Bible in 90 Days
19 داری ئورز و ئەکاسیا[a] و مۆرد[b] و زەیتوون
لە چۆڵەوانی دەڕوێنم،
داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە
لە بیابان دادەنێم،
20 بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و
سەرنج بدەن و تێبگەن
کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»
21 یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.»
پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.
22 بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن
ئەوەی ڕوودەدات.
ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن،
با مێشکمان بخەینە سەری و
بزانین کۆتاییەکەیان چییە.
یان داهاتوومان پێ بڵێن،
23 ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن
بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن،
هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە،
هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.
24 بەڵام ئێوە هیچن و
کارەکانتان لە هیچ کەمترن،
قێزەون ئێوە هەڵدەبژێرێت.
25 «لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات.
لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات،
بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا،
وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.
26 کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین،
پێش وەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“
بێگومان ڕاگەیەنەر نییە،
بێگومان بەگوێدادەر نییە،
بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.
27 سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“
بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.
28 بینیم کەس نییە،
ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە
هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.
29 تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن!
کارەکانیان هیچ نین،
بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.
بەندەی یەزدان
42 «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
2 هاوار ناکات و دەنگی بەرز ناکاتەوە و
لە شەقامدا نابیسترێت.
3 قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت
پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
4 نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
تاکو ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»
5 خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
ئەمە دەفەرموێت:
6 «من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
7 بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.
8 «من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
9 ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
من پێتانی دەڵێم.»
گۆرانی ستایش بۆ یەزدان
10 ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان،
دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان،
گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.
11 با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە،
گوندەکانی نشینگەی قێدار.
با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن،
لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.
12 با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن،
لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.
13 یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە،
وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت،
هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت،
بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.
14 «زۆر دەمێکە کپ بووم،
بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت.
بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم،
هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.
15 چیا و گردەکان تێکدەدەم،
هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم.
ڕووبار دەکەمە دوورگە و
گۆلاوەکان وشک دەکەم.
16 نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن،
بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن،
تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی،
ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ.
ئەم شتانە دەکەم و
بەجێیان ناهێڵم.
17 بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن،
ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“
بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.
ئیسرائیلی کوێر و کەڕ
18 «ئەی کەڕەکان گوێ بگرن!
ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!
19 کێ کوێرە تەنها بەندەکەم[c] نەبێت،
یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟
کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و
کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟
20 زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە،
گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»
21 یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی،
فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.
22 بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە
هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە،
لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە،
بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت،
ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»
23 کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت
گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟
24 کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و
ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟
ئایا یەزدان نییە
کە گوناهمان دەرهەقی کرد و
نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و
گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟
25 ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن،
بە جەنگێکی سەخت،
لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی،
سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.
تاکە ڕزگارکەری ئیسرائیل
43 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب،
شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل:
«مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە،
بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
2 کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام،
بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن.
بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت،
بڵێسەش ناتسووتێنێت،
3 چونکە من یەزدانم، خودای تۆم،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ.
میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ،
کوش و سەبا لە جێی تۆ.
4 لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام،
سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت،
لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم،
لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
5 مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام.
لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و
لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
6 بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و
بە باشووریش: ”مەیانگرە!“
کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و
کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
7 هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن،
بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون،
شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»
8 دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە،
کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.
9 با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە،
با نەتەوەکان خڕ ببنەوە.
کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و
سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟
با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن،
یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»
10 یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن،
بەندەی هەڵبژاردەم،
بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و
تێبگەن کە من ئەوم،
پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و
پاش منیش نابێت.
11 منم، منم یەزدان،
لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.
12 من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند،
منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت.
ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لەو ڕۆژەوە من ئەوم،
کەس لە دەستم دەرباز نابێت.
هەرچی بکەم کێ دەیگەڕێنێتەوە؟»
بەزەیی خودا و بێوەفایی ئیسرائیل
14 یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
«لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و
هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم،
بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون.
15 منم یەزدان، پیرۆزەکەتان،
بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.»
16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە،
لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە،
17 ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد،
سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە،
کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە، دەفەرموێت:
18 «باسی سەرەتاکان مەکەن،
لە دێرینەکان ڕامەمێنن.
19 ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم!
ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟
لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و
لە بیابان ڕووبارەکان.
