Bible in 90 Days
14 چونکە یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و
دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە،
لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە،
نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و
دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب.
2 گەلان دەیانگرن و
دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان،
بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و
دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان،
دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و
دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.
3 ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە، 4 ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت:
زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات!
خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات!
5 یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند،
داردەستی فەرمانڕەواکان،
6 ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا،
لێدانێکی بێ بڕانەوە،
بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد،
بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە.
7 هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو
بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.
8 هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش
شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن:
«لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت
داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.»
9 جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت
بۆ پێشوازی لە هاتنت،
ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت،
هەموو سەرکردەکانی جیهان،
لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت،
هەموو پاشایانی نەتەوەکان.
10 هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن:
«هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت،
وەک ئێمەت لێ هات.»
11 مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان
بەدەم ئاوازی سازەکانت،
لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و
کرمیش دەبێتە لێفەت.
12 چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە،
ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار،[a] کوڕی بەرەبەیان!
بەرەو زەوی بڕایتەوە،
ئەی بەزێنەری نەتەوەکان!
13 تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت:
«سەردەکەوم بۆ ئاسمان،
لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە
تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە،
لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم،
لەسەر لووتکەی چافۆن.
14 سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور،
خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.»
15 بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە،
بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.
16 ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن،
لێت ورد دەبنەوە:
«ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند،
شانشینەکانی هەژاند،
17 ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی،
شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد،
ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟»
18 هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان،
هەریەکە و لە ئارامگای خۆی.
19 بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت
وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە.
دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان
کە بە شمشێر لێیان دراوە،
شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن.
وەک لاشەی پێشێلکراو،
20 لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت،
چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد،
گەلەکەی خۆتت کوشت.
توخمی خراپەکاران
هەتاهەتایە ناویان نایەت.
21 سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن
لەسەر تاوانی باوکانیان،
با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و
ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.
22 «هەڵدەستمە سەریان،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
«لە بابل ناو و پاشماوە و
نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
23 «دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و
گۆمی ئاو،
بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
پلان لە دژی ئاشور
24 یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی:
«بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت،
وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی.
25 ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم،
لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم،
جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و
بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.»
26 ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و
ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە.
27 چونکە یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟
دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟
سروشێک سەبارەت بە فەلەستییەکان
28 لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:
29 ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن،
کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا،
چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و
بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە.
30 هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و
نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە،
ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و
پاشماوەکەشت دەکوژرێت.
31 ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە!
ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە!
چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و
ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت.
32 چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟
«کە یەزدان سییۆنی دامەزراند،
لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.»
سروشێک سەبارەت بە مۆئاب
15 سروشێک سەبارەت بە مۆئاب:
عار لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
قییر لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
2 دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی[b] سەرکەوت،
بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان،
مۆئاب بەسەر نەبۆ و مێدەبادا شیوەن دەکات.
هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و
هەموو ڕیشێک تاشراون.
3 لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش[c] دەپۆشن،
لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی
هەموو شیوەن دەکەن
بەخوڕ دەگریێن.
4 حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە،
دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت.
لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن
گیانیان دەلەرزێت.
5 دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن،
هەتا عەگلەت شەلیشیا.
بە گریانەوە
لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون،
لە ڕێگای حۆرۆنایم
هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.
6 ئاوەکانی نیمریم وشک بوون،
گیایەکەش سیس بوو،
لەوەڕگا نەما و
سەوزایی نەما.
7 لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان
هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.
8 هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە،
واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم،
واوەیلای لە بیری ئێلیمە.
9 ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن،
بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم،
شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و
بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.
16 بەرخ وەک سەرانە بنێرن
بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە،
لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا
بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.
2 وەک باڵندەی هەڵاتوون
وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت،
کچانی مۆئاب
لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.
3 «ڕاوێژ بکە،
دادوەری ئەنجام بدە،
لە قرچەی نیوەڕۆدا
سێبەرت وەک شەوی لێ بکە.
دەرکراوەکان بشارەوە،
هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.
4 با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە،
لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.»
کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت،
کاولبوون نامێنێت،
پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.
