Bible in 90 Days
وەرزێک بۆ هەر شتێک
3 هەر شتێک وەرزی خۆی هەیە،
هەر چالاکییەک لەسەر زەوی کاتی خۆی هەیە:
2 لەدایکبوون کاتی خۆی هەیە و مردنیش کاتی خۆی.
چاندن کاتی خۆی هەیە و هەڵکێشانی چێنراویش کاتی خۆی.
3 کوشتن کاتی خۆی هەیە و چاکبوونەوەش کاتی خۆی،
ڕووخاندن کاتی خۆی هەیە و بنیادنانیش کاتی خۆی.
4 گریان کاتی خۆی هەیە و پێکەنینیش کاتی خۆی.
شیوەن گێڕان کاتی خۆی هەیە و سەماکردن کاتی خۆی،
5 بەرد بڵاوکردنەوە کاتی خۆی هەیە و بەرد کۆکردنەوە کاتی خۆی،
لەئامێزگرتن کاتی خۆی هەیە و لەئامێزنەگرتنیش کاتی خۆی،
6 کۆڵدان کاتی خۆی هەیە و کۆڵنەدان کاتی خۆی،
پارێزگاریکردن کاتی خۆی هەیە و فڕێدان کاتی خۆی،
7 دڕاندن کاتی خۆی هەیە و دوورینەوە کاتی خۆی،
بێدەنگی کاتی خۆی هەیە و قسەکردن کاتی خۆی،
8 خۆشویستن کاتی خۆی هەیە و ڕق کاتی خۆی،
جەنگ کاتی خۆی هەیە و ئاشتی کاتی خۆی.
9 کرێکار چی بۆ دەمێنێتەوە لەوەی خۆی پێوە ماندوو دەکات؟ 10 ئەو بارەم بینی کە خودا داویەتی بە ئادەمیزاد هەتا هەڵیبگرن. 11 خودا هەموو شتێکی دروستکرد کە لە کاتی خۆیدا جوان بێت، هەروەها وای کرد مرۆڤ هەستی ژیانی هەتاهەتایی هەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناتوانێت لە بنجوبنەوانی کاری خودا بگات، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی. 12 جا زانیم کە لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە پێی دڵخۆش بێت و چاکە بکات لە ژیانیدا. 13 هەروەها کە هەموو مرۆڤێک بخوات و بخواتەوە و چێژ لە هەموو ماندووبوونەکەی ببینێت، ئەوە دیاری خودایە. 14 زانیم کە هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی دەدات بۆ هەتاهەتایە، هیچی بۆ زیاد ناکرێت و هیچیشی کەم ناکرێتەوە. خودا کردوویەتی بۆ ئەوەی خەڵک لێی بترسن.
15 ئەوەی هەیە پێشتر هەبووە،
ئەوەش کە دەبێت پێشتر بووە،
خوداش لێپرسینەوە لەسەر ڕابردوو دەکات.
16 هەروەها لەسەر زەوی بینیم:
خراپەکاری لە جێی دادپەروەری،
بەدکاریش لە جێگای ڕاستودروستی.
17 جا لە دڵی خۆمدا گوتم:
«کەسی ڕاستودروست و خراپەکاریش
خودا دادگایی هەردووکیان دەکات،
چونکە بۆ هەر چالاکییەک کاتی خۆی دەبێت،
بۆ بڕیاردانیش لەسەر هەر کارێک کاتی خۆی.»
18 من لە دڵی خۆمدا گوتم: «سەبارەت بە ئادەمیزاد، خودا تاقییان دەکاتەوە بۆ ئەوەی تێیانبگەیەنێت کە ئاژەڵ چۆنە ئەوانیش بەو شێوەیەن. 19 بێگومان چارەنووسی مرۆڤ هەروەک چارەنووسی ئاژەڵە، چونکە مردنی ئەمیان وەک مردنی ئەویانە و یەک هەناسە بۆ هەردووکیانە، مرۆڤ هیچی لە ئاژەڵ زیاتر نییە. بێگومان هەرچی هەیە بێ واتایە. 20 هەموو بۆ یەک شوێن دەڕۆن: هەردووکیان لە خۆڵەوە هاتن و دەشگەڕێنەوە بۆ خۆڵ. 21 کێ دەزانێت: ئایا ڕۆحی ئادەمیزاد بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت یان ڕۆحی ئاژەڵ بەرەو خوارەوە بۆ زەوی دادەبەزێت؟»
22 ئیتر بینیم لەوە باشتر نییە کە مرۆڤ بە کارەکەی دڵخۆش بێت، لەبەر ئەوەی ئەمە بەشی ئەوە، چونکە کێ دەیبینێت بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە کە لەدوای ئەو چی دەبێت؟
ستەمکاری، ماندووبوون، تەنهایی
4 پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا:
فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی،
کەس نەبوو دڵنەواییان بکات،
ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو،
کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.
