Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 10:14-23:8

14 هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
    هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی[a] شەرمەزارە،
چونکە داڕێژراوی درۆن و
    ڕۆحیان تێدا نییە.
15 ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
    لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
16 بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
    چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە،
    یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.

هاتنی وێرانی

17 لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە،
    ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!
18 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
    «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە
دەردەکەمە دەرەوە،
    تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»

19 وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم!
    برینەکەم بێ چارەیە!
بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و
    دەبێ بەرگەی بگرم.»
20 چادرەکەم تێکدراوە،
    هەموو گوریسەکانی پساون.
کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون،
    ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و
    پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.
21 شوانەکان دەبەنگ بوون و
    داوای یەزدانیان نەکرد،
لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و
    هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.
22 گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت،
    هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە،
تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن،
    بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.

نزاکردنی یەرمیا

23 ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە،
    کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.
24 ئەی یەزدان، تەمبێم بکە،
    بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت،
    نەوەک لەناوم ببەیت.
25 تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە
    کە دانت پێدا نانێن و
    بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن،
چونکە یاقوبیان خوارد،
    بە تەواوی خواردیان و
    نشینگەکەیان وێران کرد.

شکاندنی پەیمانەکە

11 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «گوێ لە بەندەکانی ئەو پەیمانە بگرن و لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم پێی بدوێن. پێیان دەڵێیت کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی بەندەکانی ئەو پەیمانە نابێت، کە من فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد، لەو ڕۆژەی لە خاکی میسر، لەناو کوورەی ئاسن دەرمهێنان.“ فەرمووم: ”گوێم لێ بگرن و کاریان پێ بکەن بەپێی هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکەم. جا دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە، بۆ ئەوەی ئەو سوێندە بەجێبهێنم کە بۆ باوباپیرانتان خواردم کە خاکێکیان بدەمێ شیر و هەنگوینی لێ بڕژێتەوە،“ هەروەک ئەو خاکەی ئەمڕۆ تێیدان.»

منیش وەڵامم دایەوە: «ئامین، ئەی یەزدان!»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەواوی ئەم پەیامە لەناو شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ڕابگەیەنە و بڵێ: ”گوێ لە بەندەکانی ئەم پەیمانە بگرن و کاریان پێ بکەن، چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانی ئێوەم لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە تەواوی و بەردەوام ئاگادارم کردوونەتەوە و بە ڕوونی فەرموومە: ’گوێم لێ بگرن.‘ نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد، هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوت، جا منیش هەموو نەفرەتەکانی ئەم پەیمانەم بەسەریاندا هێنا، ئەوەی فەرمانم پێکردن کە کاری پێ بکەن، بەڵام نەیانکرد.“»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بە پیلانگێڕیم زانیوە لەنێو پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 10 گەڕانەوە سەر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، کە ڕەتیان کردەوە گوێ لە پەیامەکەم بگرن، کەوتنە دوای خوداوەندەکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانپەرستن. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا ئەو پەیمانەیان شکاند کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم. 11 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من بەڵایەکیان بەسەردا دەهێنم کە نەتوانن لێی دەرباز بن، جا هاوارم بۆ دەکەن و منیش گوێیان لێ ناگرم. 12 شارۆچکەکانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەچن و هاوار دەبەن بۆ ئەو خوداوەندانەی بخووریان بۆ دەسووتێنن، بەڵام ئەوان لە کاتی بەڵایان ڕزگاریان ناکەن. 13 ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت هێندەی ژمارەی شارۆچکەکانت بوون، قوربانگاتان هێندەی ژمارەی شەقامەکانی ئۆرشەلیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندی بەعلی شەرمەزاری.“

14 «تۆش لە پێناوی ئەم گەلە نوێژ مەکە و لە پێناویان پاڕانەوە و نزا بەرز مەکەرەوە، چونکە لە کاتی هاوارکردنیان بۆم لەبەر بەڵاکەیان گوێیان لێ ناگرم.

15 «ئەی ئەویندارەکەم، لە پەرستگاکەم چی دەکەیت،
    پلانگێڕیت لەگەڵ زۆر لایەن داڕشتووە،
    ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزکراو سزات لەسەر لادەبات؟
کاتێک خراپە دەکەیت،
    ئینجا دڵخۆش دەبیت.»