20 ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن،
چەقەڵ و کوندەپەپوو،
چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە،
ڕووبارەکان لە بیاباندا
بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،
21 ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە
باسی ستایشم دەکەن.
22 «بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب،
لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.
23 بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا،
بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم.
بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت،
بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.
24 بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم،
بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم،
بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم،
بە تاوانەکانت ماندووت کردم.
25 «منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە،
لە پێناو خۆم،
گوناهەکانیشت بەبیر خۆمی ناهێنمەوە.
26 بەبیرم بخەرەوە،
با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن،
بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە.
27 باوکی یەکەمت گوناهی کرد و
پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون.
28 لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و
یاقوب دەدەمە قڕکردن[d] و
ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.
ئیسرائیلی هەڵبژێردراو
44 «ئێستا یاقوبی بەندەم،
ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
2 دروستکەر، یارمەتیدەرت،
شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
مەترسە یاقوبی بەندەم،
یەشوروونی[e] هەڵبژاردەم،
3 چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و
لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا،
ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و
بەرەکەتم بەسەر توخمت.
4 جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن
وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
5 ئەمەیان دەڵێت: ”من سەر بە یەزدانم،“
ئەویان بە ناوی یاقوب بانگ دەکرێت،
ئەمیان لەسەر دەستی دەنووسێت: ”بۆ یەزدانە“ و
بە ناوی ئیسرائیلەوە نازناوی لێ دەنرێت.
یەزدان، نەک بت
6 «یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە،
یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
من سەرەتا و من کۆتاییم،
لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.
7 کێ وەک منە؟ با بانگەواز بکات،
با ڕایبگەیەنێت و بیخاتە بەردەمم
لەو کاتەوەی گەلی دێرینم داناوە و
داهاتووەکان و ئەوەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت،
با پێیان ڕابگەیەنن.
8 مەتۆقن و مەترسن.
ئەی لە کۆنەوە پێم نەگوتوویت و پێم ڕانەگەیاندوویت؟
ئێوە شایەتی منن، ئایا لە من بەولاوە خودای دیکە هەیە؟
هیچ تاشەبەردێکی دیکە نییە، من نەمناسیبێت.»
9 شێوەکێشەکانی بت هەموو پووچن،
شتە ئارەزوو بەخشەکانیان بێ سوودن.
شایەتیدەری خۆیانن کە نابینن و
نازانن، لەبەر ئەوە شەرمەزار دەبن.
10 کێ شێوەی خودایەکی کێشاوە
یان بتێکی داڕشتووە بەبێ سوود؟
11 ئەوەتا هەموو هاوڕێیەکانی شەرمەزار دەبن.
وەستاکانی لە مرۆڤن،
هەموو کۆدەبنەوە و ڕادەوەستن،
پێکەوە دەتۆقن و شەرمەزار دەبن.
12 ئاسنگەر بە ئامێرەکانی
پارچە ئاسن لەناو خەڵووز سوور دەکاتەوە.
بە چەکوش شێوەی دەکات،
بە هێزی بازووی دروستی دەکات.
برسی دەبێت هێزی نییە،
ئاوی نەخواردووەتەوە و ماندوو بوو.
13 دارتاش گوریسی پێوانەی ڕاکێشا،
نیشانی کرد بە نیشانکەر،
بە ئەسکەنە دروستی دەکات.
بە پرگال وێنەی دەکێشێت،
جا وەک شێوەی پیاو دروستی دەکات،
وەک جوانی مرۆڤ
بۆ ئەوەی لە نزرگە جێگیر بێت.
14 دار ئورزی بۆ خۆی بڕییەوە،
یان داری سەروو یاخود داری بەڕووی برد،
بەجێی هێشت کە لەنێو دارەکانی دارستان گەشە بکات،
یاخود دار سنەوبەرێکی ڕواند و باران گەورەی کرد.
15 جا بۆ مرۆڤ دەبێت بۆ سووتاندن،
لێی دەبات و گەرم دەبێتەوە،
دایدەگیرسێنێت و نانی پێ دەبرژێنێت.
بەڵام خوداوەندێکیش دروستدەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات،
دەیکات بە پەیکەر و ڕوو لە زەوی دەکات بۆی.
16 نیوەی بە ئاگر دەسووتێنێت،
لەسەر نیوەی خواردن ئامادە دەکات،
گۆشت دەبرژێنێت و تێردەبێت.
