Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 33:23-47:7

23 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 24 «نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن: ”ئەو دوو خێڵەی[a] یەزدان هەڵیبژاردن، ڕەتی کردنەوە.“ ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد، وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان. 25 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست، 26 ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“»

ئاگاداری بۆ سدقیا

34 کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل و هەموو سوپاکەی و هەموو شانشینەکانی ئەو خاکانەی لەژێر دەستی فەرمانڕەوایەتی ئەودا بوون و هەموو گەلان لە دژی ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی دەجەنگین، یەزدان پەیامی بۆ یەرمیا نارد، فەرمووی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ قسە لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا بکە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابلەوە و بە ئاگر دەیسووتێنێت. تۆش لە دەستی دەرباز نابیت، بەڵکو بەگرتن دەگیرێیت و دەدرێیتە دەستی ئەوەوە، چاوەکانت چاوەکانی پاشای بابل دەبینێت، ڕووبەڕوو قسەت لەگەڵ دەکات. پاشان دەچیتە بابل.

«”ئەی سدقیای پاشای یەهودا، گوێ لە بەڵێنی یەزدان بگرە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە تۆ: بە شمشێر نامریت، بە ئاشتی دەمریت. وەک چۆن خەڵکی بۆ ڕێزگرتن لە باوباپیرانی پاشاکانی پێش تۆ بخووریان دەسووتاند، ئاوا بۆ ڕێزگرتن لە تۆ بخوور دەسووتێنن، بە ’گەورە ڕۆ!‘ بۆت دەلاوێنەوە. یەزدان دەفەرموێت: من ئەو بەڵێنە دەدەم.“»

جا یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیم هەموو ئەم قسانەی بە سدقیای پاشای یەهودا گوت، لەو کاتەی سوپاکەی پاشای بابل کەوتە جەنگەوە لە دژی ئۆرشەلیم و ئەو شارانەی دیکەی یەهودا کە مابوونەوە، لە دژی لاخیش و عەزێقا، لە شارە قەڵابەندەکانی یەهودا تەنها ئەمانە مابوونەوە.

ئازادکردنی کۆیلەکان

ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، دوای ئەوەی سدقیای پاشا پەیمانی لەگەڵ هەموو گەل بەست کە لە ئۆرشەلیم بوون بۆ ڕاگەیاندنی ئازادکردنی کۆیلە. هەرکەسە کۆیلە عیبرانییەکەی و کەنیزە عیبرانییەکەی خۆی ئازاد بکات، بۆ ئەوەی کەس ئەو برا و خوشکە جولەکەیەی نەکات بە کۆیلە. 10 پیاوە گەورەکان و هەموو گەل هاتنە ناو پەیمانەکەوە و ڕازی بوون بەوەی هەرکەسە و دەبێت کۆیلە و کەنیزەکەی خۆی ئازاد بکات و ئیتر کەس نەیانکات بە کۆیلە، گوێڕایەڵ بوون و بەڕەڵایان کردن. 11 بەڵام پاشان گەڕانەوە، ئەو کۆیلە و کەنیزانەی ئازادیان کردبوون جارێکی دیکە کردیاننەوە بە کۆیلە و کەنیزە.

12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 13 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لەگەڵ باوباپیرانتان پەیمانم بەست، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان لە خاکی کۆیلایەتییەوە، فەرمووم: 14 ”لە کۆتایی حەوت ساڵدا هەرکەسە و دەبێت ئەو عیبرانییە ئازاد بکات و بەڕەڵا بکات کە خۆی بە ئێوە فرۆشتووە و شەش ساڵ خزمەتی کردوون.“[b] بەڵام باوکانتان گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد. 15 ئەمڕۆ ئێوە تۆبەتان کرد و ئەوەی لەبەرچاوی من ڕاست بوو کردتان، هەرکەسە و ئازادکردنی بۆ هاونیشتیمانییەکەی ڕاگەیاند، لەو ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە پەیمانتان بەست. 16 بەڵام پاشان هەڵگەڕانەوە و ناوی منتان زڕاند، هەریەکەتان کۆیلە و کەنیزەکەی گەڕاندەوە، ئەوانەی ئازادتان کردبوون چییان بوێ بۆ خۆیان بیکەن، ناچارتان کردن ببنەوە کۆیلە و کەنیزەتان.

17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون بۆ ئەوەی هەرکەسە و ئازادکردنی هاونیشتیمانییەکەی ڕابگەیەنێت، من ”ئازادی“ بۆ ئێوە ڕادەگەیەنم، ”ئازادی“ بۆ ئەوەی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن. وا دەکەم هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان بتۆقن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 ئەو کەسانەی کە پەیمانەکەی منیان شکاند، ئەوانەی بەندەکانی ئەو پەیمانەیان جێبەجێ نەکرد کە لەبەردەمی من بەستیان، وەک ئەو گوێرەکەیەیان لێدەکەم کە دوو لەتیان کرد و بەناو دوو لەتەکەیدا تێپەڕین.[c] 19 پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیاوە گەورەکانی ئۆرشەلیم و کاربەدەستان و کاهینان و هەموو گەلی خاکەکە، ئەوانەی بەناو دوو لەتی جوانەگادا تێپەڕین، 20 دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن. تەرمەکانیان دەبێت بە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.