16 یەزدان ناوی لێنایت زەیتوونی سەوز
    لەگەڵ بەروبووم بە شێوەی جوان،
بەڵام بە دەنگی هاتوهەرایەکی گەورە
    ئاگری لەسەر کردەوە
    جا لقەکانی دەشکێنرێن.

17 یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی بەڵاتان بکات، لەبەر خراپەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا، کە بخووریان بۆ بەعل سووتاند، بەو خراپەیە پەستیان کردم.

پیلان لە دژی یەرمیا

18 یەزدان پیلانی ئەوانی بۆ من ئاشکرا کرد، جا زانیم، لەم کاتەدا کردارەکانی ئەوانی پیشاندام. 19 منیش وەک بەرخێکی دەستەمۆ بۆ سەربڕین ببردرێت، نەمزانی پیلانیان لە دژی من گێڕاوە و دەڵێن:

«با دارەکە بە بەرەکەیەوە لەناو ببەین،
    با لە خاکی زیندووان بیبڕینەوە،
    ئیتر یادی ناوی ناکرێتەوە.»
20 بەڵام تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، دادوەری ڕاستودروست،
    تاقیکەرەوەی مێشک و دڵ،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
    چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.

21 «لەبەر ئەوە فەرمایشتی یەزدان ئەمەیە سەبارەت بە پیاوانی عەناتۆت، ئەوانەی داوای گیانی تۆ دەکەن و دەڵێن: ”بە ناوی یەزدانەوە پەیام ڕامەگەیەنە، با بە دەستی خۆمان نەتکوژین.“ 22 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”من سزایان دەدەم، لاوان بە شمشێر دەمرن و کوڕ و کچیشیان بە قاتوقڕی دەمرن. 23 پاشماوەشیان بۆ نامێنێتەوە، چونکە لە ساڵی سزادانیان بەڵا بەسەر پیاوانی عەناتۆتدا دەهێنم.“»

سکاڵانامەی یەرمیا

12 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت
    کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم.
لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم:
    بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟
    بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟
ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا،
    گەشەیان کرد و بەریان دا.
تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت
    بەڵام لە دڵیان دووریت.
بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت،
    دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە.
وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە!
    بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!
هەتا کەی زەوی بگریێ و
    گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟
لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی
    ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون،
    چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»

وەڵامی خودا

«ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت،
    ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟
ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت،
    ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟
چونکە براکانت و بنەماڵەکەشت،
    ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت،
ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد.
    لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.

«واز لە ماڵی خۆم دەهێنم،
    میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە،
ئەویندارەکەی خۆم
    دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.
میراتەکەم لێم دەبێتە
    شێرێک لە دارستان،
بەسەرمدا دەنەڕێنێت،
    لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.
میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە،
    مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟
بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە،
    بیانهێنن بۆ خواردن.
10 زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن،
    کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن.
کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من
    دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.
11 دەیکەنە کاولگە،
    کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت.
هەموو زەوی کاول دەبێت،
    چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.
12 لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی
    تاڵانکەران دێن،
چونکە شمشێری یەزدان
    لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات،
    ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
13 گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە،
    ماندوو دەبن و قازانج ناکەن.
ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان،
    لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»

14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لەناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم. 15 لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە. 16 لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن. 17 بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پشتێنێکی کەتان

13 یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.» منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.

ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستاوە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات[b] و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.» منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.

دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.» منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم. 10 ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت. 11 وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

نموونەی گۆزەی شەراب

12 «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“ 13 تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 14 بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

مەترسی ڕاپێچکراوان

15 گوێ بگرن و گوێ شل بکەن،
    لووتبەرز مەبن،
    چونکە یەزدان فەرموویەتی.
16 شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان
    بەر لەوەی تاریکی دابێنێت،
بەر لەوەی پەل بکوتن
    لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو.
ئێوە خوازیاری ڕووناکین
    بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ،
    دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
17 بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن،
    بە نهێنی دەگریێم
    لەبەر لووتبەرزیتان،
چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و
    فرمێسک دەڕێژێت،
    چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.

