Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
نەحەمیا 13:15 - ئەیوب 7:21

15 لەو ڕۆژانەدا خەڵکێکم لە یەهودا بینی لە ڕۆژی شەممە گوشەرەکان دەپەستنەوە، کۆڵە دار دەهێنن، گوێدرێژەکانیان بار دەکەن، هەروەها بە شەراب و ترێ و هەنجیر و هەموو ئەوەی بار دەکرێت، لە ڕۆژی شەممە دێنە ناو ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوە ئاگادارم کردنەوە کە لەو ڕۆژەدا خۆراک نەفرۆشن. 16 هەروەها ئەو سوریانەی تێیدا نیشتەجێ بوون لە ڕۆژی شەممە ماسی و هەموو جۆرە کەلوپەلێکیان دەهێنا و لە ئۆرشەلیم بە نەوەی یەهودایان دەفرۆشت. 17 جا دەمەقاڵێم لەگەڵ پیاوماقوڵانی یەهودا کرد و گوتم: «ئەم خراپە چییە کە ئێوە دەیکەن و ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن؟ 18 ئایا باوباپیرانتان ئەمەیان نەکرد، ئینجا خودامان هەموو ئەم خراپەیەی بەسەر ئێمە و ئەم شارەشدا هێنا؟ ئێوە تووڕەیی لەسەر ئیسرائیل زیاتر دەکەن کە ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن.»

19 کاتێک تاریکی باڵی بەسەر دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا کێشا، پێش ڕۆژی شەممە، فەرمانم دا هەتا دوای ڕۆژی شەممە دەروازەکان دابخرێن و نەکرێنەوە. هەندێک لە خزمەتکارەکانی خۆمم لەسەر دەروازەکان دانا، هەتا لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەیەتە ژوورەوە. 20 جارێک و دووان بازرگان و فرۆشیاری هەموو جۆرە کەلوپەلێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم شەویان بەسەربرد. 21 منیش ئاگادارم کردنەوە و گوتم: «بۆچی لەلای شووراکە ماونەتەوە؟ ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دەستگیرتان دەکەم.» ئیتر لەو کاتەوە لە ڕۆژی شەممە نەهاتنەوە. 22 هەروەها بە لێڤییەکانم گوت، کە خۆیان پاک بکەنەوە و بێن و پاسەوانی دەروازەکان بکەن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە.

ئەی خودایە، بەمەش بە یادی خۆتم بهێنەرەوە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەشت لەگەڵم میهرەبان بە.

23 هەروەها لەو ڕۆژانەدا ئەو یەهودییانەم بینی کە ژنی ئەشدۆدی و عەمۆنی و مۆئابییان هێنابوو، 24 نیوەی منداڵەکانیان بە زمانی ئەشدۆدی یان بە زمانی گەلی دیکە قسەیان دەکرد، تێیاندا نەبوو بتوانێت بە زمانی یەهودی قسە بکات. 25 جا لەگەڵیان دەمەقاڵێم کرد و نەفرەتم لێکردن، لە هەندێکیانم دا و پرچیانم ڕنییەوە، بە خودا سوێندم دان و گوتم: «کچتان نەدەنە کوڕیان و کچیان مەهێنن، نە بۆ کوڕتان و نە بۆ خۆتان. 26 ئایا لەبەر ئەمانە نەبوو سلێمانی پاشای ئیسرائیل گوناهی کرد، کاتێک لەناو زۆربەی نەتەوەکان پاشایەکی وەک ئەو نەبوو، لەلای خودای خۆی خۆشەویست بوو، خودا کردییە پاشای هەموو ئیسرائیل؟ تەنانەت ئەویش ژنە بێگانەکان گوناهیان پێکرد. 27 ئیتر ئایا گوێ لە ئێوە بگرین ئەم هەموو خراپە گەورەیە بکەن، بە ناپاکیتان لە دژی خودامان، بەوەی ژنی بێگانە بهێنن؟»

28 یەکێک لە کوڕەکانی یۆیاداعی کوڕی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین، زاوای سەنڤەلەتی حۆرۆنی بوو، منیش لەلای خۆم دەرمکرد.

29 ئەی خودایە، بە یادی خۆتیان بهێنەرەوە کە کاهینیێتی و پەیمانی کاهینیێتی و لێڤییەکانیان گڵاوکرد.

30 بەو شێوەیە لە هەموو بێگانەیەک پاکم کردنەوە، ئەرکەکانی کاهین و لێڤییەکانم دیاری کرد، هەریەکە و لەسەر کاری خۆی. 31 داریشم بۆ قوربانی لە کاتی دیاریکراو و یەکەمین بەرهەمەکان دابین کرد.

ئەی خودایە، بە چاکە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە.

لابردنی ڤەشتیی شاژن

ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی پاشایەتی ئەحەشوێرۆش بوو، ئەو ئەحەشوێرۆشەی کە لە هیندستانەوە هەتا کوش[a] فەرمانڕەوایەتی سەد و بیست و حەوت هەرێمی دەکرد. لەو کاتەدا ئەحەشوێرۆش لەسەر تەختی پاشایەتییەکەی دادەنیشت کە لە قەڵای شوش بوو. لە ساڵی سێیەمی پاشایەتییەکەی، خوانێکی سازکرد بۆ هەموو سەرکردە و کاربەدەستەکانی. سەرکردەکانی سوپای فارس و ماد و میر و فەرمانڕەوای هەرێمەکان تێیدا ئامادە بوون.

ماوەی سەد و هەشتا ڕۆژ پاشا دەوڵەمەندی و شکۆی پاشایەتییەکەی و بێ هاوتایی جوانی مەزنایەتییەکەی نیشانی میوانان دا. پاش تێپەڕینی ئەو ماوەیە، پاشا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ خوانێکی سازکرد بۆ گەورە و بچووکی گەل، ئەوانەی لە قەڵای شوش دەژیان، لە باخچەی داخراوی کۆشکی پاشا. گۆڕەپانەکە بە پەردەی سپی و مۆری کەتان ڕازێنرابووەوە، بە گوریسی ئەرخەوانی لەناو بازنەی زیو هەڵواسرابوو، لەسەر کۆڵەکەی مەڕمەڕ. سەکۆیەکان لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، زەوییەکە بە بەردی حەلان و مەڕمەڕ و دوڕ و بەردی گرانبەها شۆستەی بۆ دروستکرابوو. خواردنەوەش بە جامی زێڕینی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرا، شەرابی شاهانەش بەقەد بەخشندەیی پاشا زۆر بوو. پاشا فەرمانی بە لێپرسراوانی کۆشک کرد کەس گلەیی لە خواردنەوە نەبێت، هەرکەسە بەگوێرەی ویستی خۆی بێت.

هەروەها ڤەشتیی شاژنیش لە کۆشکی شاهانەی ئەحەشوێرۆشی پاشا خوانێکی بۆ ئافرەتان سازکرد.

10 لە ڕۆژی حەوتەم کاتێک پاشا بە شەراب مەست بوو، فەرمانی کرد بەو حەوت کاربەدەستەی[b] گوت کە لەبەردەم پاشا خزمەتیان دەکرد، مێهومان و بیزتا و حەرڤۆنا و بیگتا و ئەڤەگتا و زێتەر و کەرکەس، 11 کە ڤەشتیی شاژن بە تاجی شاهانەکەوە بهێنن بۆ بەردەم پاشا، بۆ ئەوەی جوانییەکەی پیشانی گەل و سەرکردەکان بدرێت، چونکە ڕوخساری جوان بوو. 12 بەڵام کاتێک کاربەدەستەکان فەرمانەکەی پاشایان پێ ڕاگەیاند، ڤەشتیی شاژن ڕازی نەبوو بێت. لەبەر ئەوە پاشا زۆر ڕقی هەستا و لە تووڕەیی خۆیدا گڕی گرت.

13 نەریتی پاشا وا بوو ڕاوێژ بە شارەزایانی یاسا و دادوەری بکات. ئیتر پاشا پرسی بەو دانایانە کرد کە شارەزای ڕۆژگارن، 14 ئەوانەی لێی نزیک بوون ئەمانە بوون: کەرشەنا، شیتار، ئەدماتا، تەرشیش، مەرەس، مەرسەنا، مەمۆخان، کە حەوت سەرکردەی فارس و مادی بوون و هەمیشە چاویان بە پاشا دەکەوت، بەرزترین پلە و پایەیان هەبوو لە پاشایەتییەکەدا.

