Bible in 90 Days
1 خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
نەتەوەیەکی یاخی
2 ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە،
چونکە یەزدان دەفەرموێت:
«چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن،
بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون.
3 گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و
گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی،
بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت،
گەلی من تێناگات.»
4 قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار،
بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە،
توخمی بەدکاران،
کوڕانی گەندەڵین!
وازیان لە یەزدان هێنا،
بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد،
پشتیان لێی کرد.
5 بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟
بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟
تەواوی سەر نەخۆشە و
هەموو دڵ بیمارە.
6 لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر
کوا تەندروستی تێیدا؟
بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە،
لێدانی تەڕ و تازە
کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و
بە ڕۆن نەرم نەکراوە.
7 خاکەکەتان وێرانە،
شارەکانتان سووتاوە،
لەبەرچاوتان زەوییەکەتان
بێگانەکان دەیخۆن،
وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت.
8 سییۆنی کچ[a] ماوەتەوە،
وەک کەپر لەناو ڕەزەمێودا،
وەک خۆخ لەناو بێستانی خەیاردا،
وەک شارێکی ئابڵوقەدراو.
9 ئەگەر یەزدانی سوپاسالار
کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە،
وەک سەدۆممان لێ دەهات،
لە عەمۆرا دەچووین.
10 گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
ئەی فەرمانڕەوایانی سەدۆم!
گوێ شل بکەن بۆ فێرکردنەکانی خودامان،
ئەی گەلی عەمۆرا!
11 یەزدان دەفەرموێت:
«بۆچیمە، زۆری قوربانییە سەربڕدراوەکانتان؟
تێربووم لە قوربانی سووتاندنی بەرانەکان و
لە چەوری دابەستەکان،
دڵخۆش نیم
بە خوێنی جوانەگا[b] و بەرخ و تەگەکان[c].
12 کە دێن بۆ بینینی ڕووم،
کێ داوای ئەمەی لێکردوون،
کە پێ بنێنە ناو حەوشەکانم؟
13 چیتر پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بێ کەڵک مەهێنن!
بخوور قێزەونە بۆ من.
سەرەمانگ و شەممە و بانگەوازی کۆبوونەوە،
تاوان و ئاهەنگگێڕان[d] پێکەوە، بەرگەی ئەمە ناگرم.
14 سەرەمانگ و جەژنەکانتان
گیانم ڕقی لێیانە.
بوون بە بارگرانی بۆم،
لێیان بێزار بووم.
15 کاتێک دەستتان پان دەکەنەوە،
چاوم لادەدەم لەسەرتان،
تەنانەت ئەگەر نوێژیش زۆر بکەن،
من گوێ ناگرم.
«دەستتان بە خوێن سوور بووە!
16 «خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە.
خراپەی کردەوەکانتان
لەبەرچاوم لاببەن!
وازبهێنن لە خراپەکاری،
17 فێری چاکە بن!
بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن،
ستەملێکراوان هانبدەن.
دادوەری هەتیو بکەن،
پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.»
18 یەزدان دەفەرموێت:
«ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە.
ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت،
وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛
ئەگەر وەک قرمز سوور بێت،
وەک خوری لێدێت.
19 ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن،
خێروبێری خاکەکە دەخۆن.
20 بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن،
بە شمشێر دەخورێن،»
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.
21 «چۆن شارە دڵسۆزەکە
بوو بە لەشفرۆش!
پڕ دادوەری بوو،
ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە،
بەڵام ئێستا پیاوکوژان!
22 زیوت بوو بە خڵت و
شەرابت ئاوی تێکراوە.
23 میرەکانت یاخین و
دۆستی دزانن،
هەموو حەزیان لە بەرتیلە و
دوای پاداشت کەوتوون.
دادوەری بۆ هەتیو ناکەن،
سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.»
24 لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت:
«ئای، لە ناحەزانم دەحەسێمەوە و
تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە.
25 دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم،
بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە،
هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە.
26 ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و
ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا.
پاش ئەمە پێت دەگوترێت
”شاری ڕاستودروستی“،
”شاری دڵسۆز“.»
27 بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە،
تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی.
28 بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت،
وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن.
29 «شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی
ئارەزووتان کرد،
تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی
هەڵتانبژارد.
30 چونکە وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و
وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت.