هەروەها گەرم دەبێتەوە و دەڵێت: «ئەها!
گەرم بوومەوە، ئاگرم بینی.»
17 پاشماوەکەشی خوداوەندێکی لێ دروستکرد، بتە داتاشراوەکەی،
ڕوو لە زەوی دەکات بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبات.
نوێژی بۆ دەکات و دەڵێت:
«ڕزگارم بکە، چونکە تۆ خودای منی.»
18 نازانن و تێناگەن،
چونکە چاوەکانیان داخراوە لە بینین و
مێشکیان لە تێگەیشتن.
19 لە دڵی خۆیدا بیری لێ ناکاتەوە و
زانین و تێگەیشتنی نییە
هەتا بڵێت: «بە نیوەی ئاگرم خۆشکرد،
بە پشکۆیەکەشی نان و گۆشتم برژاند و خواردم.
ئەو کاتە پاشماوەکەی بکەم بە قێزەون،
بۆ قەدی دارێک ڕوو لە زەوی بکەم؟»
20 لەسەر خۆڵەمێش دەلەوەڕێت، دڵی هەڵخەڵەتا و چەواشەی کرد.
گیانی خۆی ڕزگار ناکات،
ناڵێت: «ئایا ئەمە درۆ نییە لە دەستە ڕاستم؟»
21 «ئەمەت لەبیر بێت، ئەی یاقوب،
ئەی ئیسرائیل، چونکە تۆ بەندەی منیت،
شێوەی تۆم کێشا، تۆ بەندەی منیت.
ئەی ئیسرائیل، لەبیرم ناچیت.
22 یاخیبوونەکانی تۆم وەک هەوری تار سڕییەوە،
گوناهەکانیشت وەک تەمی بەیانییان.
بگەڕێوە بۆ لام،
چونکە تۆم کڕییەوە.»
23 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، چونکە یەزدان ئەمەی کرد؛
ئەی ناخی زەوی، هاوار بکەن!
هاواری خۆشی بکەن، ئەی چیاکان،
ئەی دارستان و هەموو دارێک کە تێیدایە،
چونکە یەزدان یاقوبی کڕییەوە و
لە ئیسرائیل شکۆدارە.
ئاوەدانی ئۆرشەلیم
24 «یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
ئەمە دەفەرموێت:
«من یەزدانم،
دروستکەری هەموو،
بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە،
زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،
25 نیشانەی پێغەمبەرانی درۆزنم پوکاندەوە،
فاڵگرەوەم گێل کرد.
دانام گەڕاندەوە دواوە،
زانینەکەی ئەوانم کردە نەزانی.
26 وشەی خزمەتکارەکەی بەجێدەهێنێت،
پلانی نێردراوەکانی تەواو دەکات،
سەبارەت بە ئۆرشەلیم دەڵێت: ”ئاوەدان دەبێتەوە،“
بە شارۆچکەکانی یەهوداش: ”بنیاد دەنرێنەوە،“
سەبارەت بە کەلاوەکانیش: ”نۆژەنیان دەکەمەوە،“
27 بە دەریا دەڵێت: ”وشک بە،
منیش ڕووبارەکانت وشک دەکەم،“
28 سەبارەت بە کۆرش[f] دەڵێت: ”ئەو شوانی منە،
هەموو ئەوەی دڵم پێی خۆشە دەیهێنێتە دی.
کۆرشیش سەبارەت بە ئۆرشەلیم دەڵێت: ’با بنیاد بنرێتەوە،‘
بە پەرستگاش دەڵێت: ’با دابمەزرێتەوە.‘“»
45 «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،
ئەوەی دەستە ڕاستیم گرت
بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و
پاشایان چەک بکەم،
بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و
دەرگاکان دانەخرێن:
2 ”من لەپێشتەوە دەڕۆم و
تەپەکان تەخت دەکەم،
دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و
شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.
3 گەنجینەکانی تاریکی و
خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،
هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل،
ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.
4 لەبەر یاقوبی بەندەم و
ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،
بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و
نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی
هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.
5 من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،
بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،
بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم.
6 بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن
کە بێجگە لە من کەس نییە.
من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
7 شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،
دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،[g]
من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“
8 «ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،
با هەورەکان بیپرژێنێت.
با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە
ڕزگاری بەر بگرێت و
ڕاستودروستی سەرهەڵبدات،
من یەزدانم بەدیم هێنا.
9 «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،
پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.
ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت: ”چی دروستدەکەیت“
یان ئیشەکەت: ”دوو دەستی نییە“؟
10 قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:
”چ منداڵێکت خستەوە؟“
بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“
11 «یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،
ئەمە دەفەرموێت:
دەربارەی ئەوانەی دێت،
ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم بپرسن،
سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامبسپێرن؟
12 من زەویم دروستکرد و
مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.
دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و
هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.
13 من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و
هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.
ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و
ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات
بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و
سەبئییە باڵا بەرزەکان
بۆ لای ئێوە[h] دەپەڕنەوە و
بۆ ئێوە دەبن.
لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و
دەپەڕنەوە بۆ لاتان.
کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و
لە ئێوە دەپاڕێنەوە:
”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،
خودای دیکە نییە.“»
15 بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،
خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.
16 هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،
17 بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،
بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.
شەرمەزار و ڕیسوا نابن
هەتاهەتایە.
18 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەری ئاسمان،
ئەو خودایە،
شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،
ئەو دایمەزراند.
بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،
بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،
دەفەرموێت:
«من یەزدانم و
یەکێکی دیکە نییە.
19 لە پەناوە قسەم نەکرد،
لە شوێنێکی تاریکی زەوی.
بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،
”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“
من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم،
بە ڕاستودروستی ڕایدەگەیەنم.
20 «کۆببنەوە و وەرن،
ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش.
نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان،
ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.
21 ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.
با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.
لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،
لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟
ئایا منی یەزدان نەبوو؟
بێجگە لە من هیچ خودایەک بێت،
خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر
بێجگە لە من نییە.
22 «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،
ئەی هەموو لایەکانی زەوی،
چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
23 سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،
ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،
وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،
کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،
هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.
24 سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز
تەنها بە یەزدانە.“»
هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە
بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،
25 بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل
بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.
خوداوەندەکانی بابل
46 بێل[i] چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە،
بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ.
ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون،
بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.
2 هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا،
نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و
ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.
3 «ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە،
لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.
4 هەتا پیریش بن هەر من ئەوم،
هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم.
من دروستم کردوون و ئێوە باری منن،
هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.
5 «بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و
هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟
6 ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و
زیویش بە تەرازوو دەکێشن،
زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک،
ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.
7 دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن،
لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت،
لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە.
هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە،
لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.
8 «ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە!
ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە.
9 سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە،
بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە،
خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.
10 لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە،
لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە.
فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت،
هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“
11 داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم،
لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت.
فەرمووم و ئەنجامی دەدەم،
دامڕشتووە و دەیکەم.
12 ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن،
ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.
13 ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە،
دوور ناکەوێتەوە و
ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت.
ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم،
بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.
کەوتنی بابل
47 «دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە،
ئەی بابلی کچە پاکیزە[j].
بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە،
کچی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
ناسک و نازدار.
2 دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە،
عەبات فڕێبدە،
دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە،
لە ڕووبارەکان بپەڕەوە.
3 ڕووتیت دەردەکەوێت،
هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت.
تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و
لە کەس نابوورم.»
4 ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
5 «بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە،
شاری شاهانەی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
شاژنی شانشینەکان.
6 تووڕە بووم لە گەلی خۆم و
میراتی خۆمم گڵاوکرد.
ئەوانم دا بە دەست تۆوە،
تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت.
تەنانەت لەسەر پیرەکانیش
نیری[k] خۆتت زۆر قورس کرد.
7 گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە
دەبمە شاژن!“
بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە،
بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە.
8 «ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی،
ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی،
ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
”هەر خۆم و بەس!
نە بێوەژن دەبم و
نە سک سووتاوی دەزانم.“
9 لەپڕ لە یەک ڕۆژدا
ئەم دووانەت بەسەردێت،
سک سووتان و بێوەژنیێتی.
بە تەواوی بەسەرت دێت،
سەرەڕای زۆری جادووگەری و
سەرەڕای لە ڕادەبەدەری نوشتە کردنت.
10 پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و
گوتت: ”کەس نامبینێت.“
داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا،
لە دڵی خۆتدا گوتت:
”هەر خۆم و بەس.“
11 خراپەیەکت بەسەرهاتووە،
سەرهەڵدانەکەی نازانیت،
بەڵایەکت بەسەردێت.
ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە،
لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت
پێی نازانیت.