15 پاشا پرسیاری کرد: «بەپێی یاسا چی لە شاژنە ڤەشتی بکرێت؟ لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی ئەو فەرمانەی ئەحەشوێرۆشی پاشای نەبوو کە کاربەدەستەکان پێیان ڕاگەیاند.»

16 مەمۆخان لەبەردەم پاشا و سەرکردەکان گوتی: «شاژنە ڤەشتی بە تەنها هەڵەی دەرهەق بە پاشا نەکردووە، بەڵکو دەرهەق بە هەموو سەرکردەکان و هەموو ئەو گەلانەی کە لە هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆش پاشادان، 17 چونکە هەواڵی شاژن بە هەموو ژنەکان دەگاتەوە و بەو شێوەیە بێزیان لە مێردەکانیان دەبێتەوە، دەگوترێت: ”ئەحەشوێرۆشی پاشا فەرمانی دا شاژنە ڤەشتی بهێننە بەردەمی، کەچی ئەو نەهاتووە.“ 18 هەروەها هەر لەو ڕۆژەدا خانمەکانی فارس و مادی ئەوانەی هەواڵی شاژنیان پێ گەیشتووەتەوە هەمان شت بە هەموو سەرکردەکانی پاشا دەڵێن، بەمەش بێزلێبوونەوە و تووڕەیی بڵاو دەبێتەوە.

19 «لەبەر ئەوە ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با بڕیارێکی شاهانە لەلای خۆیەوە دەربکات و بڕیارەکە لە یاساکانی فارس و مادی بنووسرێت بۆ ئەوەی دەستکاری نەکرێت، بەوەی کە نابێت چیتر ڤەشتی بێتە بەردەم ئەحەشوێرۆش پاشا. پاشاش پلەی شاژنیێتی بە یەکێکی چاکتر لەو بدات. 20 بەو شێوەیە بڕیارەکەی پاشا لەناو هەموو شانشینە مەزنەکە ڕادەگەیەنرێت، هەموو ژنانیش بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ مێردەکانیان دەکەن، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.»

21 پاشا و سەرکردەکان ئەو قسەیەیان پێ باش بوو، پاشا بەپێی قسەکەی مەمۆخانی کرد. 22 نامەی بۆ هەموو هەرێمەکان و هەموو گەلەکانی پاشایەتییەکەی نارد، هەریەکە و بە زمان و ڕێنووسی خۆیان، بە زمانی نەتەوەکەی خۆیان بڵاوی بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەموو پیاوێک گەورەی ماڵەکەی خۆی بێت.

هەڵبژاردنی ئەستێر وەک شاژن

پاش ئەوەی تووڕەیی ئەحەشوێرۆشی پاشا دامرکایەوە، پاشا ڤەشتی و ڕەفتارەکەی و ئەو بڕیارەی کە لە دژی دەریکرد بەبیری هاتەوە. ئینجا ئەوانەی خزمەتی پاشایان دەکرد پێشنیاریان کرد: «با بگەڕێن بۆ کچانی پاکیزە و ڕوخسار جوان بۆ پاشا، با پاشا بریکار دابنێت لەناو هەموو هەرێمەکانی شانشینەکەیدا، هەموو کچە پاکیزە و ڕوخسار جوانەکان بۆ حەڕەم سەرا لە قەڵای شوش کۆبکەنەوە. با لەژێر سەرپەرشتی هێگەیدا بن، کاربەدەستی[c] پاشا و بەرپرسی حەڕەم سەرایە، بۆ ئەوەی بۆن و ئاراییشتیان پێ بدات. ئینجا ئەو کچەش کە پاشا پەسەندی دەکات، با ببێتە شاژن و شوێنی ڤەشتی بگرێتەوە.» پاشا ئەو قسەیەی پێ باش بوو، کاری پێکرد.

لەو کاتە لەناو قەڵای شوش پیاوێکی جولەکە هەبوو لە هۆزی بنیامین بوو، ناوی مۆردەخای کوڕی یائیری کوڕی شیمعی کوڕی قیش بوو. یەکێک بوو لەو ڕاپێچکراوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچی کردبوون، لەنێو ئەو ڕاپێچکراوانەی یەهۆیاکینی پاشای یەهودایان لەگەڵ بوو. مۆردەخای ئامۆزایەکی هەبوو بە ناوی هەدەسا، خۆی پەروەردەی کردبوو، چونکە نە باوکی هەبوو نە دایک. ئەم کچە بە ئەستێر ناسراوبوو، کچێکی نازدار و ڕوخسار جوان بوو، پاش مردنی دایک و باوکی مۆردەخای کردییە کچی خۆی.

بە بیستنی فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆر لە قەڵای شوش و سپاردنیان بە دەستی هێگەی، ئەستێریش بردرایە کۆشکی پاشا و بە هێگەیی بەرپرسی حەڕەم سەرا سپێردرا. کچە لەبەرچاوی هێگەی پەسەند بوو و بە دڵی بوو. لەبەر ئەوە زوو بۆن و ئاراییشت و پێداویستییەکانی لەگەڵ حەوت کەنیزەی هەڵبژێردراو پێدرا و لە کۆشکی پاشاوە بۆ باشترین شوێنی حەڕەم سەرا گواسترایەوە.

10 ئەستێر هیچی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکرد، چونکە مۆردەخای ڕایسپاردبوو کە ئەوە نەکات. 11 مۆردەخای هەموو ڕۆژێک لەبەردەم حەوشەی حەڕەم سەرا دەهات و دەچوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەستێر چۆنە و ئاگاداربێت لەوەی چی بەسەردێت.

12 بەگوێرەی یاسای پەیڕەوکراو بۆ ئافرەتان هەر کچێک ساڵێکی تەواوی لە ئاراییشت و ئامادەکاری بەسەردەبرد: شەش مانگ بە زەیتی موڕ، شەش مانگیش بە بۆن و کەرەستەی دیکەی جوانکاری. ئینجا لەدوای ئەوە نۆرەی دەهات بچێتە لای ئەحەشوێرۆشی پاشا. 13 بەم شێوەیە بۆ لای پاشا دەچوو، هەرچی دەویست پێی دەدرا، بۆ ئەوەی لە حەڕەم سەراوە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆشکی پاشا. 14 ئێوارە دەچووە ژوورەوە و بەیانی بۆ بەشێکی دیکەی حەڕەم سەرا دەگەڕایەوە، بۆ ژێر سەرپەرشتی شەعەشگەزی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی کەنیزەکان. جارێکی دیکە نەدەچووە ژوورەوە بۆ لای پاشا، تەنها ئەگەر پاشا پێی دڵخۆش بووایە و بە ناوی خۆیەوە بانگی بکردایە.

15 کاتێک نۆرەی ئەستێر هات، کچی ئەبیحەیلی مامی مۆردەخای، ئەوەی مۆردەخای کردییە کچی خۆی، بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، هیچ شتێکی داوا نەکرد جگە لەوەی هیگایی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەڕەم سەرا پێشنیاری کردبوو. هەرکەسێکیش ئەستێری ببینیایە دەچووە دڵییەوە. 16 ئەستێر لە مانگی دە بردرایە ژوورەوە بۆ لای ئەحەشوێرۆش پاشا لە کۆشکی شاهانە، لە مانگی تێڤێت، لە حەوتەمین ساڵی پاشایەتییەکەی.

17 پاشا ئەستێری لە هەموو ژنەکان زیاتر خۆشویست، لە هەموو پاکیزەکانی دیکە زیاتر پەسەندی کرد و چووە دڵییەوە. تاجی شاهانەی لەسەر سەری دانا و لە شوێنی ڤەشتی کردییە شاژن. 18 ئینجا پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەموو سەرکردە و خزمەتکارەکانی سازکرد وەک رێزگرتنێک لە ئەستێر، پشووی لە هەرێمەکاندا ڕاگەیاند و بەقەد بەخشندەیی پاشا دیاری بەخشرا.