31 مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و
ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر،
جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و
کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.»
کێوی یەزدان
2 ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
2 لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
3 زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
4 لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن.
5 ئەی بنەماڵەی یاقوب وەرن،
با لەژێر ڕووناکی یەزداندا بڕۆین.
ڕۆژی یەزدان
6 چونکە وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا،
لە بنەماڵەی یاقوب،
پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و
وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە،
پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.
7 خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو،
گەنجینەکانی سنووریان نییە.
خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و
گالیسکەکانی سنووریان نییە.
8 خاکیان پڕبوو لە بت،
کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد،
کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.
9 جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و
ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە،
لێیان خۆش مەبە.
10 لە ڕووی سامی یەزدان و
شکۆی مەزنییەکەی،
بڕۆ ناو کەلەبەرد و
لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!
11 چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەکات و
لووتبەرزی ئادەمیزاد دەچەمێنێتەوە،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت.
12 چونکە یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە
لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک،
لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە
نزم دەبنەوە،
13 لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان،
لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان،
14 لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و
لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان،
15 لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز،
لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت،
16 لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش،
لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر.
17 جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و
لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و
18 هەموو بتەکان لەناودەچن.
19 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و
ناو چاڵەکانی خۆڵ.
20 لەو ڕۆژەدا مرۆڤ
ئەو بتە زیو و زێڕانەی
کە بۆ پەرستن دروستی کردوون،
بۆ مشکەکوێرە و بۆ شەمشەمەکوێرە فڕێدەدات.
21 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و
بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان.
22 دەست لە مرۆڤ بکێشنەوە!
ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە،
چونکە حیسابی چی بۆ دەکرێت؟
دادوەری لەگەڵ ئۆرشەلیم و یەهودا
3 چونکە ئەوەتا پەروەردگار،
یەزدانی سوپاسالار،
بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت
پاڵپشتی و پشتگیری،
هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
2 پاڵەوان و جەنگاوەر،
دادوەر و پێغەمبەر و
فاڵگرەوە و پیر و
3 سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان،
ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.
4 مێردمنداڵان دەکەم بە میریان،
منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.
5 گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن،
هەرکەسە و لە هاوڕێکەی.
مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە،
چروکیش لە سەنگین.
6 چونکە پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت
لە ماڵی باوکی و دەڵێت:
«تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و
ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
7 لەو ڕۆژەدا دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:
«نابم بە چارەساز،
نان و بەرگ لە ماڵەکەم نییە.
مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»
8 ئۆرشەلیم شکست دەخوات و
یەهوداش دەکەوێت،
چونکە زمانیان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە،
بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
9 دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات،
وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن،
نایشارنەوە.
قوڕبەسەریان،
چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!
10 بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن
چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
11 قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت،
چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.
12 منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و
ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و
ڕێگای هاتوچۆی تۆیان تێکداوە.
13 یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت،
هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
14 یەزدان دەست بە دادوەری دەکات،
لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان:
«ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا،
ڕووتانەوەی هەژاران لە ماڵەکانتانە.
15 ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و
ڕووی هەژاران دەهاڕن؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
16 یەزدان دەفەرموێت:
«کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون،
گەردنیان دەرخستووە و
بە چاوبازییەوە دەڕۆن،
بە لارولەنجەوە دەڕۆن
بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
17 لەبەر ئەوە پەروەردگار تەپڵی سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات،
یەزدان ڕووتی ئەوان بەدەردەخات.»
18 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە، 19 گوارە و بازن و پەچە، 20 سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە، 21 ئەنگوستیلە و خەزێم، 22 جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و 23 ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.
24 جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەنی و
لە جێی کەمەربەند گوریس و
لە جێی پرچی بە ئەگریجە سەری ڕووتاوە و
لە جێی بەرگی گرانبەها گوش[e] لەبەر دەکەن،
نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
25 پیاوەکانتان بە شمشێر و
پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
26 جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن،
بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.
4 حەوت ژن یەک پیاو دەگرن
لەو ڕۆژەدا،
دەڵێن: «نانی خۆمان دەخۆین و
بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین،
تەنها با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین.
ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!»