12 «جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و
بە زۆری جادووگەریت،
ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت،
بەڵکو سوودی هەبێ بۆت،
بۆ ئەوەی بیانترسێنیت!
13 هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت!
با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە،
ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و
چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و
مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن،
با ئەوانە ڕزگارت بکەن
لەوەی بەسەرت دێت.
14 ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت،
ئاگر دەیانسووتێنێت.
لە دەست بڵێسە
فریای گیانی خۆیان ناکەون.
ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە،
ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە.
15 ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و
پێیانەوە ماندوو بوویت،
بەو دەردە دەچن.
هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت،
کەس نییە ڕزگارت بکات.
کەللەڕەقی ئیسرائیل
48 «گوێ لەمە بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
ئێوە پێتان دەگوترێت ئیسرائیل،
ئێوە لە پشتی یەهوداوە دەرچوون،
ئێوە بە ناوی یەزدانەوە سوێند دەخۆن،
ناوی خودای ئیسرائیل دەهێنن،
بەڵام نەک بە دڵسۆزی و نەک بە ڕاستودروستی،
2 بە خۆتان دەڵێن، خەڵکی شاری پیرۆز و
خۆتان دەدەنە پاڵ خودای ئیسرائیل
کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە:
3 سەرەتاکانم لە کۆنەوە ڕاگەیاندووە،
لە دەمی منەوە هاتوونەتە دەرەوە و وام کرد ببیسترێن،
لەپڕ کردم و ڕوویان دا.
4 چونکە دەمزانی ئێوە کەللەڕەقن و
ملتان دەماری ئاسنینە و
ناوچەوانتان بڕۆنزە.
5 لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن،
وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت،
نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی،
خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“
6 ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی.
ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟
«وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت،
ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.
7 ئێستا بەدیهێنران، لە کۆنەوە نەبوون،
بەر لە ئەمڕۆ نەتانبیستبوون
نەوەک بڵێن،
”ئەوەتا دەمانزانی.“
8 هەروەها نە گوێتان لێ بوو نە زانیشتان،
لە کۆنەوەش گوێت نەکردەوە.
باش دەزانم چۆن بە تەواوی ناپاکی دەکەن،
لەناو سکی دایکتانەوە پێتان گوترا: ”یاخی.“
9 لە پێناوی ناوی خۆم تووڕەییەکەم دواخست،
لە پێناوی ستایشم دانبەخۆمدا دەگرم،
نەوەک بتانبڕمەوە.
10 ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو،
لەناو کوورەی ئازار چێژتن تاقیم کردنەوە.
11 لە پێناوی خۆم، لە پێناوی خۆم دەیکەم،
چونکە چۆن ناوی من گڵاو بکرێت؟
شکۆمەندیم بە یەکێکی دیکە نادەم.
دەربازکردنی ئیسرائیل
12 «ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئەی ئیسرائیل، بانگم کردن.
ئەوە منم،
من سەرەتا و من کۆتاییم.
13 دەستی من زەوی دامەزراند،
دەستە ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە.
کاتێک من بانگیان دەکەم،
پێکەوە دەوەستن.
14 «هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن!
کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟
هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان،[l]
هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات،
بازووشی لە دژی کلدانییەکان دەبێت.
15 من، من قسەم کرد و بانگم کرد،
هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.
16 «وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن:
«لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد،
لە کاتی ڕوودانی من لەوێم.»
ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد
لەگەڵ ڕۆحی خۆی.
17 یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
ئەمە دەفەرموێت:
«من یەزدانی پەروەردگارتانم،
فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن،
بە ڕێگایەکدا دەتانبەم هەتا بیگرنەبەر.
18 خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت،
جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو،
ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.
19 توخمتان وەک لم دەبوو،
وەچەتان وەک دەنکی لم،
ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و
نە لەناودەچوو.»
20 لە بابل بچنە دەرەوە،
لە بابلییەکان هەڵبێن!
بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن،
جاڕی ئەمە بدەن.
بەڕێی بخەن هەتا ئەوپەڕی زەوی،
بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»
21 تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی،
لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن،
تاشەبەردی شەق کرد و
ئاو تەقییەوە.
22 یەزدان دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»
بەندەی یەزدان
49 ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن،
ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن:
یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم،
لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم.
2 دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ،
لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە،
منی کردە تیرێکی تیژکراو،
لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە.
3 بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت،
ئیسرائیل، ئەوەی لەنێویاندا شکۆدار دەبم.»
