Bible in 90 Days
22 مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.»
چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات.
23 یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە،
تەرازووی لاسەنگ باش نییە.
24 هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە،
ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟
25 تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات،
ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات.
26 پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات،
بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت.
27 چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت،
هەروەها هەموو ناخی دەروونیش.
28 خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن،
بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت.
29 شانازی لاوان هێزیانە،
ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە.
30 برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە،
لێدانی قامچیش ناخی دەروون.
21 دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە،
بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.
2 هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.
3 کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری
لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.
4 چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی
چرای بەدکارانن و گوناهن.
5 پلانی مرۆڤی ماندوو بەرەو پڕییە،
بێگومان هەموو هەڵەشەیەکیش بەرەو نەبوونییە.
6 کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ
هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.
7 زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت،
چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.
8 ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە،
بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.
9 باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.
10 کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات،
دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.
11 بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت،
بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.
12 خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار،
خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.
13 ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات،
ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.
14 دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە،
بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.
15 ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە،
بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.
16 پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت
لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.
17 ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت،
ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.
18 بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست،
ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.
19 باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت،
نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.
20 گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە،
بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.
21 ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت،
ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.
22 پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و
قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.
23 ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت،
خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.
24 لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت،
بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.
25 ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت،
چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،
26 بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.
27 قوربانی بەدکاران قێزەونە،
لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!
28 شایەتی درۆزن لەناودەچێت،
بەڵام قسەی پیاوی گوێگر دەچەسپێت.
29 پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات،
بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.
30 دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە
لە دژی یەزدان سەربکەوێت.
31 ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ،
بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.
22 ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە،
پەسەندی چاکیش لە زێڕ و زیو باشترە.
2 دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە،
دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.
3 ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
4 پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی
دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.
5 چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە،
بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.
6 منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت،
پیریش بێت لێی لا نادات.
7 دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات،
قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.
8 ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات،
کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.
9 ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت،
چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.
10 گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات،
دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.
11 ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت
پاشا دەبێتە دۆستی.
12 چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات،
بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.
13 تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە!
ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»
14 دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە،
ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.
15 گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە،
بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.
16 ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و
ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.
قسەی دانایان
17 گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە،
دڵت بدە زانیاری من،
18 چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و
تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.
19 بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت،
ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.
20 ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی
سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،
21 بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم،
هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟
22 هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و
نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،
23 چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و
ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.
24 مەبە برادەری کەسی تووڕە،
هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە،
25 نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت،
خۆت تووشی تەڵە بکەیت.
26 لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن[a]،
دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە.
27 ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە،
بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت.
28 سنووری کۆن مەگوازەوە،
ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە.
29 ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟
لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت[b]،
نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ.
23 کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت،
باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە.
2 چەقۆیەک لە گەرووت دابنێ،
ئەگەر تۆ نەوسنی.
3 ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە،
چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە.
4 خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت،
بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە.
5 چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە،
چونکە بێگومان باڵ دەگرێت،
وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت.
6 نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ،
ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە.
7 چونکە جۆرە کەسێکە
هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە،
پێت دەڵێت: «بخۆ و بنۆشە.»
بەڵام دڵی لەگەڵت نییە.
8 ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و
قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت.
9 قسە بۆ گێل مەکە،
چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت.
10 سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە،
هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان،
11 چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە،
ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ.
12 دڵت ئاراستەی تەمبێکردن بکە و
گوێشت بەرەو قسەی زانیاری.
13 ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە،
ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت.
14 تۆ بە گۆچان لێی بدەیت،
گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.
15 ڕۆڵە، ئەگەر دڵت دانایە،
منیش دڵم خۆش دەبێت.
16 ناخم شادمان دەبێت،
کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن.
17 دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات،
بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی.
18 چونکە بێگومان دواڕۆژت دەبێت،
ئومێدی تۆ نابڕێت.
19 ڕۆڵە، تۆ گوێ بگرە و دانابە،
دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە.