5 بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت،
یەکێک لە بنەماڵەی داود
دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری،
دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی
بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.
6 لووتبەرزی مۆئابمان بیست،
لووتبەرزییەکی زۆر،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی،
بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.
7 لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن،
سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن.
ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان،
بۆ نانی کشمیشی[d] قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.
8 چونکە کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون،
هەروەها ڕەزەکەی سیڤما.
گەورەکانی نەتەوەکان
شا مێوەکانییان شکاند،
کە گەیشتبووە یەعزێر و
پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی.
لقەکانی درێژ ببوونەوە و
لە دەریا پەڕیبوونەوە.
9 لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم
بۆ ڕەزەکەی سیڤما،
بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم
ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ!
چونکە لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت
هەراوزەنای جەنگ هات.
10 خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە،
لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت،
شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت،
هوتاف کپ بوو.
11 لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.
12 جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت،
ماندوو دەبێت.
کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات،
قبوڵ نابێت.
13 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو. 14 ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»
سروشێک سەبارەت بە دیمەشق
17 سروشێک سەبارەت بە دیمەشق:
«بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و
دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو.
2 شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و
بۆ مێگەلەکان دەبن،
تێدا ڕادەکشێن،
کەس نییە بیانترسێنێت.
3 قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و
پاشایەتیش لە دیمەشق.
پاشماوەی ئارام وەک
شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
4 «لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە،
قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت.
5 وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە،
بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە.
وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت
لە دۆڵی ڕفایم.
6 وەک تەکاندنی دار زەیتوون
کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە،
دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان،
چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل.
7 لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و
چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
8 ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە
کە دروستکراوی دەستی خۆین،
ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات،
ستوونە ئەشێراکان[e] و قوربانگاکانی بخوور.
9 لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت.
10 خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو،
تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە.
لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن
بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات.
11 ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات
بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات،
بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری
بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت.
12 ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر،
وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت!
خوڕەی نەتەوەکان
وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت!
13 نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر،
بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن،
وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و
وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا.
14 دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە!
بەرەبەیانێکی زوو نامێنن!
ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە،
بەختی ڕاوڕووتکارانمانە.
قوڕبەسەری کوش
18 قوڕبەسەر خاکی فڕەفڕی باڵەکان،
ئەوەی لەوبەری ڕووبارەکانی کوشە،
2 پەیامبەران بە ڕێی دەریادا دەنێرێت،
بە بەلەمی قامیش لەسەر ڕووی ئاوەکان.
بڕۆن ئەی نێردراوە خێراکان،
بۆ لای نەتەوەیەکی باڵا بەرز و کۆسە،
بۆ لای گەلێک خەڵکی دوور و نزیک لێیان دەترسن،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە خاکەکەی.
3 ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و
نیشتەجێبووانی زەوی،
کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە،
ببینن و
کە کەڕەنا لێدرا،
گوێ بگرن.
4 چونکە یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:
«هێمن دەبم و لە نشینگەی خۆمەوە تەماشا دەکەم
وەک گەرمایەکی ڕوون لە بەر هەتاودا،
وەک هەوری خوناو لە گەرمای دروێنەدا.»
5 چونکە پێش ترێ ڕنین لە کاتی تەواو چرۆکردن و
کاتێک گوڵەکان دەبن بە پەسیرەی گەییو،
چڵەکان بە داس دەبڕێتەوە و
لقەکان لێ دەکاتەوە و فڕێیان دەدات.
6 پێکەوە بەجێدەهێڵدرێن بۆ بازەکانی چیا و
بۆ گیانلەبەرە کێوییەکانی زەوی،
بازەکان هاوینیان پێ بەسەردەبەن و
هەموو گیانلەبەرە کێوییەکانی زەویش زستانیان پێ بەسەردەبەن.
7 لەو ڕۆژەدا دیاری پێشکەش بە یەزدانی سوپاسالار دەکرێت،
لە گەلێکی باڵا بەرز و کۆسە،
گەلێکی ترسناک، دوور و نزیک،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە زەوییەکەی،
بۆ شوێنی ناوی یەزدانی سوپاسالار لە کێوی سییۆن.