2 خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت
کە دەمێکە مردوون،
ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی
کە لە ژیاندا ماون.
3 بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە
کە هێشتا لەدایک نەبووە،
ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە
کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.
4 من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
5 کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و
گۆشتی خۆی دەخوات.
6 مشتێک حەسانەوە باشترە
لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.
7 دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:
8 یەکێکی تاک و تەنها،
نە کوڕی هەبوو، نە برا،
هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو،
هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو.
گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و
گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟»
ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.
9 دوو کەس لە یەک کەس باشترە،
چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.
10 ئەگەر یەکێکیان بکەوێت،
هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە.
بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە،
دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.
11 هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە،
بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟
12 ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت،
دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن،
داوی سێ تەلیش زوو ناپسێت.
پلە بەرزبوونەوە بێ واتایە
13 گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت. 14 دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت. 15 ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە. 16 ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
ئەنجامدانی نەزر
5 کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.
2 با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات،
با دڵیشت خێرا نەکات،
لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا،
چونکە خودا لە ئاسمانە و
تۆ لەسەر زەویت،
لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
3 خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و
قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.
4 ئەگەر نەزرێکت[a] بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە. 5 باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت. 6 ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا[b] مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟ 7 زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.
سامان بێ واتایە
8 ئەگەر زۆرلێکراوی هەژار و داماڵینی ڕاستودروستی و دادپەروەریت لە هەرێمێکدا بینی، سەرسام مەبە لەم کێشەیە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرز دەپارێزێت و بەرزتر لەوانیش هەردووکیان دەپارێزێت. 9 بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.
10 ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت،
ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت،
هەروەها ئەمەش بێ واتایە.
11 بە زیادبوونی خێروبێر
زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن.
ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە،
جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟
12 خۆشە خەوی کارگەر،
کەم بخوات یان زۆر،
بەڵام تێری دەوڵەمەندە
ڕێ بۆ خەو نادات.
13 خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم:
سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکانی،
14 ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو،
ئینجا کوڕێکیان بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
15 وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە،
بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات.
هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات
لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.
16 ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە:
هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت،
ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت
چ قازانجێک دەکات؟
17 هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات،
لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.
18 ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە. 19 هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە. 20 جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.
6 بارگرانییەکم لەسەر زەوی بینیوە کە ئادەمیزاد خراپ گیرۆدە بوون بە دەستیەوە، 2 کەسێک خودا دەوڵەمەندی و سامان و ڕێزی پێدابێت و هیچ کەمی نەبێت لەوەی گیانی ئارەزووی دەکات، بەڵام خودا دەسەڵاتی پێنەداوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵکو بێگانە دەیخوات، ئەمە بێ واتایە و دەردێکی خراپە.
3 ئەگەر کەسێک سەد منداڵی هەبێت و ساڵانێکی زۆر بژیێت و تەمەنی زۆر بێت، بەڵام گیانی تێر خۆشی نەبێت و هەروەها ناشتنی بۆ نەبێت، دەڵێم: لەبارچووێک لەو باشترە، 4 چونکە بێ واتایانە دێت و بە تاریکیدا دەڕوات، ناویشی بە تاریکی دادەپۆشرێت. 5 هەروەها نە خۆری بینی و نە دەشزانێت، ئەم ئاسوودەترە لەو کەسە. 6 ئەگەر هەزار ساڵ دووبارەش بژیێت بەڵام خۆشی نەبینێت، ئایا هەمووان بۆ یەک شوێن ناڕۆن؟
7 هەموو ماندووبوونی مرۆڤ بۆ دەمییەتی،
بەڵام هەرگیز تێر ناخوات.
8 دانا چی لە گێل زیاترە؟
چی یارمەتی هەژار دەدات
کە ئەو بزانێت چۆن هەڵسوکەوت
لەگەڵ ئەوانەی کە لە ژیاندان؟
9 ئەوەی هەتە و لەبەرچاوتە
باشترە لەوەی کە نیتە و ئارەزووت لێیەتی.
ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
10 ئەوەی هەبووە لە کۆنەوە ناوی لێنراوە و
زانراوە.
مرۆڤ ناتوانێت ململانێ لەگەڵ یەکێک بکات
کە لە خۆی بەهێزترە.