20 لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە،
یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن،
21 چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن،
ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات.
22 گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە،
دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە.
23 ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە،
هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن.
24 باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت،
ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت.
25 با دایک و باوکت شادمان بن،
ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت.
26 ڕۆڵە، دڵی خۆتم بدەرێ،
با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت،
27 چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و
ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە.
28 تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت،
ناپاک[c] لەنێو خەڵک زۆر دەکات.
29 واوەیلا بۆ کێیە؟ پەژارەیی بۆ کێیە؟
ناکۆکی بۆ کێیە؟ سکاڵاکردن بۆ کێیە؟
برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟ چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟
30 بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن،
ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە.
31 تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری،
کە لەناو جام پڕشنگی داوە،
بە سووکی دەچێتە خوارەوە!
32 لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و
وەک توولەمار پێتەوەدەدات.
33 چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و
وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت.
34 وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت،
یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت.
35 دەڵێی: «لێیان دام، ئازارم نەبوو!
کوتامیان، نەمزانی!
کەی بە هۆش خۆم دێمەوە،
هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»
24 ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە،
ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت،
2 چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و
لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن.
3 بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت،
بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت،
4 بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن
لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان.
5 پیاوی دانا بەتوانایە،
کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت.
6 چونکە بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت،
سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە.
7 دانایی بەرزە بۆ گێل،
لە کۆڕی ناو دەروازەدا[d] دەمی لێک ناکاتەوە.
8 ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە،
بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت.
9 پیلانی گێلایەتی گوناهە،
خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە.
10 ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە،
کەم هێزیت!
11 ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و
لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.
12 ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،»
ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟
ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟
ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟
13 ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ چونکە باشە و
شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە،
14 هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە.
ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و
ئومێدبڕ نابیت.
15 وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست،
هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی،
16 چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە،
بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت.
17 بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە،
بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت،
18 نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت،
جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە.
19 مەراق لە خراپەکاران مەخۆ،
ئیرەیی بە بەدکاران مەبە،
20 چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و
چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.
21 ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە،
تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە،
22 چونکە بەڵایان لەپڕ دێت،
بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟
قسەی دیکەی دانایان
23 هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە:
لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.
24 ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،»
گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.
25 بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و
بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.
26 وەڵامی ڕاست
وەک ماچی لێوە.
27 کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و
لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە،
دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.
28 بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە،
بە لێوەکانت فێڵ مەکە.
29 مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم،
سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»
30 بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم،
بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.
31 چقڵ هەمووی داگرتبوو،
گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو،
کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.
32 تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە،
بینیم و وانەم لێ وەرگرت:
33 کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،
کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
34 ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،
نەبوونیشت وەک چەکدار.
پەندەکانی دیکەی سلێمان
25 ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە:
2 شکۆمەندی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە،
ڕێزداری پاشایان لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە.
3 هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە،
دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت.
4 خڵت لە زیو داماڵە،
ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت.
5 بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە،
بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت.
6 لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە،
لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە.
7 وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،»
نەک لەلای میر تەریق بیتەوە.
ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت،
8 خێرا مەیبە بۆ دادگا،
چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت
ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟
9 کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت،
نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە،
10 نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات،
جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە.
11 سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە،
ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت.
12 وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە،
سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر.
13 وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا،
نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن،
دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە.
14 هەور و بای بێ بارانە،
ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت.
15 بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت،
زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت.
16 ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ،
ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە.
17 بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ،
ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە.
18 وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە،
ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات.
19 وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە،
پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا.
20 وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا،
یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا،[e]
چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ.
21 ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە،
ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.
22 بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت،[f]
یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە.
23 بای باکوور باران دەهێنێت،
زمانی پاشملەش ڕووی گرژ.
24 باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.
25 وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت،
هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور.
26 وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە،
ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات.
27 زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە،
ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات.
28 وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە،
ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت.
26 وەک بەفر لە هاوین و باران لە کاتی دروێنەدا،
ئاواش ڕێزلێنان لە گێل ناوەشێتەوە.