سروشێک سەبارەت بە میسر
19 سروشێک سەبارەت بە میسر:
ئەوەتا یەزدان بەسەر هەورێکی خێراوە
بەرەو میسر دێت.
بتەکانی میسر لە ڕووی ئەودا دەلەرزن،
دڵی میسریش لە ناخیدا دەتوێتەوە.
2 «میسرییەکان لە دژی میسرییەکان هاندەدەم،
هەرکەسە لە دژی برای خۆی شەڕ دەکات،
هەرکەسە لە دژی هاوڕێی خۆی،
شار لە دژی شار و
شانشین لە دژی شانشین.
3 میسر ڕۆحی تێدا نامێنێت،
ڕاوێژەکەی هەڵدەلووشم،
داوا لە بتەکان و لە نوشتەکەران دەکەن،
لە نێوانگرەکان و لە ڕۆح ئامادەکاران.
4 میسرییەکان ڕادەستی گەورەیەکی دڵڕەق دەکەم و
پاشایەکی توندوتیژ فەرمانڕەوایەتییان دەکات،»
یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
5 ئاوی نیل وشک دەبێت،
ڕووبارەکەش کاول دەبێت و وشک دەبێت.
6 نۆکەندەکان بۆن دەکەن،
لقەکانی نیل کز دەبن و کاول دەبن.
قامیش و زەل بۆگەن دەبن،
7 سەوزایی لەسەر نیل،
لە ڕێژگەی[f] ڕووبارەکە.
هەموو ئەوەی لەسەر نیل چانراوە
وشک دەبێت، هەڵدەوەرێت و نامێنێت.
8 ماسیگرەکان ئاخ هەڵدەکێشن و شین دەگێڕن،
هەموو ئەوانەی قولاپ هەڵدەدەنە[g] ناو نیلەوە،
ئەوانەی تۆڕ لەسەر ڕووی ئاوەکان بڵاو دەکەنەوە
ورەیان نامێنێت.
9 کارگەران لە کەتانی ئامادەکراو بێ ئومێد دەبن،
جۆڵاکانیش ڕوو زەرد دەبن.
10 جۆڵاکانی میسر وردوخاش دەبن و
هەموو کرێکارەکانی خەمبار دەبن.
11 بێگومان میرەکانی چۆعەن گێلن:
دانا ڕاوێژکارەکانی فیرعەون ڕاوێژەکانیان ئاژەڵانەیە.
چۆن بە فیرعەون دەڵێن:
«کوڕی دانایانم من،
کوڕی[h] پاشا دێرینەکان»؟
12 کەواتە کوا داناکانت؟
با پێت بڵێن و با بزانن،
یەزدانی سوپاسالار
پلانی چی داناوە لە دژی میسر.
13 میرانی چۆعەن گێل بوون،
میرانی مەمفیس چەواشە کران،
پیاوماقوڵانی هۆزەکانی
میسریان گومڕا کرد.
14 یەزدان ڕۆحی گێژبوونی تێدا تێکەڵ کردووە،
میسریان گومڕا کرد لە هەموو کردارەکانی
وەک گومڕاکردنی سەرخۆش لەناو ڕشانەوەکەی.
15 هیچ کارێک نابێت لە میسر
کە سەر یان کلک، دار خورما یان زەل، بیکات.
16 لەو ڕۆژەدا میسرییەکان وەک ژنیان لێدێت، لە ترسان دەلەرزن، کاتێک یەزدانی سوپاسالار دەستی لێیان بەرز دەکاتەوە. 17 میسرییەکان لە خاکی یەهودا دەتۆقن، هەموو ئەوەی بەبیری بێتەوە لە یەهودا دەترسێت، لەبەر ئەو پلانەی یەزدانی سوپاسالار لە دژی دایدەڕێژێت.
18 لەو ڕۆژەدا پێنج شار دەبێت لە خاکی میسردا کە بە زمانی کەنعانی بدوێن و بە یەزدانی سوپاسالار سوێند دەخۆن، یەکێکیان پێی دەگوترێت «شاری خۆر»[i].