11 ئەوەندە قسە زیاد دەبێت،
ئەوەندە سوودی کەم دەبێتەوە،
جا مرۆڤ چی بۆ دەمێنێتەوە؟
12 کێ دەزانێت چی باشە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا کە درێژی تەمەنی بێ واتا وەک سێبەر بەسەردەچێت؟ کێ بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت پاش ئەو لەسەر زەوی چی ڕوودەدات؟
دانایی
7 ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و
ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.
2 چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە
لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار،
چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە،
زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.
3 وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە،
چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.
4 دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و
دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.
5 گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە
لە گوێگرتن لە گۆرانی گێلەکان.
6 چونکە وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵە،
بەم شێوەیە پێکەنینی پیاوی گێل.
ئەمەش هەر بێ واتایە.
7 زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و
بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.
8 کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی،
پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.
9 لە ناخەوە زوو پەست مەبە،
چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.
10 مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟»
چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.
11 دانایی باشە وەک میرات و
بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.
12 دانایی پەناگایە
وەک چۆن پارەش پەناگایەکە،
سوودی زانینیش، داناییە
ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.
13 تەماشای کاری خودا بکە:
کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە
ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟
14 لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە و
لە ڕۆژی خراپدا ببینە:
خودا هەردووکیانی دروستکردووە.
ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک
سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.
15 لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی:
کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت،
خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.
16 زۆر ڕاستودروست مەبە و
زیاد دانا مەبە.
بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟
17 زۆر بەدکار مەبە و
مەبە بە گێل.
بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟
18 باشترە دەست بە ئەمیانەوە بگریت،
هەروەها لەمەش دەست شل نەکەیت،
چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕەوی ناکات.
19 دانایی دانا بەهێزتر دەکات
لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.
20 بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە،
کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.
21 هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ،
نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،
22 چونکە دڵت دەزانێت
کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.
23 هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردووەتەوە.
گوتم: «دانا دەبم،»
کەچی لێم دوور بوو.
24 ئەو داناییە کە هەیە دوورە و
هێندە قووڵە کێ دەیدۆزێتەوە؟
25 هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و
گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم،
لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و
گێلایەتیش شێتییە.
26 من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە
ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە،
دەستەکانیشی کۆتن.
ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت،
بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.
27 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە:
«بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،
28 لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و
جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام،
پەندێکم بیستووە کە دەڵێت:
”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە،
بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“
29 تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە:
خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە،
بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»
8 کێ وەک مرۆڤی دانایە؟
کێ ڕوونکردنەوەی شت دەزانێت؟
دانایی مرۆڤ ڕووی ڕووناک دەکاتەوە و
تاڵی ڕوخساری دەگۆڕێت.
فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە
2 من دەڵێم: فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە، لە پێناوی ئەو سوێندەی کە بۆ خودات خوارد. 3 پەلە مەکە لە ڕۆیشتن لەبەردەمی پاشا. داکۆکی لە خراپە مەکە، چونکە پاشا هەرچی پێی خۆش بێت دەیکات. 4 فەرمایشتی پاشا فەرموودەی دەسەڵاتدارە، کێ دەتوانێت پێی بڵێت: «تۆ چی دەکەیت؟»
5 ئەوەی فەرمانەکەی بەجێبگەیەنێت تووشی خراپە نابێت،
دڵی داناش دەیزانێت کات و حوکمدان هەیە.
6 چونکە هەر شتێک کات و حوکمی خۆی هەیە،
هەرچەندە مرۆڤ دەردەسەری زۆر بێت.
7 کەس نازانێت لە داهاتوودا چی دەبێت،
ئەوەی ڕوودەدات کێ پێی ڕادەگەیەنێت؟
8 وەک چۆن کەس دەسەڵاتی بەسەر بادا نییە، بۆ ئەوەی با بگرێت،
مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژی مردندا نییە.
وەک چۆن نەسرەوتن لە کاتی شەڕدا نییە،
خراپەکار توانای نییە خۆی لە خراپە ئازاد بکات.
9 هەموو ئەمانەم بینی، کە سەرنجم دایە هەموو ئەو کارانەی لەسەر زەوی کراون. کاتێک هەیە کەسێک بەسەر کەسێکی دیکەدا دەسەڵاتدار دەبێت بۆ زیانی خۆی. 10 بەم جۆرە بینیم خراپەکاران لە گۆڕ نران، ئەوانەی کە لە شوێنی پیرۆزەوە هاتوچۆیان دەکرد و لەو شارەی ئەو کارانەیان کرد ستایش کرابوون. ئەمەش هەر بێ واتایە.
