Bible in 90 Days
پێغەمبەرە درۆزنەکان
9 سەبارەت بە پێغەمبەرەکان:
دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە،
هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن.
من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات،
وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت،
لەبەر یەزدان و
لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
10 چونکە خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان،
خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت،
لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون.
پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و
دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.
11 «پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون،
تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان،
بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و
لەوێ دەخزێن،
چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم
لە ساڵی سزادانیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا
قێزەونییەکەم بینی،
بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و
ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
14 لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش
ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت:
داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر،
خراپەکاران هاندەدەن
بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە.
ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە،
خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»
15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و
ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم،
چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە
گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»
16 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن،
چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن.
لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن،
نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
17 ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن،
”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“
هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن،
”خراپەتان بەسەرنایەت.“
18 بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان[a] ڕاوەستا و
بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟
کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
19 ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان
لە تووڕەییدا هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە
لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
20 تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
بە تەواوی جێبەجێ نەکات.
لە داهاتوودا
بە ڕوونی تێی دەگەن.
21 من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد،
بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند،
من قسەم لەگەڵیان نەکرد،
کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
22 بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان،
فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و
لە ڕێگا خراپەکانیان و
لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.
23 «ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و
لە دوورەوە خودا نیم؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 «یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و
من نەیبینم؟
ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
25 «گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“ 26 هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟ 27 بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو. 28 با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29 «ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
30 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە. 31 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“ 32 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پەیام و پێغەمبەرایەتی درۆزن
33 «کاتێک ئەم گەلە یان پێغەمبەر یان کاهینێک لێت دەپرسێت: ”سروشی یەزدان چییە؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یەزدان دەفەرموێت: من لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە.“ 34 هەرکەسێک، پێغەمبەر یان کاهین یان لە گەل، ئەگەر وا بڵێت: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ خۆی و ماڵەکەی سزا دەدەم. 35 ئاوا بە یەکتری دەڵێن، هەریەکە بە برادەرەکەی و هەریەکە بە براکەی: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“ 36 بەڵام چیتر باسی ”سروشی یەزدان“ ناکەن، چونکە هەرکەسە و قسەکەی خۆی دەبێت بە سروشەکەی، ئێوە دەستکاری فەرموودەکانی خودای زیندووتان کرد، فەرموودەکانی خودامان، یەزدانی سوپاسالار. 37 ئاوا بە هەر پێغەمبەرێک دەڵێیت: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“ 38 هەرچەندە وا بڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە دەکەن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ هەرچەندە من بۆم ناردوون کە وا نەڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ 39 لەبەر ئەوە بە تەواوی لەبەردەمی خۆم هەڵتاندەگرم و لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە، خۆتان و ئەم شارەش کە بە خۆتان و باوباپیرانتانم داوە. 40 ڕیسواییەکی هەتاهەتایی و سەرشۆڕییەکی هەتاهەتاییتان لەسەر دادەنێم کە هەرگیز لەیاد نەچێت.»
دوو سەبەتە هەنجیر
24 پاش ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل، یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچ کرد و هەموویانی هێنایە بابل، یەزدان دوو سەبەتە هەنجیری پیشاندام کە لەبەردەم پەرستگای یەزدان دانراون. 2 یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر، لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ، لە خراپیدا نەدەخورا.
3 جا یەزدان پێی گوتم: «یەرمیا، چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «هەنجیر. هەنجیرە باشەکە زۆر باشە، هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە، لە خراپیدا ناخورێت.»
4 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 5 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک ئەو هەنجیرە باشە، من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم، ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان. 6 چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم. 7 دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم، کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“»
8 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت، ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم، ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن. 9 هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی. 10 شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان، هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»
ڕاپێچکردنی گەلی خودا بۆ ماوەی حەفتا ساڵ
25 ئەو پەیامەی لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کە دەکاتە ساڵی یەکەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا بۆ یەرمیا هات. 2 ئەوەی یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا و بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند: 3 «لە ساڵی سێزدەیەمینی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهوداوە هەتا ئەمڕۆ، ئەم بیست و سێ ساڵە، فەرمایشتی یەزدانم بۆ دەهات و منیش بەردەوام قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.
4 «یەزدانیش بەردەوام هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆی بۆ ناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت و گرنگیتان پێنەدا. 5 پێیان گوتن: ”لە ڕەفتارە ناشیرین و کردەوە خراپەکانتان بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن لەسەر ئەو خاکەی کە یەزدان داویەتییە ئێوە و باوباپیرانتان، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. 6 شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»
7 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام گوێتان لێم نەگرت، بۆ ئەوەی بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم بکەن، بەخۆتان سزاتان بۆ سەر خۆتان هێنا.»