2 وەک چۆلەکەی فڕیو و پەڕەسێلکەی باڵگرتوو،
ئاواشە نەفرەت بەبێ هۆ نایێت.
3 قامچی بۆ ئەسپ و لغاو بۆ گوێدرێژە،
کوتەکیش بۆ پشتی گێلەکانە.
4 وەڵامی گێل مەدەوە وەک گێلایەتییەکەی،
نەوەک تۆش وەک ئەوت لێ بێت.
5 وەڵامی گێل بدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی،
نەوەک لەبەرچاوی خۆی ببێت بە دانا.
6 وەک بڕینەوەی قاچەکانی خۆیەتی و نۆشینی ستەمە،
ئەوەی بە دەستی گێل پەیام بنێرێت.
7 وەک شۆڕبوونەوەی قاچەکانی گۆجە،
پەند لە دەمی گێلەکان.
8 وەک گرێدانی بەرد بە بەردەقانییەوە،
ئەوەی ڕێز لە گێل دەگرێت.
9 وەک دڕکە لە دەستی سەرخۆش،
پەند لە دەمی گێلەکان.
10 وەک تیرهاوێژێکە کوێرانە لە خەڵک بگرێت،
بەکرێگری گێل و ڕێبوار.
11 وەک سەگ بگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی،
گێلیش گێلایەتییەکەی دووبارەی دەکاتەوە.
12 کەست بینیوە لەبەرچاوی خۆی دانا بێت؟
گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.
13 تەمبەڵ دەڵێت: «شێر لەسەر ڕێگایە،
نەڕەشێر لەنێو گۆڕەپانەکانە.»
14 دەرگا لەسەر ڕێزە دەسووڕێتەوە،
تەمبەڵیش لەناو نوێنەکەی.
15 تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،
زەحمەتە بۆی بیباتە ناو دەمی.
16 تەمبەڵ لەبەرچاوی خۆی داناترە لە حەوت کەس
کە وەڵامی ژیرانە دەدەنەوە.
17 وەک گرتنی سەگێکە بە گوێیەکانی
ئەوەی ڕێبوارە و خۆی دەخاتە ناو ناکۆکییەکەوە کە هی ئەو نییە.
18 وەک شێتێکە
پشکۆ و تیری مەرگ بهاوێژێت،
19 ئاوایە ئەوەی فێڵ لە دراوسێکەی بکات و
بڵێت: «تەنها گاڵتەم کرد!»
20 دار نەبێت ئاگر دەکوژێتەوە،
دەمشڕ نەبێت دووبەرەکی نامێنێت.
21 خەڵووز بۆ پشکۆ و دار بۆ ئاگرە،
پیاوی شەڕانگێزیش بۆ ورووژاندنی ناکۆکییە.
22 قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،
شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.
23 وەک گۆزەی گڵینی داپۆشراوە بە خڵتی زیو
قسەی شیرین لە دڵێکی خراپەوە.
24 قین لە دڵ بە لێوەکانی خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام لە ناخیدا فڕوفێڵ دادەنێتەوە.
25 ئەگەر قسەی شیرینی کرد باوەڕی پێ مەکە،
چونکە حەوت شتی قێزەون لە دڵیدایە.
26 هەرچەندە بە فێڵ قینی خۆی بشارێتەوە،
خراپەی لەناو کۆمەڵدا ئاشکرا دەبێت.
27 ئەوەی چاڵێک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،
ئەوەی بەردێک گلۆر بکاتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە.
28 زمانی درۆ ڕقی لەوانە دەبێتەوە کە برینداریان دەکات،
زمانی لووسیش وێرانکاری دەکات.
27 شانازی بە سبەینێ مەکە،
چونکە نازانی ڕۆژ چی لێ دەکەوێتەوە.
2 با نامۆ ستایشت بکات نەک دەمی خۆت،
بێگانە نەک لێوەکانت.
3 بەرد قورسە و لم بە سەنگە،
بەڵام تووڕەیی گێل لە هەردووکیان قورسترە.
4 هەڵچوون توندوتیژە و تووڕەیی لێشاوە،
بەڵام کێ لەبەردەم ئیرەیی خۆ ڕادەگرێت؟
5 سەرزەنشتی ئاشکرا
لە خۆشەویستی شاردراوە باشترە.