لقی یەزدان
2 لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان[f] دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل. 3 جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بۆ ژیان تۆمارکراون. 4 کە پەروەردگار پیسی کچانی سییۆن بشوات و خوێنەکانی ئۆرشەلیم لەناوەڕاستی پاک بکاتەوە، بە ڕۆحی حوکمدان و بە ڕۆحی سووتان. 5 ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت. 6 بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.
گۆرانی ڕەزەمێوەکە
5 با گۆرانی بڵێم بۆ خۆشەویستەکەم،
گۆرانی خۆشەویستەکەم بۆ ڕەزەمێوەکەی:
خۆشەویستەکەم ڕەزەمێوێکی هەبوو
لەسەر گردێکی بەپیت.
2 بنکۆڵی کرد و بەردی لێ بژار کرد،
شامێویشی لێ چاند.
قوللەیەکی چاودێری لەناوەڕاست بنیاد نا،
هەروەها گوشەرێکی تێدا هەڵکۆڵی.
بە هیوا بوو ترێ بگرێت،
بەڵام پەسیرەی[g] کێوی گرت.
3 «ئێستا ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ئەی پیاوانی یەهودا،
تکایە لەنێوان من و ڕەزەمێوەکەم دادوەری بکەن.
4 چی دی هەیە بۆ ڕەزەمێوەکەم بکرێت کە
من نەمکردبێت؟
کاتێک من هیوادار بووم ترێ بگرێت
بۆچی پەسیرەی کێوی گرت؟
5 ئێستا پێتان دەڵێم
چی لە ڕەزەمێوەکەم دەکەم:
پەرژینەکەی لێ دەکەمەوە و
دەبێتە لەوەڕگا،
دیوارەکەی دەڕووخێنم،
دەبێتە پێپەست.
6 دەیکەمە کەلاوە،
نە پەرچ دەکرێت و نە ژێری هەڵدەدرێتەوە،
دڕکوداڵ سەرهەڵدەدات.
فەرمان بە هەورەکان دەکەم
باران بەسەریدا نەبارێنن.»
7 ڕەزەمێوی یەزدانی سوپاسالار
بنەماڵەی ئیسرائیلە و
پیاوانی یەهوداش
نەمامی شادی ئەون.
بە هیوای دادوەری بوو، بەڵام ئەوەتا خوێنڕژانە؛
بە هیوای ڕاستودروستی بوو، بەڵام ئەوەتا داد و بێدادە.
دادوەری یەزدانی سوپاسالار
8 قوڕبەسەر ئەوانەی خانوو بە خانووەوە دەلکێنن و
کێڵگە لە کێڵگە نزیک دەکەنەوە
هەتا هیچ جێیەک نەما و
بە تەنها خۆتان لە خاکەکە نیشتەجێ بوون.
9 بە ڕاستی گوێم لێ بوو کە یەزدانی سوپاسالار فەرمووی:
«بێگومان کۆشکی مەزن دەبێتە کەلاوە،
خانووی گەورە و خۆشیش چوڵەوانی.
10 چونکە جێی دە دۆنم ڕەزەمێو، یەک بەت[h] شەراب بەرهەم دەهێنێت و
حۆمەرێک[i] تۆویش ئێفەیەک[j] بەرهەم دەهێنێت.»
11 قوڕبەسەر ئەوانەی بەیانییان زوو هەڵدەستن
بەدوای شەراب دەکەون،
لە زەردەپەڕی ئێواران دوا دەکەون
مەی گڕی تێبەرداون.
12 قیسارە و ساز، دەف و شمشاڵ و
شەراب بووە بە خەو و خۆراکیان،
بەڵام ئاوڕ لە کاری یەزدان نادەنەوە،
دەستکردەکانی نابینن.
13 لەبەر ئەوە گەلەکەم لەبەر نەزانی ڕاپێچ دەکرێن،
سەنگینەکانی لە برسان دەمرن،
سادە و ساکارەکانی لە تینووان وشک دەبن.
14 لەبەر ئەوە جیهانی مردووان خۆی پانوپۆڕ کرد و
بێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە،
تاکو بەگزادە و ڕەشۆکی و شەڕانگێزان،
لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە شانازی بە ئۆرشەلیم دەکەن، شۆڕ ببنەوە ناوی.
15 مرۆڤ دەچەمێتەوە و
پیاو نزم دەبێت،
چاوی بەفیزان نزم دەبێت،
16 بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت،
خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.
17 مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان،
بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.
