Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 69:22-89:13

22 با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان،
    ببێتە سزا و تەڵەیان.
23 با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،
    هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.
24 هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە،
    با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ.
25 با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت،
    کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت!
26 چونکە ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و
    ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن.
27 تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان،
    بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت.
28 لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە،
    لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.

29 ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام،
    با ڕزگاریت بەرزم بکاتەوە.

30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
    بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
    لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
    ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
    بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.

34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
    دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
    شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36     دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
    ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، بۆ داود، بۆ یادکردنەوە.

70 ئەی خودایە، خێرابە بۆ دەربازکردنم،
    ئەی یەزدان، پەلە بکە لە یارمەتیدانم.

با شەرمەزار و سووک بن
    ئەوانەی گیانی منیان دەوێت،
با ببەزن و ڕیسوا بن
    ئەوانەی حەز بە خراپەی من دەکەن.
با هەڵبێن لە شەرمان
    ئەوانەی پێم دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
    شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت خودا!»
    ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.

بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
    خودایە، خێرا وەرە بۆ لام.
یارمەتیدەر و دەربازکەرم تۆی،
    ئەی یەزدان، دوامەکەوە.
71 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
    با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
    گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
    هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
    چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
    لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.

ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت،
    لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
    تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
    ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
بووم بە پەند لەلای زۆر کەس،
    بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
دەمم پڕە لە ستایشی تۆ،
    لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.

لە کاتی پیری فڕێممەدە،
    کە هێزم لەبەر نەما وازم لێمەهێنە.
10 چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن،
    ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
11 دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە،
    ڕاوی بنێن و بیگرن،
    چونکە دەربازکەری نییە.»
12 خودایە، لێم دوور مەکەوە،
    ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
13 با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن،
    با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن،
    ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.

14 بەڵام من هەمیشە هیوادارم،
    هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.

15 دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات،
    بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات،
    هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.
16 دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم،
    تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.
17 خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم،
    هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
18 خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم،
    وازم لێ مەهێنە،
هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم،
    هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.

19 خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە،
    ئەوەی تۆ کردت زۆر مەزنە.
    ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟
20 تۆ بووی تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام،
    دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە،
    لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.
21 مەزنێتیم زیاتر دەکەیت،
    دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.

22 ئەی خودای من،
    منیش بە ساز ستایشی دڵسۆزیت دەکەم،
ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
    بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.
23 لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن،
    کە گۆرانیت بۆ دەڵێم،
    هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.
24 زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات،
    چونکە شەرمەزار و سووک بوون،
    ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.

بۆ سلێمان.

72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
    ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
    بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
    گردەکان ڕاستودروستی.
با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
    کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
    زۆرداران وردوخاش بکات.
با وەک خۆر بمێنێت،
    وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
    وەک هەور زەوی ئاو بدات،
ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
    ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
    لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
    ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
10 پاشاکانی تەرشیش[a] و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
    پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
    هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.

12 چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات،
    چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
    گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
    خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.

15 تەمەن درێژ بێت!
    با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
    با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
16 با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
    لەسەر لووتکەی گردەکان،
بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
    با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
17 با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
    هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.

هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
    هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.

18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
    بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
    با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
            ئامین و ئامین.

20 لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.

کۆکراوەی بەشی سێیەم

زەبوورەکانی 73‏–89

زەبوورێکی ئاساف.

73 بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل،
    بۆ دڵپاکەکان.

بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و
    زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،
چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد،
    کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.

چونکە ترسیان لە مردن نییە،
    جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.
لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن،
    وەک خەڵکی تێناکەون.
بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و
    بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.
خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت،
    لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.
گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن،
    بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.
ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە،
    زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.
10 بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و
    باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن[c].
11 دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟
    ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»

12 ئەوەتا ئەمانە بەدکارن،
    هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.

13 بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە،
    دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.
14 بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو،
    هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.

15 ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد،
    ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.
16 کاتێک ویستم لەمە تێبگەم،
    بە ئەرکێکی سەختم بینی،
17 هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا،
    ئەوسا لە چارەنووسیان گەیشتم.

18 بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون،
    تووشی وێرانیت کردوون.
19 چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون،
    لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!
20 ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە،
    لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.

21 کاتێک دڵم تەنگ بوو،
    وەک شمشێر هەناومی بڕی،
22 گێل و نەزان بووم،
    لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.

23 لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم،
    دەستە ڕاستی منت گرت.
24 بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت،
    پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.
25 لە تۆ بەولاوە لە ئاسمان کێم هەیە؟
    ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.
26 جەستە و دڵم کۆتاییان پێهات،
    بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.

27 چونکە ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن،
    ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.
28 بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە،
    یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام،
    هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.

هۆنراوەیەکی ئاساف.

74 ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟
    بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟
کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە،
    هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە،
    ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.
هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی،
    هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.

ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان،
    ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.
لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە،
    لەسەر داری دارستانەکان.
بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند،
    هەموو نەخشێنراوەکان.
ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا،
    ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.
لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!»
    هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.

پەرجووەکانمان[d] نابینین و
    هیچ پێغەمبەرێک نەماوە،
    کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.
10 ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟
    ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟
11 بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟
    دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!

12 بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی،
    دروستکەری ڕزگاریت لەناوەڕاستی زەوی.

13 تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد،
    سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.
14 تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت[e] وردوخاش کرد،
    کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.
15 تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە،
    تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.
16 ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە،
    تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.
17 هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون،
    تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.

18 ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد،
    گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.
19 گیانی کۆترەکەت[f] مەدە زیندەوەرەکان،
    هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.
20 پەیمانی خۆت لەبیر بێت،
    چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.
21 ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە.
    با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.
22 ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە!
    لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.
23 قسەی دژەکانت لەبیر مەکە،
    ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.

75 ئەی خودایە، ستایشت دەکەین،
    ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە،
    خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.

تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم،
    بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
    منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.[g]
بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“
    بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
    بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»

چونکە نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
    نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
    ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
چونکە جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
    پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی
    لێی بخۆنەوە و تاوەکو خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.

بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
    گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
    هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.

76 لە یەهودا خودا ناسراوە،
    لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
کەپری لە شالیمە[h]،
    هەواری لە سییۆنە.
لەوێ تیرە گڕدارەکان و
    قەڵغان و شمشێر جەنگەکانی تێکشکاند.[i]

تۆ ڕەوشەنی،
    لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
    دوایین خەوی خۆیان نوستن،
    هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ،
    ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!

تۆ خۆت بەسامیت!
    لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
    زەوی ترسا و کپ بوو،
بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
    بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
10 چونکە تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
    خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.

11 نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
    ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
    دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
12 ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
    سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.

77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
    دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
    بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
    گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.[j]
پێڵووی چاوەکانمت گرت،
    شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،
    ساڵانی ڕابردوو.
شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:

«ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەت دەکەیتەوە؟
    چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟
    ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟
    یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»

10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:
    دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
    بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
    بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
    چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
    هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
    نەوەی یاقوب و یوسف.

16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
    کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
    بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
    هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
    هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
    بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
    زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
    ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
    شوێن پێیەکانت نەزانران.

20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
    وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.

هۆنراوەیەکی ئاساف.

78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
    گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
    مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
    ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
    بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
    هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی[k] دامەزراند،
    لەناو ئیسرائیل تەورات،
کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد
    کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت،
    ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن،
    ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت،
    کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ،
    بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.
بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن،
    نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق،
نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا،
    ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.

ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو،
    لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
10 پەیمانی خودایان شکاند،
    بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
11 کردارەکانی خودایان لەبیر کرد،
    ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
12 لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد،
    لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن[l].
13 دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە،
    وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
14 بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن،
    بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
15 لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان،
    ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
16 جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند،
    وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.

17 بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی،
    لە یاخیبوون لە دژی هەرەبەرز لە بیابان.
18 لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە
    بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
19 لە دژی خودا دوان، گوتیان:
    «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
20 ئەوەتا لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا،
    جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا!
ئایا دەتوانێت نانیش بدات و
    گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
21 کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو،
    ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب،
    هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
22 چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و
    پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
23 جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی،
    دەرگای ئاسمانی کردەوە،
24 مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و
    دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
25 مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد،
    ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
26 لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد،
    بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
27 وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند،
    وەک لمی دەریاکان پەلەوەڕی باڵدار.
28 باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان،
    لە دەوروبەری چادرەکانیان.
29 خواردیان و زۆر تیر بوون،
    ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
30 بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن،
    هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
31 تووڕەیی خودا لێیان هەستا،
    هەرە بەهێزەکانی کوشتن و
    باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.

32 لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە،
    بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
33 بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن،
    بە تۆقاندن ساڵانیان.
34 ئەگەر بیانکوژێت بەدوای دەکەون،
    بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
35 بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە،
    خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە[m].
36 بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن،
    بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
37 دڵیان لەلای ناچەسپێت،
    دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
38 ئەویش بەزەییدارە و
    لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت.
زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە،
    هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
39 بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن،
    بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.

40 چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون،
    لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
41 جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە،
    خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان ئەزیەت دا.
42 دەستی ئەویان لەبیرچوو،
    ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
43 ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا،
    لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
44 ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن،
    بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
45 مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان،
    بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
46 بەروبوومی ئەوانی دا بە سن،
    بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
47 بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و
    بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
48 گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و
    ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
49 گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا،
    بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
50 ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد،
    مردنی لێ نەگێڕانەوە،
    ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
51 لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا،
    یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام[n].
52 ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا،
    وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
53 بەبێ ترس بەرەو ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن،
    بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
54 بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز،
    ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستەی بەدەستیهێنا.
55 نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن،
    میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن،
    هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.

