Bible in 90 Days
ئازار چێژتنی بەندەی یەزدان
13 ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات،
بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.
14 وەک ئەوەی زۆر کەس واقیان لێی وڕما،
دیمەنی وەک مرۆڤ نەبوو،
وێنەی لە ئادەمیزاد نەدەچوو.
15 ئاوا زۆر لە نەتەوەکان دەپرژێنێت،
لەبەر ئەو پاشایان دەمی خۆیان دەگرن،
چونکە ئەوەی بۆیان باس نەکرابوو دەیبینن،
ئەوەی نەیانبیستبوو تێی دەگەن.
53 کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و
هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟
2 بەندەکە وەک چەکەرە لەبەردەمی باڵای کرد،
وەک ڕەگ لە خاکێکی تینوو گەشەی کرد.
نە جوانی هەبوو و نە پایەبەرزی هەتا سەرنجمان بۆی بچێت،
نە دیمەن هەتا ئارەزووی بکەین.
3 ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە،
پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی.
وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە،
ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی.
4 بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت،
ئازارەکانی ئێمەی برد،
ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە،
لێی دراوە و زەلیلە.
5 بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو،
لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا.
ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت،
بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە.
6 هەموو وەک مەڕ بڵاوەمان کردووە،
هەریەکە ملی ڕێگای خۆمان گرتووە،
بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی
خستە سەر ئەو.
7 زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد،
بەڵام دەمی نەکردەوە.
ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا،
وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە،
ئەو دەمی نەکردەوە.
8 بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا.
بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟
چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا،
لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا.
9 گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا،
دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا،
هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و
فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.
10 بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت،
لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانی تاوان،
نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت،
خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت.
11 لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت،
ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت،
بە زانینی بەندە ڕاستودروستەکەم زۆر کەس بێتاوان دەکات و
ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت.
12 لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم،
لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات،
چونکە بۆ مردن گیان لەسەر دەست بوو و
لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،
لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و
داکۆکی لە یاخیبووان کرد.
شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن
54 «ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو
زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»
یەزدان دەفەرموێت.
2 «شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،
پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،
دەست مەگێڕەوە،
گوریسەکانت درێژ بکە و
سنگەکانت توند بچەقێنە.
3 چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،
نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و
شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.
4 «مەترسە چونکە ڕیسوا نابیت،
گاڵتەت پێ ناکرێت چونکە شەرمەزار نابیت.
ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،
ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە.
5 چونکە مێردی[a] تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،
پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.
6 چونکە وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان
یەزدان بانگت دەکاتەوە،
وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»
خودات دەفەرموێت.
7 «بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،
بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.
8 بە زریانی تووڕەییەوە
بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،
بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی بەزەییم پێتدا هاتەوە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.
9 «چونکە ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من
ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت.
ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و
لێت ڕانەخوڕم.
10 هەرچەندە چیاکان نامێنن و
گردەکان دەهەژێن،
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و
پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.
11 «ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێداوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە،
ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە[b] لەسەر ڕیز دەکەم،
بە یاقووتی شین[c] داتدەمەزرێنم.
12 قوللەکانت دەکەم بە یاقووت[d] و
دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار،
هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها.
13 هەموو کوڕەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و
ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت.
14 بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت
دوور لە جەوروستەم،
چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت،
هەروەها دووریت لە تۆقینیش،
چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە.
15 ئەگەر پەلامار درایت، ئەوە لەلایەن منەوە نابێت،
ئەوەی هێرش دەکاتە سەرت، دەبێتە ژێر دەستت.
16 «ئەوەتا من ئاسنگەرم بەدیهێنا
کە کوورەی ئاگری خەڵووز دەم دەدات،
چەکی گونجاو دروستدەکات،
هەروەها من لەناوبەرم بەدیهێنا بۆ ئەوەی بفەوتێنێت.
17 هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و
هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە.
ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە،
بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
بانگهێشتکردنی تینووەکان
55 «هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن،
وەرن بۆ ئاو[e]،
ئەوانەش کە پارەیان نییە،
وەرن، بکڕن و بخۆن!
وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ
شەراب و شیر بکڕن.
2 بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟
بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟
بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە،
با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.
3 گوێتان شل بکەن و وەرنە لام،
گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت.
پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم،
خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.
4 ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە،
ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.
5 ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و
ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن،
لەبەر یەزدانی پەروەردگارت،
لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
چونکە شکۆمەندی کردیت.»