ئاشکراکردنی پیلانێک لەلایەن مۆردەخای

19 کاتێک پاکیزەکان بۆ جاری دووەم کۆکرانەوە، مۆردەخای لەلای دەروازەی پاشا دانیشتبوو. 20 ئەستێریش هەروەک مۆردەخای ڕایسپاردبوو هیچ شتێکی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکردبوو، چونکە ئەستێر هەروەک ئەو ڕۆژانەی مۆردەخای بەخێوی دەکرد بە قسەی ئەو دەجوڵایەوە.

21 لەو ڕۆژانەدا لە کاتێکدا مۆردەخای لە دەروازەی پاشا دانیشتبوو، بیگتانا و تەرەش کە دوو ئەفسەری پاشا بوون لەو ئەفسەرانەی پاسەوانیێتی دەروازەکەیان دەکرد، تووڕە بوون و پیلانیان گێڕا کە دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن. 22 بەڵام مۆردەخای بەو کارەی زانی و بە شاژنە ئەستێری گەیاند، ئەویش بە ناوی مۆردەخایەوە بە پاشای گوت. 23 کاتێک بابەتەکە لێی کۆڵڕایەوە و زانییان کە ڕاستە، هەردووکیان لە سێدارە دران. ئەو ڕووداوەش لەبەردەم پاشا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کرا.

پیلانی هامان بۆ لەناوبردنی جولەکەکان

پاش ئەم ڕووداوانە، ئەحەشوێرۆشی پاشا هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی[d] گەورە کرد و بەرزی کردەوە، پایەیەکی بەرزتری لە پایەی هەموو سەرکردەکانی دیکە پێ بەخشی کە لەگەڵین. هەموو کاربەدەستەکانی پاشا کە لەلای دەروازەی پاشاوەن بەپێی فەرمانی پاشا سەریان بۆ هامان دادەنەواند و کڕنۆشیان بۆ دەبرد، بەڵام مۆردەخای سەری بۆ دانەدەنەواند و کڕنۆشی بۆ نەدەبرد.

لەبەر ئەوە خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لە دەروازەکەی پاشادا بوون بە مۆردەخایان گوت: «بۆچی سەرپێچی فەرمانی پاشا دەکەیت؟» ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قسەیان لەگەڵ دەکرد، بەڵام ئەو هەر گوێی لێ نەدەگرتن. لەبەر ئەوە بە هامانیان گوت بۆ ئەوەی بزانن ئەو قسەیەی مۆردەخای خۆی ڕادەگرێت، چونکە پێی ڕاگەیاندبوون کە ئەو جولەکەیە.

جا کە هامان بینی مۆردەخای سەری بۆ دانانەوێنێت و کڕنۆشی بۆ نابات، زۆر تووڕە بوو. پێی کەم بوو بە تەنها دەست بۆ مۆردەخای خۆی درێژ بکات، چونکە زانی مۆردەخای لە چ نەتەوەیەکە. هامان بەدوای ئەوە دەگەڕا هەموو نەتەوەکەی مۆردەخای، بە واتە هەموو جولەکەکان، کە لە شانشینی ئەحەشوێرۆش بوون لەناویان ببات.

لە مانگی یەک کە مانگی نیسانە، لە ساڵی دوازدەیەمینی ئەحەشوێرۆشی پاشا، لەبەردەم هامان تیروپشکیان دەکرد کە پێی دەگوترا پور‏، بۆ هەڵبژاردنی ڕۆژ و مانگێک. تیروپشک کەوتە سەر مانگی دوازدە، واتە مانگی ئادار.

ئینجا هامان بە ئەحەشوێرۆش پاشای گوت: «نەتەوەیەک هەیە لەنێو هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشایەتییەکە پەرتەوازەن و بە جیاواز دەژین. نەریتەکانیان لەگەڵ نەریتی هەموو نەتەوەکان جیاوازترە و یاساکانی پاشا جێبەجێ ناکەن. بۆ پاشا باش نییە لێیان بگەڕێت بە ئاسوودەیی دانیشن. ئەگەر پاشا پێی باشە با یاسایەک بۆ لەناوبردنیان بنووسێت، منیش دە هەزار تالنت[e] زیو دەدەمە دەستی خەزنەدار بۆ گەنجینەکانی پاشا.»

10 ئینجا پاشا ئەنگوستیلەکەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو، دایە هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی جولەکەکان. 11 پاشا بە هامانی گوت: «زیوەکە بۆ خۆت بێت، چیشت پێ باشە ئاوا لە نەتەوەکە بکە.»

12 لە سێزدەی مانگی یەک خامەی نهێنییەکانی[f] پاشا بانگ کران، هەموو ئەوەی هامان فەرمانی پێیدان نووسرایەوە بۆ میرەکانی پاشا و پارێزگارەکانی هەرێمە جیاوازەکان و سەرکردەکانی نەتەوە جیاکان، هەر هەرێمە و بە ڕێنووسی خۆی و هەر نەتەوەیە و بە زمانی خۆی. نامەکانیش بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسراون و بە ئەنگوستیلەکەی ئەویش مۆر کران. 13 بە دەستی پەیامبەرەکانیشدا نامەکان بۆ هەموو هەرێمەکانی پاشا نێردران و تێیاندا فەرمانی دابوو کە لە یەک ڕۆژ، لە سێزدەی مانگی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار هەموو جولەکەکان بە گەنج و پیر و ژن و منداڵەوە قڕ بکرێن و بکوژرێن و لەناو ببردرێن، کەلوپەلەکانیشیان بە تاڵان ببردرێن. 14 وێنەی نووسراوەکەش وەک یاسایەک درایە هەموو هەرێمەکان و لەناو هەموو نەتەوەکان بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ئەم ڕۆژە ئامادە بکەن.

15 هەروەک پاشا فەرمانی کرد پەیامبەرەکان بە پەلە ڕۆیشتن، هەروەها ئەو فەرمانە لە قەڵای شوشیش درا. پاشا و هامان بۆ خواردنەوە دانیشتن، بەڵام شاری شوش شڵەژا.

مۆردەخای داوای یارمەتی لە ئەستێر دەکات

پاش ئەوەی مۆردەخای هەموو ئەو کردەوانەی زانی کە کران، جلەکەی دادڕی و جلوبەرگی گوشی[g] پۆشی و خۆڵەمێشی بەسەر خۆیدا کرد، چووە دەرەوە بۆ ناوەڕاستی شار و هاوارێکی گەورە و تاڵی کرد. بەڵام تەنها چووە بەردەم دەروازەی پاشا، چونکە ڕێگا بە کەس نەدەدرا بە پۆشینی جلوبەرگی گوشەوە بچێتە ناو دەروازەی پاشا. هەروەها هەر هەرێمێک فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی پێ دەگەیشت، لەنێو جولەکەکان دەبووە شیوەنێکی گەورە و ڕۆژووگرتن، گریان و لاواندنەوە. زۆریان جلوبەرگی گوشیان دەپۆشی و لەناو خۆڵەمێش ڕادەکشان.

کاتێک کەنیزەکانی ئەستێر و کاربەدەستەکانی چوونە ژوورەوە و باسی مۆردەخایان بۆی کرد، شاژن زۆر دڵتەنگ بوو. دەستە جلێکی نارد بۆ ئەوەی لە جیاتی جلوبەرگی گوش لەبەری بکرێت، بەڵام ئەو پەسەندی نەکرد. پاشان ئەستێر هەتاخی بانگکرد، کە یەکێک لە کاربەدەستەکانی پاشا بۆ خزمەتکردنی تەرخان کرابوو و فەرمانی پێ کرد بچێتە لای مۆردەخای، بزانێت ئەمە چییە و لەسەر چییە.

