 پێستمان وەک تەنوور سووتاوە،
    لەبەر برسیێتی برژاوین.
11 لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان،
    پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.
12 میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن،
    ڕێز لە پیران ناگیرێت.
13 لاوانیان دەهاڕدرێن،
    منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.
14 پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن،
    لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.
15 خۆشی دڵمان نەما،
    شاییمان بوو بە شیوەن.
16 تاجی سەرمان کەوت.
    قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!
17 لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا،
    لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،
18 لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو،
    چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.

19 ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت،
    تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
20 بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟
    بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟
21 ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە،
    وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،
22 یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و
    بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟

گیانلەبەرەکان و شکۆمەندی یەزدان

لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم،[h] کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم. ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو.[i]

لە پێنجی مانگدا، فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری.

جا تەماشام کرد بینیم ڕەشەبایەک لە باکوورەوە هات، هەورێکی گەورە کە ئاگرێکی تێدا بوو دەبریسکایەوە و لە دەوروبەری ڕووناکی دەدرەوشایەوە. لە چەقی ناوەڕاستی ئاگرەکەش وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگراوی بوو. لە هەورەکەشدا شێوەی چوار گیانلەبەر هەبوو، ئەمەش دیمەنیان بوو، لە شێوەدا لە دیمەنی مرۆڤێک دەچوو، بەڵام هەریەکە چوار ڕوخسار و چوار باڵی هەبوو. قاچەکانیان ڕێکوڕاست بوون و پێیەکانیان وەک پێی گوێرەکە وابوون، وەک بڕۆنزی لووسکراو دەبریقانەوە. لە خوار باڵەکانیانەوە لە هەر چوار لاوە دەستی مرۆڤیان هەبوو. هەر چوار گیانلەبەرەکە ڕوخسار و باڵیان هەبوو، باڵەکانیشان هەریەکە و بەوەی تەنیشتیەوە لکابوو. لە کاتی ڕۆیشتندا هەریەکە ڕێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت و لای نەدەدا.

10 ڕوخساری هەر چواریان بەم شێوەیە بوو: لەپێشەوە ڕوخساری مرۆڤ، لەلای ڕاست ڕوخساری شێر، لەلای چەپ ڕوخساری گا، لە پشتەوەش ڕوخساری هەڵۆ، 11 ئەمە ڕوخساریان بوو. هەروەها باڵەکانیان بەرەو سەرەوە لێک کرابوونەوە، هەریەکە بە دوو باڵ بە گیانلەبەرەکەی دیکەوە لکابوو، بە دوو باڵەکەی دیکەش لەشی خۆیان دادەپۆشی. 12 هەریەکەیان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، ڕۆحی خودا دەچووە هەر شوێنێک ئەوانیش دەچوون، لە ڕۆیشتنیش لایان نەدەدا. 13 هەروەها دیمەنی گیانلەبەرەکان وەک پشکۆی ئاگری داگیرساو یان وەک چەند مەشخەڵێک بوون. ئاگر لەنێوان گیانلەبەرەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئاگرەکەش ڕەوشەن بوو، لە ئاگرەکەوە بروسکە دەردەچوو. 14 گیانلەبەرەکانیش وەک بروسکە دەهاتن و دەچوون.

15 تەماشای گیانلەبەرەکانم کرد کە هەریەکەیان چوار ڕووی هەبوو، لەلای هەر یەکێکیان چەرخێک هەبوو لەسەر زەوی. 16 دیمەن و پێکهاتنی چەرخەکان بەم جۆرە بوون: هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک زەبەرجەد دەبریسکانەوە، پێکهاتنیشیان وەک ئەوەی چەرخ لەناو چەرخدا بێت. 17 کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، چەرخەکان لە کاتی ڕۆیشتنی گیانلەبەرەکاندا لایان نەدەدا. 18 هەروەها چێوەکانیان بەرز و ترسناک بوون، چێوەکانی هەر چواریان پڕ بوون لە چاو[j] لە هەر چواردەوریاندا.