4 منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم،
لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت،
بەڵام دادم لەلای یەزدانە و
پاداشتم لای خودامە.»
5 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا،
بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی،
تاوەکو یاقوب بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو،
ئیسرائیلیش بچنە پاڵ ئەو،
جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و
خوداشم دەبێتە هێزم،
6 ئەو دەفەرموێت:
«کەمە کە بەندەی من بیت
بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و
بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست،
بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان
تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت[m].»
7 یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت:
بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە،
بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان:
«پاشایان دەبینن و هەڵدەستن،
میرانیش کڕنۆش دەبەن،
لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و
لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»
گەڕانەوەی ئیسرائیل
8 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم،
جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل،
بۆ بوژاندنەوەی زەوی،
بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان،
9 بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“
بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“
«لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن،
لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن.
10 نە برسی دەبن و نە تینوو،
نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر،
چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە ڕێنماییان دەکات و
بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.
11 هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و
ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە.
12 ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و
ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و
ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.»
13 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە،
ئەی زەوی، شادمان بە!
چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و
بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.
14 بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم!
پەروەردگار لەبیری کردم.»
15 «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات،
یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟
تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات،
بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم.
16 ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە،
هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.
17 کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە،
ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە.
18 چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە!
هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.»
یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت،
وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە.
19 «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و
خاکەکەشت ڕووخێنرا،
بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان،
لووشدەرانت دوور دەکەونەوە.
20 ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت
کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن:
”ئەم جێیە تەنگە بۆمان،
جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“
21 لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
”کێ ئەمانەی بۆم بوون
کە من سک سووتاو و نەزۆکم،
دوورخراوە و دەربەدەرم؟
ئەی کێ بەخێوی کردن؟
ئەوەتا من بە تەنها مابووم،
ئەمانە لەکوێ بوون؟“»
22 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە،
بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەم،
جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و
کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن.
23 پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن،
شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ،
ڕوویان لە زەوی دەبێت،
کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە،
ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.»
24 ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟
ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟
25 بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت،
دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت.
من دژایەتی دژەکانت دەکەم و
من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم.
26 بە ستەمکارانت گۆشتی خۆیان دەرخوارد دەدەم و
وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش دەبن.
جا هەموو مرۆڤ دەزانێت
من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم،
ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.»
گوناهی ئیسرائیل و ملکەچی بەندە
50 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«کوا تەڵاقنامەی دایکتان
ئەوەی کە من بەڕەڵام کرد پێی؟
یان کێیە لە خاوەن قەرزەکانم
ئەوەی ئێوەم پێی فرۆشتووە؟
ئەوەتا لەبەر تاوانەکانتان فرۆشران،
لەبەر یاخیبوونەکانتان دایکتان بەڕەڵا کرا.
2 بۆچی هاتم و کەس نەبوو؟
بانگم کرد و کەس وەڵامی نەدایەوە؟
ئایا دەستکورت بووم لە کڕینەوە،
یان توانای ئەوەم تێدا نییە فریا بکەوم؟
ئەوەتا بە ڕاخوڕینم دەریا وشک دەکەم،
ڕووبارەکان دەکەم بە چۆڵەوانی،
لەبەر بێ ئاوی ماسییەکانی بۆگەن دەبن،
لە تینووان دەمرن.
3 تاریکی دەکەمە بەر ئاسمان،
گوش دەکەم بە پۆشاکی.»
4 یەزدانی باڵادەست زمانی فێربووانی پێم بەخشی
بۆ ئەوەی بزانم کە چۆن بە قسە یارمەتی ماندوو بدەم.
هەموو بەیانییەک بەخەبەرم دەهێنێتەوە،
گوێی من بەئاگا دەهێنێت
بۆ سەرنجدان وەک قوتابی.
5 یەزدانی باڵادەست گوێیەکانی منی کردەوە،
منیش یاخی نەبووم،
بەرەو دوا هەڵنەگەڕامەوە.
6 پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن،
ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە.
ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە
گاڵتە پێکردن و تف لێکردن.
7 چونکە یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
ڕیسوا نابم،
لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد،
دەزانم شەرمەزار نابم.
8 ئەوەی بێتاوانم دەکات نزیکە،
کێ سکاڵا لە من دەکات؟
با پێکەوە ڕابوەستین،
کێ خاوەنی سکاڵایە لە دژی من؟
با لێم بێتە پێش!