19 لەو ڕۆژەدا، لە ناوەڕاست خاکی میسردا قوربانگایەک بۆ یەزدان دەبێت و ستوونێکیش لەسەر سنوورەکەی بۆ یەزدان. 20 جا دەبێتە نیشانە و شایەتی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە خاکی میسردا، چونکە هاوار بۆ یەزدان دەکەن لە ڕووی زۆردار، ئەویش ڕزگارکەر و پارێزەریان بۆ دەنێرێت و دەربازیان دەکات. 21 ئینجا یەزدان لە میسر ناسراو دەبێت، لەو ڕۆژەدا میسرییەکان یەزدان دەناسن و بە قوربانی و پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەیپەرستن و نەزر[j] بۆ یەزدان دەکەن و بەجێی دەهێنن. 22 یەزدان لە میسر دەدات، لێیان دەدات و چاکیشیان دەکاتەوە، دەگەڕێنەوە لای یەزدان و وەڵامیان دەداتەوە و چاکیان دەکاتەوە.
23 لەو ڕۆژەدا شاڕێگایەک لە میسرەوە بەرەو ئاشور دەبێت، جا ئاشورییەکان دێنە میسر و میسرییەکانیش دێنە ئاشور، میسر لەگەڵ ئاشور پێکەوە خزمەت دەکەن. 24 لەو ڕۆژەدا ئیسرائیل دەبێتە یەکێک لە سێیەکە، لەگەڵ میسر و ئاشور، دەبنە بەرەکەت لە خاکەکە. 25 ئەوەی یەزدانی سوپاسالار بەرەکەتداریان دەکات و دەفەرموێت: «بەرەکەتدار بێت میسری گەلی من و ئاشوری دەستکردی من و ئیسرائیلی میراتی من.»
نیشانە و پەند لەسەر میسر و کوش
20 لە ساڵی هاتنی فەرماندە گشتییەکە بۆ ئەشدۆد، کاتێک سەرگۆنی پاشای ئاشور ناردی و لەگەڵ ئەشدۆد جەنگا و گرتی، 2 لەو کاتەدا یەزدان لە ڕێگەی ئیشایای کوڕی ئامۆچەوە قسەی کرد و فەرمووی: «بڕۆ جلوبەرگە گوشەکە لە کەمەرت بکەرەوە و پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە.» ئەویش بەم جۆرەی کرد و بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت.
3 ئینجا یەزدان فەرمووی: «وەک ئەوەی ئیشایای بەندەم بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت، ئەمە نیشانە و پەندە لەسەر میسر و لەسەر کوش، 4 پاشای ئاشوریش بۆ ڕیسوایی میسر بەم جۆرە ڕاپێچکراوانی میسر و دیلەکانی کوش، گەنج و پیر بە ڕووتی و پێ خاوسی و سمت ڕووتی دەداتە پێش خۆی. 5 دەتۆقن و شەرمەزار دەبن لەبەر کوش کە مایەی هیوایان بوو و لەبەر میسر کە مایەی شانازییان بوو. 6 جا دانیشتووی ئەم کەنارە لەو ڕۆژەدا دەڵێت: ”ئەوەتا ئاوایە پەناگاکەمان کە بۆ ئەوێ هەڵاتین بۆ یارمەتی بۆ ئەوەی لە ڕووی پاشای ئاشور فریامان بکەوێت! ئیتر ئێمە چۆن دەرباز دەبین؟“»
سروشێک سەبارەت بە بابل
21 سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا[k]:
وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات،
لە چۆڵەوانییەوە دێت،
لە خاکێکی ترسناک.
2 ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە:
ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات.
سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا!
کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی.
3 لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار،
ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون،
سەرسام بووم لە گوێگرتن،
واقم وڕما لە بینین.
4 سەرم لێ شێوا،
ترس منی لەرزاند،
زەردەپەڕی خۆشی منی
کردە تۆقین.
5 خوان ئامادە دەکەن،
ڕایەخ ڕادەخەن،
دەخۆن و دەخۆنەوە!
هەستن ئەی میران!
قەڵغان چەور بکەن!
6 پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت:
«بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە،
ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت.
7 کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت،
لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت،
سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر،
با بە تەواوی گوێی شل بکات،
زۆر شلی بکات.»
8 ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد:
«گەورەم، من بەردەوام بە ڕۆژ بە پێوە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم،
هەموو شەوان لە بنکەی پاساوانیێتیم، من دامەزراوم.
9 ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە،
لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت.
وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:
”کەوتووە، بابل کەوتووە!