8 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئێوە گوێتان لە قسەی من نەگرت، 9 ئەوەتا دەنێرم و هەموو خێڵەکانی باکوور کۆدەکەمەوە، هەروەها نەبوخودنەسری خزمەتکارم، پاشای بابل، جا دەیانهێنمە سەر ئەم خاکە و سەر دانیشتووانەکەی و سەر هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری. بە تەواوی قڕیان دەکەم[b]، دەیانکەمە پەند و تانە و تەشەر و وێرانییەکی هەتاهەتایی. 10 دەنگی بەزم و شادی، دەنگی بووک و زاوا، دەنگی دەستاڕ و ڕووناکی چرایان ناهێڵم. 11 هەموو ئەم خاکە دەبێتە وێرانەیەکی چۆڵ، ئەم نەتەوانەش حەفتا ساڵ خزمەتی پاشای بابل دەکەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 یەزدان دەفەرموێت: «کە حەفتا ساڵەکە تەواو بوو، سزای پاشای بابل و ئەو نەتەوەیە دەدەم، لەسەر تاوانەکانیان، سزای خاکی بابلییەکانیش دەدەم و دەیکەمە چۆڵەوانییەکی هەتاهەتایی. 13 هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە، ئەوەی یەرمیا سەبارەت بە هەموو ئەم نەتەوانە پێشبینیی کرد، هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی تێدا هاتووە کە سەبارەت بەو خاکە فەرموومە پەیڕەوی دەکەم، 14 چونکە ئەوانیش دەبنە کۆیلەی زۆر نەتەوە و پاشای گەورە، بەگوێرەی کردەوە و کارەکانی خۆیان سزایان دەدەمەوە.»
جامی تووڕەیی خودا
15 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئاوای بە من فەرموو: «جامی شەرابی ئەم تووڕەییە لە دەستم وەربگرە و دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەی بدە کە من دەتنێرم بۆ لایان. 16 کاتێک دەیخۆنەوە، بەلادادێن و شێت دەبن لەبەر ئەو شمشێرەی کە من دەینێرمە ناویان.»
17 منیش جامەکەم لە دەستی یەزدان وەرگرت، دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەم دا کە یەزدان ناردمی بۆیان: 18 بۆ ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا و پاشا و پیاوە گەورەکانی، تاکو وێران بن و ببنە پەند و مایەی تانە و تەشەر و نەفرەت لێکردن، هەروەک ئێستا؛ 19 بۆ فیرعەونی پاشای میسر و خزمەتکار و پیاوە گەورەکانی و هەموو گەلەکەی 20 و هەموو بێگانەکانی ئەوێ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی عوچ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی فەلەستییەکان؛ ئەسقەلان و غەزە و عەقرۆن و پاشماوەی ئەشدۆد؛ 21 بۆ ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆنییەکان؛ 22 بۆ هەموو پاشاکانی سور و هەموو پاشاکانی سەیدا؛ بۆ پاشاکانی کەنارەکان، ئەوانەی لەوبەری دەریان؛ 23 بۆ دیدان و تێما و بووز و هەموو قژبڕاوەکان[c]؛ 24 بۆ هەموو پاشاکانی عەرەبستان و سەرکردەی هەموو هۆزەکانی نیشتەجێی بیابان؛ 25 بۆ هەموو پاشاکانی زیمری و ئیلام و میدیا؛ 26 بۆ هەموو پاشاکانی باکوور، نزیک و دووریان، یەک لەدوای یەک؛ بۆ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی. لەدوای هەموویانەوە، هەروەها پاشای شێشەخ[d] ئەو جامە دەخواتەوە.
27 «پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بخۆنەوە و سەرخۆش بن و بڕشێنەوە، بکەون و هەڵمەستنەوە لەبەر ئەو شمشێرەی من دەینێرمە ناوتان.“ 28 ئەگەر ڕازی نەبوون جامەکە لە دەستت وەربگرن بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: دەبێت بیخۆنەوە! 29 ئەوەتا ئەو شارەی ناوی منی هەڵگرتووە، من دەستم پێکردووە بەڵای بەسەردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوە بێ سزا دەبن؟ نەخێر بێ سزا نابن! چونکە من شمشێر دەهێنمە سەر هەموو دانیشتووانی زەوییەکە.“ ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
30 «تۆش هەموو ئەو پەیامەی من لە دژی ئەوان ڕابگەیەنە و پێیان بڵێ:
«”یەزدان لە ئاسمان دەنەڕێنێت،
لە نشینگەی پیرۆزیەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و
بەهێز بەسەر خاکی خۆیدا دەنەڕێنێت.
وەک ئەوانەی ترێ پێپەست دەکەن بە هوتافەوە هاوار دەکات
بەسەر هەموو دانیشتووانی زەوی.
31 هاتوهاوار گەیشتە ئەوپەڕی زەوی
چونکە یەزدان سکاڵا لە نەتەوەکان دەکات،
دادوەری هەموو ئادەمیزاد دەدات و
بەدکارەکان دەداتە بەر شمشێر.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
32 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئاگاداربن! بەڵا بڵاو دەبێتەوە
لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک،
گەردەلوولێکی گەورە هەڵدەکات
لەوپەڕی زەوییەوە.»
33 لەو ڕۆژەدا، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن لەمپەڕی زەوییەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی دەبن، شیوەنیان بۆ ناگێڕدرێت و کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.
34 ئەی شوانەکان، واوەیلا و هاوار بکەن!
ئەی سەرپەرشتیارانی مێگەل، خۆتان بگەوزێنن،
چونکە کاتتان هاتووە بۆ سەربڕین،
وەک گۆزەیەکی بە نرخ دەکەون و تێکدەشکێنرێن.
35 پەناگا بۆ شوانەکان نامێنێت،
دەربازبوونیش بۆ سەرپەرشتیارانی مێگەل.
36 گوێ بگرە لە هاواری شوانەکان و
واوەیلای سەرپەرشتیارانی مێگەل،
چونکە یەزدان لەوەڕگاکانیان تێکدەدات.
37 مێرگەکانی ئاشتی لەناودەچن
لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
38 ئەو وەک بەچکە شێر لانەی خۆی بەجێدەهێڵێت،
چونکە خاکەکە وێران دەبێت
لەبەر شمشێری ستەمکار و
لەبەر جۆشی تووڕەیی خۆی.