11 لەبەر ئەوەی کارکردن بە بڕیار لە دژی کاری خراپە پەلەی لێ ناکرێت، دڵی ئادەمیزاد پڕ بووە لە پیلانی خراپ. 12 هەرچەندە بەدکار کە سەد جار تاوانی کردبێت دەتوانێت تەمەنێکی درێژ بژیێت، بەڵام من دەزانم کە بۆ لەخواترس کە ڕێزی خودا دەگرێت باشتر دەبێت. 13 بەڵام بۆ بەدکاران چاک نابێت و وەک سێبەر ڕۆژانیان درێژە ناکێشێت، چونکە لە خودا ناترسن.
14 شتێکی دیکەی بێ واتا هەیە کە لەسەر زەویدا دەکرێت، ئەمەیە: ڕاستودروستان هەن بەگوێرەی کاری بەدکارانیان بەسەردا دێت و بەدکارانیش هەن بەگوێرەی کاری ڕاستودروستانیان بەسەردا دێت. گوتم، ئەمەش هەر بێ واتایە. 15 لەبەر ئەوە ئامۆژگاری دەکەم بەشدار بن لە شادی، چونکە کوا چاکە بۆ مرۆڤ لەسەر زەوی؟ بێجگە لەوەی کە بخوات و بخواتەوە و شادبێت و ئەمەی بۆ دەمێنێتەوە لە ماندووبوونەکەی بە درێژایی ژیانی، کە خودا پێیداوە لەسەر زەویدا.
16 کاتێک سەرنجم دایە دانایی و ڕەنجکێشانی خەڵکی زەوی، کە شەو و ڕۆژ خەو نەدەچووە چاویان، 17 هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی داوە بینیم. کەس ناتوانێت لە کارەکانی خودا لەسەر زەوی تێ بگات. سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ ماندوو دەبێت بۆ دۆزینەوەی بنچینەکەی، بەڵام نایدۆزێتەوە. هەرچەندە کەسی داناش دەڵێت دەزانم، بەڵام ناتوانێت بیدۆزێتەوە.
یەک ڕووداو بۆ هەمووان
9 ئیتر هەموو لە هەموو ئەوانە تێڕامام کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت. 2 هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، بۆ کەسی ڕاستودروست و بۆ بەدکار، بۆ چاک و بۆ خراپ، بۆ پاک بۆ گڵاو، بۆ قوربانی سەربڕ و بۆ ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت.
چاکەکار و گوناهبار،
سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.
3 ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە و شێتی لە دڵیاندایە کە زیندوون و پاشانیش کە دەچنە پاڵ مردووان. 4 هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!
5 چونکە زیندووان دەزانن کە دەمرن،
بەڵام مردووان هیچ نازانن و
لەمەودواش پاداشتیان نییە،
تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.
6 خۆشەویستی و ڕق و
بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون،
ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە
لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.
7 بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە. 8 با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە. 9 خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت. 10 ئەوەی لە دەستت دێ بیکەیت، بە هێزەوە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.
11 دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی:
ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و
جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و
نان بۆ دانایان نییە و
دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و
پەسەندی بۆ زانایان نییە،
چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.
12 هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت:
وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن
یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن،
وەک ئەوان ئادەمیزاد ڕاو دەکرێن لە کاتی خراپەدا
کە لەناکاو بەسەریاندا دێت.
دانایی لە گێلایەتی باشترە
13 ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە: 14 شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا. 15 ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما. 16 منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.
17 قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە،
زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.
18 دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە،
بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.
10 وەک چۆن مێشی مردوو بۆنی خۆش بۆگەن دەکات،
کەمێک کاری گێلانە دەتوانێت دانایی و ڕێزی کەسێک لەناوبەرێت.
2 دڵی دانا مەیلی ڕێی ڕاست دەکات،
دڵی گێلیش مەیلی خواری دەکات.
3 کە گێل بە ڕێگادا دەڕوات
گێلی لێ دەبارێت،
ئیتر گێلایەتییەکەی بۆ هەموو لایەک دیارە.
4 ئەگەر تووڕەیی فەرمانڕەوا بەسەرتدا جۆشا،
شوێنی کاری خۆت بەجێمەهێڵە،
چونکە هێمنی هەڵەی گەورە ئارام دەکاتەوە.
5 خراپەیەک هەیە لەسەر زەویدا بینیم
وەک هەڵەیەکی مەزنە لەلایەن فەرمانڕەوا.
6 گێل زۆر جار لە پلەوپایەی بەرز دادەنرێت و
دەوڵەمەندەکانیش لە شوێنە نزمەکان دادەنیشن.
7 بینیم خزمەتکاران ئەسپ سوار بوون و
میران پیادە بوون وەک خزمەتکار.
8 ئەوەی چاڵ هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،
ئەوەی دیوار بڕووخێنێت مار پێیەوە دەدات.