19 کە گیانلەبەرەکان دەڕۆیشتن، چەرخەکان لەتەنیشتیانەوە دەڕۆیشتن. کاتێک گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە. 20 بۆ هەرکوێ ڕۆحی خودا دەڕۆیشت ئەوانیش دەچوون، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو. 21 کە گیانلەبەرەکان دەجوڵانەوە، چەرخەکانیش دەجوڵانەوە، کە گیانلەبەرەکان دەوەستان ئەوانیش دەوەستان، کە گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.

22 لە سەرەوە بەسەر سەری گیانلەبەرەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، وەک دیمەنی بلوور دەبریسکایەوە و ترسناک بوو. 23 لەژێر بۆشاییەکە باڵەکانیان بەرەو یەکتر درێژ ببوونەوە، هەروەها هەریەکە دوو باڵی دیکەی هەبوو کە لەشیانی دادەپۆشی. 24 کە ڕۆیشتن گوێم لە دەنگی باڵەکانیان بوو وەک دەنگی هاژەی ئاوێکی زۆر بوو، وەک دەنگی خودای هەرە بە توانا، وەک دەنگی هاتوهاواری سوپا. کاتێک کە ڕاوەستان باڵەکانیان شۆڕ کردەوە.

25 کاتێک کە ڕاوەستان و باڵەکانیان شۆڕکردەوە، دەنگێک لە بۆشاییەکەی سەر سەریانەوە هات. 26 لەسەر بۆشاییەکەی سەر سەریان، شتێکی وەک تەختێکی پاشایەتی هەبوو، لە دیمەنی یاقووتی شین[k] دەچوو، لە سەرووی هەموویەوە شێوەیەک وەک دیمەنی مرۆڤ لەسەر تەختەکە بوو. 27 بینیم لە ناوقەدی بەرەو سەرەوە وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگرین لەناوەوە و لە دەوروبەری، لە ناوقەدیشی بەرەو خوارەوە بە چەشنی ئاگر بوو، شەوقی دەدایەوە بۆ دەوروپشتی. 28 وەک دیمەنی پەلکەزێڕینە لە هەوردا لە ڕۆژی باران، شەوقەکەش ئاوا بوو بۆ دەوروبەری.

ئەمە دیمەنی شێوەی شکۆمەندی یەزدان بوو. کاتێک بینیم بەسەر ڕوومدا کەوتم و گوێم لە دەنگێک بوو قسەی دەکرد.

بانگکردنی حزقیێل

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەستە سەر پێیەکانت، قسەت لەگەڵ دەکەم.» کە قسەی بۆ دەکردم، ڕۆحی خودا هاتە ناوم و هەڵیستاندمەوە سەر پێیەکانم، گوێم لەوە بوو کە قسەی بۆ دەکردم.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بۆ لای نەوەی ئیسرائیل دەتنێرم، بۆ لای نەتەوەیەکی یاخی کە لە من یاخی بوون، ئەوان و باوکانیشیان هەتا ئەم ڕۆژەش لێم یاخی بوونە. ئەو گەلە کە بێ چاوەڕوون و کەللەڕەقن، من بۆ لای ئەوان دەتنێرم، پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، گوێ بگرن یان نەیگرن، دەزانن کە پێغەمبەرێکیان لەنێودا بووە. بەڵام تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، نە لە خۆیان و نە لە قسەکانیان مەترسە. مەترسە، هەرچەندە تۆ لەنێو بنەماڵەیەکی یاخی دادەنیشیت کە دەبنە دڕکوداڵ و دووپشک بۆت. لە قسەکانیان مەترسە و لێیان مەتۆقە. هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، دەبێت بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێیت، گوێ بگرن یان نەیگرن. ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»

کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە. 10 لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.» منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ. بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل، نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت. بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن. لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان. ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.»

10 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەموو ئەو قسەیەی پێتی دەڵێم، لە دڵتدا هەڵیبگرە و بە گوێت بیبیستە. 11 بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“»

12 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە. 13 ئەمەش دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان بوو کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون. 14 جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم. 15 ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێل‌ئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم.