9 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
ئیتر کێ تاوانبارم دەکات؟
ئەوەتا هەموویان وەک کراس دادەڕزێن،
مۆرانە دەیانخوات.
10 کێ لە ئێوە لە یەزدان دەترسێت و
گوێڕایەڵی بەندەکەی دەبێت؟
ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات و
ڕووناکی نابینێت،
با پشت بە ناوی یەزدان ببەستێت و
پاڵ بداتە پاڵ خودای خۆی.
11 بەڵام ئەی هەموو ئەوانەی ئاگر دەکەنەوە،
مەشخەڵ داگیرسێنن،
بڕۆن بە ڕووناکی ئاگرەکەی خۆتان و
بەو مەشخەڵانەی داتانگیرساند.
لە دەستی منەوە ئەمەتان بۆ دەبێت
لەناو ئازاردا ڕادەکشێن.
ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ ئیسرائیل
51 «ئەی ئەوانەی دوای ڕاستودروستی کەوتوون، گوێم لێ بگرن،
ئەی ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن:
تەماشای ئەو تاشەبەردە بکەن کە لێوەی بڕاون و
کونی ئەو چاڵەی لێوەی هەڵکەنراون،
2 تەماشای ئیبراهیمی باوکتان بکەن و
سارا ئەوەی ئێوەی بووە،
چونکە کە بانگم کرد تەنها یەک کەس بوو،
بەرەکەتدارم کرد و زۆرم کرد.
3 بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات،
دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات.
چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و
شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان.
شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە،
سوپاس و دەنگی مۆسیقا.
4 «ئەی گەلی من، گوێم لێ بگرن،
ئەی نەتەوەکەم، گوێم بۆ شل بکەن،
چونکە فێرکردن لەلای منەوە دەردەچێت و
دادپەروەریم بۆ ڕووناکی گەلان دەچەسپێنم.
5 ڕاستودروستیم نزیکە،
ڕزگاریم بەڕێوەیە،
بازووی من دادوەری بۆ گەلان دەکات.
دوورگەکان چاوەڕێی منن،
هیوایان بە بازووی منە.
6 چاوتان بۆ ئاسمان هەڵبڕن و
لە ژێرەوە سەیری زەوی بکەن،
چونکە ئاسمان وەک دووکەڵ دەڕەوێتەوە و
زەوی وەک جل دادەڕزێت و
دانیشتووانەکەی وەک مێشوولە دەمرن.
بەڵام ڕزگاریی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت،
ڕاستودروستیشم هەرگیز ناڕووخێت.
7 «ئەی ئەوانەی ڕاستودروستی دەزانن، گوێم لێ بگرن،
ئەی ئەو گەلەی فێرکردنەکەم لەناو دڵیانە:
مەترسن لەوەی خەڵکی گاڵتەتان پێ بکەن،
لە جنێوەکانیان مەتۆقن.
8 چونکە وەک کراس مۆرانە دەیانخوات و
وەک خوری کرم لێیان دەدات،
بەڵام ڕاستودروستی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت و
ڕزگاریشم بۆ نەوەی نەوەکان.»
9 بەئاگا بە، بەئاگا بە! هێز لەبەر بکە،
ئەی بازووی یەزدان،
بەئاگا بە وەک لە ڕۆژگارە دێرینەکان،
وەک لە سەردەمانی پێشوو!
ئایا تۆ نەبوویت کە ڕەهەڤت لەتکرد،
کە ئەو ئەژدیهایەت بە سەختی پێکا؟
10 ئایا تۆ نەبوویت دەریات وشک کرد،
ئاوی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[n]،
ئەوەی قووڵایی دەریای کردە ڕێگا
بۆ پەڕینەوەی ئەوانەی کڕاونەتەوە؟
11 جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە،
بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن،
شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە.
خۆشی و شادی پێیان دەگەن و
ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.
12 «منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم.
تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت،
یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟
13 تۆ کێیت هەتا یەزدان لەیاد بکەیت کە دروستی کردوویت،
کە ئاسمانی لێککردووەتەوە و
زەوی دامەزراندووە،
کە بەردەوام هەموو ڕۆژێک زەندەقت چووە
لە تووڕەیی تەنگاوکەر،
کە ئامادەی کردووە بۆ لەناوبردن؟
بەڵام کوا تووڕەیی تەنگاوکەر؟
14 بەم نزیکانە گەلە دیلەکە ئازاد دەکرێن،
لەناو زیندان نامرن،
نانیان کەم نابێت،
15 چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
ئەوەی دەریا دەهەژێنێت و شەپۆلەکانی دەوروژێنێت،
ناوم یەزدانی سوپاسالارە.