ئیتر هەتاخ چووە دەرەوە بۆ لای مۆردەخای لە مەیدانی شارەکە، ئەوەی لەبەردەم دەروازەی پاشایە. مۆردەخای هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە بەسەری هاتبوو، هەروەها ئەو بڕە زیوەی کە هامان گوتبووی بۆ لەناوبردنی جولەکەکان بیداتە گەنجینەی پاشا. وێنەیەکیشی لەو یاسا نووسراوە دایێ کە لە شوشەوە بۆ لەناوبردنیان دەرکرابوو، بۆ ئەوەی پیشانی ئەستێری بدات و بابەتەکەی بۆ ڕوون بکاتەوە، ڕایبسپێرێت کە بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا و لە پێناوی نەتەوەکەی لێی بپاڕێتەوە و داوای بەزەیی لێ بکات.

هەتاخ گەڕایەوە و قسەکانی مۆردەخای بە ئەستێر ڕاگەیاند. 10 ئەستێریش هەتاخی ڕاسپاردەوە بە مۆردەخای بڵێت: 11 «هەموو کاربەدەستەکانی پاشا و هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشا دەزانن، کە هەر پیاوێک یان هەر ژنێک بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا بەبێ ئەوەی بانگ بکرێتە دیوانەکەی ناوەوە، یەک یاسای بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەویش مردنە، تەنها ئەو کەسە نەبێت کە پاشا داردەستە زێڕینەکەی خۆی بۆ درێژ دەکات، ئەو کەسە دەژیێت. منیش سی ڕۆژە بانگ نەکراوم بۆ ئەوەی بچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا.»

12 کاتێک قسەکەی ئەستێریان بە مۆردەخای ڕاگەیاند، 13 ئەویش ئەم وەڵامەی بۆ ناردەوە: «وا مەزانە کە تۆ لە ماڵی پاشادا بەدەر لە هەموو جولەکەکان دەرباز دەبیت، 14 چونکە ئەگەر تۆ لەم کاتەدا بێدەنگ بیت، ژیانەوە و دەربازبوون لە شوێنێکی دیکە بۆ جولەکەکان سەرهەڵدەدات، بەڵام خۆت و ماڵی باوکت لەناو دەبردرێن. هەروەها کێ دەزانێت، لەوانەیە بۆ کاتێکی وەک ئەمە بە پلەی پاشایەتی گەیشتوویت؟»

15 ئینجا ئەستێر ئەم وەڵامەی بۆ مۆردەخای ناردەوە: 16 «بڕۆ هەموو جولەکەکانی ناو شوش کۆبکەرەوە، لە پێناوی من ڕۆژوو بگرن. سێ شەو و سێ ڕۆژ هیچ مەخۆن و هیچ مەخۆنەوە. خۆم و کەنیزەکانم بە هەمان شێوە ڕۆژوو دەگرین. دوای ئەوە بە پێچەوانەی یاسا دەچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا. ئەگەر لەناویش چووم، با لەناوبچم.»

17 ئیتر مۆردەخای چوو هەموو ئەو شتانەی کرد کە ئەستێر ڕایسپاردبوو.

داواکاری ئەستێر

لە سێیەمین ڕۆژ ئەستێر جلوبەرگی شاهانەی لەبەرکرد و لە دیوانەکەی ناوەوەی کۆشکی پاشا بەرامبەر دیوەخانی پاشا ڕاوەستا، پاشاش لە دیوەخانەکە لە بەرامبەر دەروازەکە لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو. کاتێک پاشا ئەستێری شاژنی بینی لە دیوانەکە ڕاوەستاوە، دڵی پێی خۆشبوو و داردەستە زێڕینەکەی دەستی بۆ ئەستێر درێژکرد. ئەستێریش چووە پێشەوە و دەستی لەسەری داردەستەکە دا.

ئینجا پاشا پێی گوت: «شاژنە ئەستێر، چیتە و داواکاریت چییە؟ هەتا داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت پێت دەدرێت.»

ئەستێر گوتی: «ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با ئەمڕۆ پاشا لەگەڵ هامان بێنە ئەو خوانەی کە بۆم ئامادە کردووی.»

پاشاش گوتی: «بە پەلە هامان بهێنن بۆ ئەوەی داواکەی ئەستێر جێبەجێ بکات.» ئینجا پاشا و هامان چوون بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو. پاشا لە کاتی شەراب خواردنەوە بە ئەستێری گوت: «بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»

ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «بابەتەکەم و داواکارییەکەم ئەمەیە: ئەگەر پاشا لێم ڕازی بێت و پێی خۆش بێت بابەتەکەم و داواکارییەکەم بۆ جێبەجێ بکات، با سبەینێ پاشا لەگەڵ هامان بێتە ئەو خوانەی کە بۆیان ئامادە دەکەم، ئەو کاتە وەڵامی پرسیارەکەی پاشا دەدەمەوە.»

ڕقی هامان لە مۆردەخای

ئەو ڕۆژە هامان بە شادی و دڵخۆشییەوە چووە دەرەوە. بەڵام کاتێک هامان لە دەروازەی پاشا مۆردەخای بینی لەبەری هەڵنەستا و خۆی تێکنەدا، زۆر ڕقی لە مۆردەخای هەستا. 10 بەڵام هامان خۆی گرت و گەڕایەوە ماڵەوە.

هامان دۆستەکانی و زەرەشی ژنی بانگکرد، 11 شانازی بە زۆری دەوڵەمەندی و زۆری کوڕەکانی کرد، هەروەها چۆن پاشا ڕێزی لێی ناوە و پایەی بەرزکردووەتەوە لەسەر سەرکردە و کاربەدەستەکانی دیکەی. 12 هەروەها هامان گوتی: «تەنانەت شاژنە ئەستێر جگە لە من کەسی دیکەی لەگەڵ پاشا بۆ ئەو خوانە داوەت نەکردووە کە ئامادەی کردووە، بۆ سبەینێ منیشی لەگەڵ پاشا داوەت کردووە. 13 بەڵام ئەمانە هەموویان هیچ بەهایەکیان لەلای من نییە، هەر کاتێک مۆردەخای جولەکە دەبینم لە دەروازەی پاشادا دانیشتووە.»

14 زەرەشی ژنی و دۆستەکانی پێیان گوت: «با سێدارەیەک بە بەرزی پەنجا باڵ[h] دروستبکرێت، بەیانی بە پاشا بڵێ با مۆردەخای لەسەر هەڵبواسن. پاشان بە خۆشییەوە لەگەڵ پاشا بڕۆ سەر خوانەکە.» هامان ئەو قسەیەی پێ باش بوو، فەرمانی دا سێدارەکە دروستبکرێت.

ڕێزگرتن لە مۆردەخای

ئەو شەوە پاشا خەوی زڕا. فەرمانی دا پەڕتووکی پوختەی مێژووی[i] بۆ بهێنن و بۆی بخوێننەوە. بینرا ئەوەی تێدا نووسراوە کە مۆردەخای لەبارەی بیگتانا و تەرەشەوە ئاشکرای کردبوو، دوو لەو ئەفسەرانەی پاشا، کە پاسەوانی دەروازەکە بوون و ویستیان دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن.

پاشا پرسیاری کرد: «چ ڕێز و گەورەییەک بەرامبەر بەمە بۆ مۆردەخای کراوە؟» خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لەبەردەستی بوون گوتیان: «هیچی بۆ نەکراوە.»

پاشا گوتی: «کێ لە دیوانەکەیە؟» لەو کاتەدا هامان چووبووە ناو دیوانەکەی دەرەوەی کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی بە پاشا بڵێت مۆردەخای لەسەر ئەو سێدارە هەڵبواسێت کە بۆی ئامادە کردبوو.

خزمەتکارەکانی پاشا وەڵامیان دایەوە: «وا هامان لە دیوانەکە ڕاوەستاوە.»

پاشاش فەرمانی دا: «با بێتە ژوورەوە.»