18 بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ:
    «لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە،
چونکە تاجی شکۆمەندیتان
    لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
19 شارەکانی نەقەب دادەخرێن و
    کەس نییە بیانکاتەوە.
هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ،
    سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.

20 چاوت هەڵبڕە[c] و
    ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن!
کوا ئەو مێگەلەی پێت درا،
    ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
21 چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت
    کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟
ئایا ژان ناتگرێت
    وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
22 ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی،
    «بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟»
لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا
    دەستدرێژییان کردە سەرت.
23 ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،
    یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟
ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن،
    کە لە خراپە ڕاهاتوون!

24 «وەک پووش پەرتیان دەکەم
    کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
25 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە،
    ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە،
    لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و
    پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
26 منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە،
    ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
27 داوێنپیسی و حیلاندنت،
    بێڕوویی لەشفرۆشیت!
لەسەر گردەکان لە کێڵگە
    قێزەونییەکانی تۆم بینی.
ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت!
    هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»

وشکەساڵی و برسیێتی و شمشێر

14 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:

«یەهودا شیوەن دەگێڕێت و
    شارەکانی دادەڕزێن،
بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن،
    هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.
گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد،
    هاتنە سەر ئەمباراوەکان،
    بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە.
بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە،
    شەرمەزار و ڕیسوا بوون،
    سەری خۆیان شۆڕکرد.
لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە،
    چونکە باران لە زەوییەکە نەباری،
جوتیاران شەرمەزاربوون،
    سەری خۆیان شۆڕکرد.
تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا
    بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا،
    چونکە گیا نەبوو.
کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان،
    وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی،
چاویان شل بوو،
    چونکە گیاوگۆڵ نییە.»

لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن،
    ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە،
چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون،
    دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
ئەی هیوای ئیسرائیل،
    ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە،
بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت،
    وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟
بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت،
    وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟
ئەی یەزدان، تۆ لەناوەڕاستمانی و
    ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین،
    بەجێمان مەهێڵە!

10 یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت:

«بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد،
    خۆیان لێ نەپاراست.
جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن،
    ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و
    لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»

11 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە. 12 هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.»

13 منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“»

14 یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.» 15 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن. 16 ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم.»

17 «ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت:

«”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن
    بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان،
چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم،
    برینێکی ترسناکی هەیە،
    لێدانێکی جەرگبڕ.
18 ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە،
    بە شمشێر کوژراوان دەبینم.
ئەگەر بێمە ناو شار،
    نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم،
چونکە پێغەمبەر و کاهینیش
    بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»

19 «ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟
    ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟
بۆچی وا تووشی بەڵات کردین
    کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟
چاوەڕێی ئاشتی بووین،
    بەڵام چاکە نەهات،
هەروەها کاتی چاکبوونەوە،
    بەڵام ئەوەتا ترس.
20 ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و
    تاوانی باوباپیرانمان،
    گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.
21 لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە،
    تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە،
پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە،
    مەیشکێنە.
22 ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟
    یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟
ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟
    جا هیوامان بە تۆیە،
    چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»

15 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەنانەت ئەگەر موسا و ساموئێلیش لەبەردەمم ڕاوەستن داکۆکیتان لێ بکەن، دڵم ناچێتە سەر ئەم گەلە. لەبەرچاوی من دەریانبکە! با بڕۆن! جا کاتێک پێت دەڵێن: ”بۆ کوێ بچین؟“ تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”ئەوانەی بۆ مردنن، بۆ مردن،
ئەوانەی بۆ شمشێرن، بۆ شمشێر،
ئەوانەی بۆ برسیێتین، بۆ برسیێتی،
ئەوانەی بۆ ڕاپێچن، بۆ ڕاپێچ.“»

یەزدان دەفەرموێت: «چوار جۆریان بەسەرەوە دادەنێم، شمشێر بۆ کوشتن، سەگەکان بۆ ڕاکێشان، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانیش بۆ خواردن و لەناوبردن. هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان دەتۆقن، لەسەر ئەوەی مەنەشەی کوڕی حەزقیای پاشای یەهودا لە ئۆرشەلیم کردی.»