6 ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە،
لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.
7 با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و
خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی،
با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە،
بۆ لای خودامان چونکە زۆر لێبوردەیە.
8 «بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و
ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 «بە بەرزی ئاسمان بەسەر زەوییەوە،
ئاواش بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتان و
بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.
10 هەروەک چۆن باران و بەفر
لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و
ناگەڕێنەوە ئەوێ،
بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و
وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و
تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،
11 فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە:
بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم،
بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و
سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.
12 ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و
بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت،
چیاکان و گردەکان
لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە،
هەموو دارەکانی دەشتودەریش
بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.
13 لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و
لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت،
بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک،
نیشانەیەکی هەتاهەتایی
کە لەناو ناچێت.»
ڕزگاری بۆ ئەوانەی دوورن
56 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دادپەروەری بپارێزن و
ڕاستودروستی ئەنجام بدەن،
چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و
ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.
2 خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و
بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت،
ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و
دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»
3 با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت:
«یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.»
با خەساویش نەڵێت:
«ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»
4 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن،
ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و
دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،
5 لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی
یادەوەری و ناویان پێدەدەم،
لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان.
ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم
کە نابڕدرێتەوە.
6 ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان
بۆ پەرستنی و
بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان
هەتا بۆی ببن بە بەندە،
هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و
دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە
7 دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم،
لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم.
قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان
مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم،
چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت
بۆ هەموو گەلان.»
8 یەزدانی باڵادەست،
ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت:
«زیاتر کۆدەکەمەوە
لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»
خودا بەدکاران تاوانبار دەکات
9 ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر،
ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن!
10 ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن،
نەزانن.
هەموو سەگی لاڵن،
ناتوانن بوەڕن.
خەونبین و پاڵکەوتوون،
حەزیان لە خەوە.
11 سەگەکان چاو برسین،
تێربوون نازانن.
ئەوان شوانن و تێناگەن،
هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت،
هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.
12 دەڵێن: «وەرن شەراب دەهێنم!
با مەی بنۆشین!
بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت،
بەڵکو زۆر باشتریش.»
57 ڕاستودروستان لەناودەچن،
کەسیش لە دڵی خۆیدا بیر لەمە ناکاتەوە.
خودا خۆشەویستانی بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە،
بەڵام کەس تێناگات
کە ڕاستودروست بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە
بۆ ئەوەی لە خراپە ڕزگاریان بکات.
2 ئەوەی ڕێگای ڕاستی گرتووەتەبەر
دێتە ناو ئاشتییەوە،
لەناو تابووتەکانیان دەحەسێنەوە.
3 «بەڵام ئێوە، ئەی کوڕانی ژنە بەخت خوێنەرەکە،
توخمی داوێنپیسە لەشفرۆشەکان، وەرنە پێشەوە!
4 گاڵتە بە کێ دەکەن؟
لە کێ دەم دەکەنەوە و
زمان درێژ دەکەن؟
ئەی ئێوە کوڕانی یاخیبوون و
توخمی درۆ نین؟
5 ئێوە لەنێو دار بەڕووەکان،
لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا جۆش دەستێنن،
ئەوانەی منداڵان لە شیوەکان و
لەژێر کەلەبەرەکانی تاوێرەکاندا دەکەنە قوربانی.
6 بەشت ئەو بتانەیە کە لەنێو بەردە لووسەکانی شیوەکانن،
ئەوان، ئەوان تیروپشکی تۆن.
هەروەها بۆ ئەوان شەرابی پێشکەشکراو و
پێشکەشکراوی دانەوێڵەت پێشکەش کرد.
ئایا لەبەر ئەمە پاشگەز ببمەوە؟
7 جێگای نوستنت لەسەر کێوێکی بەرز و بڵند داناوە،
بۆ ئەوێ سەرکەوتیت تاوەکو قوربانی سەرببڕیت.
8 لە پشت دەرگا و چوارچێوەکەی
هێمای بتەکەتت داناوە.
پشتت لە من کرد و خۆتت ڕووت کردەوە،
سەرکەوتیتە سەر جێگای خەوی خۆت و فراوانت کرد.
پەیمانت لەگەڵ بتەکاندا بەست،
حەزت بە داوێنپیسی لەگەڵیان کرد،
ناموسی ئەوانت بینی.
9 بە زەیتەوە چوویتە لای مۆلەخ[f] و
بۆنوبەرامی خۆتت زیاد کرد.