مەترسی یەرمیا
26 لە سەرەتای پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەو پەیامەم لەلایەن یەزدانەوە بۆ هات: 2 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لە حەسارەکەی ماڵی یەزدان بوەستە و ئەو پەیامە بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا ڕابگەیەنە، کاتێک دێنە ماڵی یەزدان بۆ کڕنۆش بردن. ئەو پەیامەی کە فەرمانم پێ کردیت یەک وشەی لێ کەم نەکەیتەوە. 3 بەڵکو گوێیان لێ بێت و بگەڕێنەوە، هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی، منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بە نیاز بووم لەبەر خراپی کردەوەکانیان بەسەریان بهێنم. 4 پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر گوێ لە من نەگرن و فێرکردنەکەم پەیڕەو نەکەن کە لەبەردەمی ئێوە دامناوە، 5 هەروەها ئەگەر گوێ لە قسەی بەندە پێغەمبەرەکانم نەگرن، ئەوانەی من بە بەردەوامی بۆم دەناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت، 6 ئەوا ئەم ماڵە وەک شیلۆ لێ دەکەم و ئەم شارەش دەکەم بە مایەی نەفرەت بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.“»
7 جا کاهینەکان و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل گوێیان لێ بوو یەرمیا لە ماڵی یەزدان ئەم پەیامەی ڕاگەیاند. 8 کاتێک یەرمیا لە قسەکردن بووەوە، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکردبوو بە هەموو گەلی ڕابگەیەنێت، کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل گرتییان و گوتیان: «دەبێ بمریت! 9 بۆچی بە ناوی یەزدانەوە پێشبینیت کرد و گوتت کە ئەم ماڵە وەک شیلۆی لێدێت، ئەم شارەش وێران دەبێت و ئاوەدانی تێدا نابێت؟» ئینجا هەموو گەل لە ماڵی یەزدان لە یەرمیا کۆبوونەوە.
10 کاتێک پیاوە گەورەکانی یەهودا گوێیان لەم قسانە بوو، لە کۆشکی پاشاوە سەرکەوتن بۆ ماڵی یەزدان، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی ماڵی یەزدان دانیشتن. 11 ئینجا کاهین و پێغەمبەرەکان بە پیاوە گەورەکان و بە هەموو گەلیان گوت: «ئەم پیاوەیە شایانی حوکمی مردنە، چونکە پێشبینی خراپی لەسەر ئەم شارە کردووە، هەروەک بە گوێی خۆتان گوێتان لێ بوو!»
12 یەرمیاش بە پیاوە گەورەکان و هەموو گەلی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ماڵە و ئەم شارە پێشبینی بکەم، بە هەموو ئەو وشانەی گوێتان لێ بوو. 13 ئێستاش ڕەفتار و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، ئەویش پاشگەز دەبێتەوە لەو بەڵایەی سەبارەت بە ئێوە فەرموویەتی. 14 بەڵام من لەبەردەستتانم، ئەوەی پێتان باشە و ڕاستە بە منی بکەن. 15 بەڵام باش بزانن ئەگەر من بکوژن، ئەوا خوێنێکی بێتاوان دەخەنە ئەستۆی خۆتان و ئەم شارە و دانیشتووانەکەی، چونکە بەڕاستی یەزدان منی بۆ ئێوە ناردووە تاکو هەموو ئەم قسانە بەبەر گوێتاندا بدەم.»
16 ئینجا پیاوە گەورەکان و هەموو گەل بە کاهین و پێغەمبەرەکانیان گوت: «ئەم پیاوە شایانی حوکمی مردنی نییە، چونکە بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە قسەی لەگەڵ کردووین.»
17 ئینجا هەندێک لە پیرانی یەهودا[e] هەستان و بە هەموو کۆمەڵی خەڵکەکەیان گوت: 18 «میخای پێغەمبەر لە شاری مۆرەشەت لە سەردەمی حەزقیای پاشای یەهودا پێشبینیی کرد و بە هەموو گەلی یەهودای گوت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«”سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،
ئۆرشەلیم کاول دەبێت،
گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.“[f]
19 ئایا حەزقیای پاشای یەهودا یان کەسێکی دیکە لە یەهودا کوشتیان؟ ئایا لە یەزدان نەترسا و بەدوای ڕەزامەندی ئەوەوە نەبوو؟ ئایا یەزدان پاشگەز نەبووەوە لەو بەڵایەی فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت؟ وا بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆمان دەهێنین!»
20 هەروەها پیاوێکی دیکەش هەبوو بە ناوی یەزدانەوە پێشبینی دەکرد، ئوریای کوڕی شەمەعیا، خەڵکی قیریەت یەعاریم بوو. ئەویش لە دژی ئەو شارە و ئەو خاکە پەیامێکی ڕاگەیاند، وەک پەیامەکەی یەرمیا. 21 جا یەهۆیاقیمی پاشا و هەموو پاڵەوانەکانی و هەموو پیاوە گەورەکان گوێیان لە قسەکانی بوو، پاشا داوای کرد بیکوژن. بەڵام ئوریا ئەمەی بیست، لە ترسان بەرەو میسر هەڵات. 22 یەهۆیاقیمی پاشاش ئەلناتانی کوڕی عەکبۆری لەگەڵ چەند پیاوێک ناردە میسر. 23 ئوریایان لە میسر دەرهێنا و هێنایانە لای یەهۆیاقیمی پاشا، بە شمشێر لێیدا و تەرمەکەی فڕێدایە ناو گۆڕی خەڵکی ئاسایی.
24 جگە لەوەش، دەستی ئەحیقامی کوڕی شافان لە پشت یەرمیا بوو بۆ ئەوەی نەدرێتە دەست گەل و بیکوژن.