9 ئەوەی بەرد هەڵکەنێت ئازاری پێوە دەبینێت،
ئەوەی دار ببڕێت لە مەترسییەکەیدا دەبێت.
10 ئەگەر تەور کول بێت و
دەمی تیژ نەکرێت،
هێزی زیاتری دەوێت،
بەڵام دانایی بەسوودە بۆ سەرکەوتن.
11 ئەگەر پێش نوشتەکردن مار پێتەوە بدات،
ئیتر نوشتەکەر کرێیەکەی وەرناگرێت.
12 قسەی زاری دانا شیرینە،
بەڵام گێل لێوەکانی خۆی هەڵیدەلووشن.
13 سەرەتای وشەکانی دەمی گێلییە،
لە کۆتاییدا دەبنە شێتێکی خراپ.
14 گێل زۆر قسە دەکات.
مرۆڤ نازانێت چی دەبێت و
کێ دەتوانێت بە کەسێکی دیکە ڕابگەیەنێت
کە چی لەدوای خۆی ڕوودەدات؟
15 ماندووبوونی گێل خۆی شەکەت دەکات،
بە جۆرێک نازانێت چۆن بۆ شار بچێت.
16 قوڕبەسەر ئەو خاکەی کە پاشاکەی پێشتر خزمەتکار بوو و
میرەکانیشی بەیانییان لەسەر خوان دادەنیشن.
17 خۆزگە بەو خاکەی کە پاشاکەی لە نەوەی شازادە بێت و
میرەکانیشی نان لە کاتی خۆیدا بخۆن،
بۆ هێز نەک بۆ سەرخۆشی.
18 بە تەمبەڵی بنمێچ دێتە خوارێ و
بە دەست شلکردنیش خانوو دڵۆپە دەکات.
19 بۆ ئەوەی پێبکەنن خوان ئامادە دەکەن و
شەرابیش ژیان خۆش دەکات،
بەڵام پارە هەموو شتێکی پێ دەکرێت.
20 تەنانەت لەبیری خۆشت نەفرەت لە پاشا مەکە،
لە ژووری نوستنیشت نەفرەت لە دەوڵەمەند مەکە،
چونکە چۆلەکەی ئاسمان دەنگەکەت دەگەیەنێت و
باڵداریش قسەکەت ڕادەگەیەنێت.
نانی سەر ئاوەکان
11 نان بدە بە دەم ئاوەوە،
چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت.
2 بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش،
چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات.
3 ئەگەر هەور پڕبێت،
باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت.
ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور،
ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت.
4 ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت،
ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات.
5 هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە،
یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت،
بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا بگەیت،
کە هەمووان دروستدەکات.
6 سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە،
سەر لە ئێوارەش دەست شل مەکە،
چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت،
ئەم یان ئەو،
یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک دەبێت.
بەدیهێنەرت لە لاویێتیت لەبیر بێت
7 ڕووناکی شیرینە و
باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت.
8 ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا،
با بە هەمووی دڵخۆش بێت.
بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت،
چونکە زۆر دەبێت.
هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە.
9 ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە،
با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت.
بە ڕێگای دڵی خۆت و
بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ،
بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە
خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان.
10 پەستی لە دڵت داماڵە و
خراپە لە لەشت دووربخەوە،
چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.
12 بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت
لە سەردەمی گەنجیێتیت،
پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت
یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی:
«خۆشییان تێدا نابینم.»
2 پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و
ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت،
پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛
3 ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن،
پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە،
ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون،
تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛
4 کاتێک دەرگاکانی لە بازاڕ داخراون
دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛
ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت،
هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛
5 ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و
لە ڕێگا تۆقیون،
کە بادەم چرۆ دەکات و
کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و
هیچ ئارەزوو نامێنێت.
ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و
شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.
6 لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و
قاپی زێڕین بشکێت؛
پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت،
یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و
7 خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو،
ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.
8 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتای بێ واتایان!
هەموو شتێک بێ واتایە!»
دەرئەنجامی بابەتەکە
9 سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو. 10 وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.
11 وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە دراون. 12 سەرەڕای ئەمانەش، ئەی ڕۆڵە، سەرنجی ئەم شتانە بدە.
دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.
13 هەموو شت ئێستا بیستراوە و
دەرئەنجامەکەی ئەوەیە:
لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە،
چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.
14 چونکە خودا حوکم بەسەر هەموو کارێک دەدات،
لەسەر هەموو کارێکی نهێنی،
جا چ چاک بێت یان خراپ.
1 گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان.
ئەویندار [c]
2 با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات،
چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.
3 بۆنی عەترەکەت خۆشە؛
ناوت عەتری پرژاوە،
مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ.