6 برینی دۆست دڵسۆزییە،
بەڵام ماچی دوژمن بە فێڵە.
7 کەسی تێر پێ لە هەنگوین دەنێت،
بەڵام بۆ برسی هەموو تاڵێتییەک شیرینە.
8 وەک چۆلەکەی وێڵ بوو لە هێلانەکەی،
ئاوایە مرۆڤی وێڵ لە هەواری خۆی.
9 بۆن و بخورد دڵ خۆش دەکەن،
شیرینی برادەریش لە پەرۆشی ڕاوێژە.
10 واز لە برادەرەکانی خۆت و باوکت مەهێنە،
لە ڕۆژی لێقەومانت مەچووە ماڵی برات،
دراوسێی نزیک لە برای دوور باشترە.
11 ڕۆڵە، دانابە و دڵم خۆش بکە،
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوانە بدەمەوە کە لۆمەم دەکەن.
12 ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
13 ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە[g]،
لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
14 ئەوەی بە دەنگی بەرز داوای بەرەکەت بۆ دراوسێکەی بکات لە بەیانی زوودا،
بە نەفرەت بۆی ئەژمارد دەکرێت.
15 دڵۆپەکردنی بەردەوام لە ڕۆژی باران،
هەروەک ئافرەتی شەڕانییە.
16 ئەوەی دەستەمۆی بکات، با دەستەمۆ دەکات،
بە دەستە ڕاستی زەیت دەگرێت.
17 ئاسن بە ئاسن تیژ دەکرێت و
مرۆڤیش ڕووی برادەرەکەی تیژ دەکات.[h]
18 ئەوەی چاودێری دار هەنجیرێک بکات بەرەکەی دەخوات،
ئەوەی گەورەکەی خۆی بپارێزێت ڕێزی دەگیرێت.
19 وەک لە ئاودا وێنەدانەوەی ڕوو دەبینرێت،
ئاواش دڵی مرۆڤ وێنەی مرۆڤەکە دەداتەوە.
20 جیهانی مردووان و لەناوچوون تێر نابن،
هەروەها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.
21 بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ،
مرۆڤیش بە دەمی ستایشکەرەکەی تاقی دەکرێتەوە.
22 هەرچەندە گێل لەناو هاون بکوتی،
لەگەڵ دانەوێڵە بە دەسکە هاون،
گێلایەتییەکەی لێی جیا نابێتەوە.
23 باش حاڵی مێگەلەکانت بزانە،
دڵت هەر لەلای ڕانە مەڕەکانت بێت،
24 چونکە دەوڵەمەندی هەتاسەر نییە،
تاجیش نەوە بە نەوە بەردەوام نابێت.
25 کاتێک کا نامێنێت و گیا دەردەکەوێت،
گیاوگۆڵی شاخان کۆدەکرێنەوە،
26 بەرخەکان بۆ جلوبەرگ و
گیسکەکانیش بۆ نرخی کێڵگە.
27 بەپێی پێویست شیری بزنیشت دەبێت
کە بەشی خواردنی خۆت و خێزانەکەت و بژێوی کەنیزەکانت دەکات.
28 بەدکار بێ ئەوەی کەس ڕاوی بنێت هەڵدێت؟
بەڵام ڕاستودروست وەک بەچکە شێر چاونەترسە.
2 کە یاخیبوون لە خاکێک هەبێت میری زۆر دەبێت،
بەڵام فەرمانڕەوایەکی تێگەیشتوو و زانا نیشتیمان بەرقەرار دەکات.
3 ئەو سەرکردەیەی هەژاران بچەوسێنێتەوە،
بارانێکی بەخوڕە هیچ خۆراکێک ناهێڵێتەوە.
4 ئەوانەی واز لە تەورات[i] دەهێنن ستایشی بەدکار دەکەن،
بەڵام پارێزەرانی تەورات دژایەتییان دەکەن.
5 پیاوخراپان لە دادپەروەری تێناگەن،
بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن تەواو تێدەگەن.
6 باشترە هەژار ڕێگای تەواوەتی گرتبێت،
لە دەوڵەمەند کە ڕێگاکان خواردەکاتەوە.