نێردراوەکانت بۆ دوور نارد،
شۆڕ بوویتەوە هەتا جیهانی مردووان!
10 درێژی گەشتەکانت ماندووی کردیت،
کەچی نەتگوت: ”ئەمە بێ ئومێدییە.“
هێزێکی نوێت دۆزییەوە
لەبەر ئەوە شەکەت نەبوویت.
11 «لە کێ ترسایت و تۆقیت
وا ناپاکیت لەگەڵ کردم،
منت لە دڵت نەهێشتەوە و
لەبیرت کردم؟
ئایا لەبەر ئەوەی من ماوەیەکی زۆرە بێدەنگم
لە من نەترسایت؟
12 من ڕاستودروستی و کردەوەکانت دەخەمە ڕوو،
کە هیچ سوودیان بۆت نییە.
13 کاتێک هاوار دەکەیت،
بتە کۆکراوەکانت با فریات بکەون!
بای گێژەڵوکە هەموویان هەڵدەگرێت،
تەنانەت شنەبا دەیانبات.
بەڵام ئەوەی پەنای داوەتە پاڵ من
دەبێت بە میراتگری خاکەکە،
کێوی پیرۆزم دەبێت بە موڵکی.»
ژیاندنەوەی دڵشکێنراوەکان
14 یەزدان دەفەرموێت:
«ڕێگاکە بنیاد بنێنەوە، بنیادی بنێنەوە و ئامادەی بکەن!
کۆسپ لە ڕێگای گەلەکەم هەڵبگرن.»
15 چونکە خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە،
ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت:
«لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم،
هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام
کە دڵشکێنراون و بێفیزن،
بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.
16 هەتاسەر کێشمەکێش ناکەم و
هەتا کۆتایی تووڕە نابم،
چونکە ڕۆح لەبەردەمم گرژ دەبێت،
هەناسەی مرۆڤ کە من دروستم کردووە.
17 لەبەر تاوانی چاوچنۆکییەکەی تووڕە بووم،
لێم دا، لە تووڕەییدا ڕوخساری خۆمم شاردەوە،
بەڵام هەر بە ڕێگای دڵی خۆی بەردەوام بوو لە یاخیبوون.
18 ڕێگاکانی ئەوم بینی بەڵام چاکی دەکەمەوە،
ڕێنمایی دەکەم و دڵی خۆی و شیوەنگێڕەکانیشی دەدەمەوە،
19 وا دەکەم بەرهەمی لێوەکانیان سوپاسگوزاری بێت.
ئاشتی! ئاشتی بۆ دوور و بۆ نزیک،
چاکیشی دەکەمەوە،»
یەزدان دەفەرموێت.
20 بەڵام بەدکاران وەک دەریای هەڵچوون
کە ناتوانێت ئارام بێتەوە،
ئاوەکانی لیتە و قوڕاو فڕێدەدات.
21 خودام دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»
ڕۆژووگرتنی ڕاستەقینە
58 «پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە،
وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە!
یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە،
گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.
2 ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و
خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم،
وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و
حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت.
داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و
خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.
3 دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین،
خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“
«وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و
هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.
4 وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی،
بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن.
ئەمڕۆ بەڕۆژوو نابن
بۆ ئەوەی لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.
5 ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟
مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات،
وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و
لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟
ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو،
یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟
6 «ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت،
کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و
گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە،
چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و
هەموو نیرێک بشکێنن؟
7 ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و
هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە،
کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و
خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟
8 ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە،
تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات،
ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و
شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.
9 ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،
هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام.
«ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و
واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنێت،
10 هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و
پێداویستی زەلیل دابین بکەیت،
ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و
تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.
11 یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و
لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و
جەستەت بەهێز دەکات.
وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت،
کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.
12 گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە،
بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە،
ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و
”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.
13 «ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند،
لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت،
ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت و
ڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە،
ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت و
بەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت،
14 ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت و
سواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم و
میراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.»
یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.
گوناه، دانپێدانان و کڕینەوە
59 بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن،
گوێشی گران نییە بۆ بیستن،
2 بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست
لەنێوان ئێوە و خوداتان،
گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە
تاکو گوێتان لێ نەگرێت.
3 لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و
پەنجەکانیشتان بە تاوان،
لێوەکانتان بە درۆ دوان و
زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە.
4 کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و
کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات.
پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن.
بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت.