دانانی حزقیێل بە چاودێر

16 دوای حەوت ڕۆژەکە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، جا وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و لەلایەن منەوە ئاگاداریان بکەرەوە. 18 کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”سزاکەت مردنە“ و تۆش ئاگادارت نەکردەوە و قسەت نەکرد وەک ئاگادارکردنەوە بۆ بەدکار لە ڕێگا خراپەکانی بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. 19 بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و لە بەدکاری خۆی و لە ڕێگا خراپەکەی نەگەڕێتەوە، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.

20 «ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ. 21 بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.»

22 لەوێ هێزی یەزدان هاتە سەرم، ئەویش پێی فەرمووم: «هەستە بڕۆ دەشتاییەکە، لەوێ قسەت لەگەڵ دەکەم.» 23 منیش هەستام و چوومە دەرەوە بەرەو دەشتاییەکە. ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان لەوێ وەستاوە وەک ئەو شکۆمەندییەی لەسەر نۆکەندی کەڤار بینیم، ئیتر بەسەر ڕوومدا کەوتم.

24 ئینجا ڕۆحی خودا هاتە ناومەوە و هەڵیستاندمە سەر پێیەکانم، قسەی لەگەڵ کردم و پێی فەرمووم: «بڕۆ و لەناو ماڵەکەت دەرگا لەسەر خۆت دابخە. 25 تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، بە گوریس دەتبەستنەوە و کۆت دەکرێیت، بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە ناویان. 26 منیش زمانت بە مەڵاشووتەوە دەنووسێنم و لاڵ دەبیت، بۆیان نابیت بە پیاوێکی سەرزەنشتکار، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین. 27 بەڵام کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەم دەمت دەکەمەوە و پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ ئەوەی گوێ دەگرێت با گوێ بگرێت و ئەوەی گوێ ناگرێت با گوێ نەگرێت، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.

نیشانەی گەمارۆدانی ئۆرشەلیم

«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە. گەمارۆی بدە: قوللە لە دەوری بنیاد بنێ، سەنگەر لە دەوری دروستبکە، لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ. ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە، چاوی تێ ببڕە، جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت. ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.

«لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت، بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت. منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان، لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.

«کاتێک تەواوت کرد، لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ، جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت، هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک. جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە. من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.

«تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت، سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت. 10 ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت، هەر ڕۆژەی بیست شاقل[l]، هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت. 11 ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە، یەک لەسەر شەشی هەینێک[m]، هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە. 12 کولێرەی جۆ دەخۆیت، لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.» 13 یەزدان فەرمووی: «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»

14 منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست! هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردار و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە. هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»

15 ئەویش پێی فەرمووم: «تەماشا بکە، ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»

16 هەروەها پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من نان لە ئۆرشەلیم دەبڕم، جا نان بە کێشان و بە خەمەوە دەخۆن و ئاویش بە پێوانە و بە ترسەوە دەخۆنەوە، 17 تاکو نان و ئاویان کەم بێت و لە دیمەنی یەکتر بتۆقن و بەهۆی تاوانەکەیانەوە لەناو بچن.

«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە. تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە. کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لەناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە، سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە، سێیەکیشی بە بادا بکە، لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم. چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە. هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە. لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.

«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند، چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا. جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو، چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.

«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد. تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.

«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئۆرشەلیم، منیش لە دژی تۆم، لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم. لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت، وات پێ دەکەم کە نەمکردووە، پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە. 10 لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات، سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم. 11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت[n] پیرۆزگای منت گڵاوکرد، پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم. 12 سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن، سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن، سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

13 «ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە. کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.

