Bible in 90 Days
نزای نەحەمیا
1 یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا:
ئەوە بوو لە مانگی کیسلێڤ[a] لە ساڵی بیستەم، کاتێک لە قەڵای شوش بووم، 2 حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن، منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون، ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە، لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن.
3 پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان، شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون.
4 کاتێک گوێم لەم قسانە بوو، دانیشتم و گریام، چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم. 5 دوای ئەوە گوتم:
«ئەی یەزدان، خودای ئاسمان، ئەی خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ خۆشەویستانت و بۆ ئەوانەی فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەن، 6 تکایە، با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت، ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات. دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم، کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد، هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد. 7 بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین. فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە تۆ فەرمانت بە موسای خزمەتکارت کردبوو.
8 «تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو: ”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم، 9 بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن، ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی ئاسمان بن، ئەوا لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەم شوێنەی کە هەڵمبژارد هەتا تێیدا ناوەکەم نیشتەجێ بێت.“
10 «ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە. 11 ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە، تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن. تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.»
منیش ساقی پاشا بووم.
ناردنی نەحەمیا بۆ ئۆرشەلیم
2 ئەوە بوو لە مانگی نیسان، لە بیستەمین ساڵی ئەرتەحشەستە پاشا، شەرابی لەپێش بوو، منیش شەرابەکەم هەڵگرت و دامە پاشا. پێشتر لەبەردەمی ئەو خەمبار نەببووم، 2 لەبەر ئەوە پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خەمبارە، لە کاتێکدا کە نەخۆش نیت؟ هەبێت و نەبێت دڵت بە خەمە.»
من زۆر ترسام، 3 بەڵام بە پاشام گوت: «با پاشا هەتاهەتایە هەر بژیێت! چۆن ڕووم خەمبار نەبێت، کە ئەو شارەی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمە کاول بووە، دەروازەکانیشی سووتێنراون؟»
4 پاشا پێی گوتم: «چیت دەوێت؟»
منیش نزام بۆ خودای ئاسمان کرد و 5 بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، ئەگەر خزمەتکارەکەت لەبەردەمت پەسەندە، بمنێرە یەهودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوەکو بنیادی بنێمەوە.»
6 شاژنیش لەتەنیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گەشتەکەت چەندی پێ دەچێت و کەی دەگەڕێیتەوە؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش کاتێکم بۆ دیاری کرد.
7 بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، با چەند نامەیەکم بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات پێ بدات بۆ ئەوەی ڕێگام بدەن هەتا دەگەمە یەهودا، 8 هەروەها نامەیەک بۆ ئاسافی چاودێری دارستانەکانی پاشا بنووسە، تاکو دارم پێ بدات بۆ کاریتەی سەر دەروازەکانی قەڵای پەرستگاکە و شووراکانی شارەکە و ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژیم.» پاشا پێیدام، چونکە دەستی چاکەی خوداکەم لەسەرم بوو. 9 ئیتر چوومە لای پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات و نامەکانی پاشام پێدان، پاشا چەند ئەفسەرێکی سوپا و چەند سوارێکی لەگەڵمدا ناردبوو.
10 کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی ئەمەیان بیستەوە، زۆریان پێ ناخۆش بوو کە کەسێک هاتووە و هەوڵی چاکەی نەوەی ئیسرائیل دەدات.
پشکنینی شووراکانی ئۆرشەلیم
11 هاتمە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ بووم، 12 ئینجا بە شەو هەستام و لەگەڵ چەند پیاوێکی کەم بەڕێ کەوتم، بە کەسیشم ڕانەگەیاند کە خوداکەم چی خستووەتە دڵمەوە هەتا لە ئۆرشەلیم بیکەم، بێجگە لەو وڵاخەی سواری ببووم هیچ وڵاخێکی دیکەم لەگەڵ نەبوو.
13 بە شەو لە دەروازەی دۆڵەکە بە بەردەم بیری چەقەڵدا چوومە دەرەوە بۆ لای دەروازەی زبڵ و سەرنجم دایە شووراکانی ئۆرشەلیم کە ڕووخابوون و دەروازەکانی کە سووتابوون. 14 پاشان پەڕیمەوە بۆ دەروازەی کارێز و بۆ گۆمی پاشا، بەڵام جێگا نەبوو بۆ پەڕینەوەی ئەو وڵاخەی لە ژێرم بوو. 15 بە شەو بە دۆڵەکەدا سەرکەوتم و سەرنجم دایە شووراکە. دوایی گەڕامەوە و بە دەروازەی دۆڵەکەدا هاتمە ژوورەوە. 16 کاربەدەستەکان نەیانزانی بۆ کوێ چووم و چیم کرد، هەتا ئەو کاتەش بە کەسم ڕانەگەیاندبوو، جولەکە و کاهین و پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکان و ئەو کەسانەش کە دەبێت کارەکە بکەن.
17 ئینجا پێم گوتن: «ئێوە ئەو خراپەیە دەبینن کە ئێمە تێیداین، کە ئۆرشەلیم کاولە و دەروازەکانی سووتێنراون. وەرن با شوورای ئۆرشەلیم بنیاد بنێینەوە و چیتر نەبینە مایەی ڕیسوایی.» 18 لەبارەی دەستی چاکەی خوداش کە لەسەرم بوو پێم ڕاگەیاندن، هەروەها قسەکانی پاشا کە پێی گوتبووم.
ئەوانیش گوتیان: «با هەستین و بنیادی بنێینەوە.» بازوویان لێ هەڵکرد بۆ چاکە.
19 بەڵام کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی و گەشەمی عەرەبی ئەمەیان بیستەوە گاڵتە و سووکایەتییان پێکردین و گوتیان: «ئەمە چییە ئێوە دەیکەن؟ ئایا لە پاشا هەڵدەگەڕێنەوە؟»
20 منیش وەڵامم دانەوە و پێم گوتن: «خودای ئاسمان سەرکەوتوومان دەکات و ئێمەش خزمەتکاری ئەوین، هەڵدەستین و بنیادی دەنێینەوە، بەڵام ئێوە هیچ بەش و ماف و یادکردنەوەیەکتان لە ئۆرشەلیم نییە.»
هاوکاری بۆ بنیادنانەوەی شووراکە
3 ئەلیاشیڤی سەرۆکی کاهینان و برا کاهینەکانی هەستان و دەروازەی مەڕیان بنیاد ناوە و تەرخانیان کرد، دەرگاکانیشیان ڕاگرت. شووراکەشیان هەتا قوللەی سەد بنیاد ناوە و تەرخانیان کرد، هەروەها هەتا قوللەی حەنەنێل بنیادیان ناوە. 2 لەتەنیشت ئەوەوە پیاوانی ئەریحا بنیادیان دەنا، لەتەنیشت ئەوانیش زەکوری کوڕی ئیمری بنیادی دەنا.
3 دەروازەی ماسیش نەوەی هەسەنائا بنیادیان ناوە و سەریان گرت، دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی[b]. 4 لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەرێمۆتی کوڕی ئوریای هەقۆچ ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەشولامی کوڕی بەرەخیا کوڕی مەشێزەبێل ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەوانیشەوە سادۆقی کوڕی بەعنا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. 5 لەتەنیشت ئەوانیشەوە تەقۆعییەکان ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، بەڵام پیاوماقوڵەکانیان شانیان نەدایە پاڵ خزمەتەکەی یەزدانیان.