5 هێلکەی ماریان هەڵهێنا،
تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن.
ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت،
ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن.
6 تەونەکانیان نابێتە بەرگ و
خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن،
کردارەکانیان کرداری خراپەن و
کردەوەی دەستیان ستەمە.
7 پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن،
پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان.
بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە،
وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە.
8 ڕێگای ئاشتی پێنازانن،
دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان.
ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد،
هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن.
9 لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوورکەوتەوە و
ڕاستودروستی پێمان ناگات.
چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت،
بە هیواین ڕۆشنایی بێت،
بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.
10 وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین،
وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین.
لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین،
لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.
11 هەموومان وەک ورچ دەباڕێنین،
وەک کۆتر دەگمێنین،
چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە،
بە هیوای ڕزگارین،
بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.
12 بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون،
گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن.
یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون،
دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:
13 یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان،
لادان لە ڕێگای خودای خۆمان،
هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە،
دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.
14 دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و
ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت.
ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتوو و
ڕاستگۆیی ڕێگا نادرێت بێتە ژوورەوە.
15 ڕاستی ون بووە و
ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر.
یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو
کە دادپەروەری نەبوو.
16 بینی کەس نەبوو،
سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو.
بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین،
ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.
17 ڕاستودروستی وەک سپەر[g] لەبەرکرد و
کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری،
بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد،
دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.
18 بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت،
سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات،
بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.
19 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن،
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی،
چونکە یەزدان وەک لافاو دێت،
بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.
20 «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن،
بۆ لای ئەوانەی نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
21 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،»
یەزدان دەفەرموێت.
شکۆمەندی سییۆن
60 «ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات،
شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.
2 ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و
هەوری تاریش نەتەوەکان.
بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات،
شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.
3 نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن،
پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.
4 «چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە!
هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن،
کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و
کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.
5 ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت،
لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت،
چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە،
دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.
6 ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت،
وشترەکانی میدیان و عێفا.
هەموو لە شەباوە دێن،
زێڕ و بخووریان بارکردووە،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.
7 هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە،
بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان،
بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و
پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم.
8 «ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و
وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟
9 بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن،
هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن
بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە،
زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە
بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت،
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل
کە شکۆداری کردیت.
10 «نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە،
پاشاکانیان خزمەتت دەکەن.
هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت،
بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا هاتەوە.
11 دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن،
شەو و ڕۆژ داناخرێن
بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و
پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن.
12 چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و
بە تەواوی وێران دەبێت.
13 «شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت،
داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە،
بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و
شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم.
14 کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات،
هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و
پێت دەڵێن: شاری یەزدان،
سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
15 «لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و
بێ ڕێبوار بیت،
دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی،
شادی نەوە دوای نەوە.
16 گەنجینەی نەتەوەکان دەبەن و
سامانی شاهانە دەگرن.
جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم،
ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.
17 لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و
لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم،
لە جیاتی داریش بڕۆنز و
لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم.
سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و
ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.
18 ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت
نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت،
بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و
دەروازەکانیشت ”ستایش“.
19 ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ،
درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ،
بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
خوداشت بۆ شکۆمەندیت.
20 لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت،
مانگی تۆ کەم ناکات،
چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.
21 لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن،
زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت.
ئەوەی من ناشتوومن نەمامن،
دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.
22 بچووک دەبێت بە هەزار و
بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن.
من یەزدانم،
لە کاتی خۆیدا پەلەی پێ دەکەم.»
ساڵی ڕەزامەندی یەزدان
61 ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات،
چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم
بۆ مژدەدان بە هەژاران.
منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان،
بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و
ئازادکردنی دیلەکان،
2 بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان و
ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان،
بۆ دڵنەواییکردنی هەموو پرسەدارەکان.
3 ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم
تاجێکی جوان لەسەرمە لە جێی قوڕ[h]،
زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە،
هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان.
جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی،
نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.
4 کەلاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە و
وێرانکراوەکانی پێشتر هەڵدەستێننەوە.
شارە خاپوورەکان نۆژەن دەکەنەوە
کە لە چەرخەکانی پێشووەوە وێران کرابوون.
5 بێگانە دێنە خزمەت و شوانایەتی مێگەلەکانت دەکەن و
کوڕانی نامۆکان دەبنە جوتیار و ڕەزەوانتان.