7 ئەوەی تەورات بپارێزێت کوڕێکی تێگەیشتووە،
بەڵام هاوڕێی دەستبڵاوان باوکی خۆی ڕیسوا دەکات.
8 ئەوەی بە سوو و بازاڕگرانکردن سامانی خۆی زۆر بکات،
بۆ یەکێکی کۆدەکاتەوە کە بەزەیی بە نەداران دێتەوە.
9 ئەوەی گوێی دابخات لە بیستنی فێرکردنەکەم،
تەنانەت نوێژەکەشی قێزەونە.
10 ئەوەی سەرڕاستان وێڵی ڕێگای خراپە بکات،
دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندووە،
بەڵام ئەوانەی کە بێ کەموکوڕین میراتی باشیان بەردەکەوێت.
11 دەوڵەمەند لەبەرچاوی خۆی دانایە،
بەڵام هەژاری تێگەیشتوو دەیپشکنێت.
12 لە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شانازییەکی گەورە هەیە،
بەڵام لە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە.
13 ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت،
بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت.
14 خۆزگە دەخوازرێ بە کەسێک بەردەوام لە یەزدان بترسێت،
بەڵام ئەوەی دڵی خۆی ڕەق بکات دەکەوێتە خراپەوە.
15 وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ و ورچێکی هەڵچووە،
فەرمانڕەوای بەدکار بەسەر گەلی نەدارەوە.
16 فەرمانڕەوای ناتێگەیشتوو زۆرداری زۆر دەکات،
بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەستکەوتی ناڕەوا بێت تەمەن درێژ دەبێت.
17 ئەوەی خوێنی کەسێکی لە مل بێت
هەتا ڕۆژی مردنی هەڵاتوو دەبێت.
با کەس پشتیوانی نەکات.
18 ئەوەی بە ڕێگای تەواویدا بڕوات ڕزگار دەبێت،
بەڵام ئەوەی ڕێگاکانی خوار بکات لەپڕ دەکەوێت.
19 ئەوەی خزمەتی زەوی خۆی بکات تێر نان دەبێت،
بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێر هەژاری دەبێت.
20 کەسی دڵسۆز بەرەکەتی زۆرە،
بەڵام ئەوەی بە پەلە بێت بۆ دەوڵەمەندی بێ سزا نابێت.
21 لایەنگری باش نییە،
بەڵام مرۆڤ بۆ لەتە نانێک گوناه دەکات.
22 کەسی بەرچاوتەنگ بە پەلەیە بۆ دەوڵەمەندی،
بەڵام نازانێت نەبوونی بۆ دێت.
23 ئەوەی کەسێک سەرزەنشت بکات لە کۆتاییدا پەسەندتر دەبێت
لەوەی زمانلووسی دەکات.
24 ئەوەی دایک و باوکی تاڵان بکات و
بڵێت: «ئەمە گوناه نییە!»
ئەو کەسە هاوبەشی کاولکارانە.
25 چاوبرسی ناکۆکی دەوروژێنێت،
بەڵام ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن سەرکەوتوو دەبن.
26 ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی خۆی ببەستێت گێلە،
بەڵام ئەوەی بە ڕێگای داناییدا بڕوات دەرباز دەبێت.
27 ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت،
بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت.
28 بە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە،
بەڵام بە لەناوچوونیان ڕاستودروستان گەشە دەکەن.
29 ئەوەی زۆر سەرزەنشت بکرێت و هەر کەللەڕەق بێت،
لەناکاو تێکدەشکێت و چارەسەریشی نابێت.
2 کاتێک ڕاستودروستان زۆر بن گەل دڵخۆش دەبێت،
کە بەدکار فەرمانڕەوا بێت گەل دەناڵێنێت.
3 ئەوەی حەز لە دانایی بکات باوکی دڵخۆش دەکات،
هاوڕێی لەشفرۆشانیش سامان بەفیڕۆ دەدات.
4 پاشا بە دادوەری وڵات ڕادەگرێت،
بەڵام ئەگەر بەدوای پارە بکەوێت وێرانی دەکات.
5 ئەو کەسەی لەگەڵ دراوسێکەی زمانلووسی بکات
داو لەبەرپێی دەنێتەوە.
6 لە گوناهی پیاوخراپ تەڵە هەیە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست گۆرانی دەڵێت و دڵخۆش دەبێت.