«ئەی ئۆرشەلیم، کێ دڵی پێت دەسووتێت؟
    کێ بۆت خەمبار دەبێت؟
    کێ ئاوڕدەداتەوە بۆ ئەوەی لە سەلامەتیت بپرسێت؟
تۆ وازت لە من هێنا،
    لێم یاخی دەبی،
لەبەر ئەوە دەست درێژدەکەمە سەرت و لەناوت دەبەم،
    لە لێبوردنت بێزار بووم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«بە شەن شەنیان دەکەم،
    لە دەروازەی شارەکانی خاکەکە.
جەرگسووتاوم کرد، گەلی خۆمم لەناوبرد،
    ڕەفتاری خۆیان نەگۆڕی.
بێوەژنەکانیان زۆر زیاتر دەکەم،
    زیاتر لە لمی دەریا.
لە نیوەڕۆدا وێرانکەری بۆ دەهێنم
    بۆ سەر دایکی گەنجان.
لەناکاو
    ترس و تۆقاندنی بەسەردا دەدەم.
دایکی حەوت منداڵ سیس بوو،
    گیانی سپارد.
هێشتا ڕۆژ بوو خۆری ئاوابوو،
    شەرمەزار و ڕیسوا بوو.
پاشماوەکەشیان دەدەمە بەر شمشێر
    لە بەرچاوی دوژمنانیان.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10 قوڕبەسەرم دایکە، چونکە منت بوو،
    پیاوێک کە دەمەقاڵێ و ململانێی لەگەڵ سەراپای خاکەکە هەیە!
نە قەرزم کردووە و نە قەرزیان داومەتێ،
    کەچی هەمووان نەفرەتم لێ دەکەن.

11 یەزدان فەرمووی:

«بێگومان بۆ مەبەستی چاک دەربازت دەکەم،
    بێگومان وا دەکەم دوژمن
    لە کاتی بەڵا و لە کاتی تەنگانەدا لێت بپاڕێنەوە!»

12 «کەس دەتوانێت ئاسن بشکێنێت،
    ئاسنی باکوور و بڕۆنز؟

13 «سامان و گەنجینەکانت
    دەکەم بە تاڵانی، بەبێ نرخ،
لەبەر هەموو گوناهەکانت،
    لە سەراپای خاکەکەت.
14 دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت،
    لە خاکێک نەتناسیبێت،
چونکە تووڕەییم گڕی گرتووە
    وەک ئاگرێک دەتانسووتێنێت.»

15 «ئەی یەزدان، تۆ دەزانیت،
    بەبیری خۆتم بهێنەرەوە و گرنگیم پێبدە،
    تۆڵەم بستێنەوە لە چەوسێنەرانم.
وا مەکە بەهۆی پشوودرێژی تۆ لەناوبچم،
    بزانە کە لەبەر تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت.
16 کاتێک فەرموودەکانی تۆ هات، خواردم
    بۆم بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی دڵم،
چونکە من ناوی تۆم هەڵگرتووە،
    ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار.
17 قەت لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانەنیشتووم،
    لەگەڵیشیان دڵخۆش نەبووم.
بە تەنها دانیشتم، چونکە دەستی تۆم لەسەر بوو،
    پڕت کردم لە تووڕەیی.
18 بۆچی ژانم کۆتایی نایەت،
    برینەکەم بێ چارەیە و نایەوێت چاک بێتەوە؟
ئایا وەک کەندێکی فریودەر دەبیت بۆم،
    وەک کانییەک جێی متمانە نەبێت؟»

19 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەگەر تۆبە بکەیت، دەتگەڕێنمەوە لای خۆم
    تاکو وەک بەندەی خۆم لەبەردەستم ڕاوەستیت.
ئەگەر قسەی بە نرخ بکەیت، نەک بێبەها،
    دەتکەمە وتەبێژی خۆم.
با ئەو گەلە بگەڕێتەوە لای تۆ،
    بەڵام تۆ نەگەڕێیتەوە لای ئەوان.
20 دەتکەمە شوورا بۆ ئەو گەلە،
    شوورایەکی بڕۆنزی پتەو،
لەگەڵت دەجەنگن
    بەڵام دەرەقەتت نایەن،
چونکە من لەگەڵتدام،
    بۆ ڕزگارکردن و بۆ فریاکەوتنت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 «لە دەستی خراپەکاران فریات دەکەوم و
    لە چنگی زۆرداران دەتکڕمەوە.»