6 ئێوەش ناوتان لێ دەنرێت، کاهینەکانی یەزدان،
پێتان دەگوترێت، خزمەتکارەکانی خودامان.
سامانی نەتەوەکان دەخۆن و
شانازی بەسەر شکۆمەندی ئەوانەوە دەکەن.
7 گەلەکەم لە جێی ڕیسوایی، دوو ئەوەندە میراتی وەردەگرن،
لە جێی شەرمەزاربوون، بە بەشی خۆیان دڵخۆش دەبن.
ئیتر لە خاکەکەیان دوو هێندە میرات وەردەگرن،
خۆشی هەتاهەتاییان بۆ دەبێت.
8 «چونکە من کە یەزدانم، دادپەروەریم خۆشدەوێت،
ڕقم لە دزی و بەدکارییە پێکەوە.
بە دڵسۆزییەوە پاداشتی خۆیان دەدەمێ و
پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم.
9 توخمیان لەنێو نەتەوەکان دەناسرێن و
وەچەشیان لەنێو گەلاندا.
هەموو ئەوانەی دەیانبینن دانی پێدا دەنێن
کە ئەوان گەلێکن یەزدان بەرەکەتداری کردوون.»
10 بە شادی دڵشاد دەبم بە یەزدان،
گیانم بە خودای خۆم شادمان دەبێت،
چونکە بەرگی ڕزگاری لەبەرکردم،
کەوای ڕاستودروستی بەسەر شانمدا دا،
وەک زاوایەک کە سەری خۆی لەسەر شێوەی کاهین بڕازێنێتەوە
یان بووکێک بە خشڵ خۆی جوان بکات.
11 چونکە وەک زەوی کە چەکەرەی ڕووەکی خۆی دەردەخات و
وەک باخچە کە چێنراوەکانی دەڕوێنێت،
ئاواش یەزدانی باڵادەست ڕاستودروستی و ستایش
لەبەردەم هەموو نەتەوەکان دەڕوێنێت.
سییۆن ناوێکی نوێی هەیە
62 لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و
لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم
هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و
ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.
2 ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت و
هەموو پاشاکان شکۆمەندییەکەت دەبینن.
ناوێکی نوێت لێ دەنرێت
کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.
3 دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و
تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.
4 چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و
چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»،
بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا[i]»،
خاکەکەشت، «بەعولە[j]»،
چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت،
خاکەکەشت مێردی دەبێت.
5 چونکە چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە،
ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت.
وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک،
ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.
6 ئەی ئۆرشەلیم، ئێشکگرم لەسەر شووراکانت داناوە،
بەردەوام شەو و ڕۆژ بێدەنگ نابن.
ئەی ئەوانەی یەزدانتان لە یادە،
ئۆقرە مەگرن،
7 لێ مەگەڕێن یەزدان ئۆقرە بگرێت هەتا ئۆرشەلیم دەچەسپێنێت و
ناوداری دەکات لە زەویدا.
8 یەزدان بە دەستی ڕاستی خۆی و
بە هێزی بازووی سوێندی خوارد:
«چیتر دانەوێڵەکەت
ناکەم بە خۆراک بۆ دوژمنەکانت و
شەرابە نوێیەکەشت کە پێوەی ماندوو بوویت،
نامۆکان نایخۆنەوە،
9 بەڵکو ئەوانە دەیخۆن کە گەنمیان بەرهەم هێناوە و
ستایشی یەزدان دەکەن،
ئەوانەی ترێیان ڕنیوەتەوە
لە حەوشەی پیرۆزگاکەم دەیخۆنەوە.»
10 تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە!
ڕێگای گەل خۆش بکەن.
ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن!
لە بەرد پاکی بکەنەوە.
ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.
11 ئەوەتا یەزدان
بە هەر چوار لای زەویدا ڕایگەیاندووە:
«بە شاری سییۆن بڵێن،
”وا ڕزگارکەرەکەت دێت!
وا پاداشتەکەی لەگەڵیەتی و
خەڵاتەکەی لەبەردەمییەتی.“»
12 ناویان لێ دەنێن، «گەلە پیرۆزەکە»،
«ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە»،
تۆش ناوت لێ دەنرێت، «داواکراوەکە»،
«شارە بەجێنەماوەکە».
ڕۆژی خودا بۆ تۆڵەسەندن و ڕزگاری
63 ئەوە کێیە لە ئەدۆمەوە دێت
بە بەرگی سوور لە بۆزراوە،
ئەو شکۆمەندەی بە جلوبەرگەکەیەوە
بە زۆری هێزەکەیەوە نمایش دەکات؟
«منم بە ڕاستودروستی دەدوێم
مەزنم بۆ ڕزگاری.»