14 «وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان، لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک. 15 جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە، کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. 16 کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن، ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت، بۆ وێرانیتان دەیهاوێم. نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم. 17 کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان، جەرگتان دەسووتێنن. دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم.[o] من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»

فەرمایشتێک سەبارەت بە چیاکانی ئیسرائیل

هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە چیاکانی ئیسرائیل بکە و لەسەری پێشبینی بکە. بڵێ: ”ئەی چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن. یەزدانی باڵادەست بە چیاکان و بە گردەکان، بە شیوەکان و بە دۆڵەکان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم شمشێرێکتان بەسەردا دەهێنم و نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانتان لەناودەبەم. جا قوربانگاکانتان وێران دەبن و قوربانگاکانی بخوورتان دەشکێن و کوژراوەکانتان فڕێدەدەمە بەردەم بتەکانتان. لاشەکانی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم بتەکانیان دادەنێم و ئێسکەکانتان لە دەوری قوربانگاکانتان بڵاو دەکەمەوە. لە هەموو نشینگەکانتان شارۆچکەکان چۆڵ دەبن، نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان کاول دەبن بۆ ئەوەی قوربانگاکانتان چۆڵ و وێران بن، بتەکانیشتان دەشکێن و نامێنن، قوربانگاکانی خۆرتان دەبڕێنەوە، دروستکراوەکانتان دەسڕێنەوە. خەڵکانێک لەنێوتان دەکوژرێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.

«”لەگەڵ ئەوەشدا پاشماوەتان لێ دەهێڵمەوە، کاتێک لەنێو خاک و نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەبن و لە شمشێر دەرباز دەبن. دەربازبووانی ئەوان لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆیان ڕاپێچ کرابوون یادم دەکەنەوە و دێتەوە یادیان کە چۆن بەهۆی دڵە سۆزانییەکەیان و چاویان کە ئارەزووی بتیان دەکرد و بەهۆی بێوەفاییان بەرامبەر بە من دڵیان شکاندم. ئەو کاتە ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە لەبەر ئەو خراپەی کردوویانە و لەبەر هەموو نەریتە قێزەونەکانیان. 10 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، لەخۆڕایی نەمفەرموو کە ئەم کارەساتەیان بەسەردا دەهێنم.

11 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە دەستت لێ بدە و بە پێیەکانت بکوتە و بڵێ، ’ئای بە داخەوە!‘ لەبەر هەموو ئەو نەریتە خراپ و قێزەونانەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەمرن. 12 ئەوەی دوورە بە دەرد دەمرێت و ئەوەی نزیکە بە شمشێر دەکوژرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە و پارێزراوە بە قاتوقڕی دەمرێت. جا تووڕەییم بەسەریاندا هەڵدەڕێژم. 13 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک کوژراوەکانیان لەنێو بتەکانیان لە چواردەوری قوربانگاکانیان دەکەون، لەسەر هەموو گردێکی بەرز، لەسەر لووتکەی هەموو چیاکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوز و دار بەڕووێکی گەڵادار، لە هەر شوێنێک بخووری بۆنخۆشیان پێشکەش بە بتەکانیان دەکرد. 14 دەستم بۆیان درێژ دەکەم و خاکەکە چۆڵ و کاول دەکەم، لە چۆڵەوانییەوە هەتا دیڤلە، لە هەموو نشینگەکانیان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

نزیکبوونەوەی کۆتایی

هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت:

«”کۆتایی! کۆتاییەکە هات!
    هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.
ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە،
    تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم.
بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
    سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
    دەستم لێت ناپارێزم،
بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
    سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن.

ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“

«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”بەڵایەک دێت!
    بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!
کۆتاییەکە هات!
    کۆتاییەکە هات!
ئاوڕی لێت دایەوە،
    ببینە، وا هات!
ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت،
    کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە،
لەسەر چیاکان هاتوهەرایە،
    نەک هاواری خۆشی.
ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
    هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم،
بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
    لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
    دەستم لێت ناپارێزم،
بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
    سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن.

ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.

10 «”ئەوەتا ڕۆژەکە!
    ئەوەتا هات!
چەرخ سووڕایەوە،
    داردەست گوڵی کرد،
    لووتبەرزی چرۆی کرد!
11 ستەم بووە داردەستی خراپە،
    نە خۆیان و نە سامانیان و
نە هاتوهەرایان دەمێنێت،
    شکۆیان نامێنێت.
12 کاتەکە هاتووە!
    ڕۆژەکە گەیشتووە!
ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و
    نە فرۆشیار خەمبار دەبێت،
    چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
13 فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت
    فرۆشراو وەرناگرێتەوە،[p]
چونکە ئەو پەیامەی خودا
    بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە،
مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی
    ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.