18 قوڕبەسەر ئەوانەی بە پەتی پووچی تاوان ڕادەکێشرێن،
گوناهیش وەک گوریسی عەرەبانە،
19 ئەوانەی دەڵێن: «با خودا پەلە بکات،
با خێرا بێت لە کارەکەی
بۆ ئەوەی ببینین.
با نزیک بێتەوە و بێتە دی،
هەتا بزانین پلانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.»
20 قوڕبەسەر ئەوانەی بە خراپ دەڵێن چاک و
بە چاکیش دەڵێن خراپ،
ئەوانەی تاریکی دەکەن بە ڕووناکی و
ڕووناکیش دەکەن بە تاریکی،
ئەوانەی تاڵ دەکەن بە شیرین و
شیرین دەکەن بە تاڵ.
21 قوڕبەسەر ئەوانەی لەبەرچاوی خۆیان دانان،
لەلای خۆیان تێگەیشتوون.
22 قوڕبەسەر ئەوانەی لە شەراب خواردنەوە پاڵەوانن،
پیاوی ئازان بۆ تێکەڵکردنی مەی،
23 بۆ بەرتیل خراپەکار بێتاوان دەکەن،
ڕاستودروستانیش لە مافی خۆیان بێبەش دەکەن.
24 لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت،
وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت،
ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت،
خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە؛
چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە،
سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.
25 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لەسەر گەلەکەی جۆشا،
دەستی بۆ درێژکرد و لێیدا.
چیاکان هەژان و
جەستەکانیان وەک زبڵی سەر شەقامەکانی لێهات.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
26 ئاڵا بۆ نەتەوە دوورەکان بەرز دەکاتەوە،
فیکە بۆ ئەوانە دەکێشێت کە لەوپەڕی زەوین.
ئەوەتا خێرا بە پەلە دێن!
27 نە ماندوو لەنێویاندایە و نە شەکەت،
نە دەخەوێت و نە خەواڵو دەبێت،
نە پشتێنی ناوقەدی دەکرێتەوە و
نە ئاوزەنگی[k] پێڵاوەکانی دەپچڕێت.
28 ئەوانەی تیرەکانیان تیژ و
کەوانەکانیان توند کراوە،
سمی ئەسپەکانیان وەک بەردەئەستێن،
چەرخەی گالیسکەکانیان وەک گەردەلوولە.
29 نەڕەیان وەک نەڕەی شێرە مێیە و
وەک بەچکە شێر دەنەڕێنن،
دەمڕێنن و نێچیر دەگرن،
دەیبەن و کەس ڕزگاریان ناکات.
30 لەو ڕۆژە بەسەریدا دەنەڕێنن،
وەک هاژەی دەریا.
دەڕواننە خاکەکە و دەبینن
وا تاریکییەکی تەنگە،
ڕووناکیش بە هەورەکانی تاریک بووە.
دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک
6 لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. 2 سەرافیمەکان[l] لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. 3 ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
4 چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
5 گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! چونکە من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
6 ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و 7 لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
8 ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»
منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»
9 ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:
«”هەمیشە ببیستن بەڵام تێمەگەن،
هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام مەبینن.“
10 دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
گوێی گران بکە و
چاوی بنوقێنە،
نەوەک بە چاوی ببینێت و
بە گوێی ببیستێت،
بە دڵی تێبگات و
بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»
11 منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»
ئەویش فەرمووی:
«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
بێ ئاوەدانی و
ماڵەکانیش بێ خەڵک و
کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
12 با وای لێ بێت یەزدانیش مرۆڤ دووربخاتەوە و
شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
13 ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»
نیشانەی ئیمانوێل
7 لە سەردەمی پاشایەتی ئاحازی کوڕی یۆتام کوڕی عوزیای پاشای یەهودا، ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆرشەلیم، بەڵام نەیانتوانی دەستی بەسەردا بگرن.
2 هەروەها بە بنەماڵەی داود[m] ڕاگەیەنرا و گوترا: «ئارامییەکان لەگەڵ ئەفرایم پەیمانیان بەستووە.» جا دڵی ئەو و دڵی گەلەکەی لەرزین، وەک لەرزینی داری دارستان لە ڕووی بادا.