21 «سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانیشی دەدەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن، دەیاندەمە دەست سوپاکەی پاشای بابل، ئەوانەی لە کۆڵتان بوونەتەوە. 22 من فەرمان دەدەم بابلییەکان بگەڕێنەوە ئەم شارە و لە دژی بجەنگن. ئەم شارە دەگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن، شارۆچکەکانی یەهوداش وێران دەکەم و ئاوەدانی تێدا نامێنێت.»

            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ڕێکابییەکان

35 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا: «بڕۆ بۆ ماڵی ڕێکابییەکان و قسەیان لەگەڵ بکە، بیانهێنە بۆ ماڵی یەزدان، بیانبە ژوورەوە بۆ یەکێک لە ژوورە لاتەنیشتەکان و شەرابیان دەرخوارد بدە.»

منیش یازەنیاهوی کوڕی یەرمیای کوڕی حەڤەچینیا و براکانی و هەموو کوڕەکانی و هەموو بنەماڵەی ڕێکابییەکانم برد. ئەوانم بردە ماڵی یەزدان، بۆ ژوورەکەی نەوەکانی حانانی کوڕی یەگدەلیاهوی پیاوی خودا، ئەوەی لەتەنیشت ژووری پیاوە گەورەکانە، لەسەر ژوورەکەی مەعسێیاهوی کوڕی شەلوم کە پاسەوانی دەرگاکەیە. جامی پڕ شەراب و پەرداخم لەپێش کوڕانی بنەماڵەی ڕێکابییەکان دانا و پێم گوتن: «شەراب بخۆنەوە!»

بەڵام ئەوان گوتیان: «ئێمە شەراب ناخۆینەوە، چونکە یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان، فەرمانی پێ کردووین و گوتوویەتی: ”نە خۆتان و نە کوڕەکانتان بۆ هەتاهەتایە شەراب مەخۆنەوە. هەروەها خانوو بنیاد مەنێن، کشتوکاڵ مەکەن، ڕەزیش مەچێنن و نەتانبێت، بەڵکو بە درێژایی ژیانتان چادرنشین بن، بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژ لەسەر ڕووی ئەم خاکە بژین کە ئێوە تێیدا نامۆن.“ ئێمەش گوێڕایەڵی قسەکەی یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان دەبین. لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ کردووین، بە درێژایی ژیانمان نە خۆمان و نە ژنەکانمان و نە کوڕ و کچەکانمان شەراب ناخۆینەوە، خانوو بنیاد نانێن بۆ نیشتەجێبوونمان، ڕەز و کێڵگە و کشتوکاڵیشمان نابێت. 10 چادرنشین بووین، بە تەواوی گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بووین کە یۆنادابی باپیرە گەورەمان فەرمانی پێ کردووین. 11 بەڵام کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل هەڵیکوتایە سەر ئەو خاکە، ئێمەش گوتمان: ”دەبێ بچینە ئۆرشەلیم بۆ هەڵاتن لە دەستی سوپای بابلی و سوپای ئارامییەکان.“ جا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووین.»

12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، یەزدان بە یەرمیای فەرموو: 13 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ یەزدان پێتان دەفەرموێت: ”ئایا ئێوە تەمبێ نابن، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانم بن؟ 14 یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانی بە کوڕەکانی کرد شەراب نەخۆنەوە، فەرمانەکەی جێبەجێ کرا. هەتا ئەمڕۆش شەرابیان نەخواردووەتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانی باپیرە گەورەیان بوون. بەڵام من بەردەوام قسەم لەگەڵ ئێوە کردووە، ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون. 15 من بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ئێوە ناردووە، بۆ ئەوەی پێتان بڵێن: ’هەریەکە و لە ڕەفتارە خراپەکانتان بگەڕێنەوە و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە، دوای خودای دیکە مەکەون بۆ پەرستنیان، بگەڕێنەوە بۆ ئەو خاکەی داومەتە خۆتان و باوباپیرانتان.‘ بەڵام ئێوە گوێتان پێنەدام و گوێتان لێ نەگرتم. 16 کوڕەکانی یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانەکەی باپیرە گەورەیان بەجێگەیاند کە فەرمانی پێ کردن، بەڵام ئەم گەلە گوێڕایەڵی من نەبوون.“

17 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من هەموو ئەو خراپەیە بەسەر یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەهێنم کە سەبارەت بەوان فەرمووبووم. لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم، بانگم کردن بەڵام وەڵامیان نەدامەوە.“»