یەهودا خزمەتی نەبوخودنەسر دەکات
27 لە سەرەتای پاشایەتی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 یەزدان ئەمەی بە من فەرموو: «گوریس و دار ببە و بۆ خۆت نیرێکی لێ دروستبکە و بیخە سەر ملت. 3 ئینجا پەیامێک بنێرە بۆ پاشاکانی ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆن و سور و سەیدا، بەدەستی ئەو پەیامبەرانەی بۆ ئۆرشەلیم هاتوون بۆ لای سدقیای پاشای یەهودا. 4 ڕایانبسپێرە بە گەورەکانیان بڵێن: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ’ئەمە بە گەورەکانتان بڵێن: 5 من بە توانای مەزنی خۆم و بە دەستی بەهێزم زەویم دروستکردووە، هەروەها مرۆڤ و ئاژەڵیش کە لەسەرین، ئەوەی بمەوێ دەیدەمێ. 6 ئێستاش من هەموو ئەم خاکانە دەدەمە دەستی خزمەتکارەکەم، نەبوخودنەسری پاشای بابل، هەروەها ئاژەڵە کێوییەکانیشی دەدەمێ تاکو خزمەتی بکەن. 7 هەموو نەتەوەکانیش خزمەتی خۆی و کوڕ و نەوەکەی دەکەن، هەتا کاتی خاکەکەی ئەویش دێت، جا زۆر لە نەتەوەکان و پاشا مەزنەکان دەیخەنە ژێردەستی خۆیان.‘
8 «”یەزدان دەفەرموێت: ’هەر نەتەوەیەک و شانشینێک خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەکات و مل نەخاتە ژێر نیری پاشای بابلەوە، بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئەو نەتەوەیە دەدەم، هەتا بە دەستی ئەو لەناویان دەبەم. 9 ئێوەش گوێ مەگرن لە پێغەمبەر و فاڵگرەوە و خەونبین و بەخت خوێنەر و جادووگەرەکانتان، ئەوانەی پێتان دەڵێن: (خزمەتی پاشای بابل ناکەن.) 10 چونکە ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەتان، جا دەرتاندەکەم و لەناودەچن. 11 بەڵام ئەگەر هەر نەتەوەیەک ملی بخاتە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی بکات، من لە خاکی خۆیدا دەیهێڵمەوە، جا دەیکێڵێت و تێیدا نیشتەجێ دەبێت.‘ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
12 هەمان پەیامم بە سدقیای پاشای یەهوداش ڕاگەیاند[g]: «ملتان بخەنە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی خۆی و گەلەکەی بکەن، ئینجا ئێوە دەژین. 13 بۆچی خۆت و گەلەکەت بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن، وەک ئەوەی یەزدان سەبارەت بەو گەلە فەرمووی کە خزمەتی پاشای بابل نەکات؟ 14 گوێ لە پەیامی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێتان دەڵێن: ”خزمەتی پاشای بابل ناکەن،“ چونکە ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن. 15 ”من نەمناردوون، ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، لەبەر ئەوە دەرتاندەکەم و لەناودەچن، خۆتان و ئەو پێغەمبەرانەش کە پێشبینیتان بۆ دەکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
16 بە کاهینەکان و بە هەموو ئەم گەلەشم گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: گوێ لە قسەی پێغەمبەرەکانتان مەگرن، ئەوانەی پێشبینیتان بۆ دەکەن و دەڵێن: ”ئەوەتا قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان بەم زووانە لە بابلەوە دەگەڕێنرێنەوە.“ ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن. 17 گوێیان لێ مەگرن. خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئینجا ئێوە دەژین. بۆچی ئەم شارە وێران بێت؟ 18 ئەگەر ئەمانە پێغەمبەرن و فەرمایشتی یەزدانیان لەلایە، کەواتە با بۆمان لە یەزدانی سوپاسالار بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو قاپوقاچاغەی ماوەتەوە لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم نەبردرێنە بابل، 19 چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە کۆڵەکەکان و حەوزە بڕۆنزییەکە[h] و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و پاشماوەی ئەو قاپوقاچاغانەی کە لەم شارەدا ماونەتەوە، 20 ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەیبردن، کاتێک یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچ کرد، لەگەڵ هەموو پیاوماقوڵانی یەهودا و ئۆرشەلیم. 21 بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بەو قاپوقاچاغەی مابووەوە، لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم: 22 ”بۆ بابل دەبردرێن و لەوێ دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بەدوایاندا دەنێرم، جا دەیانهێنمەوە و دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
حەنەنیای پێغەمبەری درۆزن
28 ئەوە بوو لە هەمان ساڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی چوارەمی سەرەتای پاشایەتی سدقیای پاشای یەهودا، حەنەنیای پێغەمبەر کوڕی عازوور کە خەڵکی گبعۆنە، لە ماڵی یەزدان لەبەرچاوی کاهینەکان و هەموو گەل پێی گوتم: 2 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نیری پاشای بابل دەشکێنم. 3 لە ماوەی دوو ساڵدا من هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان دەگەڕێنمەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لەم شوێنەوە بردییە بابل. 4 یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا دەگەڕێنمەوە ئەم شوێنە، هەروەها هەموو ئەوانەش کە لەگەڵی بۆ بابل ڕاپێچ کرابوون، چونکە نیری پاشای بابل دەشکێنم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
5 یەرمیای پێغەمبەریش لەبەردەمی کاهینەکان و هەموو گەل ئەوانەی لە ماڵی یەزدان وەستابوون وەڵامی حەنەنیای پێغەمبەری دایەوە، 6 گوتی: «ئامین! با یەزدان ئاوا بکات! با یەزدان قسەکانت بهێنێتە دی کە پێشبینیت کرد، قاپوقاچاغەکەی ماڵی یەزدان و هەموو ئەو کەسانەی ڕاپێچ کرابوون لە بابلەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێرە. 7 بەڵام گوێ لەم قسەیە بگرە کە من بە تۆ و بە هەموو گەلی دەڵێم: 8 لە کۆنەوە، لەپێش من و تۆوە پێغەمبەران سەبارەت بە زۆر گەلان و پاشایەتییە گەورەکان پێشبینی جەنگ و بەڵا و دەردیان کردووە. 9 بەڵام ئەو پێغەمبەرەی پێشبینی ئاشتی بکات، بە هاتنە دی پێشبینییەکەی، دەزانرێت کە بەڕاستی یەزدان ئەو پێغەمبەرەی ناردووە.»