3 یەزدانیش بە ئیشایای فەرموو: «ئێستا بچۆ بۆ پێشوازی ئاحاز، خۆت و شئار یاشوبی کوڕت، لە کۆتایی ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە لەلای ڕێگای کێڵگەی جلشۆرەکە و 4 پێی بڵێ: ”وریا و هێدی بە، مەترسە و با دڵت ورە بەر نەدات لەبەر گڕی تووڕەیی ڕەچین و ئارام و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، وەک دوو پارچە داری سووتێنراو دووکەڵ دەکەن. 5 لەبەر ئەوەی ئارام لەگەڵ ئەفرایم و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو پیلانی خراپەیان لە دژی تۆ ناوەتەوە و گوتیان، 6 ’دەچینە سەر یەهودا و پەلاماری دەدەین، داگیری دەکەین و لەناوەندیدا کوڕەکەی تاڤئێل بە پاشا دادەنێین.‘ 7 یەزدانی باڵادەستیش ئەمە دەفەرموێت:
«”سەرناگرێت و نابێت،
8 چونکە سەری ئارام دیمەشقە و
سەری دیمەشقیش ڕەچینە،
لە ماوەی شەست و پێنج ساڵدا
ئەفرایم دەشکێت و وەک گەل نامێنێت.
9 سەری ئەفرایمیش سامیرەیە و
سەری سامیرەش کوڕەکەی ڕەمەلیاهوە.
ئەگەر لە باوەڕدا نەچەسپێن،
لە دڵنیاییدا نابن.“»
10 جارێکی دیکە یەزدان بە ئاحازی فەرموو: 11 «بۆ خۆت داوای نیشانەیەک لە یەزدانی پەروەردگارت بکە، جا چ لە قووڵترینی قووڵاییەکان بێت یان لە بەرزترینی بەرزاییەکان.»
12 ئاحازیش گوتی: «هیچ داوا ناکەم و یەزدان تاقی ناکەمەوە.»
13 ئینجا ئیشایا گوتی: «ئێستا ئەی بنەماڵەی داود، گوێ بگرن! خەڵکت بێزار کرد، ئەمە بەس نییە؟ ئێستاش دەتەوێ خوداکەم بێزار بکەیت؟ 14 لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل[n]. 15 دەڵەمە[o] و هەنگوین دەخوات، کاتێک دەزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، 16 چونکە پێش ئەوەی کوڕەکە بزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، ئەو خاکەی کە تۆ لە دوو پاشاکەی دەترسیت دەبێتە چۆڵەوانی. 17 یەزدان سەردەمێک بەسەر خۆت و گەلەکەت و بنەماڵەکەتدا دەهێنێت، لە ڕۆژی هەڵگەڕانەوەی ئەفرایمەوە لە یەهودا سەردەمی وا نەهاتبێت. واتە پاشای ئاشور.»
یەزدان ئاشور بەکاردەهێنێت
18 لەو ڕۆژە، یەزدان فیکە بۆ مێشەکان لێدەدات، ئەوانەی لەوپەڕی جۆگە ئاوەکانی میسرن و هەروەها بۆ ئەو هەنگانەی کە لە خاکی ئاشورن. 19 جا دێن و هەموو لەناو شیوە هەڵدێرەکان و لەناو کون و کەلەبەری گابەردەکان و لەناو هەموو دڕکوداڵەکان و لەناو هەموو لەوەڕگاکان دەنیشنەوە. 20 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار بە گوێزانێکی بەکرێگیراو لەوبەری ڕووباری فوراتەوە، کە پاشای ئاشورە، سەر و مووی بەرتان دەتاشێت و ڕیشیش دادەماڵێت. 21 لەو ڕۆژەدا، پیاو مانگایەک و دوو مەڕ بەخێو دەکات، 22 جا ئەوەندە شیر دەدەن هەر دەڵەمە دەخوات، چونکە هەموو ئەوانەی لەناو خاکەکە دەمێننەوە دەڵەمە و هەنگوین دەخۆن. 23 لەو ڕۆژەدا، هەر شوێنێک کە لێی بوو هەزار ڕەز بە هەزار شاقل[p] زیو، دەبێت بە دڕکوداڵ. 24 بە تیر و بە کەوانەوە دێنە ئەوێ، چونکە هەموو زەوییەکە دەبێت بە دڕکوداڵ. 25 هەموو ئەو چیایانەی کە بە قازمە کون دەکران کەس نایەتە ئەوێ لە ترسی دڕکوداڵ، بەڵکو گاگەلی تێدا بەڕەڵا دەکرێت و مەڕ پێپەستی دەکات.
ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما
8 یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.[q]“» 2 هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.
3 لە پێغەمبەرە ژن[r] نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، 4 چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»
5 ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:
6 «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
ئاوی هێمنی شیلۆوەحی[s] ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
7 لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
ئاوی ڕووبارە[t] بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
8 بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
ئەی ئیمانوێل!»
9 ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.[u]
11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:
12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
مەتۆقە.
13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
دەبێ لەو بترسی،
لەو بتۆقی.
14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
دەبێت بە تەڵە و داو.
15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
دەکەون و تێکدەشکێن،
بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»
16 ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
17 چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
پشتبەستنم بەوە.
18 ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی یەزدان پێیداوم، وەک نیشانە و هێما لەناو ئیسرائیل، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.
تاریکی دەبێتە ڕووناکی
19 کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان[v] و ڕۆح ئامادەکاران[w] بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 20 بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 21 بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 22 ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»
9 بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی نەتەوەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی نەتەوەکان.
2 ئەو گەلەی بە تاریکیدا دەڕۆیشت،
ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.
3 ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و
خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی،
لەبەردەمت دڵخۆش بوو
وەک خۆشی کاتی دروێنە،
وەک ئەوانەی شاد دەبن
بە دابەشکردنی دەستکەوت.
4 چونکە نیری بارگرانی ئەو و
داری پشتی ئەو و
کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت
وەک ڕۆژی میدیان شکاند.
5 چونکە هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و
بەرگی لەناو خوێن گەوزاو
بۆ سووتان دەبێت،
سووتەمەنییە بۆ ئاگر،
6 چونکە کوڕێکمان دەبێت،
کوڕێکمان پێدەدرێت و
سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی.
ناوی لێ دەنرێت
سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بە توانا،
باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.
7 گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی
بێ کۆتایی دەبێت.
لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی
پاشایەتی دەکات
بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی،
بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.
تووڕەیی یەزدان لە دژی ئیسرائیل
8 پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و
بەسەر ئیسرائیلدا کەوت.
9 گەل هەموو دەزانن،
ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە،
بە لووتبەرزی و
فیزی دڵەوە دەڵێن:
10 «خشت ڕووخا،
بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە،
هەنجیرە کێوی بڕایەوە،
بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.»
11 یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت،
ناحەزانی جۆش دەدات.
12 ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە
پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
13 گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی،
ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد.
14 یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت،
دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا،
15 پیر و پیاوماقوڵ سەرە،
پێغەمبەر کە بە درۆ فێر دەکات کلکە.
16 ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار،
ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە.
17 لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان،
بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان،
چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن،
هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
18 بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت،
دڕکوداڵ دەخوات،
گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات،
ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.
19 بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار
خاکەکە دەسووتێت،
گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر،
پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.
20 لای ڕاست لێ دەکاتەوە و
هەر برسییە،
لای چەپ دەخوات و
تێر نابێت.
پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:
21 مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە،
هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
10 قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و
ئەو تۆمارکارانەی ستەم تۆمار دەکەن،
2 بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و
مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن،
بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و
هەتیوانیش تاڵان بکەن.
3 لە ڕۆژی سزا چی دەکەن،
کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟
بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و
گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
4 بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و
کەوتن لەژێر کوژراوەکان.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
حوکمی خودا بەسەر ئاشور
5 «قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم،
هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.
6 بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم،
فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت،
تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات،
هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.
7 بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە،
دڵی وا لێکیان ناداتەوە،
چونکە لە دڵیدایە وێران بکات،
گەلانێک ببڕێتەوە کە کەم نین.
8 چونکە دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟
9 ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟
یان حەمات وەک ئەرپاد؟
یان سامیرە وەک دیمەشق؟
10 وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و
وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە.
11 ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد،
وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»
12 دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم، 13 چونکە دەڵێت:
«”بە توانای دەستی خۆم کردم و
بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم،
سنووری گەلانم گواستەوە و
گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد،
وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،
14 دەستم گەیشتە سامانی گەلان،
وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛
وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو،
هەموو زەویم کۆکردەوە،
کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات
یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»
15 تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە،
یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟
وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت
وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.