ڕۆژی لێقەومان

16 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ژن مەهێنە و لەم شوێنەدا کوڕ و کچت نەبێت.» چونکە یەزدان سەبارەت بەو کوڕ و کچانەی لەم شوێنەدا لەدایک بوون و سەبارەت بە دایکانیان کە ئەوانیان بووە و سەبارەت بە باوکانیان کە لەم خاکەدا ئەوانیان خستووەتەوە ئەمە دەفەرموێت: «بە نەخۆشی کوشندە دەمرن، شینیان بۆ ناگێڕدرێت و نانێژرێن، بەڵکو دەبن بە زبڵ لەسەر ڕووی خاکەکە. ئەوانە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن، تەرمیان دەبێتە خۆراکی باڵندە ئاژەڵی کێوی.»

یەزدان ئەمەش دەفەرموێت: «مەچۆ بۆ ماڵی پرسەگێڕ و مەڕۆ بۆ شینگێڕان و سەرەخۆشییان لێ مەکە، چونکە ئاشتی خۆم، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەییم لەم گەلە داماڵیوە. گەورە و بچووک لەم خاکە دەمرن، نانێژرێن و شینیان بۆ ناگێڕدرێت و کەس لە خەمی ئەوان لە خۆی نادات و قژی ناڕنێتەوە. لە ماتەم کەس شیوەغەریبەیان بۆ نابات بۆ ئەوەی سەرەخۆشییان لێ بکات، سەبارەت بە نەریتی مردوو کەس جامی سەرەخۆشی پێشکەش ناکات، تەنانەت لەبەر دایک و باوکیشیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«هەروەها مەچووە ماڵێک داوەتی هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵیان دابنیشیت و بخۆیت و بخۆیتەوە، چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من لەم شوێنەدا و لە سەردەمی ئێوە و لەبەرچاوی ئێوە دەنگی شادی و دەنگی خۆشی و دەنگی زاوا و دەنگی بووک ڕادەگرم.

10 «جا کاتێک هەموو ئەم قسانەت بەم گەلە ڕاگەیاند لێت دەپرسن: ”بۆچی یەزدان هەموو ئەم بەڵا گەورەیەی سەبارەت بە ئێمە فەرمووە؟ تاوانمان چییە و گوناهمان چییە کە دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارمان ئەنجاممان داوە؟“ 11 تۆش پێیان دەڵێیت، یەزدان دەفەرموێت: ”لەسەر ئەوەی باوباپیرانتان وازیان لە من هێنا، دوای خوداکانی دیکە کەوتن و ئەوانیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن. وازیان لە من هێنا و گوێڕایەڵی فێرکردنەکانی من نەبوون. 12 ئێوەش لە باوباپیرانتان زیاتر خراپەتان کرد، ئەوەتا هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوتووە، لە جیاتی ئەوەی گوێڕایەڵی من بن. 13 لەبەر ئەوە لەم خاکە فڕێتاندەدەمە دەرەوە بۆ خاکێک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەتانناسیوە. لەوێ بە شەو و ڕۆژ خوداکانی دیکە دەپەرستن، چونکە من لەگەڵتان میهرەبان نابم.“»

14 هەروەها یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“ 15 بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و هەروەها لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەریکردن.“ چونکە دەیانگەڕێنمەوە بۆ خاکەکەیان، ئەوەی دام بە باوباپیرانیان.»

16 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ماسیگران، جا وەک ماسی دەیانگرن. پاش ئەمە دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ڕاوچییان و لەسەر هەموو کێوێک و هەموو گردێک و لە کون و کەلەبەری بەردەکان ڕاویان دەکەن، 17 چونکە چاوم لە هەموو ڕێگاکانیانە، ڕێگاکانیان لەبەردەم من شاردراوە نین و تاوانەکەیان لەبەرچاوم بزر نەبووە. 18 دوو ئەوەندە سزایان دەدەم لەسەر تاوان و گوناهەکانیان، لەسەر ئەوەی خاکی منیان بە کەلاکی بتەکانیان گڵاو کردووە و میراتەکەی منیان پڕکردووە لە قێزەونەکانیان.»