6 بۆ دەروازەی یەشاناش، یۆیاداعی کوڕی پاسێیەح و مەشولامی کوڕی بەسۆدەیا ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە، ئەوان سەریان گرت و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی. 7 لەتەنیشت ئەوانیشەوە مەلەتیای گبعۆنی و یادۆنی مێرۆنۆتی کە خەڵکی گبعۆن و میچپا بوون، لەو شوێنانە کە لەژێر دەستی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە. 8 لەتەنیشت ئەویشەوە عوزیێلی کوڕی حەرهەیا کە لە زێڕنگەرەکان بوو، ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەنەنیا لە نەوەی عەتارەکان ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئینجا ئۆرشەلیمیان هەتا شوورا بەرینەکە تۆکمە کرد. 9 لەتەنیشت ئەوانیشەوە ڕەفایای کوڕی حوور، سەرۆکی نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. 10 لەتەنیشت ئەوانیشەوە یەدایای کوڕی حەرومەف لەبەردەم ماڵەکەی خۆی ڕووخاوییەکەی چاککردەوە. لەتەنیشت ئەویشەوە حەتوشی کوڕی حەشەڤنەیا ڕووخاوییەکەی چاککردەوە. 11 بەشێکی دیکەش مەلکیای کوڕی حاریم و حەشوڤی کوڕی پەحەتمۆئاب چاکیان کردەوە، لەگەڵ قوللەی تەنوورەکانیش. 12 لەتەنیشت ئەویشەوە شەلومی کوڕی هەڵۆحێش، سەرۆکی نیوەی ناوچەی ئۆرشەلیم، خۆی و کچەکانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە.
13 دەروازەی دۆڵەکەش حانوون و دانیشتووانی زانۆوەح چاکیان کردەوە، ئەوان بنیادیان ناوە و دەرگاکانیان بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی، هەزار باڵیش[c] لە شووراکە هەتا دەروازەی زبڵ.
14 دەروازەی زبڵیش مەلکیای کوڕی ڕێکابی سەرۆکی ناوچەی بێتهاکارەم ڕووخاوییەکانی چاککردەوە و ئەو بنیادی ناوە، دەرگاکانی بەپێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی.
15 دەروازەی کارێزیش شەللونی کوڕی کۆلحوزێ سەرۆکی ناوچەی میچپا ڕووخاوییەکانی چاککردەوە، ئەو بنیادی ناوە و سەری گرت و دەرگاکانی بە پێوە ڕاگرت لەگەڵ قوفڵ و شمشیرەکانی. هەروەها شووراکەی گۆمی سیلوامی[d] چاککردەوە، هەتا باخچەی پاشا و هەتا پێپلیکانەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ شاری داود. 16 پاش ئەویش نەحەمیای کوڕی عەزبوقی سەرۆکی نیوەی ناوچەی بێتچوور ڕووخاوییەکەی بەرامبەر گۆڕەکانی داودی چاککردەوە، هەتا گۆمە دەستکردەکە و هەتا ماڵی پاڵەوانەکان.
17 پاش ئەویش لێڤییەکان بە سەرپەرشتی ڕەحومی بانی ڕووخاوییەکانیان چاککردەوە و لەتەنیشت ئەویشەوە حەشەڤیای سەرۆکی نیوەی ناوچەی قەعیلا لە بەشەکەی خۆی ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. 18 پاش ئەویش براکانیان، بەنوی کوڕی حێناداد، سەرۆکی نیوەی ناوچەی قەعیلا ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە. 19 لەتەنیشت ئەویشەوە عێزەری کوڕی یێشوعی سەرۆکی میچپا بەشێکی دیکەی چاککردەوە لەبەردەم هەورازەکەی جبەخانەکەوە لەلای گۆشەکە. 20 پاش ئەو باروخی کوڕی زەبەی بە گوڕەوە بەشێکی دیکەی لە گۆشەکەوە هەتا داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین ڕووخاوییەکانی چاککردەوە. 21 دوای ئەویش مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کوڕی هەقۆچ بەشێکی دیکەی لە داڵانی ماڵی ئەلیاشیڤەوە هەتا کۆتایی ماڵەکە چاککردەوە.
22 پاش ئەویش کاهینەکانی خەڵکی دەشتەکە ڕووخاوییەکەیان چاککردەوە. 23 پاش ئەوانیش بنیامین و حەشوڤ بەرامبەری ماڵەکانی خۆیانیان چاککردەوە. پاش ئەمانیش عەزەریای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی عەنانیاش تەنیشت ماڵەکەی خۆی چاککردەوە. 24 پاش ئەویش بەنوی کوڕی حێناداد بەشێکی دیکەی چاککردەوە، لە ماڵی عەزەریاوە هەتا گۆشەکە و پەناکە. 25 پالالی کوڕی ئوزەییش لەبەردەم گۆشەکە و قوللەکە کە تەواوکەری کۆشکی باڵای پاشایە ئەوەی هی حەوشەی زیندانەکەیە، لەپاش ئەویشەوە پەدایای کوڕی پەرعۆش. 26 ئینجا کۆیلە تەرخانکراوەکان[e] ئەوانەی دانیشتووی گردی عۆفەل بوون چاکیان کردەوە هەتا بەردەم دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات لەگەڵ قوللە دەرەکییەکە. 27 پاش ئەوانیش تەقۆعییەکان بەشێکی دیکەیان چاککردەوە، لە بەرامبەر قوللە دەرەکییە گەورەکە هەتا دیواری عۆفەل.
28 لەسەر دەروازەی ئەسپەکانیش، کاهینەکان چاکیان کردەوە، هەریەکە و بەرامبەر بە ماڵی خۆی. 29 پاش ئەوانیش سادۆقی کوڕی ئیمێر بەرامبەری ماڵەکەی خۆی چاککردەوە. پاش ئەویش شەمەعیای کوڕی شەخەنەیا کە چاودێری دەروازەی ڕۆژهەڵات بوو، شووراکەی چاککردەوە. 30 پاش ئەویش حەنەنیای کوڕی شەلەمیاهو و حانوونی کوڕی شەشەمی چالاف بەشێکی دیکەیان چاککردەوە. پاش ئەوانیش مەشولامی کوڕی بەرەخیا بەرامبەری ژوورەکەی خۆی چاککردەوە. 31 پاش ئەویش مەلکیا، کە یەکێک بوو لە زێڕنگەرەکان، هەتا ماڵی کۆیلە تەرخانکراوەکانی چاککردەوە، بازرگانەکانیش بەرامبەری دەروازەی پشکنین و خاڵی سەر گۆشەکە. 32 زێڕنگەر و بازرگانەکان شووراکەیان لەنێوان خاڵی سەر گۆشەکە هەتا دەروازەی مەڕ چاککردەوە.
دژایەتییەکانی بنیادنانەوە
4 کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد. 2 لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون دەیانژیێننەوە؟»
3 تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»
4 «ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە بووینە مایەی سووکایەتی، توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتی تاڵان بکرێن. 5 تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان لەبەردەم بنیادنەراندا پەستیان کردیت.»
6 جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.
7 ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو کەلێنەکان پڕ دەکرێنەوە، زۆر ڕقیان هەستا. 8 جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە. 9 ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.
10 لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»
11 ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»
12 ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، هاتن و دە جار پێیان گوتین: «ئێوە ئاوڕ لە هەرکوێیەک بدەنەوە، ئەوان لەسەرمان دەبن.»
13 ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت. 14 ئینجا سەیرم کرد و هەستام بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»
15 دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.
16 لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و سپەریان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد. 17 بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت. 18 بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.
19 ئینجا بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین. 20 لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»
21 ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت. 22 هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.» 23 جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەریەکە و بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچووین.
یارمەتی نەحەمیا بۆ هەژاران
5 هاواری ژن و پیاوەکان لەدەست برا جولەکەکانیان بەرزبووەوە. 2 هەبوو دەیانگوت: «کوڕ و کچەکانمان زۆرن و لێمانگەڕێن دانەوێڵە ببەین، هەتا بخۆین و بژین.»
3 هەبوو دەیانگوت: «لەو قاتوقڕییەدا کێڵگە و ڕەز و ماڵەکانمان بە بارمتە دەدەین بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە.»