کە هامان چووە ژوورەوە، پاشا لێی پرسی: «چی بۆ پیاوێک بکرێت پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟»

هامان لە دڵی خۆیدا گوتی: «لە من زیاتر کێ هەیە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت؟» ئیتر هامان وەڵامی پاشای دایەوە: «بۆ ئەو پیاوەی کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، با ئەو جلوبەرگە شاهانەیەی کە پاشا لەبەری دەکات و ئەو ئەسپەی کە پاشا سواری دەبێت، لەگەڵ ئەو تاجەی شاهانە کە لەسەر سەری ئەسپەکە دادەنرێت بهێنرێ. ئینجا با جلوبەرگەکە و ئەسپەکە بدرێنە پیاوێک لە میرانی سەرکردەی پاشا، بۆ ئەوەی لەبەری ئەو پیاوەی بکات کە پاشا پێی خۆشە ڕێزی لێ بگرێت، لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکە بیگەڕێنن و لەبەردەمیەوە هاوار بکەن و بڵێن: ”ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!“»

10 پاشا بە هامانی گوت: «بە پەلە بڕۆ هەروەک گوتت جلوبەرگ و ئەسپەکە ببە، هەموو ئەو شتانەی پێشنیارت کرد بۆ مۆردەخای جولەکە بیکە، ئەوەی لە دەروازەی پاشا دانیشتووە. هیچیان فەرامۆش مەکە لەوەی کە گوتت.»

11 هامان جلوبەرگەکە و ئەسپەکەی برد. جلەکەی لەبەر مۆردەخای کرد و لە شەقامەکانی شار بە سواری ئەسپەکەی گەڕاندی، لەبەردەمی هاواری کرد و گوتی: «ئاوا بۆ ئەو پیاوە دەکرێت کە پاشا پێی خۆش بێت ڕێزی لێ بگرێت!»

12 پاشان مۆردەخای گەڕایەوە بۆ دەروازەی پاشا. بەڵام هامان بە لاواندنەوە و بە سەرشۆڕی گەڕایەوە ماڵەکەی. 13 هامان هەموو ئەوەی بەسەری هات بۆ زەرەشی ژنی و بۆ دۆستەکانی گێڕایەوە.

ڕاوێژکارەکانی و زەرەشی ژنی پێیان گوت: «کەوتنی تۆ لەبەردەم مۆردەخای دەستی پێکرد. لەبەر ئەوەی ئەو لە ڕەچەڵەکی جولەکەیە، تۆ ناتوانیت لە دژی بووەستیتەوە، تۆ لەبەردەمی ئەو دەڕووخێیت!» 14 لە کاتێکدا کە هێشتا قسەیان لەگەڵ دەکرد، کاربەدەستەکانی پاشا پەیدا بوون بۆ ئەوەی بە پەلە هامان ببەن بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو.

لە سێدارەدانی هامان

ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن. لە ڕۆژەی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»

شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە، چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»

ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»

ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!»

هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی. پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.

لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت.

پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟»

هەر کە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی. ئینجا حەرڤۆنا، یەکێک لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد گوتی: «لە ماڵی هامان سێدارەیەک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە[j]، بۆ مۆردەخای دروستی کردووە کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»

پاشا گوتی: «لەسەری هەڵیبواسن!» 10 بەو شێوەیە هامانیان لەسەر ئەو سێدارەیە هەڵواسی کە بۆ مۆردەخای ئامادەی کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.

فەرمانی پاشا سەبارەت بە جولەکەکان

لەو ڕۆژە ئەحەشوێرۆشی پاشا سامانی هامانی دوژمنی جولەکەکانی دایە ئەستێری شاژن. مۆردەخای هاتە بەردەم پاشا، چونکە ئەستێر پێی گوتبوو کە خزمی ئەوە. هەروەها پاشا ئەنگوستیلەکەی لە دەستی خۆی داکەند کە لە هامانی سەندبووەوە و دایە مۆردەخای. ئەستێریش مۆردەخای کردە بریکاری سامانەکەی هامان.

ئەستێر جارێکی دیکە لەگەڵ پاشا قسەی کرد. خۆی خستە بەر پێیەکانی و گریا و لێی پاڕایەوە بۆ ئەوەی پیلانەکەی هامانی ئەگاگی هەڵبوەشێنێتەوە کە لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو. ئینجا پاشا داردەستە زێڕینەکەی بۆ ئەستێر درێژکرد، ئەستێر هەستا و لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.

گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر تۆ ڕازی بیت، ئەگەر منت بە دڵە و دەبینیت کە داواکارییەکەم ڕەوایە، ئەگەر من لەلای تۆ پەسەندم، تکایە داوای نووسینی فەرمانێک بکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پیلانەی هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دایڕشتبوو. ئەو نامەی بۆ هەموو هەرێمەکانی پاشا نووسیبوو بۆ لەناوبردنی جولەکەکان. ئەوسا چۆن دەتوانم تەماشای ئەو کارەساتە بکەم کە تووشی نەتەوەکەم دەبێت؟ چۆن دەتوانم تەماشای لەناوچوونی ڕەگەزەکەم بکەم؟»

ئەحەشوێرۆش پاشا وەڵامی شاژنە ئەستێر و مۆردەخای جولەکەی دایەوە: «لەبەر ئەوەی هامان دەستدرێژی کردە سەر جولەکە، سامانەکەی ئەوم دایە ئەستێر، لە سێدارەشیان دا. ئێوەش ئەوەی پێتان باشە بە ناوی پاشاوە بۆ جولەکەکانی بنووسن، بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری بکەن، چونکە ئەو نووسینەی بە ناوی پاشاوە دەنووسرێت و بە ئەنگوستیلەکەی مۆر بکرێت هەڵناوەشێنرێتەوە.»

لەو کاتە، لە بیست و سێی سێ، واتە مانگی سیڤان، خامەی نهێنییەکانی[k] پاشا بانگ کران. هەموو ئەو شتانەی کە مۆردەخای فەرمانی پێ کردن بۆ جولەکە و میر و پارێزگار و سەرکردەکانی هەرێمەکان نووسییان، سەد و بیست و حەوت هەرێم بوون، لە هیندستانەوە هەتا کوش، بۆ هەر هەرێمێک بە زمان و ڕێنووسی خۆی، بۆ جولەکەکانیش بە زمان و ڕێنووسی خۆیان. 10 مۆردەخای ئەو نامانەی بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسی و بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری کردن، بە پەیامبەرەکاندا ناردی، کە سواری ئەسپە تیژڕەوە ڕەسەنەکانی پاشا ببوون.

11 ئەو نامانەی پاشا مافی ئەوەی بە جولەکەکانی هەموو شارێک دابوو کۆببنەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن و هەر هێزێکی چەکدار لە هەر نەتەوە و هەرێمێک بێت هێرشیان بکاتە سەر لەناوی ببەن، بیانکوژن و قڕیان بکەن، بە ژن و منداڵەکانیشیانەوە، ئەوەی هەشیانە تاڵانی بکەن. 12 ئەو ڕۆژە لەناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا دیاریکراوە، لە سێزدەی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار. 13 وێنەیەک لەو فەرمانە کە وەک یاسا دەرکرابوو لەنێو هەموو هەرێم و گەلەکان بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی جولەکەکان ئامادە بن بۆ ئەو ڕۆژە تاکو تۆڵە لە دوژمنەکانیان بستێننەوە.

14 پەیامبەرەکان سواری ئەسپی پاشا بوون، هەروەک پاشا فەرمانی پێ کردبوون بە پەلە ڕۆیشتن، هەروەها یاساکە لە قەڵای شوشیش دەرچوو.

15 ئینجا مۆردەخای بە بەرگی شاهانەی مۆر و سپییەوە لەبەردەم پاشا هاتە دەرەوە، تاجێکی گەورەی زێڕین لەسەر ناوچەوانی بوو، کەوایەکی ئەرخەوانی لە کشمیر دروستکراویشی لەسەر شان بوو. شادی و خۆشی شاری شوشی گرتەوە. 16 ڕووناکی بۆ جولەکەکان درەوشایەوە، پڕبوون لە خۆشی و شادی و هەستکردن بە ڕێز. 17 جا لە هەر هەرێم و شارێک کە فەرمانەکەی پاشا و یاساکەیان پێ دەگەیشت، دەبووە شادی و خۆشی بۆ جولەکەکان، خوانیان دەڕازاندەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا. زۆریش لە نەتەوەکانی دیکە بوونە جولەکە، چونکە زۆر لە جولەکە دەترسان.