7 کەسی ڕاستودروست گرنگی بە مافی هەژار دەدات،
بەڵام بەدکار ئەو گرنگییە تێناگات.
8 گاڵتەجاڕان شار دەخەنە ئاژاوەوە،
بەڵام دانایان تووڕەیی کپ دەکەنەوە.
9 ئەگەر پیاوێکی دانا گێلێک بداتە دادگا،
گێلەکە تووڕە بێت یان گاڵتەی پێ بێت، بەڵام ئاشتی نابێت.
10 خوێنڕێژان ڕقیان لە کەسی دروست دەبێتەوە،
بەڵام سەرڕاستان ژیانی دەپارێزن.
11 گێل هەرچی تووڕەیی لە دڵدایە دەریدەبڕێت،
بەڵام دانا خۆی دەگرێت.
12 ئەگەر فەرمانڕەوایەک گوێ لە قسەی درۆ بگرێت،
هەموو خزمەتکارەکانی دەبنە بەدکار.
13 هەژار لەگەڵ زۆردار لەمەدا لە یەکتری دەچن:
یەزدان ڕووناکی بە چاوی هەردووکیان دەدات.
14 ئەگەر پاشایەک بە ڕاستی دادوەری هەژاران بکات،
تەختەکەی هەتاهەتایە دەچەسپێت.
15 داری تەمبێکردن دانایی دەبەخشێت،
بەڵام منداڵ جڵەوی بەربدرێت دایکی خۆی شەرمەزار دەکات.
16 کاتێک بەدکاران گەشە دەکەن گوناه زۆر دەبێت،
بەڵام ڕاستودروستان کەوتنیان دەبینن.
17 کوڕەکەت تەمبێ بکە دەتحەسێنێتەوە،
چێژ دەداتە گیانت.
18 بەبێ سروش[j] گەل بەڕەڵا دەبێت،
بەڵام ئەوەی تەورات پەیڕەو بکات خۆزگەی پێ دەخوازرێت.
19 خزمەتکار تەنها بە قسە تەمبێ نابێت،
هەرچەندە تێدەگات، بەڵام گوێی ناداتێ.
20 ئەو کەسەت بینیوە بە پەلەیە لە قسەکانی؟
گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.
21 ئەوەی خزمەتکارەکەی لە منداڵییەوە بە ناز ڕابگرێت،
لە کۆتاییدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە.
22 کەسی تووڕە ناکۆکی دەوروژێنێت،
کەسی هەڵچووش گوناهی زۆرە.
23 لووتبەرزی مرۆڤ خۆی نزم دەکاتەوە،
بەڵام بێفیز ڕێزدار دەبێت.
24 هاوبەشی دز ڕقی لە خۆی دەبێتەوە،
سوێند دەخوات و دانی پێدا نانێت.
25 ترسی مرۆڤ تەڵە دەنێتەوە،
بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت پەناگیر دەبێت.
26 زۆر کەس داوای ڕەزامەندی فەرمانڕەوایان دەکەن،
بەڵام مرۆڤ لەلایەن یەزدانەوە دادپەروەری بەدەستدەهێنێت.
27 قێزی ڕاستودروستان لە کەسی ناڕەوایە،
قێزی بەدکاریش لەوەیە کە ڕێگای ڕاستە.
قسەی ئاگور
30 قسەی ئاگوری کوڕی یاقە و سروشەکەی:
ئەم پیاوە بۆ ئیتیێلی[k] ڕاگەیاند
بۆ ئیتیێل و بۆ ئوخال:
2 «من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم،
تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.
3 فێری دانایی نەبووم و
ناسینی خودای پیرۆزم نییە.
4 کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟
کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟
کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟
کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟
ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟
ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!
5 «هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە،
قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
6 هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە،
نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.
7 «ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت،
لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:
8 شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە،
هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ،
نانی پێویستی خۆم دەرخوارد بدە.
9 نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و
بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“
یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و
ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.
10 «بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی،
نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت.
11 «نەوەیەک هەیە نەفرەت لە باوکی دەکات و
دایکی پیرۆز ناکات.
12 نەوەیەک هەیە لە ڕوانگەی خۆی پاکە،
بەڵام خۆی نەشوشتووەتەوە لە پیسوپۆخڵییەکەی.