4 هەروەها هەبوو دەیانگوت: «زیومان قەرز کردووە هەتا باجی کێڵگە و ڕەزەکانمان بدەینە پاشا. 5 ئێستاش هەرچەندە ئێمە لە گۆشت و خوێنی یەکین و کوڕەکانی ئەوان و ئێمە وەک یەکن، بەڵام ئێمە زۆر لە کوڕ و کچەکانمان دەکەین ببن بە کۆیلە، هەندێک لە کچەکانمان ژێردەستەن و لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نین، کێڵگە و ڕەزەکانمان بۆ کەسانی دیکەن.»
6 زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو، 7 لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و 8 پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە نەتەوەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.
9 گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن لەبەر گاڵتەپێکردنی ئەو نەتەوانەی دوژمنمانن؟ 10 من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین! 11 تکایە هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.»
12 ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.»
ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن. 13 پاشان سنگی کراسەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.»
ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد.
14 هەروەها لەو ڕۆژەوە کە فەرمانم پێ کرا ببمە پارێزگاریان لە خاکی یەهودا، لە بیستەمین ساڵەوە هەتا سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشا، دوازدە ساڵ نە من و نە براکانم نانی پارێزگاریەتیمان نەخوارد. 15 بەڵام پارێزگارەکانی پێشوو ئەوانەی لەپێش من بوون باری گەلیان گران کردبوو، نان و شەرابیان لێ دەسەندن، بێجگە لە چل شاقل زیو[f]، هەروەها خزمەتکارەکانیشیان بەسەر گەلدا زاڵ ببوون. بەڵام من لە ترسی خودا وام نەکرد، 16 هەروەها لە کاری ئەم شوورایە بەشدار بووم و کێڵگەمان نەکڕی، هەموو خزمەتکارەکانیشم لەوێ لەسەر کارەکە کۆببوونەوە.
17 هەروەها لە جولەکە و کاربەدەستەکان سەد و پەنجا پیاو لەگەڵ ئەوانەی لە نەتەوەکانی دەوروبەرمانەوە دەهاتن لەسەر خوانەکەم بوون. 18 ئەوەی بۆ یەک ڕۆژ دەکرا، گایەک و شەش مەڕی هەڵبژاردە، بۆ منیش باڵندە دەکرا، هەموو دە ڕۆژێکیش لە هەموو جۆرێکی شەراب بە بڕێکی زۆر، لەگەڵ ئەمەشدا داوای نانی پارێزگاریەتیم نەکرد، چونکە کۆیلایەتییەکە لەسەر ئەم گەلە زۆر گران بوو.
19 خودایە هەرچیم بۆ ئەم گەلە کردووە بۆ من بە چاکە بەبیر خۆتی بهێنەرەوە.
دژایەتییەکانی دیکە لە بنیادنانەوە
6 ئەوە بوو کە سەنڤەلەت و تۆڤییا و گەشەمی عەرەبی و پاشماوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە شووراکەم بنیاد ناوەتەوە و هیچ کەلێنێکی تێدا نەماوە، هەرچەندە هەتا ئەو کاتە هێشتا دەرگام لە دەروازەکاندا دانەنابوو، 2 سەنڤەلەت و گەشەم پەیامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وەرە با لە یەکێک لە گوندەکانی دەشتی ئۆنۆ پێکەوە کۆببینەوە.»
ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە خراپەم لەگەڵدا بکەن. 3 منیش چەند نێردراوێکم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خەریکی کارێکی گەورەم و ناتوانم دابەزم بۆ لاتان. بۆچی کارەکە بوەستێت، دەستی لێ هەڵبگرم و بێمە لاتان؟» 4 جا چوار جار هەمان پەیامیان بۆ ناردم، منیش هەمان وەڵامم دانەوە.
5 پاشان بۆ جاری پێنجەم، سەنڤەلەت خزمەتکارەکەی بە هەمان پەیامەوە ناردە لام و نامەیەکی کراوەی بەدەستەوە بوو، 6 تێیدا نووسرابوو:
«لەنێو نەتەوەکاندا بیستراوە و گەشەم دەڵێت، تۆ و جولەکەکان بیر لە یاخیبوون دەکەنەوە، لەبەر ئەوە شووراکە بنیاد دەنێیت. هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە دەبیتە پاشایان، 7 چەند پێغەمبەرێکت بۆ خۆت ڕاگرتووە هەتا بەناو ئۆرشەلیمدا بانگەوازت بۆ بکەن و بڵێن: ”لە یەهودا پاشا هەیە!“ ئێستاش ئەم هەواڵانە بە پاشا ڕادەگەیەنرێت، ئێستا وەرە با پێکەوە ڕاوێژ بکەین.»
8 منیش ئەم وەڵامەم بۆ نارد: «هیچ کەم لەو شتانەی کە تۆ باسیان دەکەیت ڕووی نەداوە، بەڵکو هەڵبەستراوی دڵی خۆتە.»
9 هەموویان هەوڵیان دەدا بمانترسێنن و دەیانگوت، «دەستیان لە کارەکە سارد بووەتەوە و کارەکە ناکرێت.»
بەڵام نزام کرد: «ئەی خودایە، ئێستاش دەستم بەهێز بکە.»
10 ئیتر ڕۆژێک چوومە ماڵی شەمەعیای کوڕی دەلایای کوڕی میهێتەبێل کە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، گوتی: «با لەناو ماڵی خودا کۆببینەوە، لەناوەڕاستی پەرستگادا و دەرگاکانی پیرۆزگا دابخەین، چونکە بۆ کوشتنت دێن، بە شەو دێن بتکوژن.»
11 منیش گوتم: «ئایا پیاوێکی وەک من هەڵدێت؟ ئایا کەسێکی وەک من دەچێتە ناو پەرستگاوە هەتا بژیێت؟ ناچمە ژوورەوە!» 12 بۆم دەرکەوت کە خودا نەیناردووە، بەڵکو بە درۆ پێشبینیی لەسەر من کردووە، چونکە تۆڤییا و سەنڤەلەت بە کرێیان گرتبوو. 13 بەکرێ گیرابوو هەتا بمترسێنێت و ئاوا بکەم و گوناهبار بم، ئینجا بەوە ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببەن.
14 ئەی خودای من، بەگوێرەی ئەم کردەوانەیان تۆڤییا و سەنڤەلەتت لەبیر بێت، هەروەها نۆعەدیای پێغەمبەرە ژن و پاشماوەی ئەو پێغەمبەرانەی کە دەمترسێنن!
تەواوکردنی شووراکە
15 شووراکە لە بیست و پێنجی ئەیلول تەواو بوو، بە ماوەی پەنجا و دوو ڕۆژ. 16 کاتێک هەموو دوژمنەکانمان بیستیان، هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان ترسان و متمانەیان بە خۆیان نەما، زانییان کە ئەم کارە لەلایەن خودامانەوە کراوە.
17 هەروەها لەو ڕۆژانەدا زۆربەی پیاوماقوڵانی یەهودا نامەیان بۆ تۆڤییا دەنارد و لە تۆڤییاشەوە بۆ ئەوان دەهاتەوە، 18 چونکە زۆر لە یەهودا هاوپەیمانی بوون، لەبەر ئەوەی ئەو زاوای شەخەنەیای کوڕی ئارەح بوو، یەهۆحانانی کوڕیشی کچی مەشولامی کوڕی بەرەخیای هێنابوو. 19 هەروەها لەبەردەممدا باسیان لە کارە چاکەکانی ئەو دەکرد و قسەکانی منیان بۆی دەگێڕایەوە. ئینجا تۆڤییا چەند نامەیەکی نارد بۆ ئەوەی بمترسێنێت.