سەرکەوتنی جولەکەکان

لە سێزدەی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار، کاتی جێبەجێکردنی قسە و فەرمانەکەی پاشا هات. لەو ڕۆژەدا کە دوژمنەکانی جولەکەکان چاوەڕوان بوون تێیدا بەسەریاندا زاڵ بن، بەڵام دۆخەکە لە دژیان هەڵگەڕایەوە بە شێوەیەک کە جولەکەکان بەسەر ناحەزەکانیاندا زاڵ بوون. جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا لەناو شارەکانیان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەوانەی دەیانویست خراپەیان بەرامبەر بکەن. بەڵام کەس لەبەردەمیان خۆی ڕانەگرت، چونکە خەڵک زۆر لێیان ترسان. هەموو سەرکردەکانی هەرێمەکان، میر و پارێزگار و لێپرسراوەکانی پاشاش یارمەتی جولەکەکانیان دەدا، چونکە ترسی مۆردەخای لەسەریان نیشتبوو. لەبەر ئەوەی مۆردەخای لە کۆشکی پاشا پلەیەکی گەورەی هەبوو، ناوبانگی لەناو هەموو هەرێمەکان بڵاوببووەوە، بەردەوام بەهێز دەبوو.

جولەکەکان بە شمشێر لە هەموو دوژمنەکانیان دا، کوشتیانن و لەناویانبردن، ئەوەی ویستیان بە ناحەزەکانیان کرد. جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان کوشت و لەناویانبردن. هەروەها ئەوانەشیان کوشت: پەرشەنداتا، دەلفۆن، ئەسپاتا، پۆراتا، ئەدەلیا، ئەریداتا، پەرمەشتا، ئەریسەی، ئەریدەی و ڤەیزاتا، 10 کە دە کوڕەکەی هامانی کوڕی هەمەداسای دوژمنی جولەکەکان بوون، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.

11 لەو ڕۆژەدا ژمارەی کوژراوەکان لە قەڵای شوش هێنرایە بەردەستی پاشا. 12 جا پاشا بە شاژنە ئەستێری گوت: «جولەکەکان لە قەڵای شوش پێنج سەد پیاویان لەگەڵ دە کوڕەکەی هامان کوشتووە و لەناویانبردوون. ئایا دەبێت لە هەرێمەکانی دیکەی پاشادا چییان کردبێت؟ ئێستاش بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ بۆت جێبەجێ بکرێت.»

13 ئەستێریش گوتی: «ئەگەر پاشا ڕازی بێت، ڕێبدە با سبەینێش لە قەڵای شوش کارەکەی ئەمڕۆیان بکەنەوە، هەر دە کوڕەکەی هامان لە سێدارە بدەن.»

14 ئینجا پاشا فەرمانی دا ئەوە بکەن. لە شوش فەرمان دەرکرا، دە کوڕەکەی هامان لە سێدارە دران. 15 پاشان جولەکەکانی ناو شوش لە چواردەی ئادار دووبارە کۆبوونەوە، سێ سەد پیاویان لە شوش کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد.

16 هەروەها جولەکەکانی دیکەش کە لە هەرێمەکانی پاشادا بوون، کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ڕزگاربوونیان لە دوژمنەکانیان. حەفتا و پێنج هەزار کەسیان لە ناحەزەکانیان کوشت، بەڵام دەستیان بۆ تاڵانی درێژ نەکرد. 17 ئەمە لە سێزدەی ئادار ڕوویدا، لە چواردەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ئاهەنگگێڕان و خۆشی.

18 هەروەها جولەکەکانی ناو شوش لە سێزدە و چواردەی مانگ کۆبوونەوە و لە پازدەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشی.

19 لەبەر ئەوە ئەو جولەکانەی لە دەشت و گوندە بچووکەکان دەژیان چواردەی مانگی ئاداریان کردە شادی و ئاهەنگگێڕان، ڕۆژی خۆشی و پێشکەشکردنی دیاری بە یەکتری.

جەژنی پوریم

20 ئینجا مۆردەخای ئەم ڕووداوانەی نووسییەوە، ناردی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا، دوور و نزیکەکان. 21 داوای لێکردن هەموو ساڵێک لە چواردە و پازدەی مانگی ئادار ئاهەنگ بگێڕن، 22 چونکە ئەوە ئەو کاتەیە جولەکەکان لە دوژمنەکانیان ڕزگار بوون، ئەو مانگەیە کە شیوەنیان بووە خۆشی و هاواریان بووە پێکەنین. مۆردەخای داوای لێکردن ئەوە ببێتە جەژنێک و خوان بڕازێننەوە و دڵخۆش بن و دیاری پێشکەش بە یەکتری بکەن، هەروەها دیاری پێشکەش بە هەژاران بکەن.

23 ئیتر جولەکەکان داواکارییەکەی مۆردەخایان پەسەند کرد، بەردەوام بوون لەو ئاهەنگگێڕانەی دەستیان پێی کردبوو. 24 هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی هەموو جولەکەکان پیلانی گێڕا بۆ ئەوەی جولەکەکان لەناو ببات، پوری‏ فڕێدا، واتە تیروپشکی کرد، بۆ ئەوەی قڕیان بکات و لەناویان ببات. 25 بەڵام کاتێک ئەستێر چوو ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، پاشا بە نووسراوێک فەرمانی دا، ئەو پیلانە خراپەی کە هامان لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو هەڵبگەڕێتەوە بۆ سەر خۆی، خۆی و کوڕەکانی لە سێدارە بدرێن. 26 لەبەر ئەوە ئەو ڕۆژانە ناونران پوریم لەسەر ناوی پور‏. لەبەر هەموو وشەکانی ئەم نامەیە و ئەوەی بینییان و بەسەریان هات، 27 جولەکەکان پەسەندیان کرد و کردیانە نەریت، خۆیان و نەوەکانیان و ئەوانەشی دەچنە پاڵیان پەیڕەویان کرد، بۆ ئەوەی لە یاد نەکرێن، هەمیشە لەو دوو ڕۆژەدا بەپێی ئەوەی کە نووسراوە و لە کاتی خۆیاندا هەموو ساڵێک ئاهەنگ بگێڕن. 28 هەروەها ئەم ڕۆژانە یادیان بکرێتەوە، لەنێو هەموو نەوە و هۆز و هەرێمێک و لە هەموو شارێک ئاهەنگیان بۆ ساز بکرێت. ڕۆژانی پوریم هەرگیز لەنێو جولەکەکان لەبیر نەکرێن و ناشبێت لەلایەن نەوەکانیانەوە لە یاد بکرێت.

29 ئینجا شاژنە ئەستێری کچی ئەبیحەیل و مۆردەخای جولەکە بە هەموو دەسەڵاتێکەوە نامەیەکی دیکەیان نووسی بۆ ئەوەی ئەم نامەیەی دووەم سەبارەت بە پوریم بچەسپێنن. 30 مۆردەخای نامەکانی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو سەد و بیست و حەوت هەرێمەکەی شانشینی ئەحەشوێرۆش نارد، وێڕای هیوای شادی ئارامییان بۆ جولەکەکان، 31 بۆ چەسپاندنی دوو ڕۆژەکەی پوریم لە کاتی دیاریکراوی خۆی. هەروەک مۆردەخای جولەکە و شاژنە ئەستێر داوایان لێیان کرد، ئەوانیش بۆ خۆیان و نەوەکانیان پەسەندیان کرد کە بەڕۆژوو بن و بپاڕێنەوە. 32 نامەکەی ئەستێر وردەکاری پوریمی ڕوونکردەوە و تۆمار کرا.

گەورەیی مۆردەخای

10 ئەحەشوێرۆشی پاشا سەرانەی بەسەر شانشینەکە و دوورگەکانی دەریاشدا سەپاند. هەموو کاری دەسەڵاتەکەی و تواناکەی و بڵاوبوونەوەی گەورەیی مۆردەخای ئەوەی کە پاشا پایەی بەرز کردەوە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی مادی و فارس تۆمار کراون. لەبەر ئەوەی مۆردەخای جولەکە لەدوای ئەحەشوێرۆشی پاشاوە بە پلەی دووەم دەهات، لەنێو جولەکەکانیش گەورە بوو، لەلای برا جولەکەکانی زۆر ڕێزدار بوو، چونکە داوای چاکەی بۆ نەتەوەکەی دەکرد و بەرگری لە بەرژەوەندییە گشتییەکانیان دەکرد.