18 یەرمیا بە بنەماڵەی ڕێکابییەکانی گوت: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە گوێڕایەڵی فەرمانەکەی یۆنادابی باپیرە گەورەتان بوون، هەروەها هەموو فەرمانەکانی ئەوتان پاراست و هەموو ئەوەتان کرد کە فەرمانی پێ کردبوون.“ 19 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”بە درێژایی ڕۆژگار پیاو نابڕێت لە یۆنادابی کوڕی ڕێکاب بۆ خزمەتکردنم.“»

سووتاندنی تۆمارەکەی یەرمیا

36 لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «تۆمارێک بۆ خۆت بهێنە و هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا و هەموو گەلان، لە ماوەی پاشایەتی یۆشیاوە هەتا ئەمڕۆ، هەمووی تێدا تۆمار بکە. بەڵکو بنەماڵەی یەهودا گوێیان لە هەموو ئەو بەڵایە دەبێت کە بە نیازم بەسەریان بهێنم، بۆ ئەوەی هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی خۆیەوە بگەڕێتەوە، منیش لە تاوان و گوناهەکانیان خۆشدەبم.»

یەرمیاش باروخی کوڕی نێرییای بانگکرد، کاتێک یەرمیا هەموو وشەکانی یەزدان کە قسەی لەگەڵیدا پێکردبوو دەیگوت، باروخ لە تۆمارێکدا نووسییەوە. یەرمیا فەرمانی بە باروخ کرد و گوتی: «من بەندم و ناتوانم بچمە ناو پەرستگای یەزدانەوە. جا تۆ لە ڕۆژی ڕۆژووگرتن بڕۆ ناو پەرستگای یەزدان و وشەکانی یەزدان ئەوەی لەبەردەمم لە تۆمارەکەدا نووسیتەوە بیخوێنەوە. بۆ گەلی یەهودای بخوێنەوە، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە دێن. بەڵکو لەبەردەم یەزدان دەپاڕێنەوە، هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تووڕەیی و هەڵچوونەی کە یەزدان سەبارەت بەم گەلە فەرموویەتی، گەورەیە.»

باروخی کوڕی نێرییاش هەموو ئەوەی کرد کە یەرمیای پێغەمبەر ڕایسپارد. بەوەی لە پەرستگای یەزداندا وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە خوێندەوە. لە مانگی نۆی ساڵی پێنجەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند بۆ هەموو گەل لە ئۆرشەلیم، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتبوونە ئۆرشەلیم. 10 لە ژوورەکەی گەمەریای کوڕی شافانی خامەی نهێنی[d]، لە حەوشەکەی سەرەوە، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی پەرستگای یەزدان، باروخ وشەکانی نێو تۆمارەکەی یەرمیای بۆ هەموو گەل خوێندەوە.

11 کاتێک میخایوی کوڕی گەمەریای کوڕی شافان هەموو وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە بیست، 12 دابەزی بۆ ژوورەکەی خامەی نهێنی لە کۆشکی پاشا، کە هەموو پیاوە گەورەکان لەوێ دانیشتبوون، ئەلیشاماعی خامەی نهێنی، دەلایای کوڕی شەمەعیا، ئەلناتانی کوڕی عەکبۆر، گەمەریای کوڕی شافان، سدقیای کوڕی حەنەنیا، هەروەها هەموو پیاوە گەورەکانی دیکە. 13 میخایوش هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاندن کە بیستبووی، لە کاتێک کە باروخ تۆمارەکەی بۆ گەل دەخوێندەوە. 14 جا هەموو پیاوە گەورەکان یەهودی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی کووشیان نارد بۆ ئەوەی بە باروخ بڵێت: «ئەو تۆمارەی لێیەوە بۆ ئەم گەلە خوێندتەوە، لەگەڵ دەستت هەڵیبگرە و وەرە.» ئینجا باروخی کوڕی نێرییاش تۆمارەکەی لەگەڵ دەستی هەڵگرت و چوو بۆ لایان. 15 پێیان گوت: «فەرموو دابنیشە، گوێمان لێبێت بیخوێنەوە.» باروخیش بۆی خوێندنەوە.

16 کاتێک گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو، بە ترسەوە تەماشای یەکتریان کرد و بە باروخیان گوت: «دەبێ تەواوی ئەم وشانە بە پاشا ڕابگەیەنین.» 17 ئینجا لە باروخیان پرسی: «تکایە پێمان بڵێ چۆن هەموو ئەم وشانەت نووسی؟ ئایا لە دەمی یەرمیا بیستت؟»

18 باروخیش وەڵامی دانەوە: «بەڵێ، بە دەمی خۆی هەموو ئەم وشانەی بۆ دەگوتم، منیش بە مەرەکەب لە تۆمارەکەدا دەمنووسییەوە.»

19 ئینجا پیاوە گەورەکان بە باروخیان گوت: «بڕۆ خۆت و یەرمیا خۆتان بشارنەوە، با کەس نەزانێت ئێوە لەکوێن.»