7 ئەوە بوو کە شووراکە بنیاد نراوە و دەرگاکانم دانا، دەرگاوان و گۆرانیبێژ و لێڤییەکان دانران. 2 فەرمانم کرد حەنانی برام و حەنەنیای سەرۆکی قەڵاکە سەرپەرشتی ئۆرشەلیم بکەن، چونکە پیاوێکی دەستپاک بوو، لەوانی دیکە زیاتر لە خودا دەترسا. 3 پێم گوتن: «هەتا خۆر گەرم نەبێت، نابێت دەروازەکانی ئۆرشەلیم بکرێنەوە. پێش ڕۆیشتنی دەرگاوانەکان دەبێ دەرگاکان دابخرێن و شمشیرەیان لێبدرێت. هەروەها هەندێک دانیشتووانی ئۆرشەلیم بکرێنە پاسەوان، هەندێکیان لە شوێنی پاسەوانی دیاریکراوی خۆیان و هەندێکیشیان بەرامبەری ماڵەکەی خۆیان.»
ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕاونەتەوە
4 شارەکە بەرفراوان و گەورە بوو، گەلێکی کەمیش لەناویدا بوو، هێشتا ماڵەکان بنیاد نەنرابوون. 5 ئیتر خودا خستییە دڵمەوە کە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و گەل کۆبکەمەوە بۆ تۆمارکردنی ڕەچەڵەکیان، جا تۆماری ڕەچەڵەکنامەی ئەوانەم دۆزییەوە کە یەکەم جار لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، بینیم ئەمەی تێدا نووسراوە:
6 ئەمانەش خەڵکی هەرێمەکەن، ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل ڕاپێچی کردبوون، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و یەهودا، هەریەکە بۆ شارۆچکەکەی خۆی. 7 ئەوانەی لەگەڵ زروبابل هاتنەوە، یەشوع، نەحەمیا، عەزەریا، ڕەعەمیا، نەحەمانی، مۆردەخای، بیلشان، میسپەرەت، بیگڤەی، نەحوم و بەعنا.
ژمارەی پیاوانی گەلی ئیسرائیل:
8 نەوەی پەرعۆش، دوو هەزار و سەد و حەفتا و دوو؛
9 نەوەی شەفەتیا، سێ سەد و حەفتا و دوو؛
10 نەوەی ئارەح، شەش سەد و پەنجا و دوو؛
11 نەوەی پەحەتمۆئاب لە نەوەی یێشوع و یۆئاب، دوو هەزار و هەشت سەد و هەژدە؛
12 نەوەی ئیلام، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
13 نەوەی زەتو، هەشت سەد و چل و پێنج؛
14 نەوەی زەکای، حەوت سەد و شەست؛
15 نەوەی بەنوی، شەش سەد و چل و هەشت؛
16 نەوەی بێڤەی، شەش سەد و بیست و هەشت؛
17 نەوەی عەزگاد، دوو هەزار و سێ سەد و بیست و دوو؛
18 نەوەی ئەدۆنیقام، شەش سەد و شەست و حەوت؛
19 نەوەی بیگڤەی، دوو هەزار و شەست و حەوت؛
20 نەوەی عادین، شەش سەد و پەنجا و پێنج؛
21 نەوەی ئاتێر لە حەزقیا، نەوەد و هەشت؛
22 نەوەی حاشوم، سێ سەد و بیست و هەشت؛
23 نەوەی بێسای، سێ سەد و بیست و چوار؛
24 نەوەی حاریف، سەد و دوازدە؛
25 نەوەی گبعۆن، نەوەد و پێنج.
26 پیاوانی بێتلەحم و نەتۆفا، سەد و هەشتا و هەشت؛
27 پیاوانی عەناتۆت، سەد و بیست و هەشت؛
28 پیاوانی بێتعەزماڤەت، چل و دوو؛
29 پیاوانی قیریەت یەعاریم، کەفیرا و بئێرۆت، حەوت سەد و چل و سێ؛
30 پیاوانی ڕامە و گەڤەع، شەش سەد و بیست و یەک؛
31 پیاوانی میخماس، سەد و بیست و دوو؛
32 پیاوانی بێتئێل و عای، سەد و بیست و سێ؛
33 پیاوانی نەبۆکەی دیکە، پەنجا و دوو؛
34 پیاوانی ئیلامەکەی دیکە، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛
35 پیاوانی حاریم، سێ سەد و بیست؛
36 پیاوانی ئەریحا، سێ سەد و چل و پێنج؛
37 پیاوانی لۆد، حادید و ئۆنۆ، حەوت سەد و بیست و یەک؛
38 پیاوانی سەنائا، سێ هەزار و نۆ سەد و سی.
39 کاهینەکان:
نەوەی یەدایا لە بنەماڵەی یێشوع، نۆ سەد و حەفتا و سێ؛
40 نەوەی ئیمێر، هەزار و پەنجا و دوو؛
41 نەوەی پەشحور، هەزار و دوو سەد و چل و حەوت؛
42 نەوەی حاریم، هەزار و حەڤدە.
43 لێڤییەکان:
نەوەی یێشوع لە نەوەی قەدمیێل، لە نەوەی هۆدەیڤاهو، حەفتا و چوار.
44 گۆرانیبێژەکان:
نەوەی ئاساف، سەد و چل و هەشت.
45 دەرگاوانەکان:
نەوەکانی
شەلوم، ئاتێر، تەلمۆن، عەقوڤ، حەتیتا و شۆڤای، سەد و سی و هەشت.
46 کۆیلە تەرخانکراوەکان:
نەوەکانی
چیحا، حەسوفا، تەباعۆت،
47 قێرۆس، سیعا، پادۆن،
48 لەڤانا، حەگابا، شەلمای،
49 حانان، گیدێل، گەحەر،
50 ڕەئایا، ڕەچین، نەقۆدا،
51 گەزام، عوزە، پاسێیەح،
52 بێسەی، مەعونیم، نەفوسیم،
53 بەقبوق، حەقوفا، حەرحور،
54 بەچلوت، مەحیدا، حەرشا،
55 بەرقۆس، سیسرا، تەمەح،
56 نەچیەح و حەتیفا.
57 نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان:
نەوەکانی
سۆتەی، سۆفەرەت، پەریدا،
58 یەعلا، دەرقۆن، گیدێل،
59 شەفەتیا، حەتیل، پۆخەرەتهەچەڤایم و ئامۆن.
60 سەرجەم کۆیلە تەرخانکراوەکان و نەوەکانی خزمەتکارانی سلێمان، سێ سەد و نەوەد و دوو بوون.
61 ئەمانەش ئەوانەن کە لە شارۆچکەکانی تێلمەلەح، تێلحەرشا، کەروڤ، ئەدۆن و ئیمێرەوە سەرکەوتن، بەڵام نەیانتوانی پێناسەی بنەماڵە و ڕەچەڵەکیان دیاری بکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلن:
62 نەوەکانی
دەلایا و تۆڤییا و نەقۆدا، شەش سەد و چل و دوو.
63 لە کاهینەکانیش:
نەوەکانی
حۆڤەیا، هەقۆچ و بەرزلای، کە کچێکی بەرزیلەیی گلعادی هێنا و بە نازناوی ئەوانەوە ناونرا.
64 ئەمانە بەدوای ڕەچەڵەکنامەکانیاندا گەڕان، بەڵام نەدۆزرانەوە، لەبەر ئەوە لە کاهینیێتی قەدەغە کران. 65 پارێزگارەکە پێی گوتن، نابێت لە هەرەپیرۆزەکان بخۆن هەتا ئەو کاتەی کاهینێک بۆ ئوریم و تومیم[g] دادەنرێت.
66 هەموو کۆمەڵەکە پێکەوە چل و دوو هەزار و سێ سەد و شەست کەس بوون، 67 جگە لە خزمەتکار و کارەکەرەکانیان کە حەوت هەزار و سێ سەد و سی و حەوت کەس بوون، هەروەها دوو سەد و چل و پێنج گۆرانیبێژی پیاو و ژنیان هەبوو. 68 حەوت سەد و سی و شەش ئەسپ[h]، دوو سەد و چل و پێنج هێستر، 69 چوار سەد و سی و پێنج وشتر، شەش هەزار و حەوت سەد و بیست گوێدرێژ.