56 بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون،
    یاساکەیان شکاند.
57 هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد،
    وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
58 بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد،
    بە بتەکانیان ئیرەیی[o] ئەویان جۆشاند.
59 خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو،
    بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
60 چادری پەرستنی شیلۆی[p] بەجێهێشت،
    ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
61 سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست،
    هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
62 گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر،
    لە میراتەکەی تووڕە بوو.
63 گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین،
    کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
64 کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن،
    بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.

65 ئەوسا پەروەردگار وەک خەوتووێک هەستا،
    وەک پاڵەوانێک لە سەرخۆشی بەهۆش بێتەوە.
66 لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە،
    کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
67 خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە،
    هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
68 بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد،
    کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
69 وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا،
    وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
70 داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و
    لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
71 لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای،
    بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی،
    ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
72 ئەویش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن،
    بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.

زەبوورێکی ئاساف.

79 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ،
    پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە،
    ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان
    کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و
    گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن،
    کەس نەبوو بیاننێژێت.
بووین بە پەندی دراوسێکانمان،
    بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.

ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟
    هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن،
    بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە،
    نیشتیمانیان خاپوور کردووە.

گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە،
    با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت،
    چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە،
    لەبەر شکۆی ناوی خۆت.
دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە،
    لە پێناوی ناوی خۆت.
10 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
    «کوا خوداکەیان؟»

با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان
    تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە.
11 با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات،
    بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە
    ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە.
12 ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی
    دراوسێکانمان پێیان کردی،
    لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە.
13 ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ،
    هەتاهەتایە ستایشت دەکەین،
    نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.

80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
    ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[q]، بدرەوشێوە
    لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
    بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
    هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
    فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
    ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
    نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
خاکت بۆ ئامادە کرد،
    ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
    چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
11 لقی هەتا دەریا[r] هاویشت،
    پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[s].

12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
    تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
    زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
    لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
    ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
    ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
    بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
    لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
    بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[t]. بۆ ئاساف.

81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
    بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن،
    سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.

لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و
    لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان.
چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل،
    حوکمی خودای یاقوبە.
لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا،
    کە لە خاکی میسر دەریهێنا.

گوێمان لە زمانێکە کە تێنەگەیشتین:

«بارم لەسەر شانەکانی لادا،
    دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.
لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت،
    لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە،
    لە مێرگی مەریبا[u] تاقیم کردیتەوە.[v]
ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە.
    ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!
لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت،
    کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.
10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
    کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
    دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.

11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
    ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
    بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.

13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
    ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
    دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
    هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
    لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»

زەبوورێکی ئاساف.

82 خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
    لەنێو خوداوەندەکان[w] دادوەری دەکات.

«هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
    لایەنگری بەدکاران دەکەن؟ [x]
بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
    دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
فریای لاواز و نەداران بکەون،
    لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.

«نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن،
    هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.

«من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
    هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
    وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»

خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە،
    چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.

گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.

83 ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
    کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
    ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
    پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
    لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»

چونکە بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،
    لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان[y]،
    مۆئاب و هاجەرییەکان،
جوبەیل[z] و عەمۆن و عەمالێق[aa]،
    فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
هەروەها ئاشوریش[ab] چووەتە پاڵیان،
    بوونە بازووی بەهێزی نەوەی ڵوت[ac].[ad]

هەروەک چیت لە میدیان[ae] کرد ئاوایان لێ بکە،
    هەروەک چیت لە سیسرا[af] و یاڤین[ag]کرد لە ڕووباری قیشۆن[ah]،
10 کە لە کانی دۆر[ai] فەوتان،
    بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
11 گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ[aj] لێ بکە،
    هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و چەلموناع[ak]،
12 ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا
    دەکەینە موڵکی خۆمان.»

13 ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
    وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14 وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
    وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15 ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
    بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16 ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە،
    تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.

17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم،
    ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
    لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت[al]، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

84 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
    ماڵەکەت چەند خۆشە!
گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
    لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و
    پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا،
    بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
    هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.[am]

خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
    ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە[an]،
کە بە دۆڵی فرمێسک[ao] تێدەپەڕن،
    دەیکەنە کانیاو،
    پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
    تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
    خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
    سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت[ap] بکە.

10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
    لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
    نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.
11 چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
    یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
    ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.

12 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
    خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
    دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
    هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[aq]
هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە،
    لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.

ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە،
    تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟
    نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە،
    بۆ ئەوە گەلەکەت پێت شاد بێت؟
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە،
    ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.

ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
    چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
    بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
    بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.

10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
    ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[ar].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
    ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
    زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
    ڕێگای بۆ خۆش دەکات.

نوێژێکی داود.

86 ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە،
    من هەژار و نەدارم.
ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم،
    تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە،
    ئەوەی پشتی پێت بەستووە.
ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە،
    بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.
گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە،
    ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت،
    پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.
ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
    چونکە بە هاوارمەوە دێیت.

ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟
    کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟
ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون،
    دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و
    ناوت شکۆدار دەکەن.
10 چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە،
    هەر تەنها تۆ خودایت.

11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
    بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،
    دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
12 ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
13 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،
    گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.

14 ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،
    تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،
    تۆ لەبەرچاو ناگرن.
15 بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،
    پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
    هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
    کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
    بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
    ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.

زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک.

87 خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا،
    یەزدان دەروازەکانی سییۆنی
    لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت.

ئەی شاری خودا،
    بە شکۆمەندی باست کراوە:[as]
«ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم،
    خەڵکی ڕاهەب[at] و بابل لەنێویاندان،
لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش،
    سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت: ”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“»
دەربارەی سییۆن دەگوترێ: «ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و
    خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.»
یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات:
    «ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.»

سەماکەران گۆرانی دەڵێن:
    «هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.»

گۆرانییەک. زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. بەگوێرەی «ماحەلەت لعەنۆت»[au]. هۆنراوەیەکی هێیمانی ئەزراحی.

88 ئەی یەزدان، خودای ڕزگاریم،
    شەو و ڕۆژ بەرامبەر بە تۆ هاوارم کرد.
با نوێژەکانم بگاتە بەردەمت،
    گوێ بۆ هاوارم شل بکە.

چونکە گیانم پڕ خراپە بووە و
    ژیانم لە جیهانی مردووان نزیک بووەتەوە.
وەک ئەوانە دانراوم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان،
    وەک پیاوێکم لێهاتووە هێزی لەبەربڕابێت.
لەناو مردووان وازلێهێنراو،
    وەک کوژراوەکانی ناو گۆڕ ڕاکشاو،
ئەوانەی ئیتر یادیان ناکەیتەوە،
    ئەوانەی دەستت لێیان شوشتووە.

لەناو قووڵترین گۆڕ داتناوم،
    لەناو جەرگەی تاریکی، لە قووڵایی.
تووڕەییت قورسە بەسەرمەوە،
    شەپۆلەکانت ڕامدەماڵن.[av]
ناسیاوەکانمت لێ دوورخستمەوە،
    قێزم لێ دەکەنەوە.
گیراوم و دەربازبوونم بۆ نییە،
    بەهۆی ژێردەستەیی چاوم لە کزبوونە.

ئەی یەزدان، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم،
    دەستم لە تۆ پان دەکەمەوە.
10 ئایا کاری سەرسوڕهێنەر بۆ مردووان دەکەیت؟
    یان ڕۆحەکان هەڵدەستنەوە ستایشت بکەن؟
11 ئایا لەناو گۆڕ باسی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکرێت،
    یان لە لەناوچوون[aw] باسی دڵسۆزییەکەت؟
12 ئایا لە تاریکایی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەناسرێت،
    یان لە خاکی لەبیرچوون[ax] ڕاستودروستیت؟

13 ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
    بەیانییان نوێژم بەرەو ڕووت دێت.
14 ئەی یەزدان، بۆچی گیانم ڕەت دەکەیتەوە،
    ڕووی خۆتم لێ دەشاریتەوە؟

15 من لە منداڵییەوە کڵۆڵم و نزیکە مەرگم،
    بەرگەی ترسەکانی تۆم گرت و سەرم لێ شێوا.
16 تووڕەیی تۆ بەسەر مندا تێپەڕی،
    ترسی بەڵاکانی تۆ وێرانی کردم.
17 وەک لافاو بە درێژایی ڕۆژ دەوری داوم،
    لە هەموو لایەکەوە دەوری گرتووم.
18 دۆست و خۆشەویستەکانت لێ دوورخستمەوە،
    تاریکی بووە بە نزیکترین هاوڕێم.

هۆنراوەیەکی ئێیتانی ئەزراحی[ay].

89 هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم،
    نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم.
هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت،
    لەناو ئاسمان دڵسۆزیت دەچەسپێت.
فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە،
    سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە،
”هەتاهەتایە وەچەت دەچەسپێنم،
    نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“»[az]

ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات،
    هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش[ba] دڵسۆزیت.
چونکە لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟
    لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟
خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە،
    لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.
ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟
    تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.

دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە،
    کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.
10 وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت[bb] پان کردەوە،
    بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.
11 ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش،
    گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.
12 باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون،
    تابۆر[bc] و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.
13 بازووت هەیە لەگەڵ توانا،
    دەستت بەهێزە، دەستە ڕاستەت بەرزە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.