هەموو وێنەی خوداوەندەکانی
بەرەو زەوی شکان!“»
10 ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون،
ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە
لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم.
سروشێک سەبارەت بە ئەدۆم
11 سروشێک سەبارەت بە دوما:
لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت،
«ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟
ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟»
12 ئێشکگرەکەش[l] وەڵام دەداتەوە:
«بەیانی دێت، هەروەها شەویش.
ئەگەر داواکارن، داوا بکەن،
بگەڕێنەوە، وەرن.»
سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان
13 سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان:
ئەی کاروانی دیدانییەکان،
ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن،
14 بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن.
ئەی دانیشتووانی خاکی تێما،
بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن،
15 چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون،
لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو،
لە ڕووی کەوانی توندکراو،
لە ڕووی سەختی جەنگ.
16 پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و 17 پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.»
سروشێک سەبارەت بە ئۆرشەلیم
22 سروشێک سەبارەت بە دۆڵی بینین[m]:
چیتانە وا سەرکەوتوون،
هەموو بۆ سەربان،
2 ئەی شارە بە هاتوهاوارەکە،
پڕ لە دەنگەدەنگ، شارۆچکە بە شانازییەکە؟
کوژراوەکانت کوژراوی شمشێر نین و
مردووی جەنگ نین.
3 فەرمانڕەواکانت پێکەوە هەڵاتن،
بێ بەرگری بە دیل گیران.
هەموو ئەوانەی تێتدا بینرانەوە، پێکەوە گیران،
ئەوانەش کە دوور بوون و هەڵاتبوون.
4 لەبەر ئەوە گوتم: «وازم لێ بهێنن،
بە تاڵییەوە دەگریێم،
زۆرم لێ مەکەن بۆ دڵدانەوەم
لەسەر وێرانبوونی گەلەکەم.»
5 چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
ڕۆژێکی هەیە لە دۆڵی بینین
بۆ هاتوهەرا و سەرکوتکردن و سەرلێشێوان
بۆ دیوار بڕین و
هاوارکردن بۆ چیا.
6 ئیلام تیردانی هەڵگرتووە
بە گالیسکە و پیادە و سوارەوە،
قییریش قەڵغانی دەرخست.
7 جا هەڵبژاردەی دۆڵەکانت پڕ دەبێت لە گالیسکە و لە سوارەکان،
ڕیزیان بەستووە ڕووەو دەروازەکە.
8 داپۆشینی یەهودا نامێنێت.
جا لەو ڕۆژەدا دەڕوانیتە
چەکەکانی کۆشکی دارستان،
9 کەلێنەکانی شاری داود دەبینن کە زۆر بوون و
ئاوی گۆمی خوارێ کۆدەکەنەوە.
10 ماڵەکانی ئۆرشەلیم دەژمێرن و
ماڵەکان دەڕووخێنن بۆ پتەوکردنی شووراکە.
11 ئەستێلێک دروستدەکەن لەنێوان دوو شووراکە،
بۆ ئاوی گۆمە کۆنەکە.
بەڵام نەتانڕوانییە یەزدانی دروستکەری،
ئەوەی لەمێژەوە شێوەی کێشابوو نەتانبینی.
12 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
لەو ڕۆژەدا بانگەوازی کرد
بۆ گریان و شیوەن و
سەرتاشین و پۆشینی جلوبەرگی گوش.
13 بەڵام ئەوەتا خۆشی و شادی،
مانگا کوشتنەوە و مەڕ سەربڕین،
گۆشت خواردن و شەراب خواردنەوە!
«با بخۆین و بخۆینەوە،
چونکە سبەی دەمرین.»
14 گوێم لێگرت یەزدانی سوپاسالار بۆی ئاشکرا کردم: «کەفارەت بۆ ئەم تاوانەتان ناکرێت تاکو دەمرن،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
15 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«بڕۆ بۆ لای ئەو کارگێڕە،
شەڤنا ئەوەی سەرپەرشتیاری کۆشکەکەیە:
16 چیت هەیە لێرە و کێ ڕوخسەتی پێداویت،
هەتا گۆڕێک بۆ خۆت هەڵبکەنیت،
ئەی ئەوەی لە بەرزایی گۆڕی خۆتت هەڵکەندووە و
بۆ خۆت لەناو تاشەبەرد ماڵت تاشیوە؟
17 «ئەی پاڵەوان، ئەوەتا یەزدان خەریکە بە توندی تووڕت دەدات و
بە هێزەوە لوولت دەکات،
18 وەک تۆپ پێچانەوەی پێچ دەتپێچێتەوە و
بەرەو خاکێکی بەرفراوان تووڕت دەدات.