70 هەندێک لە گەورەی بنەماڵەکان بەخشینیان بۆ کارەکە پێشکەش کرد، پارێزگارەکە هەزار درهەمی[i] زێڕی بە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکە بەخشی لەگەڵ پەنجا تاس[j] و سی و پێنج کراس بۆ کاهینەکان. 71 هەندێکیش لە گەورەی بنەماڵەکان بەخشینیان دایە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکە، بیست هەزار درهەمی زێڕ و دوو هەزار و دوو سەد[k] مەنای زیو. 72 ئەوەی پاشماوەی گەل بەخشییان، بیست هەزار درهەمی زێڕ، دوو هەزار مەنای زیو، لەگەڵ شەست و حەوت کراس بۆ کاهینەکان.
73 کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان، لەگەڵ هەندێک کەسانی دیکە، لە شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیش لە شارۆچکەکانیان نیشتەجێ بوون.
عەزرا تەورات دەخوێنێتەوە
کاتێک مانگی حەوت هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان بوون. 8 1 ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.
2 عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن، لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت. 3 لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.
4 عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان.
5 عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ. 6 عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.
7 لێڤییەکان، یێشوع و بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا بۆ گەل ڕوون دەکردنەوە، گەلیش لە جێی خۆیان بوون. 8 بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.
9 پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» چونکە هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو گریابوون.
10 ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن لە قەڵەوەکان بخۆن و لە شیرینەکان بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی یەزدان هێزتانە.»
11 لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»
12 پاشان هەموو گەل چوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە، بەشە خواردن بنێرن و ئاهەنگێکی گەورە بگێڕن، چونکە لەو وشانە تێگەیشتن کە فێر کران.
13 لە ڕۆژی دووەم گەورەی بنەماڵەکانی هەموو گەل و کاهین و لێڤییەکان لەلای عەزرای مامۆستای تەورات کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەوراتیان تێبگەیەنێت. 14 جا بینییان لەو تەوراتەی کە یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردووە، نووسراوە کە نەوەی ئیسرائیل لە کاتی جەژندا[l] کەپرنشین دەبن، لە مانگی حەوت، 15 پێویستە لەناو هەموو شارۆچکەکانیان و لە ئۆرشەلیمدا بانگەواز بکەن و بڵێن: «بچنە دەرەوە بۆ چیاکان و چڵی زەیتوون و زەیتوونی کێوی و مۆرد[m] و دار خورما و داری گەڵادار بهێنن بۆ دروستکردنی کەپر،» هەروەک نووسراوە.
16 جا گەل ڕۆیشتن و هێنایان و کەپریان بۆ خۆیان دروستکرد، هەریەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی و لەناو حەوشەکانیان و حەوشەکانی ماڵی خودا و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئاو و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئەفرایم. 17 هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە کەپریان دروستکرد و لەناو کەپردا دانیشتن، چونکە لە سەردەمی یەشوعی کوڕی نونەوە هەتا ئەو ڕۆژە نەوەی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەی لەو جۆرەیان نەگێڕابوو.
18 ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە پەڕتووکی تەوراتی خودا دەخوێنرایەوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی کۆتایی، حەوت ڕۆژ جەژنیان گێڕا و لە ڕۆژی هەشتەمدا بەپێی ڕێوڕەسم ئاهەنگی کۆتاییپێهێنان بوو.
دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان
9 لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش[n] و سەری تۆزاوییەوە. 2 ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا. 3 لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد. 4 لەسەر پێپلیکانەکە، لە لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگێکی گەورە هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد. 5 لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.»
با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە. 6 تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.
7 «تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم. 8 بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.
9 «تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور[o]. 10 نیشانە و پەرجووت[p] لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت ئەوان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە. 11 دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەق کرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان. 12 بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.
13 «لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ. 14 ڕۆژی شەممەی خۆتت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ. 15 لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و پێت فەرموون: ”وەرنە ژوورەوە بۆ داگیرکردنی ئەم خاکە،“ ئەوەی سوێندت خوارد کە بیاندەیتێ.
16 «بەڵام ئەوان و باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت. 17 گوێگرتنیان ڕەتکردەوە و پەرجووەکانی تۆیان لە یاد کرد کە لەگەڵیاندا کردت، کەللەیان ڕەقکرد و لە یاخیبوونەکەیان سەرۆکیان دانا هەتا بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردەی میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان، 18 لەگەڵ ئەوەی پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەمانە[q]، ئەوەی لە میسرەوە دەریهێناین!“ کاتێک سووکایەتییەکی گەورەیان کرد.
19 «بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە و بە شەویش ستوونە ئاگرەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، هەتا ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن ڕووناکی بکاتەوە. 20 ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان. 21 چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا.
22 «پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد. 23 کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“ 24 ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە. 25 چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت، ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیرە هەڵکەنراوەکان و ڕەزەمێو و ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت.
26 «بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و فێرکردنەکانی تۆیان فڕێدایە پشتیانەوە. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، سووکایەتییەکی گەورەیان ئەنجام دا. 27 ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن.
28 «کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدان خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.
29 «ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، ئەوانەی مرۆڤ کاریان پێ بکات پێیان دەژیێت. ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت. 30 لەگەڵیان ئارام بوویت و ساڵانێکی زۆر بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ. 31 بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت.
32 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای گەورە، ئەی پاڵەوان و ئەی سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ. 33 لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە. 34 پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە فەرمان و ئاگادارکردنەوە توندەکانت کە پێت دان. 35 تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە.
36 «ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری. 37 لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.
پەیمانی خەڵک
38 «لەبەر هەموو ئەمانە، ئێمە پەیمانێک دەبەستین و دەینووسینەوە، ڕابەر و لێڤی و کاهینەکانیشمان مۆری دەکەن.»
10 ئەوانەی مۆریان کرد:
نەحەمیای پارێزگار کوڕی حەخەلیا،
سدقیا، 2 سەرایا، عەزەریا، یەرمیا،
3 پەشحور، ئەمەریا، مەلکیا،
4 حەتوش، شەڤەنیا، مەلوخ،
5 حاریم، مەرێمۆت، عۆبەدیا،
6 دانیال، گینەتۆن، باروخ،
7 مەشولام، ئەبیا، میامین،
8 مەعەزیاهو، بیلگەی و شەمەعیا.
ئەمانە کاهینەکان بوون.
9 لێڤییەکانیش:
یێشوعی کوڕی ئەزەنیا، بەنوی لە نەوەی حێناداد و قەدمیێل و
10 هاوکارەکانیان: شەڤەنیا،
هۆدیا، قەلیتا، پەلایا، حانان،
11 میکا، ڕەحۆڤ، حەشەڤیا،
12 زەکور، شێرێڤیا، شەڤەنیا،
13 هۆدیا، بانی و بەنینو.
14 ڕابەرەکانی گەل:
پەرعۆش، پەحەتمۆئاب، ئیلام، زەتوا، بانی،
15 بوننی، عەزگاد، بێڤەی،
16 ئەدۆنیا، بیگڤەی، عادین،
17 ئاتێر، حەزقیا، عەزور،
18 هۆدیا، حاشوم، بێسای،
19 حاریف، عەناتۆت، نێڤای،
20 مەگپیعاش، مەشولام، حێزیر،
21 مەشێزەبێل، سادۆق، یەدوەع،
22 پەلەتیا، حانان، عەنایا،
23 هۆشێیەع، حەنەنیا، حەشوڤ،
24 هەڵۆحێش، پیلحا، شۆڤێق،
25 ڕەحوم، حەشەڤنا، مەعسێیاهو،
26 ئەخیا، حانان، عانان،
27 مەلوخ، حاریم و بەعەنا.