10 حەنەنیای پێغەمبەریش نیرەکەی لەسەر ملی یەرمیا هەڵگرت و شکاندی. 11 حەنەنیا لەبەردەمی هەموو گەل گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لە ماوەی دوو ساڵدا، ئاوا نیری نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ملی هەموو نەتەوەکان دەشکێنم.“» یەرمیای پێغەمبەریش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
12 دوای ئەوەی حەنەنیای پێغەمبەر نیرەکەی سەر ملی یەرمیای شکاند، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 13 «بڕۆ و بە حەنەنیا بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ نیرێکی دارینت شکاند، بەڵام تۆ لەجێی ئەوە نیرێکی ئاسنینت دەخرێتە سەر، 14 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: نیری ئاسنین دەخەمە سەر ملی هەموو ئەم نەتەوانە بۆ ئەوەی خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل بکەن، دەبنە کۆیلەی ئەو. تەنانەت دەسەڵاتم بەسەر ئاژەڵە کێوییەکانیش داوەتێ.“»
15 ئینجا یەرمیا پێغەمبەر بە حەنەنیا پێغەمبەری گوت: «حەنەنیا گوێ بگرە! یەزدان تۆی نەناردووە، تۆش وات کردووە ئەم گەلە پشت بە درۆ ببەستێت. 16 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”خەریکم لەسەر ڕووی زەوی دەرتدەکەم، تۆ ئەم ساڵ دەمریت، چونکە تۆ جاڕی یاخیبوونت دا لە دژی یەزدان.“»
17 جا حەنەنیای پێغەمبەر لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا[i] مرد.
نامەیەک بۆ ڕاپێچکراوان
29 ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون، 2 لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا و شاژنی دایکی و دەستوپێوەندەکانی و پیاوە گەورەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم، هەروەها پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ئۆرشەلیم. 3 سدقیای پاشای یەهودا ئەلعاسای کوڕی شافان و گەمەریای کوڕی حیلقیای ناردە لای نەبوخودنەسری پاشای بابل. یەرمیاش نامەیەکی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی:
4 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن: 5 «خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن. 6 ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن. 7 داوای ئاشتی و گەشەسەندن بکەن بۆ ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.» 8 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن. 9 ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە. 11 خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 12 «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم. 13 ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن. 14 کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
15 چونکە گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.» 16 بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون، 17 بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت. 18 بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم. 19 لەبەر ئەوەی گوێیان لە فەرمایشتی من نەگرت، ئەوەی بە بەردەوامی بەدەستی بەندە پێغەمبەرەکانم بۆم ناردن. هەروەک ئێوەی ڕاپێچکراویش گوێتان لێ نەگرت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
20 لەبەر ئەوە، ئەی هەموو ڕاپێچکراوەکان، ئەی ئەوانەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابلم ناردن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 21 ئەمە فەرموودەی یەزدانی سوپاسالارە، خودای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەحاڤی کوڕی قولایا و سدقیای کوڕی مەعسێیاهو، ئەوانەی بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن: «دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەویش لەبەرچاوتان دەیانکوژێت. 22 لەبەر ئەوە هەموو ڕاپێچکراوەکانی یەهودا لە بابل، ناوی ئەوان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و دەڵێن: ”یەزدان وەک سدقیا و ئەحاڤت لێ بکات، ئەوانەی پاشای بابل بە ئاگر برژاندنی.“ 23 چونکە لەناو ئیسرائیلدا کارێکی قێزەونیان کرد، داوێنپیسییان لەگەڵ ژنی برادەرەکانیان کرد، بە ناوی منەوە بە درۆ قسەیان کرد کە من فەرمانم پێ نەکردبوون. من خۆم دەزانم و شایەتی ئەوەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پەیامێک بۆ شەمەعیا
24 بە شەمەعیای نەحەلامی بڵێ: 25 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە ناوی خۆتەوە نامەت نارد بۆ هەموو ئەو گەلەی لە ئۆرشەلیمە و بۆ سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهین و بۆ هەموو کاهینەکان. بە سەفەنیات گوت: 26 ”یەزدان تۆی لە جێگای یەهۆیاداعی کاهین کردووە بە کاهین، بۆ ئەوەی ببیتە سەرپەرشتیار بەسەر ماڵی یەزدانەوە، هەر پیاوێکی شێت کە خۆی وەک پێغەمبەر بنوێنێ بیخەیتە ناو کۆت و بەندەوە. 27 ئەی بۆچی سەرزەنشتی یەرمیای عەناتۆتی ناکەیت کە خۆی وەک پێغەمبەر دەنوێنێ؟ 28 پەیامێکی بۆ بابل بۆ ناردووین و دەڵێت: مانەوەتان درێژە دەکێشێت. جا بۆ خۆتان خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و لە بەروبوومەکەی بخۆن.“»
29 سەفەنیای کاهینیش ئەم نامەیەی بۆ یەرمیای پێغەمبەر خوێندەوە. 30 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 31 «پەیامێک بۆ هەموو ڕاپێچکراوان بنێرە و بڵێ: ”یەزدان لەبارەی شەمەعیای نەحەلامییەوە ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی شمەعیا پێشبینیی بۆ کردن، منیش نەمناردووە، وای لێکردوون پشت بە درۆ ببەستن، 32 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من سزای شەمەعیای نەحەلامی و وەچەکەی دەدەم. کەسی بۆ نامێنێتەوە لەناو ئەم گەلەدا دانیشێت، ئەو شتە باشانە نابینێت کە من بۆ گەلەکەی خۆمی دەکەم، چونکە جاڕی یاخیبوونی دا لە دژی من.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
گەڕاندنەوەی ئیسرائیل
30 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“ 3 یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی: 5 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاواری ترسمان بیست،
تۆقین نەک ئاشتی.