19 ئەی یەزدان، ئەی هێز و قەڵای من،
    ئەی پەناگای من لە ڕۆژی تەنگانە،
نەتەوەکان لەوپەڕی زەوییەوە
    بۆ لای تۆ دێن و دەڵێن:
«باوباپیرانمان تەنها خوداوەندی درۆیینیان بە میرات بۆ مایەوە،
    بتی پووچی بێ کەڵک.
20 ئایا مرۆڤ بە خۆی خوداوەند دروستدەکات؟
    بەڵێ، بەڵام خودا نین!»

21 «لەبەر ئەوە ئەوەتا پێیان دەناسێنم،
    ئەم جارە دەسەڵات و هێزی خۆمیان
    پێ دەناسێنم.
ئینجا ئەوان دەزانن
    کە ناوم یەزدانە.

17 «گوناهەکانی یەهودا بە قەڵەمی ئاسن نووسراوە،
    بە نووکی ئەڵماس هەڵکۆڵراوە،
لەسەر پەڕەی دڵیان و
    لەسەر قۆچی قوربانگاکانیان.
تەنانەت منداڵەکانیشیان ئەوانەیان بەبیر دێتەوە،
    قوربانگا و ستوونە ئەشێراکانیان[d]
کە لەلای دارە سەوزەکان و
    لەسەر کێوە بەرزەکان بوون.
چیاکەی خۆم لە دەشتودەر و
    سامان و هەموو گەنجینەکانی تۆ
دەکەم بە تاڵانی،
    لەگەڵ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانت،
    چونکە لەنێو خاکەکەت گوناهت کرد.
بەخۆت دەستبەردار دەبیت لەو میراتەی
    کە بە تۆم بەخشی،
دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت
    لە خاکێک کە نەتناسیبێت،
چونکە ئاگرتان بەردایە تووڕەییم
    هەتاهەتایە گڕدەگرێت.»

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پشت بە ئادەمیزاد دەبەستێت،
    متمانەی بە هێزی مرۆڤانە هەیە و
    دڵی لەسەر یەزدان لادەبات.
وەک بنچکێک لە بیابان دەبێت،
    چاکە نابینێت کاتێک دێت،
لە گەرمەسێر نیشتەجێ دەبێت لە چۆڵەوانی،
    لە زەوییەکی خوێیین کە کەسی تێدا ناژیێت.

«بەڵام بەرەکەتدارە ئەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت و
    متمانەی پێی هەیە.
وەک دارێک دەبێت، شەتڵکراو لەدەم ئاو،
    لەدەم جۆگە ڕەگ دادەکوتێت،
لە گەرما ناترسێت،
    گەڵاکانی سەوزن،
گوێ بە وشکەساڵی نادات،
    لە بەروبووم دان ناوەستێت.»

دڵ لە هەموو شتێک فریودەرترە و
    دەرمانی نییە،
    کێ دەیناسێت؟

10 «من یەزدانم، دڵ دەپشکنم،
    دەروون تاقی دەکەمەوە،
بۆ ئەوەی هەریەکە بەگوێرەی ڕەفتارەکەی پێی بدەم،
    بەگوێرەی شایستەیی کردارەکانی.»

11 وەک کەوێک کڕکەوتبێت بەسەر ئەو هێلکانەی خۆی نەیکردبێت،
    دەوڵەمەندێک بە ناڕەوایی دەوڵەمەند بووبێت،
لە نیوەی تەمەنی وازی لێ دەهێنێت،
    لە کۆتاییشدا دەبێتە گێل.

12 تەختی شکۆمەندییە، هەر لە سەرەتاوە بەرزە،
    شوێنی پیرۆزگاکەمان.
13 ئەی یەزدان، هیوای ئیسرائیل!
    هەموو ئەوانەی وازت لێ دێنن، شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی لە تۆ لادەدەن، لەسەر خۆڵ دەنووسرێن،[e]
    چونکە وازیان لە یەزدان هێنا،
    لە کانی ئاوی ژیان.