28 «پاشماوەی گەلیش لە کاهین و لێڤی و دەرگاوان و گۆرانیبێژ و کۆیلە تەرخانکراوەکان، هەموو ئەوانەی لە پێناوی تەوراتی خودا خۆیان لە گڵاوییەکانی گەلانی دراوسێ جیا کردووەتەوە، ژن و کوڕ و کچەکانیان، هەموو ئەوانەی زانین و تێگەیشتنیان هەیە، 29 ئەمانە ئێستا دەچنە پاڵ براکانیان، پیاوماقوڵەکانیان، دێنە ناو نەفرەت و سوێندخواردنێک کە بەپێی تەوراتی خودایان بڕۆن، ئەوەی بە دەستی موسای بەندەی خودا پێیداون، هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارمان و حوکم و فەرزەکانی بەجێبهێنن و پەیڕەوی دەکەن.
30 «هەروەها کچمان نادەینە گەلانی خاکەکە و کچیشیان لێ ناهێنین بۆ کوڕمان.
31 «کاتێک گەلانی دراوسێ کەلوپەل و هەر خۆراکێک لە ڕۆژی شەممەدا بهێنن بۆ فرۆشتن، لێیان ناکڕین، نە لە ڕۆژی شەممەدا و نە لە ڕۆژی پیرۆز. هەروەها لە ساڵی حەوتەم واز لە داواکردنەوەی هەموو قەرزێک دەهێنین.
32 «لەسەر خۆمانی دەسەپێنین کە ساڵانە سێ یەکی شاقلێک بخەینە ئەستۆی خۆمان بۆ خزمەتی ماڵی خودامان: 33 بۆ نانی تەرخانکراو؛ بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و قوربانی سووتاندنی بەردەوام؛ بۆ پێشکەشکراوەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان؛ بۆ پێشکەشکراوە پیرۆزەکان؛ بۆ قوربانییەکانی گوناه بۆ کەفارەتی ئیسرائیل و بۆ هەموو خزمەتەکانی ماڵی خودامان.
34 «هەروەها تیروپشکمان کرد لەنێوان کاهین و لێڤی و گەل، بەپێی بنەماڵەکانمان، بۆ هێنانی دارەکان بۆ قوربانی لە ماڵی خودامان، لە کاتی دیاریکراو ساڵ بە ساڵ، بۆ سووتاندنی لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان، هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە.
35 «هەروەها بۆ هێنانی یەکەمین بەرهەمی خاکەکەمان و یەکەم بەری هەموو بەروبوومی هەموو دارێک ساڵ بە ساڵ بۆ ماڵی یەزدان.
36 «لەگەڵ نۆبەرەی کوڕ و ئاژەڵەکانمان، هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە، لەگەڵ نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانمان هەتا بیانهێنین بۆ ماڵی خوداکەمان بۆ ئەو کاهینانەی کە لە ماڵی خوداکەمان خزمەت دەکەن.
37 «هەروەها یەکەمین هەویر و پێشکەشکراوی دانەوێڵەمان و بەروبوومی هەموو دارێک و شەراب و زەیت بۆ کاهینەکان دەهێنن بۆ ناو ژوورەکانی ماڵی خودامان. دەیەکی خاکەکەمان بۆ لێڤییەکان دەبێت. لێڤییەکان لە کشتوکاڵی هەموو شارۆچکەکانمان دەیەک دەبەن. 38 کاهینێکی نەوەی هارون لەگەڵ لێڤییەکاندا دەبێت کاتێک لێڤییەکان دەیەک وەردەگرن، لێڤییەکانیش دەیەک لە دەیەکی وەرگیراو دەدەنە گەنجینەی ماڵی خودامان. 39 نەوەی ئیسرائیل و نەوەی لێڤی، دیاری دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت دەهێننە ژوورەکان، قاپوقاچاغەکانی پیرۆزگا و کاهینە خزمەتکار و دەرگاوان و گۆرانیبێژەکانیش لەوێن.
«واز لە ماڵی خودای خۆمان ناهێنین.»
دانیشتووانی نوێی ئۆرشەلیم
11 ڕابەرەکانی گەل لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون و پاشماوەی گەلیش تیروپشکیان کرد هەتا یەک لە دەیان بێن بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، نۆ بەشەکەش لە شارۆچکەکانی خۆیان مانەوە. 2 گەل داوای بەرەکەتیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی کە خۆبەخش بوون بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم.
3 کاهین و لێڤی و کۆیلە تەرخانکراوەکان و نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، هەریەکە و لە موڵکەکەی خۆی لەناو شارۆچکەکانیان لە ئیسرائیل. ڕابەرانی هەرێمەکەش لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون، 4 ئەوانەی لە نەوەی یەهودا و بنیامین لەناو ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
لە نەوەی یەهودا:
عەتایا کوڕی عوزیا کوڕی زەکەریا کوڕی ئەمەریا کوڕی شەفەتیا کوڕی مەهلەلئێل لە نەوەی پێرێز، 5 لەگەڵ مەعسێیاهوی کوڕی باروخیش کوڕی کۆلحوزێ کوڕی حەزایا کوڕی عەدایا کوڕی یۆیاریڤ کوڕی زەکەریای خەڵکی شالەح. 6 هەموو نەوەی پێرێز کە لە ئۆرشەلیم دانیشتبوون، چوار سەد و شەست و هەشت پیاوی توانادار بوون.
7 ئەمانەش نەوەی بنیامینن:
سەلو کوڕی مەشولام کوڕی یۆعێد کوڕی پەدایا کوڕی قۆلایای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی ئیتیێلی کوڕی یەشەعیا، 8 لەگەڵ گەبەی و سەلەی کە شوێنکەوتووەکانی بوون، نۆ سەد و بیست و هەشت کەس بوون. 9 یۆئێلی کوڕی زکری سەرپەرشتیاریان بوو، یەهودای کوڕی هەسەنوئاش سەرپەرشتیاری بەشی دووەمی شارەکەوە بوو.
10 لە کاهینەکان:
یەدایای کوڕی یۆیاریڤ؛ یاکین؛ 11 سەرایای کوڕی حیلقیا کوڕی مەشولام کوڕی سادۆق کوڕی مەرایۆت کوڕی ئەحیتوڤی سەرکردەی ماڵی خودا و 12 هاوکارەکانیشیان ئەوانەی کاری پەرستگاکەیان دەکرد، هەشت سەد و بیست و دوو بوون؛ لەگەڵ عەدایای کوڕی یەرۆحام کوڕی پەلەلیا کوڕی ئەمچی کوڕی زەکەریا کوڕی پەشحور کوڕی مەلکیا و 13 هاوکارەکانیشی گەورەی بنەماڵەکان بوون، دوو سەد و چل و دوو بوون؛ لەگەڵ عەمشسەی کوڕی عەزەرئێل کوڕی ئەحزەی کوڕی مەشیلێمۆت کوڕی ئیمێر و 14 هاوکارەکانیشیان پاڵەوانە بەجەرگەکان بوون، سەد و بیست و هەشت بوون. زەبدیێلی کوڕی گیدۆلیم سەرپەرشتیاریان بوو.
15 لە لێڤییەکانیش:
شەمەعیای کوڕی حەشوڤ کوڕی عەزریقام کوڕی حەشەڤیای کوڕی بوننی؛ 16 شەبەتەی و یۆزاڤاد لە ڕابەرەکانی لێڤییەکان بوون، سەرپەرشتیاری کارەکەی دەرەوەی ماڵی خودا بوون؛ 17 هەروەها مەتەنیای سەرپەرشتیار، کە کوڕی میکا کوڕی زەبدی کوڕی ئاساف بوو، لە کاتی نوێژدا سەرپەرشتی سوپاسگوزاری دەکرد؛ بەقبوقیا کە دووەم بوو لەنێو هاوکارەکانی؛ عەڤدای کوڕی شەموع کوڕی گالال کوڕی یەدوتون. 18 هەموو لێڤییەکان لەناو شاری پیرۆز دوو سەد و هەشتا و چوار کەس بوون.
19 دەرگاوانەکان:
عەقوڤ و تەلمۆن و هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە دەروازەکان ئێشکیان دەگرت، سەد و حەفتا و دوو بوون.