2 بۆچی بەرگت سوورە و
بەرگت وەک پەستێنەری گوشەری ترێیە؟
3 «کەس لە گەلان لەگەڵمدا نەبوو
بە تەنها گوشەرم پەستەوە.
لە تووڕەییدا ئەوانم پڵیشاندەوە،
بە هەڵچوونی خۆم پێم لێنان.
جا خوێنیان بەسەر بەرگمدا پرژا و
هەموو جلەکەم لەکەدار بوو.
4 چونکە ڕۆژی تۆڵەسەندنەوە لە دڵمدا بوو و
ساڵی کڕینەوەی گەلم هات.
5 تەماشام کرد بەڵام یارمەتیدەر نەبوو،
سەرسام بووم کە پشتگیری نەبوو،
بەڵام بە هێزی بازووی خۆم ڕزگاریم دەستەبەر کرد،
هەڵچوونم پشتگیری کردم.
6 بە تووڕەیی خۆم گەلانم پەستەوە،
بە هەڵچوونی خۆم سەرخۆشم کردن،
خوێنی ئەوانم بەسەر زەویدا ڕشت.»
نوێژ و ستایش
7 باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم،
کارەکانی کە شایستەی ستایشن،
بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی.
باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و
بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی.
8 فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن،
کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،»
جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر.
9 لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و
فریشتەی ئامادەبوونەکەی[k] ڕزگاری کردن.
ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە،
بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن
هەموو ڕۆژانی کۆن.
10 بەڵام ئەوان یاخی بوون و
ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد،
جا لێیان بوو بە دوژمن و
لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە.
11 ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە،
ڕۆژانی موسا و گەلەکەی.
کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن
لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟
کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی
لەنێویان دانا؟
12 کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا
هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد،
ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد،
بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات،
13 ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟
وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا،
14 وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی،
ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان.
ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد
بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت.
15 لە ئاسمانەوە تەماشا بکە،
لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە،
کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟
ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی.
16 بەڵام تۆ باوکی ئێمەی،
ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و
ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت.
ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت،
لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە.
17 ئەی یەزدان، بۆچی لە ڕێگاکانی خۆت وێڵت کردین،
بۆچی دڵت ڕەق کردین هەتا لێت نەترسین؟
بگەڕێوە لە پێناو خزمەتکارەکانت،
هۆزەکانی میراتەکەت.
18 بۆ ماوەیەکی کەم گەلی پیرۆزت خاوەنی پیرۆزگای تۆ بوون،
بەڵام ئێستا دوژمنانمان پێشێلیان کرد.
19 ئێمە لە کۆنەوە گەلی تۆین،
ئێستا وامان لێ هاتووە کە تۆ فەرمانڕەوایی ئێمەت نەکردووە،
وەک چۆن هەرگیز بە ناوی تۆوە ناو نەنرابین.
64 خۆزگە ئاسمانت شەق دەکرد و دەهاتیتە خوارەوە،
چیاکان لەبەردەمت دەلەرزین!
2 وەک ئەوەی ئاگر گڕ بەردەداتە پوشوپەڵاش و
ئاگر وا دەکات ئاو بکوڵێت،
وەرە خوارەوە، با دوژمنانت ناوت بزانن،
با نەتەوەکان لەبەردەمتدا بلەرزن.
3 کاتێک ترسناکەکانت دروستکرد چاوەڕێمان نەکرد،
دابەزیت و چیاکان لەبەردەمتدا لەرزین.
4 لە کۆنەوە نە گوێیان لێ بووە و
نە بیستوویانە،
هیچ چاوێک خودایەکی جگە لە تۆ نەبینیوە،
ئەوە بکات بۆ ئەو کەسەی چاوەڕێی دەکات.
5 تۆ دێیت بۆ یارمەتی ئەوانەی بە دڵخۆشییەوە کاری ڕاستودروستی دەکەن،
ئەوانەی بیر لە ڕێگاکانت دەکەنەوە هەتا پەیڕەوی بکەن.
بەڵام کاتێک ئێمە بە بەردەوامی گوناهمان لە دژی ئەوان کرد،
تۆ تووڕە بوویت.
ئیتر چۆن ڕزگار دەبین؟
6 هەموو وەک شتی گڵاومان لێ هات،
هەموو کاری ڕاستودروستیمان وەک پەڕۆی پیسی مانگانەی ئافرەت بوو.