4 پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین!
با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی.
دەستەخوشکەکان
شاد و دڵخۆش دەبین پێت،
لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە.
ئەویندار
بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.
5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم،
من ئەسمەرێکی جوانم،
وەک ڕەشماڵەکانی قێدار،
وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان.
6 تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم،
ئەوە خۆر لێیداوم.
کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون،
منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو،
لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد.
7 ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ،
لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت،
کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟
بۆچی وەک پەچەکراوێک بم،
لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟
دەستەخوشکەکان
8 ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت
بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و
کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە
لەلای نشینگەی شوانەکان.
دڵدار[d]
9 یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون
لێکم چوواندی،
10 گۆنات بە خشڵەوە جوانە،
گەردنت بە گەردانەوە.
11 خشڵی زێڕت بۆ دەکەین،
لەگەڵ نقێمی زیو.
ئەویندار
12 هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی،
ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
13 دڵدارەکەم چەپکێک موڕە
کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات.
14 دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە
لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی.
دڵدار
15 ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
چەند جوانیت!
چاوەکانت کۆترن.
ئەویندار
16 ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت،
چەند شیرینیت!
جێگاکەمان سەوزە.
دڵدار
17 کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە،
تەختەدارەکانی سەروون.
ئەویندار
2 من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و
سەوسەنی دۆڵانم.
دڵدار
2 وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ
یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.
ئەویندار
3 وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان
دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان.
حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی
مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.
4 با بمباتە هۆڵی خوانەکە،
خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.
5 بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن،
بە سێو بمگەشێننەوە،
چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
6 دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
7 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
8 گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!
تەماشا بکە! وا دێت،
لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،
بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
9 دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،
وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،
لە دەلاقەوە سەیر دەکات،
لە کڵاوڕۆژنەوە[e] تەماشا دەکات.
10 دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:
«یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.
11 تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،
باران بەسەرچوو و نەما.
12 گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،
ئێستا کاتی گۆرانییە؛
خوێندنی کوکوختی
لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
13 هەنجیر بەری گرتووە،
بۆنی پەسیرەی[f] مێو بڵاو بووەتەوە.
یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.»
دڵدار
14 ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان،
لە پەناگای بنارەکان،
با ڕوخسارت ببینم،
با دەنگت ببیستم،
چونکە دەنگت ناسکە و
ڕوخسارت شیرینە!
15 ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن،
ئەو توولە ڕێوییانەی
ڕەزەکانمان تێکدەدەن،
چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.
ئەویندار
16 دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم،
لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
17 بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە،
وەک ئاسک بە،
یان کارمامز
لەسەر چیا فرە لووتکەکان.
3 بە درێژایی شەو لەسەر نوێنەکەم
بەدوای ئەو کەسەدا گەڕام کە گیانم خۆشی دەوێت؛
بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
2 ئێستا هەڵدەستم و بەناو شاردا دەسووڕێمەوە،
بەناو شەقام و گۆڕەپانەکاندا
بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێم کە گیانم خۆشی دەوێت.
ئیتر بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
3 تووشی ئێشکگرەکان بووم،
کاتێک بەناو شاردا دەگەڕان.
«ئایا ئەوەی گیانم خۆشی دەوێت ئێوە نەتانبینیوە؟»
4 ئەوەندەی نەمابوو لێیان تێپەڕم
کاتێک ئەوەم بینییەوە کە گیانم خۆشی دەوێت.
گرتم و بەرمنەدا،
هەتا بردمە ماڵی دایکم،
بۆ ژووری ئەو کەسەی کە بە من سکپڕ ببوو.
5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم
بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
6 ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت،
وەک ستوونی دووکەڵ،
بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە،
بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟
7 ببینن! گالیسکەکەی سلێمانە،
شەست پاڵەوان دەوریان داوە
لە پاڵەوانەکانی ئیسرائیل،
8 هەموو شمشێر بەدەستن،
شارەزای جەنگن،
هەریەکە و شمشێرەکەی بە لاڕانیەوەیە،
لەبەر مەترسییەکانی شەو.
9 سلێمانی پاشا گالیسکەیەکی بۆ خۆی دروستکرد
لە داری لوبنان.
10 ستوونەکانی لە زیو دروستکرد،
کاریتەکانی لە زێڕ.
بەرگی دۆشەکەکان ئەرخەوانییە،
ناوەوەی بە ئەوین ڕازێنراوەتەوە.
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، 11 وەرنە دەرەوە،
ئەی کچانی سییۆن، ببینن.