20 دوای ئەوەی تۆمارەکەیان لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنی دانا، چوونە هەیوانەکە بۆ لای پاشا، هەموو ئەو شتانەیان بە پاشا ڕاگەیاند. 21 پاشا یەهودی نارد بۆ ئەوەی تۆمارەکە بهێنێت، ئەویش لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنییەوە تۆمارەکەی هێنا. یەهودی بۆ پاشا و بۆ هەموو ئەو پیاوە گەورانەی لای پاشا وەستابوون خوێندییەوە. 22 ئەوە لە مانگی نۆ بوو، پاشا لە ماڵی زستانە دانیشتبوو، ئاگردانێکیش لەبەردەمی داگیرسابوو. 23 کاتێک یەهودی سێ چوار ستوونی لە تۆمارەکە خوێندەوە، پاشا بە قەڵەمبڕی نووسەرەکە پارچەپارچەی کرد و فڕێیدایە ناو ئاگردانەکەوە هەتا هەموو تۆمارەکە لەناو ئاگرەکە بە تەواوی فەوتا. 24 جا نە پاشا و نە هیچ یەکێک لە خزمەتکارەکانی کە گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو نەترسان، جلەکانی بەریان دانە دڕی. 25 هەرچەندە ئەلناتان و دەلایا و گەمەریا تکایان لە پاشا کرد تۆمارەکە نەسووتێنێت، بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرتن. 26 بەڵکو پاشا فەرمانی دا بە میر یەرەحمێل و سەرایای کوڕی عەزریێل و شەلەمیاهوی کوڕی عەبدئێل بۆ گرتنی باروخی سەرقەڵەم و یەرمیای پێغەمبەر، بەڵام یەزدان ئەوانی شاردەوە.

27 دوای ئەوەی پاشا تۆمارەکەی سووتاند کە ئەو وشانەی تێدابوو باروخ لە دەمی یەرمیاوە نووسیبووی، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 28 «بگەڕێوە و تۆمارێکی دیکە ببە و هەموو ئەو وشانەی تێدا بنووسەوە کە لەناو تۆمارەکەی یەکەم جار بوو، ئەوەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا سووتاندی. 29 بە یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداش بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ ئەو تۆمارەیەت سووتاند و گوتت: ’بۆچی تێیدا نووسیت و گوتت، بێگومان پاشای بابل دێت و ئەم خاکە دەفەوتێنێت و مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا قڕ دەکات؟‘ 30 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: کەس لە ڕەچەڵەکی ئەو لەسەر تەختی داود دانانیشێت، تەرمەکەی فڕێدەدرێتە بەر گەرمای ڕۆژ و سەرمای شەو. 31 سزای خۆی و منداڵ و خزمەتکارەکانی دەدەم لەسەر تاوانەکانیان، هەموو ئەو بەڵایەی پێیانم گوت، بەسەر خۆیان و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و پیاوانی یەهودای دەهێنم، چونکە گوێیان لێ نەگرت.“»

32 ئینجا یەرمیا تۆمارێکی دیکەی برد و دایە باروخی کوڕی نێرییای سەرقەڵەم، ئەویش لە دەمی یەرمیاوە هەموو وشەکانی ئەو تۆمارەی نووسییەوە کە یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا لەناو ئاگردانەکە سووتاندی، هەروەها زۆر وشەی لەو جۆرەشی بۆ زیاد کرد.

یەرمیا لە بەندیخانە

37 ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل سدقیا کوڕی یۆشیای لە خاکی یەهودا کردە پاشا، لە جێی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیم. بەڵام نە خۆی و نە خزمەتکارەکانی و نە گەلی خاکەکە گوێیان لە پەیامەکەی یەزدان نەگرت کە لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی.

جا سدقیای پاشا یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی بۆ لای یەرمیای پێغەمبەر نارد و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە لە یەزدانی پەروەردگارمان بپاڕێوە.»

لەو کاتەدا یەرمیا بە ئازادی هاتوچۆی ناو خەڵکی دەکرد، چونکە هێشتا نەیانخسبووە بەندیخانەوە. سوپاکەی فیرعەونیش لە میسرەوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک ئەو بابلییانەی کە گەمارۆی ئۆرشەلیمیان دابوو هەواڵی ئەوانیان بیست، لە ئۆرشەلیم کشانەوە.

ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، پێی فەرموو: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: پاشای یەهودا کە ئێوەی ناردووە بۆ لام تاکو لێم بپرسێت، پێی بڵێن: ”ئەوەتا سوپاکەی فیرعەون کە بۆ یارمەتیتان بەڕێکەوتوون، دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، میسر. بابلییەکانیش دەگەڕێنەوە و شەڕ لەگەڵ ئەم شارە دەکەن، دەیگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن.“

«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خۆتان مەخەڵەتێنن و بڵێن: ”بابلییەکان بە تەواوی لە کۆڵمان دەبنەوە.“ لە کۆڵتان نابنەوە! 10 تەنانەت ئەگەر هەموو سوپای بابلییەکانیش ببەزێنن کە لە دژتان دەجەنگن، تەنها چەند پیاوێکی برینداریان لێ بمێنێتەوە، ئەوا هەریەکە لە چادرەکەی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و ئەم شارە بە ئاگر دەسووتێنن.»