لەوێ دەمریت و
گالیسکەکانی شکۆمەندیت لەوێ دەبێت،
ئەی مایەی سووکایەتی ماڵی گەورەکەت!
19 لە پلەکەت دەرتدەکەم و
لە پایەکەت فڕێدەدرێیتە خوارەوە.
20 «لەو ڕۆژەدا بانگی بەندەکەی خۆم، بانگی ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا دەکەم و 21 جلەکەی تۆی لەبەر دەکەم و بە کەمەربەندەکەی تۆ کەمەری توند دەکەم و دەسەڵاتی تۆ دەدەمە دەست ئەو و دەبێت بە باوک بۆ ئۆرشەلیم و بۆ بنەماڵەی یەهودا. 22 کلیلی ماڵی داود دەخەمە سەر شانی و ئەوەی دەیکاتەوە کەس دایناخات و ئەوەی دایدەخات کەس نایکاتەوە. 23 وەک سنگ دەیچەقێنم لە شوێنێکی چەسپاو و دەبێت بە تەختی شکۆمەندی بۆ بنەماڵەکەی. 24 هەموو شکۆمەندی بنەماڵەکەی بەوەوە هەڵدەواسن، چڵەکان و لقەکان، هەموو دەفرە بچووکەکان، لە دەفرە پەلەکانەوە هەتا دەفرە قووڵەکان.»
25 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بەڵام سەردەمێک دێت سنگە چەقاوەکە لە شوێنە چەسپاوەکە نامێنێت و دەشکێت و دەکەوێت، ئەو بارگرانییەی لەسەری بوو دەبڕدرێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
سروشێک سەبارەت بە شاری سور
23 سروشێک سەبارەت بە سور:
واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش!
چونکە سور کاول کراوە،
نە خانوو نە بەندەری بە ئێوەی نەماوە،
لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.
2 بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و
بازرگانانی سەیدا،
ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.
3 دانەوێڵەی شیحۆر
لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات،
داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە،
جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.
4 شەرمەزار بە ئەی سەیدا! چونکە دەریا گوتی،
قەڵای دەریا گوتی:
«نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو،
نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»
5 کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات،
بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.
6 بپەڕنەوە بۆ تەرشیش،
واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!
7 ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان،
ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە،
ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن
بۆ ئاوارە بوون؟
8 کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت،
ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون،
فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟
9 یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە
بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک،
بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.
10 ئەی دانیشتووانی تەرشیش،
زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن،
ئیتر بەندەر نەما.
11 یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و
شانشینەکان تۆقین.
لە دژی فینیکیا فەرمانی دا
بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.
12 فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت،
ئەی سەیدای کچە پاکیزە[n]، ئێستا پێشێل کراویت!
«هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە،
لەوێش حەوانەوەت نابێت.»
13 ئەوەتا خاکی بابلییەکان،
گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت!
ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان[o].
قوللەکانیان[p] دروستکرد،
قەڵاکانیان ڕووخاند،
کردیان بە کاولگە.
14 ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن،
چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.
15 لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:
16 «دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە
ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو!
باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ
بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»
17 جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات. 18 بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.
یەزدان زەوی وێران دەکات
24 ئەوەتا یەزدان زەوی چۆڵ دەکات،
بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت،
دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
2 کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت،
گەورە وەک کۆیلەکەی،
خانم وەک کەنیزەکەی،
کڕیار وەک فرۆشیار،
بەخشەر وەک وەرگر،
قەرزدەر وەک قەرزار.
3 زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و
بە تاڵان تاڵان دەکرێت،
یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
4 زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
جیهان داهێزرا و سیس بوو،
گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
5 زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو،
چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد،
فەرزەکانیان پێشێل کرد و
پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
6 لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و
دانیشتووانەکەی سزادران.
لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و
خەڵکێکی کەم مایەوە.