سلێمانی پاشا بەو تاجەوە ببینن کە لەسەریەتی،
کە دایکی لەسەری نا
لە ڕۆژی زەماوەندی ژنهێنانی،
لە ڕۆژی شادی دڵی.
دڵدار
4 ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
چەند جوانیت!
چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە.
قژت وەک مێگەلە بزنە
کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
2 ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن،
کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
هەموویان جووتن،
هیچیان بە تەنها نین.
3 لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە،
دەمت شیرینە،
گۆنات وەک لەتە هەنارە
لە پشت پەچەکەتەوە.
4 گەردنت وەک قوللەی داودە
بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە،
هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە،
هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە.
5 جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
وەک جووتێک مامزن،
کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن.
6 بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
دەچمە چیای موڕ و
گردی بخوور.
7 ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە،
هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.
8 بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە،
لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە.
لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە،
لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە،
لە لانەی شێرانەوە،
لە چیای پڵنگانەوە.
9 ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە،
بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم،
بە موورووێکی ملوانکەکەت.
10 ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم،
ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە،
بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک.
11 لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ،
شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە!
بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.
12 باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم،
سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە!
13 نەمامەکانت باخی هەنارن
لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە،
خەنە و ناردین،
14 ناردین و کارکۆم[g]،
قامیشی بۆنخۆش و دارچین،
لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک،
موڕ و ئەلوا[h]
لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان.
15 تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت،
بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی،
لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ.
ئەویندار
16 هەستە، ئەی بای باکوور،
وەرە، ئەی بای باشوور!
بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن،
با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە،
بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی،
با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.
دڵدار
5 هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ،
موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە،
شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد،
شەراب و شیری خۆمم خواردەوە.
هاوڕێیەکان
ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛
یاران، بە ئەوین مەست بن.
ئەویندار
2 من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە!
دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات:
«دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم،
ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم،
سەرم پڕ خوناو بووە،
ئەگریجەم پڕ شەونم.»
3 جلەکانم داکەندووە،
ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟
پێیەکانم شوشتووە،
ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟
4 دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد،
هەناوم بۆی ڕاچەنی.
5 هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە،
دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا،
پەنجەکانم موڕی شل
لەسەر دەسکی سورگییەکە.
6 دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە،
بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو.
گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو،
بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە.
7 تووشی ئێشکگرەکان بووم
کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە.
لێیان دام و برینداریان کردم،
چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم،
ئێشکگری شووراکان
8 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون،
ئەمەی پێ بڵێن،
من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
دەستەخوشکەکان
9 دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
کە ئاوا سوێندت داین؟
ئەویندار
10 دڵدارەکەی سوور و گەشاوەیە،
لەناو دە هەزار کەسدا دیارە.
11 سەری زێڕی بێگەردە،
زولفی بەرداوەتەوە،
ڕەشە وەک قەلەڕەش.
12 چاوەکانی وەک کۆترن
چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک،
کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر،
لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون.
13 گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن،
بۆنیان خۆشە.
لێوەکانی سەوسەنن،
موڕی شلیان لێ دەتکێت.
14 دەستەکانی لوولەی زێڕن،
بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە،
لەشی عاجی تاشراوە
بە بەردی یاقووتی شین[i] پێچراوەتەوە.
15 قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن،
لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون.
ڕوخساری وەک لوبنانە،
هەڵبژاردە وەک ئورز.
16 دەمی شیرینە،
سەراپای خۆشەویستە.
ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە،
ئەی کچانی ئۆرشەلیم!
دەستەخوشکەکان
6 دڵدارەکەت چووە کوێ،
ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد،
هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟
ئەویندار
2 دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی،
بۆ ناو باخچەی بۆندار،
هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و
سەوسەن کۆبکاتەوە.
3 من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە،
لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
دڵدار
4 یارەکەم تۆ وەک شانشینی تیرزە جوانی،
وەک ئۆرشەلیم شیرینی،
وەک لەشکرە ئاڵادارەکان شکۆداری.
5 چاوەکانت لەسەر من لابدە،
چونکە بەرگەی ناگرم.
قژت وەک ڕانە بزنە
کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
6 ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن
کە لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
هەموویان جووتن،
هیچیان بە تەنها نین.
7 گۆنات وەک لەتە هەنارە
لە پشت پەچەکەتەوە.
8 شەست شاژنن و
هەشتا کەنیزەن،
پاکیزەکانیش لە ژمارە نایەن،
9 بەڵام کۆترەکەم، بێگەردەکەم، بێ وێنەیە،
کچە تاقانەی دایکییەتی،
نازدارەکەی ئەوەی بوویەتی.