11 دوای ئەوەی سوپای بابلییەکان لە ئۆرشەلیم بەرامبەر بە سوپاکەی فیرعەون کشانەوە، 12 یەرمیاش دەستبەجێ ئۆرشەلیمی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە خاکی بنیامین، تاکو لەوێ لەنێو گەل بەشی خۆی لە زەوی وەربگرێت. 13 بەڵام کە گەیشتە ناو دەروازەی بنیامین، سەرکارێکی پاسەوانان لەوێ هەبوو، ناوی یرئیا ی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی حەنەنیا بوو، یەرمیای پێغەمبەری گرت و پێی گوت: «تۆ دەچیتە پاڵ بابلییەکان!»

14 یەرمیاش گوتی: «درۆیە! من ناچمە پاڵ بابلییەکان.» بەڵام یرئیا گوێی لێ نەگرت، ئینجا یەرمیای گرت و هێنایە لای پیاوە گەورەکان. 15 پیاوە گەورەکانیش لە یەرمیا تووڕە بوون، لێیاندا و لە ماڵی یۆناتانی خامەی نهێنی بەندیان کرد، چونکە ئەوێیان کردبووە بەندیخانە.

16 یەرمیایان خستە کونجی زیندانەوە لە بەندیخانەکە، ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە. 17 ئینجا سدقیا پاشا ناردی و لەوێ دەریانهێنا، پاشا لە ماڵەکەی خۆی بەدزییەوە پرسیاری لێکرد و گوتی: «ئایا هیچ پەیامێک لەلایەن یەزدانەوە هەیە؟»

یەرمیاش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، هەیە. تۆ دەکەویتە دەست پاشای بابلەوە.»

18 ئینجا یەرمیا بە سدقیا پاشای گوت: «تاوانی من دەرهەق بە تۆ و خزمەتکارەکانت و ئەم گەلە چییە، هەتا بمخەنە بەندیخانەوە؟ 19 ئەی کوا پێغەمبەرەکانتان، ئەوانەی پێشبینییان بۆ کردیت و گوتیان: ”پاشای بابل نایەتە سەر ئێوە و ئەم خاکە“؟ 20 ئێستاش، ئەی پاشای گەورەم، تکایە گوێ بگرە. تکایە با لەبەردەمت بپاڕێمەوە: مەمگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی یۆناتانی خامەی نهێنی، با لەوێ نەمرم.»

21 سدقیای پاشاش فەرمانی دا کە یەرمیا بخرێتە حەوشەی پاسەوانەکان، ڕۆژانە یەک نانی لە بازاڕی نانەوایانەوە پێبدرێت، هەتا بە تەواوی نان لە شارەکە دەبڕدرێتەوە. یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

یەرمیا فڕێدرایە ناو ئەمباراوێک

38 ئینجا شەفەتیای کوڕی مەتان، گەدەلیاهوی کوڕی پەشحور، یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و پەشحوری کوڕی مەلکیا گوێیان لەو قسانە بوو کە یەرمیا لەگەڵ گەل دەیکرد و دەیگوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، بەڵام ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ ناو بابلییەکان دەژیێت. ژیانی خۆی دەرباز دەکات و دەژیێت.“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە دڵنیاییەوە ئەم شارە دەدرێتە دەست سوپاکەی پاشای بابل، دەستی بەسەردا دەگرێت.“»

جا پیاوە گەورەکان بە پاشایان گوت: «دەبێت ئەم پیاوە بکوژرێت. لەبەر ئەوەی بەو قسانەی ورەی ئەو سەربازانە دەڕووخێنێ کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، هەروەها ورەی هەموو خەڵکیش دەرووخێنێ. ئەم پیاوە داوای چاکە بۆ ئەم گەلە ناکات، بەڵکو خراپە.»

سدقیای پاشا گوتی: «ئەوەتا لەبەردەستتانە، پاشا توانای هیچی نییە بەرامبەر بە ئێوە.»

ئەوانیش یەرمیایان برد و فڕێیان دایە ناو ئەمباراوەکەی مەلکیای کوڕی پاشا، ئەوەی لە حەوشەی پاسەوانەکانە. یەرمیایان بە گوریس شۆڕکردە خوارەوە، ئەمباراوەکەش ئاوی تێدا نەبوو، بەڵکو قوڕ. جا یەرمیا لەناو قوڕەکە چەقی.

بەڵام عەبەدمەلەخ، کە کاربەدەستێکی کوشی[e] بوو لە کۆشکی پاشا، بیستی کە یەرمیایان فڕێداوەتە ناو ئەمباراوەکە. پاشاش لە دەروازەی بنیامین دانیشتبوو، عەبەدمەلەخ لە کۆشکی پاشاوە چوو و بە پاشای گوت: «پاشای گەورەم، ئەم پیاوانە خراپیان کرد لە هەموو ئەوەی بە یەرمیای پێغەمبەریان کرد. ئەوان فڕێیان داوەتە ناو ئەمباراوەکەوە، ئەو لە شوێنەکەی خۆی لە برسان دەمرێت، چونکە نان لە شار نەماوە.»