14 ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چاک دەبمەوە،
    ڕزگارم بکە، ڕزگار دەبم،
    چونکە ستایشی من هەر بۆ تۆیە.
15 ئەوەتا ناحەزانم پێم دەڵێن:
    «کوا فەرمایشتی یەزدان؟
    با ئێستا بێتە دی!»
16 منیش هەرگیز لەوە لام نەدا شوان بم لەلای تۆ،
    تۆ دەزانیت کە خوازیاری ڕۆژی کوشندە نەبووم.
    چی لە دەمم هاتووەتە دەرەوە لەبەردەمی خۆت بووە.
17 ئەی یەزدان، مەمتۆقێنە،
    تۆ پەناگای منی لە ڕۆژی لەناوچوون.
18 با ڕاونەرانم شەرمەزار بن
    بەڵام من شەرمەزار نەبم،
با ئەوان بتۆقن
    بەڵام من نەتۆقم.
ڕۆژی لەناوچوونیان بەسەردا بهێنە،
    دوو ئەوەندە وردوخاشیان بکە.

تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە

19 یەزدان ئاوای پێ فەرمووم: «بڕۆ و لەلای دەروازەی نەوەی گەل بوەستە، ئەوەی پاشاکانی یەهودا پێیدا دێنە ژوورەوە و دەچنە دەرەوە، هەروەها لە هەموو دەروازەکانی دیکەی ئۆرشەلیم بوەستە. 20 پێیان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی پاشاکانی یەهودا و هەموو یەهودا و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. 21 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداری خۆتان بن و لە ڕۆژی شەممەدا هیچ بارێک هەڵمەگرن و بەناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا بیهێننە ژوورەوە. 22 هیچ بارێکیش لە ڕۆژی شەممەدا لە ماڵەکانتانەوە مەهێننە دەرەوە و هیچ کارێک مەکەن، ڕۆژی شەممە تەرخان بکەن، وەک ئەوەی فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد. 23 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان پێی نەدا و کەللەڕەقییان کرد، نەیانبیست و تەمبێ نەبوون. 24 بەڵام ئەگەر بە تەواوی گوێم لێ بگرن، لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەهێننە ناو دەروازەکانی ئەم شارە و ڕۆژی شەممەتان تەرخان کرد، بۆ ئەوەی هیچ کارێکی تێدا نەکەن، 25 ئەوا پاشایانی سەر تەختی داود لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە دەروازەکانی ئەم شارەدا دێنە ژوورەوە، لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە، لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دێن، ئەم شارەش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت. 26 ئینجا لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە خاکی بنیامین، لە زوورگەکانی[f] خۆرئاوا، لە ناوچە شاخاوییەکان و لە نەقەبەوە دێن. قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو، پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بخوور و قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدانەوە. 27 خۆ ئەگەر گوێ لە من نەگرن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە، بەردەوام بوون لەوەی بە بارەوە بێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیم، ئەوا من ئاگرێکی نەکوژاوە بەردەدەمە دەروازەکانی ئۆرشەلیم کە قەڵاکانی لەناودەبات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

لە ماڵی گۆزەکەر

18 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.» منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات. بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر. ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت، ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم. ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم، 10 بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“ 12 بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»

13 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«لەنێو نەتەوەکان بپرسن:
    کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
بێ تامترین خراپە
    ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.
14 ئایا بەفری لوبنان
    لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟
ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی
    وشک دەبێت؟
15 بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە،
    بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە،
کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و
    ڕێچکە کۆنەکان،
تاکو بە لاڕێکان و
    ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.
16 بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت،
    بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و
    سەر بلەقێنێت.
17 وەک بای ڕۆژهەڵات
    لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم،
لە ڕۆژی کارەساتیان
    پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»

18 ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»

19 ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە،
    گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.
20 ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟
    بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە.
بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت،
    بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە،
    تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.
21 لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی،
    بیاندە دەست شمشێر،
با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن،
    پیاوەکانیشیان بمرن،
    گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.
22 با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت،
    کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت،
چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم،
    تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.
23 بەڵام ئەی یەزدان،
    تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی.
لە تاوانیان خۆش مەبە و
    گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە.
با لەبەردەمت تێکبشکێن،
    لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.