14 «”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و
    هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن،
بەڵام کەس ناچێتە جەنگ،
    چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
15 شمشێر لە دەرەوە و
    دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە.
ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت،
    ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.
16 ئەوانەی دەرباز دەبن
    هەڵدێن بۆ چیاکان و
وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن،
    هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.
17 هەموو دەستەکان شل دەبن و
    هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.
18 جلوبەرگی گوش[q] دەپۆشن و
    ترس دایاندەگرێت.
ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و
    سەریان دەڕووتێتەوە.

19 «”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و
    زێڕیان دەبێتە گڵاوی.
زێڕ و زیویان ناتوانێت
    لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت.
بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن،
    چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.
20 بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون
    لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا،
وێنەی قێزەونیان دروستکرد.
    لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.
21 دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی،
    هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی،
    جا گڵاوی دەکەن.
22 ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و
    شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن،
توندوتیژەکان دێنە ناویەوە،
    ئەوێ گڵاو دەکەن.

23 «”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن!
    چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن،
    شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.
24 جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و
    دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن،
شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم،
    پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.
25 لە کاتی تۆقینیان
    داوای ئاشتی دەکەن و نییە.
26 بەڵا لەسەر بەڵا و
    هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت،
داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن،
    فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت،
    ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.
27 پاشا دەگریێت و
    میر نائومێد دەبێت،
    دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت.
بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و
    بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم.

ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

گڵاوکردنی پەرستگا

ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم،[r] کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون، لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم. جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی، وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو. شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو، بە قژی سەرم منی گرت. ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم، بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە، ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە[s] کە ئیرەیی[t] خودا دەجۆشێنێت. شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.

ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.

پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»

ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.

پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.» 10 منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە. 11 حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لەناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.

12 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ چونکە دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“» 13 ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»

14 پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز[u] دەگریێن. 15 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»

16 ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.

17 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە[v]. 18 هەروەها منیش بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»

کوشتنی بتپەرستان

ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.» شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لەناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.

شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە[w] هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لەناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»

ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو: «بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن. نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ. پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن، بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە. لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.» ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون.

پێی فەرموون: «ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو! بڕۆنە دەرەوە!» جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد. لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە، منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم: «ئای! ئەی یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟»

پێی فەرمووم: «تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن، شار پڕ بووە لە گەندەڵی، چونکە دەڵێن: ”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“ 10 لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.»

11 ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، هەواڵی هێنایەوە و گوتی: «وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم، جێبەجێم کرد!»

شکۆمەندی خودا پەرستگاکە بەجێدەهێڵێت

10 ئینجا سەیرم کرد لە سەرەوە بەسەر سەری کەڕوبەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، دیمەنی تەختێکی پاشایەتی هەبوو، وەک یاقووتی شین دەبینرا. یەزدان بە پیاوە کەتان پۆشەکەی فەرموو: «بڕۆ ناو چەرخەکانی ژێر کەڕوبەکان و مشتت پڕ بکە لە پشکۆی ئەو ئاگرەی لەنێوان کەڕوبەکانە و بەسەر شارەکەدا بڵاوی بکەرەوە.» ئەویش لەبەرچاوم چووە ناوەوە.

کەڕوبەکانیش لەلای ڕاستی[x] پەرستگاکە ڕاوەستابوون کە پیاوەکە چووە ژوورەوە، هەورێکیش حەوشەکەی ناوەوەی پڕکردەوە. شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا پەرستگاکە پڕ بوو لە هەورەکە و حەوشەکەش پڕ بوو لە بریسکەی شکۆمەندی یەزدان. دەنگی باڵی کەڕوبەکان لە خانەکانی دەرەوە دەبیسترا، وەک دەنگی خودای هەرە بە توانا کە قسە بکات.