13 نەوەیەک هەیە چەند چاو لە هەوراز و
بەرز دەڕوانێت.
14 نەوەیەک هەیە ددانەکانی شمشێرن و
کاکیلەکانی چەقۆن،
بۆ خواردنی کڵۆڵەکان لەسەر زەوی و
نەدارەکان لەنێو خەڵکی.
15 «زەروو[l] دوو کچی هەیە،
هاوار دەکەن: ”بێنە، بێنە!“
«سێ شت هەن تێر نابن،
چوارەمیش ناڵێت، ”بەسە!“:
16 جیهانی مردووان و منداڵدانی نەزۆک و
زەوییەک تێر ئاو نەبێت و
ئاگرێک هەرگیز نەڵێت: ”بەسە!“
17 «ئەو چاوەی گاڵتە بە باوکی بکات و
سووکایەتی بە گوێڕایەڵی بکات بۆ دایک،
قەلەڕەشەکانی دۆڵ هەڵیدەکۆڵن و
بێچووە سیسارکە کەچەڵ دەیخۆن.
18 «سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من،
چوارەمیش تێناگەم:
19 ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان،
ڕێگای مار لەسەر بەرد،
ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و
ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ.
20 «ئەمە هەڵسوکەوتی ژنی داوێنپیسە:
دەخوات[m] و دەمی دەسڕێتەوە و
دەڵێت: ”خراپەم نەکردووە!“
21 «زەوی لەژێر سێ شتدا دەلەرزێت و
لەژێر چوارەمیش ناتوانێت بەرگە بگرێت،
22 خزمەتکارێک کە بووبێتە پاشا،
گێلێک کە تێر نان بێت،
23 ئافرەتێک بێ ناز بێت و مێرد بکات،
کەنیزەیەک ببێت بە میراتگری خاتوونەکەی.
24 «چوار شت هەن لەسەر زەوی بچووکن
بەڵام لە دانایان داناترن:
25 مێروولە کۆمەڵێکی بێهێزن،
بەڵام لە هاویندا خواردنی خۆیان ئەمبار دەکەن.
26 گۆڕهەڵکەنە کۆمەڵێکی بێ توانان،
بەڵام لەناو بەرد لانەکانیان دروستدەکەن.
27 کوللە پاشایان نییە،
بەڵام هەموویان پۆل پۆل دەجوڵێن.
28 مارمێلکە بەدەست دەگیرێن،
بەڵام لە کۆشکی پاشادان.
29 «سێ شت هەن هەنگاویان سەنگینە و
چوارەمیش ڕۆیشتنی سەنگینە:
30 شێر کە پاڵەوانی هەموو گیاندارەکانە،
لە ڕووی هیچ شتێک ناگەڕێتەوە،
31 کەڵەشێری بە فیز، تەگە،
پاشایەکیش لە سەرکردایەتی لەشکرەکەی.
32 «ئەگەر گێلایەتیت کرد بە خۆهەڵکێشانت،
یان پیلانی خراپت نایەوە،
دەستت بخەرە سەر دەمت!
33 چونکە شیر بهەژێنیت کەرەی لێ دەردەچێت،
لووت بهەژێنیت خوێنی لێ دێت،
تووڕەییش بهەژێنیت ناکۆکی لێ پێدا دەبێت.»
قسەی لەموئێلی پاشا
31 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:
2 چی ڕۆڵە؟ چی ڕۆڵەی هەناوم؟
چی ڕۆڵەی نەزرەکانم؟
3 هێزت مەدە ژنان،
ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.
4 ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە،
بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن،
بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،
5 نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن،
مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.
6 ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت،
شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.
7 با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات،
ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.
8 دەمت بکەرەوە بۆ لاڵ[n]،
بۆ مافی هەموو دەربەدەران.
9 دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە،
پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.
بەشی کۆتایی[o]: ژنی خانەدان
10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟
نرخی لە یاقووت[p] گرانترە.
11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و
لە هیچی کەم نابێت.
12 چاکەی بۆ دەکات نەک خراپە
بە درێژایی ژیانی.
13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،
بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.
14 وەک کەشتی بازرگان وایە،
خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.
15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،
خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و
ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.
16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،
بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.