16 لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان،
لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت
وەک داگیرسانی ئاگر.
17 ڕووناکی ئیسرائیل[x] دەبێت بە ئاگر و
پیرۆزەکەشی بە گڕ،
دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی
لە یەک ڕۆژدا.
18 چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات،
گیان و لەش پێکەوە
وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
19 پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن
منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.
پاشماوەی ئیسرائیل
20 لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و
دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب،
چیتر پشت نابەستن
بەوانەی لێیان دەدەن،
بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و
بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.
21 پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب
بۆ لای خودای توانادار.
22 چونکە ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت،
تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە.
بڕیاری قڕبوون دراوە،
لافاوی ڕاستودروستییە.
23 یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار
بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.
24 بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی،
لە ئاشور مەترسە
کە بە داردەست لێت دەدات و
گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.
25 چونکە بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و
تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»
26 یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات
وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و
گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە
لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.
27 جا لەو ڕۆژەدا،
باری لەسەر شانت لادەچێت و
نیری[y] لەسەر ملت،
لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.
28 گەیشتە[z] عەییات،
لە میگرۆن پەڕییەوە،
لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.
29 ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن:
«گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.»
ڕامە داچڵەکی،
گیڤعای شاول هەڵات.
30 ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆت بحیلێنە!
ئەی لەیشا، گوێ بگرە!
داماوە عەناتۆت.
31 مەدمێنا ڕایکردووە،
خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.
32 ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن،
بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن
لە کێوەکەی شاری سییۆن،
لە گردەکەی ئۆرشەلیم.
33 ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە.
باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە،
لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.
34 چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە،
لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.
لقەکە لە بنەماڵەی یەسا
11 چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
2 ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
3 بە لەخواترسی شادمان دەبێت.
بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
4 بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
5 ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
6 گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
7 مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
شێر وەکو گا کا دەخوات.
8 کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
9 خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
10 لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت. 11 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش[aa]، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.
12 ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و
دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،
پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە
لە هەر چوار لای زەوییەوە.
13 بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و
هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،
ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و
یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
14 پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و
خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.
ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،
عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
15 یەزدان کەنداوی دەریای میسر
تێکوپێک دەدات،
بە بایە سووتێنەرەکەی
دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،
لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە
بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
16 دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی
ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە
وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو
لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.
گۆرانی ستایش
12 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت:
«ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم،
هەرچەندە لێم تووڕە بوویت،
بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
2 ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
3 بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
لە کانییەکانی ڕزگاری.
4 لەو ڕۆژەدا دەڵێن:
«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
5 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
6 ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»
سروشێک سەبارەت بە بابل
13 سروشێک[ab] سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی:
2 لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن،
دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە،
دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە
بۆ ناو دەرگای میران.
3 من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد،
هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم،
ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم.
4 گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت،
وەک دەنگی خەڵکی ئێجگار زۆر!
گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت،
وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە!
یەزدانی سوپاسالار
سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ!
5 لە خاکێکی دوورەوە دێن،
لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن،
یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی،
بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی.
6 واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان[ac] نزیک بووەتەوە،
وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بە تواناوە دێت.
7 لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن،
هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە.
8 ڕادەچڵەکێن،
ئازار و ژان دەیانگرێت،
وەک منداڵبوو دەتلێنەوە.
پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی،
ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە.
9 ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت،
سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە،
بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و
گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە.
10 چونکە ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی
ڕووناکییان دەرناخەن،
خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت،
مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
11 سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی،
بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان،
کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و
سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
12 مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و
ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر.
13 لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و
زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت،
لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و
لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.
14 وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و
وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە،
هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و
هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت.
15 ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و
ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت.
16 منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و
ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن.
17 ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم،
ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و
کەیفیان بە زێڕ نایەت.
18 کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن،
بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە،
دڵیان بە منداڵان ناسووتێت.
19 بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و
جوانی شانازی کلدانییەکان
وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت،
کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت.
20 هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و
نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت،
عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات،
شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن.
21 بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن،
چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛
کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت،
تەگە لەوێ سەما دەکەن.
22 کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت،
چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی.
کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن،
ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.