6 بپرسن و ببینن:
ئایا نێر سکی دەبێت؟
ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم
وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و
هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟
7 ئای! لەو ڕۆژە سامناکە!
ڕۆژی ئاوا نابێت.
ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب،
بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“
8 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت،
”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە،
پێبەندیان دەپسێنم و
چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.
9 بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و
خزمەتی داودی پاشایان دەکەن، [j]
ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»
10 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
11 من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“
یەزدان دەفەرموێت:
”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم
کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت،
کۆتایی بە تۆ ناهێنم.
تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری،
بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“
12 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”شکاوییەکەت بێ چارەیە،
برینەکەت سەختە.
13 کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات،
دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ،
تۆ چاک نابیتەوە.
14 هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت،
هیچ گرنگی بە تۆ نادەن.
وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا،
بە سەختی تەمبێم کردی
لەسەر زۆری تاوانەکانت،
لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.
15 بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت،
لەبەر ئازارەکەت کە ناشکێت؟
لەسەر زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت،
منیش ئەمەم پێکردیت.
16 «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن،
هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن.
ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و
هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.
17 بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە،
برینەکانت چاک دەکەمەوە،
چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە،
سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە،
بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە.
شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە،
کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.
19 دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و
بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە.
ژمارەیان زۆر دەکەم و
کەم نابن،
ڕێزیان لێ دەنێم و
بچووک نابن.
20 کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن،
کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت،
سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.
21 میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان،
فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت.
لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە،
چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
22 «”ئێوە دەبن بە گەلی من و
منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»
23 ئەوەتا گەردەلوولی یەزدان
تووڕەییە هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە،
لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
24 گڕی تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
بە تەواوی بەجێنەگەیەنێت.
لە ڕۆژانی داهاتوودا
لەمە تێ دەگەن.
31 یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.»
2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون
لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت،
کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.»
3 لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت:
«بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت،
لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.
4 ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە،
بنیاد دەنرێیتەوە.
دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە
بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت.
5 دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت
لە چیاکانی سامیرە،
ڕەزەوانەکان دەچێنن و
بەرەکەی دەخۆن[k].
6 ڕۆژێک دێت
چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن:
”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین،
بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“»
7 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن،
هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە.
با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن:
”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە،
پاشماوەکەی ئیسرائیل!“
8 ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە،
لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە،
لەنێویان شەل و نابینا دەبێت
ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە،
کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.
9 بە گریانەوە دێن،
لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە،
بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم،
بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون،
چونکە من باوکی ئیسرائیلم،
ئەفرایم نۆبەرەمە.
10 «ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن:
”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە،
وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت.“
11 چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا،
لە دەست ئەوەی لەو[l] بەهێزتر بوو کڕییەوە.
12 جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن.
لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە،
بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە،
بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە.
وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن،
جارێکی دیکە سیس نابن.
13 ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن،
گەنجان و پیران پێکەوە.
شینیان دەگۆڕم بە شادی،
دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم.
14 کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری،
گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
15 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
لەبەر منداڵەکانی، چونکە نەماون.»
16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«واز لە گریان بهێنە و
چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ،
چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.
17 کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە.
منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا:
”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم،
من تەمبێ بووم.
بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە،
چونکە تۆ یەزدانی خودای منی.
19 لەدوای گومڕابوونم،
پەشیمان بوومەوە،
لەدوای تێگەیشتنم،
لە سنگی خۆمم دا.
شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا،
چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“
20 ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە،
ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟
چونکە هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم،
دووبارە دێتەوە یادم.
لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت،
بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 «نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و
ڕێوشوێن دابنێ.
بە وردی بڕوانە ڕێگاکە،
ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن.
ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە،
بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.
22 هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت،
ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟
چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە:
ژن پیاو دەپارێزێت.»
23 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە: ”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“ 24 جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن. 25 ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.»
26 لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.
27 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، ژمارەی خەڵک و ژمارەی ئاژەڵ لە ئیسرائیل و یەهودا زۆر زیاد دەکەم. 28 جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشەکێشکردن و ڕووخاندن، بۆ کاولکاری، بۆ لەناوبردن و بەڵا بەسەرهێنان، ئاواش چاودێر دەبم بۆ بنیادنانەوە و چاندن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29 «لەو ڕۆژانەدا ئیتر ناڵێن:
«”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبێت.“
30 بەڵکو هەرکەسە و بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، هەرکەسێک بەرسیلە بخوات ددانی خۆی ئاڵ دەبێت.»