20 پاشماوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا بوون، هەریەکە لە میراتەکەی خۆی.
21 بەڵام کۆیلە تەرخانکراوەکان لە گردی عۆفەل نیشتەجێ بوون، چیحا و گیشپا و گێشپا سەرپەرشتیاریان بوون.
22 سەرپەرشتیاری لێڤییەکانیش لە ئۆرشەلیم عوزی کوڕی بانی کوڕی حەشەڤیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میکا بوو. عوزی لە نەوەی ئاساف بوو، ئەو گۆرانیبێژانەی کە بەرپرسیار بوون لە خزمەتی ماڵی خودا. 23 پاشا فەرمانی لەسەر گۆرانیبێژەکان دەکرد، فەرمانەکانی یاسا بوون دەربارەی ئەرکی ڕۆژانەیان.
24 هەروەها پەتەحیای کوڕی مەشێزەبێل کە لە نەوەی زەرەحی کوڕی یەهودا بوو، بریکاری پاشا بوو بۆ هەموو کاروبارەکانی گەل.
25 هەندێک لە نەوەی یەهودا لە کێڵگەکانی دەوروبەری گوندەکان نیشتەجێ بوون: لە قیریەت ئەربەع و دەوروبەری؛ لە دیڤۆن و دەوروبەری؛ لە یەقەڤچئێل و دەوروبەری؛ 26 لە یێشوع و مۆلادا و بێتپەلەت؛ 27 لە حەچەر شوعال و بیری شابەع و دەوروبەری؛ 28 لە چیقلەگ و لە مەکۆنا و دەوروبەری؛ 29 لە کانی ڕیمۆن و چۆرعا و یەرموت؛ 30 لە زانۆوەح و عەدولام و گوندەکانیان؛ لە لاخیش و کێڵگەکانی؛ و لە عەزێقا و دەوروبەری. ئیتر لە بیری شابەعەوە هەتا دۆڵی هینۆم نیشتەجێ بوون.
31 بنیامینەکانی خەڵکی گەڤەع لەم گوندانە نیشتەجێ بوون: لە میخماس، عەییا، بێتئێل و دەوروبەری؛ 32 لە عەناتۆت، نۆڤ و عەنانیا؛ 33 لە حاچۆر، ڕامە و گیتەیم؛ 34 لە حادید، چەڤۆعیم و نەڤەڵات؛ 35 لە لۆد و ئۆنۆ، هەروەها لە دۆڵی پیشەوەرەکان.
36 هەندێک بەشی لێڤییەکانی یەهودا لە خاکی بنیامین نیشتەجێ بوون.
کاهین و لێڤییەکان
12 ئەمانەش ئەو کاهین و لێڤییانەن کە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوع سەرکەوتن:
سەرایا، یەرمیا، عەزرا،
2 ئەمەریا، مەلوخ، حەتوش،
3 شەخەنەیا، ڕەحوم، مەرێمۆت،
4 عیدۆ، گینەتۆن، ئەبیا،
5 میامین، مۆعەدیا، بیلگا،
6 شەمەعیا، یۆیاریڤ، یەدایا،
7 سەلو، عامۆق، حیلقیا، یەدایا.
ئەمانە کاهینەکانی باڵا و هاوکارەکانیان بوون لە سەردەمی یەشوع.
8 لێڤییەکانیش: یێشوع، بەنوی، قەدمیێل، شێرێڤیا، یەهودا، مەتەنیا کە سەرپەرشتی گۆرانی سوپاسگوزاری دەکرد، خۆی و یاریدەدەرەکانی. 9 هەروەها بەقبوقیا و عونی و هاوکارەکانیان، کە لە کاتی خزمەت بەرامبەریان ڕادەوەستان.
10 یەشوع یۆیاقیمی بوو، یۆیاقیمیش ئەلیاشیڤی بوو، ئەلیاشیڤیش یۆیاداعی بوو، 11 یۆیاداعیش یۆناتانی بوو، یۆناتانیش یەدوەعی بوو.
12 لە سەردەمی یۆیاقیم گەورەی بنەماڵەکان ئەم کاهینانە بوون:
مەرایا گەورەی بنەماڵەی سەرایا بوو،
حەنەنیا گەورەی بنەماڵەی یەرمیا بوو،
13 مەشولام گەورەی بنەماڵەی عەزرا بوو،
یەهۆحانان گەورەی بنەماڵەی ئەمەریا بوو،
14 یۆناتان گەورەی بنەماڵەی مەلوخ بوو،
یوسف گەورەی بنەماڵەی شەخەنەیا بوو،
15 عەدنا گەورەی بنەماڵەی حاریم بوو،
حەلقای گەورەی بنەماڵەی مەرێمۆت بوو،
16 زەکەریا گەورەی بنەماڵەی عیدۆ بوو،
مەشولام گەورەی بنەماڵەی گینەتۆن بوو،
17 زکری گەورەی بنەماڵەی ئەبیا بوو،
پیلتای گەورەی بنەماڵەی مینیامین و مۆعەدیا بوو،
18 شەموع گەورەی بنەماڵەی بیلگا بوو،
یەهۆناتان گەورەی بنەماڵەی شەمەعیا بوو،
19 مەتەنەی گەورەی بنەماڵەی یۆیاریڤ بوو،
عوزی گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو،
20 قەلای گەورەی بنەماڵەی سەلوی بوو،
عێبەر گەورەی بنەماڵەی عامۆق بوو،
21 حەشەڤیا گەورەی بنەماڵەی حیلقیا بوو،
نەتەنێل گەورەی بنەماڵەی یەدایا بوو.
22 ئەوانەی کە لە سەردەمی ئەلیاشیڤ و یۆیاداع و یۆحانان و یەدوەع، گەورەی بنەماڵەکانی لێڤی و کاهینەکان بوون، لە پاشایەتییەکەی داریوشی پاشای فارس تۆمار کران. 23 ئەوانەش کە هەتا سەردەمی یۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤی گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی لێڤی بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کران. 24 هەروەها ڕابەری لێڤییەکان ئەمانە بوون: حەشەڤیا، شێرێڤیا و یێشوعی کوڕی قەدمیێل لەگەڵ هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە بەرامبەریان ڕادەوەستان بۆ ستایشکردن و سوپاسگوزاری، نۆبەت بە نۆبەت، بەپێی فەرمانی داودی پیاوی خودا.
25 مەتەنیا، بەقبوقیا، عۆبەدیا، مەشولام، تەلمۆن و عەقوڤ دەرگاوان بوون، پاسەوانی کۆگاکانی دەروازەکانیان دەکرد. 26 ئەمانە لە سەردەمی یۆیاقیمی کوڕی یەشوعی کوڕی یۆچاداق خزمەتیان دەکرد، هەروەها لە سەردەمی نەحەمیای پارێزگار و عەزرای کاهین، کە مامۆستای تەورات بوو.
تەرخانکردنی شوورای ئۆرشەلیم
27 لە کاتی تەرخانکردنی شوورای ئۆرشەلیم، داوای لێڤییەکانیان کرد لە هەموو شوێنەکانیانەوە بێنە ئۆرشەلیم بۆ گێڕانی ئاهەنگی تەرخانکردن بە خۆشی و گۆرانی سوپاسگوزاری، گۆرانی بە سەنج و قیسارە و سازەوە. 28 هەروەها گۆرانیبێژەکان کۆکرانەوە، لە ناوچەکانی دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە گوندەکانی نەتۆفاتییەکان، 29 لە بێتگلگال و کێڵگەکانی گەڤەع و عەزماڤەتەوە، چونکە گۆرانیبێژەکان لە چواردەوری ئۆرشەلیم گوندیان بنیاد نابوون. 30 کاهین و لێڤییەکان بەپێی ڕێوڕەسم خۆیان پاککردەوە، ئینجا گەل و دەروازەکان و شووراکەشیان پاککردەوە.