هەموو وەک گەڵا سیس بووین،
تاوانەکانمان وەک با هەڵماندەگرێت.
7 کەس نییە بە ناوی تۆوە نزا بکات
یان وریابێت بۆ ئەوەی خۆی بە تۆوە بگرێت،
چونکە ڕووی خۆتت لێمان شاردەوە و
بە دەست تاوانەکانمان ئێمەت تواندەوە.
8 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت،
ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و
ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.
9 ئەی یەزدان، تەواو تووڕە مەبە و
هەتا کۆتایی تاوانمان بەبیر خۆت مەهێنەرەوە،
تکایە، تەماشامان بکە!
ئێمە هەموو گەلی تۆین.
10 شارە پیرۆزەکانت بوون بە چۆڵەوانی،
سییۆن بوو بە چۆڵەوانی و ئۆرشەلیم وێران بوو.
11 پەرستگای پیرۆزی و شانازیمان، کە لەوێ باوباپیرانمان ستایشی تۆیان کرد،
بە ئاگر سووتێنراوە و
هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆ ئێمە گەنجینە بوون، بە کەلاوە بوون.
12 ئەی یەزدان، ئایا لەدوای هەموو ئەمانە لە یارمەتیدان خۆت بە دوور دەگریت؟
ئایا بێدەنگ دەبیت و بە تەواوی سزامان دەدەیت؟
دادوەری و ڕزگاری
65 «ئامادە بووم وەڵام بدەمەوە، بەڵام داوایان لێ نەکردم،
ئامادە بووم بدۆزرێمەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان.
بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن،
فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“
2 بە درێژایی ڕۆژ دەستم
بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت،
بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە
بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.
3 گەلێک بەردەوام
بەرەو ڕووم پەستم دەکەن،
یەکێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت،
لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،
4 ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت،
لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات،
گۆشتی بەراز دەخوات و
لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.
5 دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە،
چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“
ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا،
ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.
6 «ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە:
بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە،
سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،
7 لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،»
یەزدان دەفەرموێت.
«لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و
لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد،
کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و
سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»
8 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە،
جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە،
چونکە خێروبێری تێدایە،“
ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم
بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.
9 بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم،
لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم.
جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و
بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.
10 جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و
دۆڵی عاخۆریش[l] بە مۆڵگای مانگا،
بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.
11 «بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و
کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە،
خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و
بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،
12 چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و
هەموو بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن،
لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە،
قسەم کرد و گوێتان نەگرت
بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد،
ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»
13 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن،
بەڵام ئێوە برسی دەبن،
ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە،
بەڵام ئێوە تینوو دەبن،
ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن،
بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.
14 ئەوەتا لە دڵخۆشیدا
بەندەکانم گۆرانی دەڵێن،
بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و
لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.
15 لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان
وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و
یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت،
بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.
16 ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات،
بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و
ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات
بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات،
چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و
لەبەرچاوم شاردرانەوە.
ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ
17 «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
زەوی نوێ بەدی دەهێنم و
ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و
نە بە مێشکدا دێنەوە.
18 بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن
لەوەی من بەدی دەهێنم،
چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و
دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
19 بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و
بە گەلی خۆم شاد دەبم،
چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.
20 «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و
نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،
چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت گەنجە و
ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی نەفرەت لێکراوە.
21 خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،
ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
22 خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،
ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،
چونکە ڕۆژانی گەلەکەم
وەک ڕۆژانی دار[m] دەبێت و
هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن
لە کردارەکانی دەستیان.
23 بەخۆڕایی ماندوو نابن و
بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و
وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
24 جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و
هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
25 گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،
شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،
بەڵام نانی مار خۆڵە.
لە هەموو کێوی پیرۆزم
نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»
یەزدان دەفەرموێت.
دادوەری و هیوا
66 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئاسمان تەختی منە و
زەویش تەختەپێمە.
کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
2 ئایا هەموو ئەمانەش دەستی من دروستی نەکردن؟
جا هەموو ئەمانە نەهاتنە دی؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«من ڕوو لەمە دەکەم:
لەوەی بێفیز و دڵشکێنراوە و
لەبەر ڕێزی فەرمایشتەکەم دەلەرزێت.