10 پاشاش فەرمانی بە عەبەدمەلەخی کوشی کرد و گوتی: «لێرەوە سی پیاو لەگەڵ خۆت ببە، یەرمیای پێغەمبەر لە ئەمباراوەکەوە دەربێنە، هەتا نەمردووە.»

11 عەبەدمەلەخیش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد، چووە ژوورێک لەژێر گەنجینەی کۆشکی پاشا. لەوێ هەندێک پەڕۆوپاتاڵ و جلی کۆنی هەڵگرت و بە گوریس بۆ یەرمیای شۆڕی کردەوە ناو ئەمباراوەکە. 12 عەبەدمەلەخی کوشی بە یەرمیای گوت: «پەڕۆوپاتاڵ و جلە کۆنەکان لەبن هەنگڵت لەژێر گوریسەکەوە دابنێ.» یەرمیاش ئاوای کرد. 13 ئینجا بە گوریس یەرمیایان هەڵکێشا، لە ئەمباراوەکە دەریانهێنا. جا یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

پرسیاری سدقیا لە یەرمیا

14 پاشان سدقیا پاشا بەدوای یەرمیای پێغەمبەردا ناردی، لە دەروازەی سێیەمی پەرستگای یەزدان هێنایە لای خۆی. ئینجا پاشا بە یەرمیای گوت: «دەمەوێت شتێکت لێ بپرسم، هیچم لێ مەشارەوە.»

15 یەرمیاش بە سدقیای گوت: «ئەگەر پێت بڵێم، ئایا نامکوژیت؟ تەنانەت ئەگەر ئامۆژگاریشت بکەم، گوێم لێ ناگریت.»

16 سدقیای پاشاش بەدزییەوە سوێندی بۆ یەرمیا خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو کە ژیانی بە ئێمە بەخشیوە، نە دەتکوژم و نە دەتدەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێ بتکوژن.»

17 ئینجا یەرمیا بە سدقیای گوت: «یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل بکەیت، ئەوا گیانت بە زیندووێتی دەمێنێتەوە و ئەم شارەش بە ئاگر ناسووتێت، خۆت و خێزانەکەشت بە زیندووێتی دەمێننەوە. 18 بەڵام ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل نەکەیت، ئەوا ئەم شارە دەکەوێتە دەست بابلییەکان و بە ئاگر دەیسووتێنن، تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت.“»

19 سدقیای پاشا بە یەرمیای گوت: «من لەو جولەکانە دەترسم کە چوونەتە پاڵ بابلییەکانەوە، نەوەک بابلییەکان بمدەنە دەست ئەوان، ئەوانیش سووکایەتیم پێ بکەن.»

20 یەرمیاش گوتی: «ناتدەنە دەست ئەوان. گوێڕایەڵی فەرموودەی یەزدان بە کە من پێت ڕادەگەیەنم. ئینجا چاکەت بۆ دەبێت و ژیانت دەرباز دەبێت. 21 ئەگەر ڕازیش نیت خۆت ڕادەست بکەیت، ئەوا ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان پیشانی دام. 22 ئەوەتا هەموو ئەو ژنانەی لە کۆشکی پاشای یەهودا ماونەتەوە، بۆ سەرکردەکانی پاشای بابل دەبردرێن. ئەو ژنانە پێت دەڵێن:

«”ئەوانەی دۆستی تۆ بوون
    فریویان دایت و زاڵ بوون بەسەرت.
کاتێک پێیەکانت لەناو زەلکاو چەقین
    بەجێیان هێشتیت.“

23 «هەموو ژنەکانت و منداڵەکانیشت بۆ بابلییەکان دەبردرێن. تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت، بەڵکو بە دەستی پاشای بابل دەگیرێیت، ئەم شارەش بە ئاگر دەسووتێت.»

24 سدقیاش بە یەرمیای گوت: «با کەس ئەم قسانە نەزانێت، نەوەک بمریت. 25 ئەگەر پیاوە گەورەکان بیستیان من قسەم لەگەڵ تۆ کردووە، هاتنە لات و گوتیان: ”پێمان بڵێ چیت بە پاشا گوت و پاشا چی بە تۆ گوت، لێمان مەشارەوە، ئەگەر نا دەتکوژین،“ 26 تۆش پێیان بڵێ: ”لە پاشا پاڕامەوە تاوەکو نەمگەڕێنێتەوە بۆ ماڵی یۆناتان و لەوێ نەمرم.“»

27 جا هەموو پیاوە گەورەکان بۆ لای یەرمیا هاتن و لێیان پرسی، ئەویش بەگوێرەی هەموو ئەو قسانەی پاشا فەرمانی پێی کرد، وەڵامی دانەوە. ئیتر ئەوانیش لێی بێدەنگ بوون، چونکە کەس قسەکردنی ئەوی لەگەڵ پاشا نەبیست.