سەرەتا: ژیانی ئەیوب پێش تاقیکردنەوە

پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو، کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو، لەخواترس بوو، خۆی لە خراپە لا دەدا. حەوت کوڕ و سێ کچی هەبوو. مەڕوماڵاتەکەشی، حەوت هەزار مەڕ و سێ هەزار وشتر و پێنج سەد جووت مانگا و پێنج سەد ماکەر بوو، خزمەتکارەکانیشی زۆر زۆر بوون، ئەیوب لەنێو هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مەزنترین کەس بوو.

کوڕەکانیشی بە نۆرە هەر جارەی لە ماڵی یەکێکیان خوانیان ساز دەکرد، سێ خوشکەکەیان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بخۆن و بخۆنەوە. کاتێک کە ڕۆژانی خوان سازکردنەکە دەسووڕایەوە، ئەیوب بەدوایاندا دەینارد و پیرۆزی دەکردن، بۆ ڕۆژی پاشتر بەیانی زوو هەڵدەستا و بەپێی ژمارەیان قوربانی سووتاندنی پێشکەش دەکرد، چونکە ئەیوب دەیگوت: «ڕەنگە منداڵەکانم گوناهیان کردبێت و لە دڵیاندا نەفرەتیان لە خودا کردبێت.» ئەیوب بە بەردەوامی ئەم کارەی دەکرد.

یەکەم تاقیکردنەوەی ئەیوب

ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان[l] هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟»

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»

یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ چونکە لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات.»

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «ئایا ئەیوب بەخۆڕایی لەخواترسە؟ 10 ئایا لەبەر ئەوە نییە کە تۆ لە دەوری خۆی و ماڵەکەی و هەرچی هەیەتی لە هەموو لایەکەوە پەرژینت لێ داوە؟ کارەکانی دەستی ئەوت بەرەکەتدار کردووە، جا مەڕوماڵاتی بەناو زەویدا بڵاو بووەتەوە، 11 بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە هەموو ئەوە بدە کە هەیەتی، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»

12 جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا هەرچی هەیەتی لە دەستی تۆدایە، بەڵام دەست بۆ خۆی مەبە.»

ئینجا شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە.

13 ئەوە بوو ڕۆژێکیان کوڕ و کچەکانی لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە. 14 نێردراوێک بۆ لای ئەیوب هات و گوتی: «مانگاکان جووتیان دەکرد و ماکەرەکانیش لەلایانەوە دەلەوەڕان، 15 سەبئییەکان بەسەریاندا دان و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»

16 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و مەڕەکان و خزمەتکارەکانی سووتاند، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»

17 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کلدانییەکان بە سێ کۆمەڵەوە پەلاماری وشترەکانیان دا و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»

18 هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی:

«کوڕ و کچەکانت لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە، 19 لەناکاو بایەکی بەهێز لە چۆڵەوانییەوە هات و لە هەر چوار گۆشەی ماڵەکەی دا و ماڵەکە بەسەر خزمەتکارەکاندا داڕما و مردن، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»

20 جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد، 21 گوتی:

«بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و
    بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ.
یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە،
    ستایش بۆ ناوی یەزدان.»

22 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەیوب گوناهی نەکرد و خودای خەتابار نەکرد.

دووەم تاقیکردنەوەی ئەیوب

ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟»

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»

جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ چونکە لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات. هەتا ئێستاش پابەندە بەوەی کەسێکی دروست بێت، هەرچەندە هانت دام بۆ ئەوەی بەبێ هۆ لووشی بدەم.»

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «پێست بە پێست! مرۆڤ هەرچی هەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی دەیدات. بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە ئێسک و گۆشتی خۆی بدە، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»

یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا لەبەردەستی خۆتدایە، بەڵام ژیانی بپارێزە.»

ئیتر شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە و ئەیوبی تووشی برینی پیس کرد، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری. ئەویش پارچە گۆزەیەکی بۆ خۆخوراندن لەدەست گرت و لەناو خۆڵەمێش دانیشتبوو.

ژنەکەی پێی گوت: «ئایا هەتا ئێستاش هەر پابەندیت بە دروستییەکەتەوە؟ نەفرەتی لە خودا بکە و بمرە!»

10 ئەویش پێی گوت: «وەک نەزانێک قسە دەکەیت، ئایا چاکەی خودا قبوڵ بکەین، بەڵام نەهامەتی قبوڵ نەکەین؟»

لە هەموو ئەمەدا ئەیوب گوناهی بەسەر لێودا نەهات.

سێ هاوڕێکەی ئەیوب

11 سێ هاوڕێکەی ئەیوب هەموو ئەو نەهامەتییانەیان بیست کە بەسەر ئەیوب هاتووە، جا هەریەکە لە جێی خۆیەوە هات، ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بێن و دڵنەوایی بکەن و دڵی بدەنەوە. 12 کاتێک لە دوورەوە چاویان هەڵبڕی، نەدەناسرایەوە. دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەریەکە کەواکەی خۆی دادڕی و بەرەو ئاسمان خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کرد. 13 لەسەر زەوی لەگەڵی دانیشتن، حەوت ڕۆژ و حەوت شەو، کەسیش بە وشەیەک نەیدوواند، چونکە بینییان خەمۆکیەکەی لە ڕادەبەدەرە.

ئەیوب قسە دەکات

دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە. ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:

«با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم،
    ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“
با ئەو ڕۆژە تاریک بێت،
    نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و
    نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.
با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت،
    با هەور دایبگرێت،
    با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.
ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت،
    لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت
    نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.
با ئەو شەوە نەزۆک بێت،
    هاواری خۆشی تێدا نەبێت.
بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن،
    ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.
با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن،
    چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت،
    با گزنگی بەیان نەبینێت.
10 چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و
    چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.

11 «بۆ لە بار دایکم نەچووم،
    کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟
12 بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم،
    بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم.
13 چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم،
    ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،
14 لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی،
    ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،
15 یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە،
    ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،
16 یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم،
    وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.
17 لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن
    لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،
18 دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن،
    گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،
19 لەوێ بچووک وەک گەورە وایە،
    کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.

20 «بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و
    ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،
21 ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە،
    لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،
22 هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن،
    دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟
23 بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک
    کە ڕێگای شاردراوەتەوە،
    خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟
24 چونکە ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم،
    هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.
25 چونکە ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام،
    ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.
26 ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم،
    پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»

وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز

ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:

«ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟
    بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟
لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و
    دەستە شلبووەکانت توند کردووە.
قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و
    ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.
بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە،
    لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت.
ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟
    ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟

«بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت،
    یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟
وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و
    چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن.
بە هەناسەی خودا لەناودەچن و
    بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.
10 مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و
    کەڵبەی شێرەکان شکێنران.
11 شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و
    بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.

12 «وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد،
    گوێم چرپەیەکی بیست.
13 لە مۆتەکەی[m] شەومدا
    کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،
14 ترس و تۆقینێک منی داگرت و
    هەموو ئێسکەکانم لەرزین.
15 ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و
    مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.
16 ڕاوەستا،
    بەڵام نەمزانی چی بوو،
شێوەیەک لەبەرچاوم بوو،
    چرپەیەک و دەنگێکم بیست:
17 ”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە،
    یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟
18 ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و
    گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،
19 ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات،
    ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و
    وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.
20 لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن،
    بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
21 ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە،
    تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“

«ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟
    ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟
چونکە قین گێل دەکوژێت و
    بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت.
من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا،
    بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا:
با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن،
    لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت.
دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن،
    ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن،
    تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت.
چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و
    چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت.
بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت،
    وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت.

«بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و
    کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو.
ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و
    کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن.
10 ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و
    ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت.
11 ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە،
    هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات.
12 ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە
    بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت.
13 ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت،
    ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت.
14 لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت،
    لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو.
15 ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و
    لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات.
16 جا زەلیل بە هیوا دەبێت و
    ناڕەوا دەمی دادەخات.