کچ بینییان خۆزگەیان پێ خواست
شاژنەکان و کەنیزەکان ستایشیان کرد.
دەستەخوشکەکان
10 ئەوە کێیە سەری هەڵهێنا وەک بەرەبەیان،
جوانە وەک مانگ، بێگەردە وەک ڕۆژ،
وەک کەژاوەی ئەستێرەکان شکۆدارە؟
ئەویندار
11 بۆ ناو باغی دار گوێز دابەزیم
بۆ بینینی دەرکەوتنی گیای دۆڵ،
بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،
هەناریش پشکوتووە؟
12 پێش ئەوەی بزانم،
گیانم لەناو گالیسکەکانی پاشایەتی گەلەکەم داینام.
دەستەخوشکەکان
13 ئەی شولەمیتی[j]، بگەڕێوە، بگەڕێوە!
بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ ئەوەی تەماشات بکەین!
دڵدار
بۆچی تەماشای شولەمیت دەکەن
وەک سەمای مەحەنەیم[k]؟
7 ئەی کچە میر،
پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن!
کەوانی ڕانت وەک خشڵە
دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە.
2 ناوکت جامێکی خڕە
شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات،
ناوقەدت خەرمانی گەنمە
بە سەوسەن پەرژین کراوە.
3 جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
وەک جووتێک مامزن.
4 گەردنت قوللەیەکی عاجە.
چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن
لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم.
لووتت وەک قوللەی لوبنانە
ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت.
5 سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و
پرچی سەرت ئەرخەوانییە،
پاشا بەندی ئەگریجەکانە.
6 چەند جوان و چەند شیرینیت،
ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم!
7 ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت،
مەمکەکانت لە هێشوو.
8 گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم،
خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.»
با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن،
بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت،
9 دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت.
ئەویندار
با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت،
بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات.
10 من بۆ دڵدارەکەمم و
ئەو پەرۆشی منە.
11 دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە،
لە گوندەکان شەو بەسەرببەین.
12 با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان،
ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،
پەسیرەکان کراونەتەوە،
هەناریش پشکوتووە؟
لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم.
13 گیائادەمە[l] بۆن بڵاو دەکاتەوە،
لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە،
کۆن و نوێ
کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم.
8 بریا برای من بووای،
شیرەخۆری مەمکی دایکم!
ئەوا لە دەرەوە تووشت دەهاتم و ماچم دەکردیت،
بەبێ ئەوەی ڕیسوا بم.
2 دەمبردیت،
دەمبردیتە ماڵی دایکم،
ئەوەی منی پەروەردە کردووە.
شەرابی تێکەڵاوم دەرخوارد دەدای،
لە خۆشاوی هەنارەکەم.
3 دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
4 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
دەستەخوشکەکان
5 ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و
پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟
ئەویندار
لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای،
لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو،
لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.
6 بمکە مۆر لەسەر دڵت،
مۆر لەسەر بازووت،
چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە،
ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە،
خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە،
وەک ئاگرێکی بەهێزە.
7 ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە،
ڕووبارەکان نوقومی ناکەن.
ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی
لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت،
بە بێبەها دادەنرێت.
دەستەخوشکەکان
8 خوشکێکی بچووکمان هەیە،
هێشتا مەمکی نەهاتووە.
چی بکەین بۆ خوشکمان،
ئەو ڕۆژەی داخوازیکەری بێت؟
9 ئەگەر شوورا بێت،
قوللەی زیوین لەسەری بنیاد دەنێین.
ئەگەر دەرگا بێت،
بە تەختەداری ئورز دەوری دەدەین.
ئەویندار
10 من شوورام و
مەمکەکانم وەک قوللەن،
بەم جۆرە لە چاوەکانی
پەسەندی بەدی دەکەم.
11 سلێمان ڕەزەمێوێکی هەبوو لە بەعلهامۆن،
ئەم ڕەزەمێوی دایە ڕەزەوانان،
هەریەکە و لە بڕی بەرهەمەکەی
هەزار شاقل[m] زیوی دەدا.
12 بەڵام ڕەزەمێوەکەی خۆم بە ویستی خۆمە بیبەخشم؛
ئەی سلێمان، هەزار شاقل بۆ تۆ بێت،
دوو سەد شاقلیش[n] بۆ ڕەزەوانەکان.
دڵدار
13 ئەی دانیشتووی ناو باخچەکان!
هاوڕێیان گوێیان لە دەنگت گرتووە،
با گوێم لێت بێت.
ئەویندار
14 ڕابکە، دڵدارەکەم،
وەک ئاسک بە
یان وەک کارمامز
لەسەر ئەو چیایانەی پڕ بۆنوبەرامن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.