31 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
پەیمانێکی نوێ[m] لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و
بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
32 نەک وەکو ئەو پەیمانەی
لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم،
ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت
بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند،
هەرچەندە من مێردی[n] ئەوان بووم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە
لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکەم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و
لەسەر دڵیان دەینووسم.
من دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
34 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی
یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“
چونکە هەموویان دەمناسن،
لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم،
چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
35 یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
ئەوەی خۆری داناوە
بۆ درەوشانەوە لە ڕۆژ،
فەرزی مانگ و ئەستێرەکانیش
بۆ درەوشانەوە لە شەو،
ئەوەی دەریا دەوروژێنێت،
شەپۆلەکانی هاژەیان دێت،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
36 یەزدان دەفەرموێت:
«ئەگەر ئەم فەرزانە لەبەردەمم لە کار بخرێن،
ئەوسا ڕەچەڵەکی ئیسرائیلیش کپ دەبن
لەوەی بە درێژایی ڕۆژگار لەبەردەمم ببن بە نەتەوە.»
37 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەگەر ئاسمان لە سەرەوە بپێورێت،
ئەگەر بناغەکانی زەوی لە ژێرەوە بپشکنرێن،
ئەوسا منیش هەموو ڕەچەڵەکی ئیسرائیل ڕەت دەکەمەوە،
لەبەر هەموو ئەوەی کردیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
38 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، شارەکە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت، لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە. 39 لەوێوە گوریسی پێوانە بەسەر گردی گارێڤ درێژ دەکرێت و دەسووڕێتەوە بۆ گۆعە. 40 تەواوی ئەو دۆڵەی لاشە و خۆڵەمێشی تێدا فڕێدەدرێت، هەروەها هەموو کێڵگەکان بۆ دۆڵی قدرۆن لە ڕۆژهەڵات تاوەکو دەروازەی ئەسپ پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، هەتاهەتایە ڕیشەکێش ناکرێت و جارێکی دیکە کاول ناکرێتەوە.»
یەرمیا کێڵگەیەک دەکڕێت
32 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە ساڵی دەیەمی سدقیای پاشای یەهودا کە دەکاتە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسر. 2 ئەو کاتە لەشکری پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دابوو، یەرمیای پێغەمبەریش لە حەوشەی پاسەوانەکانی کۆشکی پاشای یەهودا بەند کرابوو.
3 سدقیای پاشای یەهودا یەرمیای بەند کردبوو، پێی گوت: «بۆچی بەم پەیامە پێشبینیت کرد؟ گوتت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابل و دەیگرێت. 4 سدقیای پاشای یەهوداش لە دەست بابلییەکان دەرباز نابێت، بەڵکو دەدرێتە دەست پاشای بابلەوە، ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ دەکات، چاوەکانی ئەو دەبینێت. 5 سدقیا دەباتە بابل، لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سزاکەی تەواو وەردەگرێت. ئەگەر لەگەڵ بابلییەکان بجەنگن سەر ناکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
6 ئینجا یەرمیا گوتی: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 7 حەنەمێلی کوڕی شەلومی مامت دێتە لات و پێت دەڵێت: ”ئەو کێڵگەیەی لە عەناتۆت هەمە بۆ خۆتی بکڕە، چونکە ماف و ئەرکی تۆیە بیکڕیتەوە[o].“
8 «جا بەپێی فەرمایشتی یەزدان حەنەمێلی کوڕی مامم هاتە لام بۆ حەوشەی پاسەوانەکان و پێی گوتم: ”کێڵگەکەم بکڕە، ئەوەی لە عەناتۆتە لە خاکی بنیامین، چونکە مافی کڕینەوە و خاوەنداریێتیت هەیە، بۆ خۆت بیکڕە.“
«جا زانیم ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 9 منیش کێڵگەکەم لە حەنەمێلی کوڕی مامم کڕی، ئەوەی لە عەناتۆتە، زیوەکەشم بۆی کێشا، حەڤدە شاقل زیو. 10 گرێبەستم لە کاغەزێک نووسی و مۆرم کرد و چەند کەسێکم لێکرد بە شایەت، زیوەکەشم بە تەرازوو کێشا. 11 گرێبەستی کڕینەکەم لە دوو وێنەدا برد، وێنەیەکی داخراو کە مەرج و بەندەکانی تێدابوو، لەگەڵ وێنەیەکی کراوە، 12 گرێبەستی کڕینەکەم دایە باروخی کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، لەبەرچاوی حەنەمێلی ئامۆزام و ئەو شایەتانەی لە گرێبەستی کڕینەکە نووسرابوون، هەروەها لەبەرچاوی هەموو ئەو جولەکانەی لە حەوشەی پاسەوانەکان دانیشتبوون.