17 «سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە،
    لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بە توانا ڕەت مەکەرەوە.
18 چونکە ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات،
    وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.
19 لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و
    لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت.
20 لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و
    لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر.
21 لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت،
    کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت.
22 بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و
    لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت.
23 چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و
    ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن.
24 جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و
    سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە.
25 ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و
    نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن.
26 لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە
    وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا.

27 «ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە،
    جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»

قسەی دووەمی ئەیوب

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«خۆزگە دەتوانرا خەم و پەژارەکەم بکێشن و
    هەموو دەرد و بەڵاکەم بخەنە تای تەرازووەوە!
بێگومان لە لمی دەریا قورستر دەبوو،
    لەبەر ئەوەی بە هەڵەشەیی قسەم کرد.
تیرەکانی خودای هەرە بە توانا لە مندان و
    ڕۆحم لە ژەهراوەکەیان دەخواتەوە؛
    بەڵا تۆقێنەرەکانی خودا لە دژی من ڕیزیان بەستووە.
ئایا کەرەکێوی کە گیای هەبێت دەزەڕێنێت،
    یان گا لەسەر ئالیکەکەی دەقۆڕێنێت؟
ئایا خواردنێکی بێ تام بەبێ خوێ دەخورێت،
    یان لینجاوی پاڵپینە تامی هەیە؟
من قێز لەو خواردنانە دەکەمەوە،
    نەفسم ڕەتیان دەکاتەوە دەستیان لێ بدەم.

«خۆزگە داواکارییەکەم دەهاتە دی و
    ئەوەی چاوەڕێم دەکرد خودا پێی دەدام،
کە خودا ڕازی بێت وردوخاشم بکات و
    دەستی لێم بکاتەوە تاوەکو ژیانم ببڕێتەوە!
10 هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن،
    بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە،
    کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە.

11 «هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و
    کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟
12 ئایا هێزم هێزی بەردە؟
    یان گۆشتم بڕۆنزە؟
13 سەرکەوتن لە من دوورکەوتووەتەوە،
    ئایا هیچ لە دەسەڵاتی مندا هەیە؟

14 «ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت،
    ئەوا ڕێزی خودای هەرە بە تواناشی نەگرتووە.
15 بەڵام براکانم وەک جۆگەی ئاو پشتیان لێکردم،
    وەک جۆگەی ناو دۆڵەکان پڕن و بەسەر کەنارەکانیاندا دەڕژێن.
16 کاتێک لێڵن لەبەر شەختە
    بەفر تێیاندا دەتوێتەوە،
17 بەڵام کە دەڕۆن کۆتاییان پێ دێت،
    کە گەرما داهات لە شوێنی خۆیان وشک دەبن.
18 کاروانەکان لە ڕێگای خۆیان لا دەدەن،
    دەچنە ناو چۆڵەوانی و لەناودەچن.
19 کاروانەکانی تێما بۆی دەگەڕێن،
    بازرگانەکانی شەبا هیوادارن کە بیدۆزنەوە،
20 کە هاتنە لای بێ ئومێد بوون،
    بێزار بوون چونکە متمانەیان پێی کردبوو.
21 ئێستا ئێوەش وەک ئەوتان لێهاتووە، سوودتان نییە،
    بینیتان کە چیم بەسەرهاتووە ئێوە تۆقین.
22 ئایا هیچ کاتێک پێم گوتن: ”شتێکم لە پێناوی من بدەن،
    بە سامانی خۆتان بمکڕنەوە،
23 لە دەستی دوژمن دەربازم بکەن،
    لە دەستی ستەمکار بمکڕنەوە؟“

24 «فێرم بکەن، من بێدەنگ دەبم،
    تێمبگەیەنن لە چ شتێک گومڕا بووم!
25 ئای، قسەی ڕاست چەند بریندارکەرە!
    بەڵام ئەو بەڵگانەی کە دەیانهێننەوە چی دەسەلمێنن؟
26 ئایا لەسەر قسەکانم سەرزەنشتم دەکەن،
    ئەوەی دەیڵێم بە با دەڕوات؟
27 بەڵکو ئێوە هەتیو دەفرۆشن و
    چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هەڵدەکەنن.

28 «ئێستا باش تێم بڕوانن،
    چونکە من لە ڕووی ئێوەدا درۆ ناکەم.
29 تکایە پاشگەز بنەوە! ستەمم لێ مەکەن،
    ئەگینا ڕاستودروستییەکەم دەخەنە گومانەوە.
30 ئایا بەدکاری لەسەر زاری منە،
    یان زمانم تامی خراپەکاری جیا ناکاتەوە؟»

«ئایا ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی خزمەتکردن و ڕەنجکێشان نییە،
    ڕۆژانیشی وەک ڕۆژانی ڕەنجدەرێک نییە؟
وەک چۆن کۆیلە تامەزرۆی سێبەرە و
    کرێکاریش چاوەڕێی کرێیەکەیەتی،
ئاواش مانگەکانی بێ ئومێدی بۆم بوون بە میرات و
    شەوانی چەرمەسەری بوون بە بەشم.
کە دەچمە سەر جێگاکەم دەڵێم: ”کەی بێت هەستم،“
    شەو درێژە دەکێشێت و هەتا بەرەبەیان ئەم دیو و ئەو دیو دەکەم.
گۆشتم کرم و قەتماغە پۆشیویەتی،
    پێستم شەقار بووە و کێمی کردووە.

«ڕۆژگارم لە تەون خێراترە و
    بێ هیوا کۆتایی دێت.
ئەی خودا، لە یادت نەچێت کە ژیانم هەناسەیەکە و
    ئیتر چاوەکانم خۆشی نابینن.
ئەو چاوەی کە ئێستا دەمبینێت لەمەودوا نامبینێت،
    چاوت بڕیوەتە من، بەڵام من بوونم نابێت.
هەور پەرت دەبێت و نامێنێت،
    بە هەمان شێوە ئەوەی دادەبەزێتە ناو جیهانی مردووان سەرناکەوێتەوە.
10 ئیتر ناگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی و
    دەوروپشتی لە یادی دەکەن.

11 «لەبەر ئەوە منیش دەمم ناگرم،
    لە تەنگی ڕۆحمەوە قسە دەکەم،
    لە دڵشکاویمەوە سکاڵا دەکەم.
12 بۆچی پاسەوانت لەسەر داناوم؟
    ئایا من دەریام یان ئەژدیهام؟
13 ئەگەر بڵێم نوێنەکەم دڵنەواییم دەداتەوە،
    جێگاکەم دڵتەنگییەکەم دەڕەوێنێتەوە،
14 بە خەون دەمترسێنیت و
    بە مۆتەکە دەمتۆقێنیت.
15 لەبەر ئەوە گیانم خنکان هەڵدەبژێرێت،
    مردنم پێ باشترە لەم پەیکەرە ئێسکە.
16 توامەوە، بۆ هەتاهەتایە ناژیم،
    وازم لێ بهێنە، چونکە ڕۆژگارم هیچ واتایەکی نییە.

17 «مرۆڤ چییە هەتا بایەخی پێبدەیت و
    هەتا بیری خۆتی پێوە خەریک بکەی،
18 هەموو بەیانییەک بەسەری بکەیتەوە و
    هەموو ساتێک تاقی بکەیتەوە؟
19 هەتا کەی ڕووت لێم وەرناگێڕیت و
    مۆڵەتم نادەیتێ هەتا تفەکەم قووت بدەم؟
20 ئەگەر گوناهیشم کردبێت،
    کە تۆ چاودێری مرۆڤیت،
    ئایا هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر تۆ هەبووە؟
بۆچی منت کردووە بە نیشانەی تیری خۆت؟
    ئایا بووم بە بار بەسەر تۆوە؟
21 ئەی بۆ لە یاخیبوونم خۆش نابیت و
    تاوانم ناسڕیتەوە؟
چونکە بەم نزیکانە لەناو خاکدا ڕادەکشێم و
    بەدوامدا دەگەڕێیت، بەڵام من بوونم نابێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.