16 من وتەکانم خستووەتە دەمی تۆوە و
بە سێبەری دەستم تۆم شاردووەتەوە،
من کە ئاسمانم چاند و
کە زەویم دامەزراند،
کە بە سییۆن بڵێم: ”تۆ گەلی منیت.“»
جامی تووڕەیی یەزدان
17 بەئاگا بە! بەئاگا بە!
ئۆرشەلیم هەستە!
ئەوەی جامی تووڕەییت
بە دەستی یەزدان خواردەوە،
خڵتی جامی بەلاداهاتنت
خواردەوە و چۆڕاندتەوە.
18 کەس نییە ڕێنمایی بکات
لە هەموو ئەو کوڕانەی بۆی لەدایک بوون،
کەس نییە دەستی بگرێت
لە هەموو ئەو کوڕانەی بەخێوی کردن.
19 کارەساتەکان بە جووت بە پیرتەوە هاتوون،
کاولبوون و وردوخاشبوون، قاتوقڕی و شمشێر.
کێ دەتوانێت بۆت بلاوێنێتەوە؟
کێ دەتوانێت دڵنەواییت بکات؟
20 کوڕەکانت گڕمۆڵە بوون و ڕاکشان
لەسەر سووچی هەموو شەقامێک
وەک ئاسک لەناو تۆڕدا.
پڕن لە تووڕەیی یەزدان و
لە سەرزەنشتی خودات.
21 لەبەر ئەوە ئێستا گوێ لەمە بگرە ئەی زەلیلەکە،
ئەی سەرخۆش، بەبێ شەراب سەرخۆش بوویت.
22 یەزدانی باڵادەستت ئەمە دەفەرموێت،
خوداکەت کە پشتگیری گەلەکەی خۆی دەکات:
«ئێستا ئەو جامە لە دەستت دەبەم کە وا دەکات بەلادابێیت،
لەمەودوا لەو جامەی کە جامی تووڕەیی منە ناخۆیتەوە.
23 دامە دەست ئەشکەنجەدەرانت،
ئەوانەی بە گیانی تۆیان گوت:
”بچەمێوە بۆ ئەوەی بپەڕینەوە.“
جا پشتت وەک زەوی دانا
وەک شەقام بۆ ئەوانەی دەپەڕنەوە.»
52 ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە!
بەرگی هێزت لەبەر بکە،
ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز،
بەرگی جوانیت بپۆشە،
چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت
خەتەنە نەکراو و گڵاو.
2 ئەی ئۆرشەلیم، لەناو خۆڵ هەستە و
خۆت بتەکێنە، لەسەر تەخت دابنیشە.
ئەی ڕاپێچکراوەکە، شاری سییۆن،
کۆتەکانی ملت بکەرەوە.
3 ئێستا یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بەخۆڕایی فرۆشران،
بەبێ پارە دەکڕدرێنەوە.»
4 هەروەها یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«سەرەتا گەلەکەم دابەزین بۆ میسر و ئاوارەبوون لەوێ،
لەم دواییانەشدا ئاشور ستەمی لێدەکرد.»
5 یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا لێرە چیم هەیە؟
«گەلەکەم بەخۆڕایی بردرا و
فەرمانڕەواکانی دەلوورێنن،
بەردەوام بە درێژایی ڕۆژیش
کفر بە ناوی من دەکرێت.
6 لەبەر ئەوە گەلەکەم بە ناوی من ئاشنا دەبن،
لەو ڕۆژەدا دەزانن
ئەوەتام، ئەوە منم کە ئەم بەڵێنە دەدەم.»
یەزدان دەفەرموێت.
7 چەند جوانە لەسەر چیاکان
پێیەکانی مزگێنیدەران،
ڕاگەیەنەری ئاشتی،
مزگێنیدەری خۆشی،
ڕاگەیەنەری ڕزگاری،
ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن:
«خودات پاشایەتی دەکات!»
8 گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن،
پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن،
بە چاوی خۆیان دەبینن
کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.
9 ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم،
پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات،
بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.
10 یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات
لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان،
هەر چوار لای زەویش
ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.
11 ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان،
جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە!
دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک!
لەناوەڕاستی بێنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە!
12 بەڵام بە پەلە دەرناچن،
بە هەڵاتن ناڕۆن،
چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات،
خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.