کاتێک کە فەرمانی بە پیاوە کەتان پۆشەکە کرد و فەرمووی، «ئاگر لەنێوان چەرخەکان، لەنێوان کەڕوبەکان ببە،» چووە ژوورەوە و لەتەنیشت چەرخێک ڕاوەستا. کەڕوبێک لەنێو کەڕوبەکانەوە دەستی بۆ ئاگرەکەی نێوان کەڕوبەکان درێژکرد، لێی هەڵگرت و خستییە ناو هەردوو مشتی پیاوە کەتان پۆشەکە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە. لە کەڕوبەکانەوە شتێکی وەک دەستی مرۆڤ لەژێر باڵەکانیەوە دەرکەوت.

تەماشام کرد، بینیم چوار چەرخ لەتەنیشت کەڕوبەکانە، هەر چەرخێک لەتەنیشت کەڕوبێکەوە بوو، دیمەنی چەرخەکان وەک دیمەنی زەبەرجەد بوو. 10 هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک چەرخ لەناو چەرخ بێت. 11 کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، لە ڕۆیشتنیشدا لایان نەدەدا، بەڵکو بۆ هەر لایەک یەکێک لە کەڕوبەکان ڕووی تێدەکرد ئەوانیش بەدوایدا دەچوون، لە ڕۆیشتندا لایان نەدەدا. 12 هەموویان لاشەکانیان، پشت و دەست و باڵ و چەرخەکان پڕبوون لە چاو[y] بە هەر چواردەوریدا بۆ هەر چوار چەرخەکە. 13 گوێم لێ بوو چەرخەکان پێیان دەگوترا «چەرخی خولاوە». 14 هەر کەڕوبێکیش چوار ڕووی هەبوو، ڕووی یەکەم ڕووی کەڕوب، ڕووی دووەم ڕووی مرۆڤ، ڕووی سێیەم ڕووی شێر و ڕووی چوارەم ڕووی هەڵۆ بوو.

15 ئینجا کەڕوبەکان بەرز بوونەوە، ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیبووم. 16 لەگەڵ ڕۆیشتنی کەڕوبەکان، چەرخەکانیش لەتەنیشتیانەوە ڕۆیشتن، کە کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە بۆ بەرزبوونەوە لە زەوی، چەرخەکان هەر لەتەنیشتیان مانەوە. 17 کە کەڕوبەکان ڕادەوەستان ئەوانیش ڕادەوەستان، کە بەرز دەبوونەوە ئەوانیش بەرز دەبوونەوە، چونکە گیانی گیانلەبەرەکان لەناو چەرخەکاندا بوو.

18 ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە بەردەرگای پەرستگاکەوە ڕۆیشت و لەسەر کەڕوبەکان وەستا. 19 لەبەرچاوم کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و لەسەر زەوی بەرزبوونەوە، لە کاتی ڕۆیشتنیان چەرخەکانیشیان لەگەڵ بوو، لەلای داڵانی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان وەستان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.

20 ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار لەژێر خودای ئیسرائیل بینیبووم، زانیم کە ئەمانە کەڕوبن. 21 هەریەکەیان چوار ڕوو و چوار باڵی هەبوو، لەبن باڵەکانیشەوە لە شێوەی دەستی مرۆڤیان هەبوو. 22 شێوەی ڕووەکانیشیان، شێوەی ئەو ڕووانە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیم، دیمەنیان و خۆشیان. هەریەکە بەرەو پێش دەڕۆیشت.

سەپاندنی حوکمی یەزدان

11 ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی. یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن، دەڵێن: ”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!»

جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە. زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.

«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لەناوەڕاستی دەردەکەم. ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم. 10 بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 11 ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم. 12 ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»

13 کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»

14 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 15 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوورکەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“

بەڵێنی کۆکردنەوەی ئیسرائیل

16 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پەناگایەکی پیرۆز لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“

17 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“

18 «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن. 19 یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ، 20 بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 21 بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

22 ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو. 23 شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە. 24 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.

لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما، 25 ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.

نیشانەی ڕاپێچکردن

12 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.

«لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین. بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن. بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە. بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»

منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.

بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“

10 «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە[z] سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“ 11 بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“

«من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.

12 «ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت. 13 منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت. 14 هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

15 «ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم. 16 چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

17 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە. 19 بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی. 20 شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.