28 ئیتر یەرمیا هەتا ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم گیرا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

داگیرکردنی ئۆرشەلیم

39 لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا. لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا. جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەل‌سەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەل‌سەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل. کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا[f] ڕۆیشتن.

بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.

هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند. ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل. 10 بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.

11 نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد: 12 «بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.» 13 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەل‌سەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل 14 ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.

15 کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: 16 «بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت. 17 بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»

بەڕەڵاکردنی یەرمیا

40 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، پاش ئەوەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە ڕامە یەرمیای بەڕەڵا کرد، کە بینیبووی یەرمیا بە زنجیر بەند کراوە و لەنێو هەموو ڕاپێچکراوەکانی ئۆرشەلیم و یەهودایە کە بۆ بابل ڕاپێچ کراون. فەرماندەی پاسەوانانی پاشا یەرمیای برد و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگارت سەبارەت بەم شوێنە ئەم بەڵایەی فەرموو. ئێستاش یەزدان ئەنجامی دا، هەروەک فەرمووی کردی. هەموو ئەو شتانەتان لەبەر ئەوە بەسەرهات گوناهتان کرد لە دژی یەزدان و گوێڕایەڵی نەبوون. ئەمڕۆ من ئازادت دەکەم لەو سندمانەی بەدەستتەوەیە. جا ئەگەر پێت باشە لەگەڵم بێیتە بابل، وەرە و منیش چاوم لێت دەبێت. بەڵام ئەگەر حەز ناکەیت، مەیێ. تەماشا بکە، هەموو خاکەکە لەبەردەمتە، جا کوێت پێ باشە و بۆت دەگونجێ، بڕۆ ئەوێ.» بەڵام بەر لە گەڕانەوەی یەرمیا، نەبوزەرەدان گوتی: «بگەڕێوە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، ئەوەی پاشای بابل بەسەر شارۆچکەکانی یەهوداوە دایناوە، لەنێو خەڵکەکە لەلای ئەو بمێنەوە، یانیش هەرکوێیەک پێت باشە و بۆت دەگونجێ بڕۆ ئەوێ.»

پاشان فەرماندەی پاسەوانانی پاشا توێشو و دیارییەکی پێیدا و بەڕەڵای کرد. یەرمیاش هاتە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام لە میچپا و لەلای ئەو مایەوە، لەناو ئەو خەڵکەی لە خاکەکەدا مابوونەوە.

کوشتنی گەدەلیاهو

کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان، ئەوانەی لەناو کێڵگەکان بوون، خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کردووە بە فەرمانڕەوای خاکەکە و سەرپەرشتیاری ژن و پیاو و منداڵان، ئەو هەژارانەی خاکەکە کە بۆ بابل ڕاپێچ نەکراون، هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، یۆحانان و یۆناتانی کوڕانی قارێیەح، سەرایای کوڕی تەنحومەت، کوڕەکانی عێفەیی نەتۆفاتی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان. گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «مەترسن لەوەی خزمەتی بابلییەکان بکەن. لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت. 10 منیش لە میچپا دادەنیشم، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو بابلییانە نوێنەرایەتی ئێوە بکەم کە دێنە لامان. بەڵام ئێوە شەراب و هەنجیر و زەیت کۆبکەنەوە، بیخەنە ناو کۆڵەبارەکانتانەوە، لەو شارۆچکانەی گرتووتانە نیشتەجێ بن.»

11 کاتێک هەموو ئەو جولەکانەی لە مۆئاب و لەنێو عەمۆنییەکان و لە ئەدۆم و ئەوانەی لە هەموو خاکەکانی دیکە بوون، بیستیان کە پاشای بابل پاشماوەی بۆ یەهودا هێشتووەتەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کردووە بە فەرمانڕەوایان، 12 هەموو جولەکەکان لە هەموو ئەو شوێنانەی پەرتەوازە بوون بۆی گەڕانەوە، هاتنەوە خاکی یەهودا، بۆ لای گەدەلیاهو لە میچپا. شەراب و هەنجیرێکی گەلێک زۆریان کۆکردەوە.

13 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لە کێڵگەکان بوون هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، 14 پێیان گوت: «ئایا تۆ نازانیت کە بەعلیسی پاشای عەمۆنییەکان، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی ناردووە تۆ بکوژێت؟» بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام باوەڕی پێ نەکردن.

15 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح بەدزییەوە لە میچپا قسەی لەگەڵ گەدەلیاهو کرد و گوتی: «ڕێم بدە بچم ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بکوژم، بێ ئەوەی هیچ کەس پێی بزانێت. بۆچی ئەو تۆ بکوژێت، هەموو ئەو جولەکانەی لە دەوری تۆ کۆبوونەتەوە پەرتەوازە بن و پاشماوەی یەهودا لەناوبچێت؟»

16 بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام بە یۆحانانی کوڕی قارێیەحی گوت: «ئەم شتە مەکە، چونکە ئەوەی تۆ سەبارەت بە ئیسماعیل دەیڵێیت ڕاست نییە.»