17 ناوقەدی توند دەبەستێت و
بازووی لێ هەڵدەکات.
18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،
بە شەو چرای ناکوژێتەوە.
19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و
تەشی لەناو لەپیدایە.
20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و
دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.
21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،
چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان[q] لەبەردایە.
22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،
کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.
23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،
لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.
24 کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،
پشتێن بۆ بازرگانان[r] دابین دەکات.
25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون،
پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە.
26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و
فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.
27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،
نانی تەمبەڵی ناخوات.
28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،
مێردەکەشی ستایشی دەکات:
29 «زۆر ژن خانەدان بوونە،
بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»
30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،
بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.
31 بەری دەستی خۆی بدەنێ و
با لە دەروازەکانی شاردا کردەوەکانی ستایشی بکەن.
هەرچی هەیە بێ واتایە
1 وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:
2 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت:
«بێ واتای بێ واتایان!
بێ واتا هەر بێ واتایە!
هەرچی هەیە بێ واتایە.»
3 مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە،
کە لەسەر زەوی[s] پێوەی ماندوو دەبێت؟
4 نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات،
بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.
5 خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت،
بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.
6 با هەڵدەکات بەرەو باشوور و
دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور،
دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە،
هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
7 هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن،
بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت.
ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە،
بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.
8 هەموو شتەکان ماندووکەرن،
مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت.
چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و
گوێ لە بیستن پڕ نابێت.
9 ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت،
ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت،
هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.
10 هیچ شتێک نییە کە بگوترێت:
«سەیر بکە، ئەمە نوێیە!»
لە دێرزەمانەوە هەر بووە،
لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.
11 کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە،
تەنانەت نەوەکانی داهاتووش
نایەنەوە یادی
ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.
دانایی بێ واتایە
12 من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم. 13 لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە! 14 ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.
15 خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و
ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.
16 لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.» 17 ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە.
18 چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و
ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.
شادی بێ واتایە
2 من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا. 2 لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە، ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟» 3 هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.
4 کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند، 5 باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند. 6 حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم. 7 کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون. 8 زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا. 9 مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.
10 هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت،
ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم.
دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو،
ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو.
11 بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد،
لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم،
بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با.
لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە.
دانایی و گێلایەتی بێ واتان
12 پاشان ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دانایی و
شێتی و گێلایەتی ببینم،
چونکە ئەو کەسەی کە دوای پاشا دێت
چی زیاتر دەکات، لەوەی پێشتر کراوە؟
13 جا بینیم دانایی لە گێلی بەسوودترە،
وەک چۆن ڕووناکی بەسوودترە لە تاریکی.
14 دانا چاوی لە سەریدایە،
بەڵام گێل بە تاریکیدا دەڕوات،
پاشان بۆم دەرکەوت
کە هەردووکیان یەک چارەنووسیان هەیە.
15 ئینجا لە دڵی خۆمدا گوتم:
«ئەوەی لە گێل ڕوودەدات لە منیش ڕوودەدات،
ئیتر قازانجی چییە کە من داناتربم؟»
لەبەر ئەوە لە دڵی خۆمدا گوتم:
«ئەمەش هەر بێ واتایە.»
16 چونکە نە دانا و نە گێل، هەتاهەتایە یاد ناکرێنەوە.
وەک چۆن لە کۆنەوە ئاواش لە ڕۆژانی داهاتوو هەموو لەبیر دەچنەوە.
هەروەک گێل، داناش دەمرێت.
ماندووبوون بێ واتایە
17 ئیتر ڕقم لە ژیان هەستا، چونکە ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت، لەلام خراپە، هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە. 18 ڕقم لە هەموو ماندووبوونەکەم هەستا کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا، لەبەر ئەوەی بە ناچاری بۆ ئەو کەسەی بەجێدەهێڵم کە لەپاش خۆم دێت. 19 کێ دەزانێت ئەو کەسە دانا دەبێت یان گێل؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر هەموو ماندووبوونەکەم دەگرێت کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا. ئەمەش هەر بێ واتایە. 20 ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم. 21 لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە. 22 چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟ 23 چونکە بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە.
24 لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە، 25 چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟ 26 خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.