7 شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو،
هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
8 دەفی دەنگ خۆش کپ بوو،
هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە،
قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
9 بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە،
مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
10 شاری وێران تێکشکاوە،
هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
11 لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب
خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک،
دوورخرایەوە شادی زەوی.
12 ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و
لێدانی دەروازەش کاولییە.
13 چونکە ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی
لەنێو گەلان،
وەک داتەکاندنی دار زەیتوون،
وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
14 ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن،
بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
15 لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن،
لە دوورگەکانی دەریاشەوە
ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل.
16 لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو:
«شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!»
جا گوتم: «فەوتام! فەوتام!
قوڕبەسەرم!
ناپاکان ناپاکییان کرد!
ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
17 ترس و چاڵ و تەڵە
بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
18 ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت
دەکەوێتە چاڵەکەوە و
ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە
بە تەڵەکەوە دەبێت.
بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و
بناغەکانی زەوی هەژان.
19 زەوی بە شکان دەشکێت،
زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت،
زەوی بە لەقین دەلەقێت.
20 زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت،
جۆلانە دەکات وەک کەپر.
یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە،
دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.
21 لەو ڕۆژەدا یەزدان
سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و
لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
22 بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە
وەک دیل لە بەندیخانە و
لە گرتووخانە توند دەکرێن و
دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
23 مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت،
چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات
لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم،
شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.
ستایش بۆ یەزدان
25 ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت!
بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم،
چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە،
پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن،
بە دڵسۆزی چەسپاون.
2 چونکە شارت کاول کرد و
شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد،
قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە،
بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە.
3 لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن،
شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن.
4 چونکە بوویت بە پەناگای هەژار،
پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە،
چەتر لە لێزمەی باران و
سێبەر لە گەرما،
چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان
لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،
5 وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا.
هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت
وەک گەرما بە سێبەری هەور
گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت.
6 یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان
لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات،
خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان
مەی سادەی پاڵاوتە.
7 لەم کێوەدا لووشی دەدات
پەچەی سەر مردوو،
پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە،
هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە،
8 مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە.
یەزدانی باڵادەست سڕییەوە
فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان،
ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت
لە هەموو زەویدا،
چونکە یەزدان فەرمووی.
9 لەو ڕۆژەدا دەگوترێت:
«ئەوەتا ئەمە خودامانە،
چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین.
ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان کرد،
شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.»
10 چونکە دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت،
بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت
وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە.
11 جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە
وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە.
خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت
لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی.
12 قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە،
دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.
گۆرانییەک بۆ ستایش
26 لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:
شاری بەهێزمان هەیە،
خودا ڕزگاری دەکاتە
شوورا و سەنگەری.
2 دەروازەکان بکەنەوە
با نەتەوەی ڕاستودروست
پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
3 تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو
بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،
چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
4 هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،
چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
5 ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە،
شاری بەرزیش نەوی دەکات،
دەیدات بە زەویدا،
تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.
6 پێی هەژار،
هەنگاوی نەدار،
پێشێلی دەکات.
7 ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە،
ئەی ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.
8 ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت
چاوەڕێی تۆ دەکەین،
بۆ ناوەکەت و بۆ یادکردنەوەتە
ئارەزووی گیان.
9 گیانەکەم بە شەو ئارەزووت دەکەم،
هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت،
چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین،
دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.
10 بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت،
فێری ڕاستودروستی نابێت،
لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات،
شکۆی یەزدان نابینێت.
11 ئەی یەزدان بەرزی دەستت نابینن،
با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و
شەرمەزار بن،
با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.
12 ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ،
چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.
13 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
گەورەکانی دیکە، جیا لە تۆ بوون بە گەورەمان،
بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.
14 مردوون، زیندوو نابنەوە!
تارمایین، هەڵناستنەوە،
لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن،
هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.
15 بۆ نەتەوەت زیاد کرد ئەی یەزدان،
بۆ نەتەوەت زیاد کرد و
شکۆمەند بوویت،
هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.
16 ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت،
کاتێک تەمبێت کردن،
بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت.
17 وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە
لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت،
ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان.
18 سکپڕ بووین تلاینەوە
وەک ئەوەی بامان بووبێت.
لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و
کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو.
19 مردووەکانت زیندوو دەبنەوە،
لاشەکان هەڵدەستنەوە.
هەستن و گۆرانی بڵێن
ئەی دانیشتووانی خۆڵ،
چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە،
زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.
20 گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و
دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە،
بۆ ساتێک خۆت بشارەوە
هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت.
21 چونکە ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە
هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری.
زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات،
لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.
ڕزگاریی ئیسرائیل
27 لەو ڕۆژەدا،
یەزدان بە شمشێرە
ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی،
سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە،
لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە،
ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.
2 لەو ڕۆژەدا
«گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:
3 من یەزدانم، چاودێری ئەوم،
هەموو ساتێک ئاوی دەدەم.
نەوەک بەسەریدا بدرێت
بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم.
4 هەڵچوونم نییە.
کێ دەتوانێ لە جەنگدا دڕکوداڵ بخاتە بەرپێم؟
من پێشێلی دەکەم و دەیسووتێنم،
پێکەوە گڕیان تێ بەردەدەم.
5 بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من
لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت،
ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»
6 لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت،
ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات،
ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.
7 ئایا یەزدان لێیدان
بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟
یان ئەوەندەی لێ کوشتن
وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟
8 بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد،
ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی
لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.
9 لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت،
ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی
بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە
وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات،
نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر
بە پێوە نەمێنێت.
10 چونکە شاری قەڵابەند تەنهایە،
ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی،
لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و
لەوێ پاڵ دەداتەوە و
لقەکانی تێکدەدات.
11 کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و
ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن،
چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە،
لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و
شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.
12 لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە ئەی نەوەی ئیسرائیل. 13 لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.
قوڕبەسەری بۆ ئەفرایم
28 قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن!
قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت،
کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە.
قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!
2 ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە.
وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر،
وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ،
بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.
3 پێشێل دەکرێت
تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.
4 دەبێت بە گوڵی سیس بوو
جوانی شکۆمەندییەکەی،
ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە،
وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین،
ئەوەی دەیبینێت
هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.
5 لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار
دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و
تاجی شکۆمەندی
بۆ پاشماوەی گەلەکەی.
6 دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری
بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و
پاڵەوانیێتی
بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.
7 ئەمانیش بە شەراب گێژن و
بە مەی گومڕا بن:
کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن،
بە شەراب قووتدەدرێن،
بە مەی گومڕان،
کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن،
کوێرانە حوکم دەدەن.
8 چونکە هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و
هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.
9 دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟
پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟
بۆ لەشیربڕاوەکان،
یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟
10 وەک گغە گغ بۆ گغە گغ،
بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،[q]
کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»
11 کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ
قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.
12 بۆ ئەوانەی پێی گوتن:
«ئەمە حەسانەوەیە،
با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.»
بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.
13 جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە:
گغە گغ بۆ گغە گغ،
بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،
کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.
بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و
بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.
14 ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمە!
15 چونکە گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و
پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە،
کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت
لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە،
چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و
لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»
16 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
کە دەبێتە سەنگی مەحەک،
گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە[r] بۆ بناغەیەکی پتەو،
ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.
17 دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و
بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم،
جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و
پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.
18 پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و
پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت.
کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت،
ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.
19 هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات،
چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت
بە شەو و بە ڕۆژ.»
بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە
دەبێتە مایەی تۆقاندن.
20 چونکە دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و
لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.
21 چونکە یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا،
هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش
بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە!
بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!
22 ئێستا گالتەجاڕ مەبن،
نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت،
چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.
23 گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن،
گوێ بگرن و قسەم ببیستن.
24 ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت،
هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟
25 ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد،
تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و
گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و
جۆ لە شوێنی نیشانکراو،
گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟
26 جا بە دادوەری ڕێنمایی دەکات،
خودای خۆی فێری دەکات.
27 چونکە کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت،
چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت،
بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و
زیرەش بە گۆچان.
28 دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت،
هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت،
چەرخەی عەرەبانەکەی و
ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.
29 هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون،
ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.