3 بەڵام ئەوەی گا سەردەبڕێت
بکوژی مرۆڤە،
ئەوەی بەرخ دەکاتە قوربانی سەربڕاو،
وەک ئەوەیە ملی سەگ بشکێنێت[n]،
ئەوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش دەکات،
خوێنی بەراز پێشکەش دەکات و
ئەوەی بخوور دەسووتێنێت،
بت بەرەکەتدار دەکات.
هەروەها ئەوان ڕێگاکانی خۆیان هەڵبژارد و
دڵیان بە قێزەونەکانیان خۆش بوو،
4 هەروەها منیش کارەساتەکانیان هەڵدەبژێرم و
ترسەکانیان بەسەریاندا دەهێنم،
لەبەر ئەوەی بانگم کرد و کەس نەبوو وەڵام بداتەوە،
قسەم کرد و گوێیان نەگرت،
بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکارییان کرد،
ئەوەی پێی دڵخۆش نەبووم هەڵیانبژارد.»
5 ئەی ئەوانەی لە ڕێزی وشەی یەزدان دەلەرزن،
گوێ لە فەرمایشتی ئەو بگرن:
«براکانتان ئەوانەی ڕقیان لێتانە و
لەبەر ناوی من دەریانکردن،
بە تەوسەوە گوتیان: ”با یەزدان شکۆمەند بێت و
دڵخۆشی ئێوە ببینین!“
بەڵام ئەوان شەرمەزار دەبن.
6 دەنگی هاتوهەرایە لە شارەوە،
دەنگە لە پەرستگاوە!
ئەمە دەنگی یەزدانە
سزای شایستەی دوژمنانی دەدات.
7 «پێش ئەوەی ژان بگرێت، منداڵی بوو،
پێش ئەوەی ژانی بۆ بێت، کوڕێکی بوو.
8 کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
کێ وەک ئەمەی بینیوە؟
ئایا وڵاتێک لە یەک ڕۆژدا ژان دەیگرێت
یان نەتەوەیەک بە یەک جار لە دایک دەبێت؟
بەڵام سییۆن ئەو ساتەی کە ژان دەگرێت
چەندین منداڵی دەبێت.»
9 یەزدان دەفەرموێت: «ئایا من کە ژانی منداڵبوون دەهێنم،
وا ناکەم منداڵ لەدایک ببێت؟
یان ئەگەر من وا دەکەم منداڵ ببێت،
سکی دایک دادەخەم؟» خودای تۆ دەفەرموێت.
10 «ئەی هەموو خۆشەویستانی ئۆرشەلیم،
لەگەڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن،
ئەی هەموو ئەوانەی شیوەنی بۆ دەگێڕن،
بە تەواوی لەگەڵی دڵخۆش بن.
11 بۆ ئەوەی شیری مەمکی بمژن و
تێر و ئارام بن
هەتا لە پڕی شکۆمەندییەکەی بخۆنەوە و
چێژ ببینن.»
12 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من ئاشتی بەسەردا دەشکێنمەوە وەک ڕووبار و
شکۆمەندی نەتەوەکان وەک جۆگەیەکی ڕاماڵ،
جا ئێوە شیر دەدرێن و لە ئامێز دەگیرێن و
لەسەر ئەژنۆکان ڕادەژەنرێن.
13 وەک یەکێک کە دایکی دڵنەوایی بکات،
منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم،
بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»
14 جا دەبینن و دڵتان خۆش دەبێت و
جەستەتان وەک گیا نەشونما دەکات.
جا دەزانرێت کە یەزدان لەگەڵ خزمەتکارەکانی دەبێت،
بەڵام لە دوژمنەکانی تووڕە دەبێت،
15 ئەوەتا یەزدان بە ئاگرەوە دێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولن،
هەتا تووڕەییەکەی بە گڕەوە بگەڕێنێتەوە،
سەرزەنشتەکەی بە بڵێسەی ئاگرەوە.
16 لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگر و شمشێرەکەی
حوکم بەسەر هەموو مرۆڤدا دەدات،
ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن زۆر دەبن.
17 «پێکەوە دەفەوتێن، ئەوانەی خۆیان تەرخان و پاک دەکەن بۆ چوونە ناو باخچەکان، شوێنی ئەو کەسە دەکەون کە لە لەناوەڕاستی ئەوانە، کە جرج و گۆشتی بەراز و شتی قێزەون دەخۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «من کردەوەکانیان و بیروڕایان دەزانم، لەبەر ئەوە خەریکە دێم و هەموو نەتەوەکان و زمانەکان کۆدەکەمەوە، جا دێن و شکۆمەندی من دەبینن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.