19 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ لای گۆزەکەر، گۆزەیەکی گڵ بکڕە. هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە، بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەن‌هینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە[g]، لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم. بڵێ: ”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت، گوێی بزرنگێتەوە. لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان. نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە، وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن، بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن، تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی. ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە. وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن، هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات، لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“

10 «ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان، 11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم، وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە. لە تۆفەت دەنێژرێن، هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“ 12 یەزدان دەفەرموێت: ”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم، ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم. 13 جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»

14 ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ، لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت: 15 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”گوێ بگرن! من هەموو ئەو بەڵایە بەسەر ئەم شارە و بەسەر هەموو گوندەکانی دەوروبەریدا دەهێنم، ئەوەی سەبارەت بەو فەرمووم، چونکە کەللەڕەقییان کرد و گوێیان لە قسەی من نەگرت.“»

یەرمیا و پەشحوری کاهین

20 کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد، لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە. بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ[h]، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر. هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل. تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»

سکاڵانامەی یەرمیا

ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام،
    تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی.
بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن،
    هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
چونکە هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم،
    جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم،
چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
    گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
بەڵام ئەگەر گوتم: «باسی ناکەم،
    ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،»
جا وشەکەی لە دڵمدا بوو بە ئاگرێکی داگیرساو،
    پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم،
بێزاربووم لە دامرکاندنەوەی و
    نەمتوانی بێدەنگ بم.
10 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە:
    «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!
    خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!»
هەموو هاوڕێیەکانم
    چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن:
«بەڵکو فریوبخوات،
    ئینجا دەرەقەتی دێین و
    تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»

11 بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە،
    لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن،
سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن،
    شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و
    ناخ و دڵ دەپشکنیت،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
    چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.

13 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن!
    ستایشی یەزدان بکەن!
چونکە هەژار ڕزگار دەکات
    لە دەستی بەدکاران.

14 نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
    با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
15 نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
    زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
    «کوڕێکت بوو!»
16 با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
    کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
    نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
17 چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
    جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
    سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
18 بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
    ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
    ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟

خودا داوای سدقیا ڕەت دەکاتەوە

21 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»

بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەو چەکانەی لە دەستتانە کە لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون، من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم، لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە. من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم. دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن. پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم. ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش دەچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات. 10 لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 12 ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،
    تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،
نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،
    لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،
    جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
13 ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،
    بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،
    ئەوەتا من لە دژی تۆم.
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
    ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟
    کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
14 بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،
ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و
    هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

حوکمدان لەسەر پاشا خراپەکارەکان

22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە، بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘ چونکە ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی. بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت:

«هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی،
    وەک لووتکەی لوبنانی،
بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم،
    وەک شاری بێ دانیشتووان.
تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم،
    هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە،
جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و
    فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.

«خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“ جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»

10 بۆ پاشا مردووەکە[i] مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن،
    بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت،
چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە
    بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.

11 چونکە سەبارەت بە شەلومی[j] کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێیتەوە ئێرە، 12 بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»

13 «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و
    ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری،
ئەوەی بە بەبێ کرێ کار بە هاوڵاتییان دەکات،
    هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
14 دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم،
    ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“
پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە،
    دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت،
    بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.

15 «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا،
    کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟
ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟
    ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد،
    جا سەرکەوتوو بوو.
16 بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد،
    جا سەرکەوتوو بوو.
ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
17 «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها
    لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە،
لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە،
    لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»

18 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت:

«بۆی نالاوێننەوە،
    ”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“
بۆی نالاوێننەوە،
    ”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
19 بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت،
    ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت
    دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»

20 «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە،
    با لە باشان دەنگت ببیسترێت،
لە عەڤاریمەوە هاوار بکە،
    چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
21 لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە،
    بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“
لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت،
    کە گوێڕایەڵی من نابیت.
22 هەموو شوانەکانت[k] با بەڕێوەیان دەبات و
    هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن،
ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت
    لەبەر هەموو خراپەکانت.
23 ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“[l]،
    ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە،
چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت،
    وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»

24 یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و 25 دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان. 26 خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن. 27 هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»

28 ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟
    ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟
بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران،
    تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
29 ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک!
    گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن،
    پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت،
کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت،
    کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و
    جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»

لقە ڕاستودروستەکە

23 یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!» لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن. ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
    لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم،
پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات،
    ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
    ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
    ”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»

یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“ بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.