13 «لەبەرچاویان باروخم ڕاسپارد و گوتم: 14 ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: ئەم گرێبەستانە هەڵبگرە، گرێبەستە مۆرکراوەکەی کڕین و ئەم لەبەرگیراوەیەی گرێبەستەکە لەناو گۆزەیەکی گڵین دابنێ، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، 15 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: جارێکی دیکە دیسان لەم خاکەدا خانوو و کێڵگە و ڕەز دەکڕدرێتەوە.“
16 «دوای ئەوەی گرێبەستەکەی کڕینم دایە باروخی کوڕی نێرییا، نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم:
17 «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا تۆ بە توانای مەزن و دەستی بەهێزەوە ئاسمان و زەویت دروستکردووە و هیچ شتێک لەلای تۆ قورس نییە. 18 خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران بەدەردەخەیت، بەڵام تۆ سزای کوڕ دەدەیت لەسەر ئەو تاوانەی باوکی لەپێش ئەو کردوویەتی. ئەی خودای گەورە و پاڵەوان، ئەوەی ناوت یەزدانی سوپاسالارە، 19 لە پلاندانان مەزنی، لە کارکردندا بە توانای، چاوەکانت لەسەر هەموو ڕەفتارەکانی ئادەمیزاد کراوەن، هەتا هەریەکە و پاداشتی شایستەی ڕەفتار و کردەوەکانی بدەیتەوە. 20 تۆ نیشانە و پەرجووەکانت[p] لە خاکی میسردا نواند، بەردەوام هەتا ئەمڕۆش لە ئیسرائیل و لەنێو هەموو مرۆڤایەتیدا دەیاننوێنیت، بەمەش ناوێکت بەدەستهێناوە کە هێشتا ماوە. 21 بە نیشانە و پەرجوو، بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە ترسێکی گەورەوە، ئیسرائیلی گەلی خۆتت لە خاکی میسر دەرهێنا. 22 ئەم خاکەت پێدان کە سوێندت خواردبوو بیدەیتە باوباپیرانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 23 جا هاتن و بوونە خاوەنی، بەڵام گوێیان لە تۆ نەگرت، فێرکردنی تۆیان پەیڕەو نەکرد، ئەوانەیان نەکرد کە تۆ فەرمانت پێکردن بیانکەن. جا هەموو ئەم خراپەیەت بەسەریاندا هێنا.
24 «ئەوەتا مەتەرێز بۆ دەست بەسەرداگرتنی شارەکە لێدراوە. شارەکە بەهۆی شمشێر و قاتوقڕی و دەردەوە ڕادەستی بابلییەکان دەکرێت کە لە دژی دەجەنگن. هەروەک دەیبینیت، ئەوەی تۆ فەرمووت ڕوویدا. 25 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خۆت پێت فەرمووم: ”بە شایەتی چەند شایەتێک کێڵگەکە بە زیو بۆ خۆت بکڕە،“ کەچی شارەکەت داوەتە دەست بابلییەکان.»
26 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 27 «من یەزدانم، خودای هەموو ئادەمیزاد، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ من قورس بێت؟ 28 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە بدەمە دەست بابلییەکان و دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و بیگرێت. 29 جا بابلییەکان کە لە دژی ئەو شار دەجەنگن، دێنە ناوی بە ئاگر گڕی تێبەردەدەن، ئەو ماڵانەش دەسووتێنن کە لە سەربانەکانیان بخووریان بۆ بەعل سووتاند و شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەشی خوداوەندەکانی دیکە کرد بۆ ئەوەی پەستم بکەن.»
30 یەزدان دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا هەر لە گەنجیێتییانەوە تەنها خراپەیان لەبەرچاوم کردووە، چونکە نەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوەکانی دەستیان تەنها پەستیان کردم. 31 لەو ڕۆژەوەی ئەم شارەیان بنیادیان ناوە هەتا ئەمڕۆ، بۆ من بووەتە مایەی تووڕەبوون و هەڵچوونم، کە دەبێت لەبەردەمم ڕایماڵم. 32 نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پەستیان کردم، بە هەموو ئەو خراپانەی کردیان، ئەوان و پاشا و سەرکردە و کاهین و پێغەمبەرەکانیان، پیاوانی یەهودا و خەڵکی ئۆرشەلیم. 33 جا پشتیان تێکردم نەک ڕوو، لە کاتێکدا من بەردەوام فێرم دەکردن، بەڵام نە گوێیانگرت و نە تەمبێ بوون. 34 بەڵکو بتە قێزەونەکانیان لەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە و گڵاویان کرد. 35 هەروەها نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، کە لە دۆڵی بەنهینۆمە، تاوەکو کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی بۆ مۆلەخ[q] بسووتێنن، ئەو شتە قێزەونانەیان کرد و وایانکرد یەهودا گوناه بکات، کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بە خەیاڵیشمدا هاتووە.
36 «ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن: ”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“ بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: 37 ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم. 38 ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 39 یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان. 40 پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن. 41 پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم.
42 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: هەروەک هەموو ئەم خراپە گەورانەم بەسەر ئەم گەلەدا هێنا، ئاواش من هەموو ئەو چاکەیەیان بەسەردا دەهێنم کە بەڵێنم پێیان دا. 43 جا کێڵگە دەکڕدرێتەوە لەم خاکەی کە دەڵێن: ”وێرانە، نە مرۆڤ و نە ئاژەڵی تێدا نییە، دراوەتە دەست بابلییەکان.“ 44 بە شایەتی چەند شایەتێک بە زیو کێڵگە دەکڕن، گرێبەست لە کاغەزێک دەنووسن و مۆری دەکەن، لە خاکی بنیامین و دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان، لە زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
بەڵێنی گەڕانەوە
33 یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە: 2 «یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت: 3 ”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“ 4 چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر 5 لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا.
6 «”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم. 7 یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە. 8 پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە. 9 جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“
10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”سەبارەت بەم شوێنەی ئێوە دەڵێن، ’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘ بەڵام شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن، 11 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن:
«”’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن،
چونکە یەزدان چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘
یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“
12 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت. 13 لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.[r]“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
14 یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.
15 «”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا
لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم،
جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.
16 لەو ڕۆژانەدا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
17 «چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل. 18 لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن، سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“»
19 هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 20 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن، تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن، 21 ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا، هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم. 22 هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت، ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.