31 ڕابەرەکانی یەهودام سەرخستە سەر شووراکە و دوو تیپی گەورەی سوپاسگوزارانم ڕاگرت، یەکێکیان بەرەو دەروازەی زبڵ بەلای ڕاستدا ڕۆیشت، 32 هۆشەعیا و نیوەی ڕابەرەکانی یەهودا بەدوایدا ڕۆیشتن، 33 لەگەڵ عەزەریا، عەزرا، مەشولام، 34 یەهودا، بنیامین، شەمەعیا و یەرمیا. 35 لە نەوەی کاهینەکانیش بە کەڕەناوە، زەکەریای کوڕی یۆناتان کوڕی شەمەعیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میخایو کوڕی زەکور کوڕی ئاساف. 36 یاریدەرەکانیشیان، ئەوانەی کە بۆ ستایشکردن بوون، شەمەعیا، عەزەرئێل، میلەلەی، گیلەلەی، ماعەی، نەتەنێل و یەهودا و حەنانی، بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پیاوی خوداوە، عەزرای مامۆستای تەوراتیش لەپێشیانەوە بوو. 37 لەلای دەروازەی کارێز ڕاستەوخۆ لە پێپلیکانەکانی شاری داود بە هەورازەکەی شووراکە سەرکەوتن، لەولاوەی کۆشکی داودیش تێپەڕین هەتا دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات.
38 تیپی دووەمی سوپاسگوزارانیش بۆ بەرامبەریان ڕۆیشتن، منیش لە دوایانەوە بووم، نیوەی گەلیش لەسەر شووراکە بوون، لەلای قوللەی تەنوورەکانەوە هەتا شوورا پانەکە، 39 لەسەر دەروازەی ئەفرایم، دەروازەی یەشانا، دەروازەی ماسی، قوللەی حەنەنێل و قوللەی سەد، هەتا دەروازەی مەڕ. لەلای دەروازەی زیندان ڕاوەستان.
40 پاشان هەردوو تیپە سوپاسگوزارەکە لەلای ماڵی خودا ڕاوەستان، هەروەها من و نیوەی کاربەدەستەکانیش لەگەڵم بوون، 41 هەروەها کاهینەکانیش، ئەلیاقیم، مەعسێیاهو، مینیامین، میخایو، ئەلیۆعێنەی، زەکەریا، حەنەنیا، بە کەڕەناوە، 42 هەروەها مەعسێیاهو و شەمەعیا و ئەلعازار و عوزی و یەهۆحانان و مەلکیا و ئیلام و عێزەر، گۆرانیبێژەکانیش بە سەرپەرشتی یەزرەحیا بە دەنگی بەرز گۆرانییان دەگوت. 43 لەو ڕۆژەدا قوربانی زۆریان سەربڕی و دڵیان خۆش بوو کە خودا بە دڵخۆشییەکی گەورە دڵی خۆش کردبوون، هەروەها ژن و منداڵەکانیش دڵخۆش بوون، دڵخۆشی ئۆرشەلیم لە دوورەوە دەبیسترا.
44 لەو ڕۆژەدا خەڵکانێک وەک سەرپەرشتیاری ژوورەکانی ئەمبارەکان دانران، بۆ دیاری و یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان، هەتا بەپێی تەورات لە کێڵگەی شارۆچکەکانەوە بۆ کاهین و لێڤییەکان بەشەکانیان تێدا کۆبکەنەوە، چونکە یەهودا دڵخۆش بوو بە کاهین و لێڤییەکان کە ڕاوەستابوون. 45 ئەرکی خزمەتی خودای خۆیان و ئەرکی پاککردنەوەیان ئەنجام دا، هەروەها گۆرانیبێژەکان و دەرگاوانەکانیش، بەگوێرەی فەرمانی داود و سلێمانی کوڕی، 46 چونکە لە دێرزەمانەوە، لە سەردەمی داود و ئاسافەوە، سەرپەرشتیاری گۆرانیبێژان و گۆرانی ستایش و سوپاسگوزاری خودا هەبوون. 47 هەموو نەوەی ئیسرائیلیش لە ماوەی پاشایەتی زروبابل و نەحەمیا بەشی گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکانیان دەدا، بەشی هەر ڕۆژە لە ڕۆژی خۆی. هەروەها بەشی لێڤییەکانی دیکەشیان دەخستە لاوە، لێڤییەکانیش بەشی نەوەی هارونیان دەخستە لاوە.
تەواوکردنی چاکسازییەکەی نەحەمیا
13 لەو ڕۆژەدا پەڕتووکی موسا بە دەنگی بەرز لەبەردەم گەلدا خوێنرایەوە و بینرا کە تێیدا نووسراوە، هیچ عەمۆنی و مۆئابییەک بۆ هەتاهەتایە نایەتە ناو کۆمەڵی خودا، 2 چونکە بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لە نەوەی ئیسرائیل نەکرد، بەڵکو بەلعامیان لە دژیان بەکرێ گرت هەتا نەفرەتیان لێ بکات، بەڵام خودامان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت. 3 کاتێک گوێیان لە فێرکردنەکە بوو هەموو ئەوانەیان جیا کردەوە کە لەگەڵ ئیسرائیل تێکەڵ ببوون.
4 پێش ئەمە، ئەلیاشیڤی کاهین بە سەرپەرشتیاری ژوورە ئەمبارەکانی ماڵی خودامان دانرابوو. لە تۆڤییاوە نزیک بوو، 5 ژوورێکی گەورەی بۆ دابین کردبوو، کە پێشتر ئەم شتانەیان تێیدا دادەنا: پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوور و قاپوقاچاغەکانی پەرستگا، هەروەها دەیەکەکانی گەنم و شەرابی نوێ و زەیت کە بۆ لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکان فەرمانی پێ کرابوون، لەگەڵ پیتاکە پیرۆزەکان بۆ کاهین.
6 بەڵام بە درێژایی هەموو ئەمانە من لە ئۆرشەلیم نەبووم، چونکە لە سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشای بابل گەڕابوومەوە بۆ لای پاشا، لەدوای ماوەیەک مۆڵەتم لە پاشا خواست و 7 هاتمەوە ئۆرشەلیم، زانیم ئەلیاشیڤ چ خراپەیەی کردووە بەوەی کە لە حەوشەی ماڵی خودا ژوورێکی بۆ تۆڤییا دابین کردووە. 8 ئەمە منی زۆر پەست کرد، لەبەر ئەوە هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی تۆڤییام فڕێدایە دەرەوەی ژوورەکە. 9 فەرمانم دا و ژوورەکەیان پاککردەوە، پاشان قاپوقاچاغەکەی ماڵی خودا و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوورەکەم گەڕاندەوە ئەوێ.
10 هەروەها زانیم کە بەشی لێڤییەکان نەدراوە، لێڤی و ئەو گۆرانیبێژانەی کارەکەیان دەکرد، هەریەکە و بۆ کێڵگەکەی خۆی هەڵاتووە. 11 لەبەر ئەوە لەگەڵ کاربەدەستەکان دەمەقاڵێم کرد و گوتم: «بۆچی ماڵی خودا وازی لێ هێنراوە؟» ئینجا ئەوانم کۆکردەوە و هەریەکەیانم لە شوێنەکەی خۆی دانا.
12 هەموو یەهوداش دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتیان هێنا بۆ ژوورە ئەمبارەکان. 13 خەزنەدارم لەسەر ئەمبارەکان دانا، شەلەمیاهوی کاهین و سادۆقی سەرقەڵەم و پەدایای لێڤی، لەبەردەستی ئەوانیش حانانی کوڕی زەکوری مەتەنیا، چونکە بە دەستپاک دادەنران و کرانە لێپرسراوی دابەشکردنی ئازووقە بەسەر براکانیان.
14 ئەی خودایە، لەبەر ئەمە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە و چاکەکانم مەسڕەوە کە بە دڵسۆزی بەرامبەر بە ماڵی خودای خۆم و داواکارییەکانی کردوومە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.