41 لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی پاشا، لەگەڵ دە پیاو هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام. کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو دە پیاوەی لەگەڵی بوون هەستان و بە شمشێر لە گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیان دا و کوشتیان، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە. هەروەها ئیسماعیل هەموو ئەو جولەکانەشی کوشت کە لە میچپا لەگەڵ گەدەلیاهو بوون، هەروەها ئەو سەربازە بابلییانەشی کوشت کە لەو ناوە بوون.

لە ڕۆژی پاش کوشتنی گەدەلیاهو، بەر لەوەی کەس پێی بزانێت، هەندێک پیاو لە شەخەم و شیلۆ و سامیرەوە هاتن، هەشتا پیاوی ڕیش تاشراو و جل دادڕاو، لەشی خۆیان بریندار کردبوو، هاتن و پێشکەشراوی دانەوێڵە و بخووری سادەیان بەدەستەوە بوو بۆ ئەوەی بیبەنە ناو ماڵی یەزدان. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆش لە میچپا هاتە دەرەوە تاکو پێشوازییان لێ بکات، دەڕۆیشت و دەگریا. کە پێیان گەیشت پێی گوتن: «وەرن بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام.» کاتێک گەیشتنە ناوەڕاستی شارەکە، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون، ئەوانیان کوشت و فڕێیان دانە ناو ئەمباراوێک. بەڵام دە پیاویان تێدابوو گوتیان: «مەمانکوژە، گەنم و جۆ و زەیت و هەنگوینمان هەیە و لە کێڵگەدا شاردراوەتەوە.» جا ئیسماعیل دەستی گێڕایەوە و لەگەڵ براکانیان نەیکوشتن. ئەو ئەمباراوەی ئیسماعیل لاشەی هەموو ئەو پیاوانەی فڕێدا ناوی کە بەهۆی گەدەلیاهوەوە کوشتبوونی، ئەو ئەمباراوە بوو کە ئاسا پاشا بۆ بەرگری لە دژی بەعشای پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، جا ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بە کوژراوان پڕی کردەوە.

10 پاشان ئیسماعیل، هەموو پاشماوەی گەل کە لە میچپا بوون ڕاپێچی کردن، کچەکانی پاشا و هەموو ئەو خەڵکەی لەوێ مانەوە، ئەوانەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی بە سەرپەرشتیار بەسەریانەوە دانا. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ ڕاپێچی کردن و ڕۆیشت، هەتا بۆ لای عەمۆنییەکان بپەڕێتەوە.

11 کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی لەگەڵی بوون، ئەو خراپانەیان بیستەوە کە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ کردبووی، 12 هەموو پیاوەکانیان برد و چوون بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، لەلای گۆمەکەی گبعۆن تووشی بوون. 13 ئەو ڕاپێچکراوانەی لەگەڵ ئیسماعیل بوون دڵشاد بوون کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەحیان لەگەڵ هەموو سەرلەشکرەکان بینی کە لەگەڵی بوون، 14 جا هەموو ئەو گەلەی ئیسماعیل لە میچپاوە ڕاپێچی کردبوون گەڕانەوە و چوون بۆ لای یۆحانانی کوڕی قارێیەح. 15 بەڵام ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، بە هەشت پیاوەوە لە یۆحانان دەرباز بوون و چوونە لای عەمۆنییەکان.

هەڵاتن بۆ میسر

16 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لەگەڵی بوون، هەموو پاشماوەی گەلیان لە میچپا بردەوە، ئەوانەی لە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ وەریانگرتنەوە، دوای ئەوەی ئیسماعیل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، جەنگاوەرە بەتواناکان و ژن و منداڵ و کاربەدەستان بوون کە لەلای گبعۆن وەریانگرتبوونەوە. 17 جا چوون و لە گێروت کیمهام، ئەوەی لەتەنیشت بێت‌لەحمە، نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی بڕۆن و بچنە ناو میسرەوە، 18 دوور لە بابلییەکان. لێیان دەترسان لەبەر ئەوەی ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە.

42 ئینجا هەموو سەرلەشکرەکان و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و یەزەنیای کوڕی هۆشەعیا و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە هاتنە پێش و بە یەرمیای پێغەمبەریان گوت: «تکایە! گوێ لە پاڕانەوەمان بگرە و نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارت لە پێناو هەموو ئەمانەی ماونەتەوە. هەروەک دەبینی، چونکە پێشتر زۆر بووین و ئێستا کەم ماوینەتەوە. بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت پێمان بڵێت، بە کام ڕێگادا بڕۆین و چی بکەین.»

یەرمیای پێغەمبەریش وەڵامی دانەوە: «گوێم لێتان بوو، من وەک قسەکەی خۆتان داوا لە یەزدانی پەروەردگارتان دەکەم، جا یەزدان هەرچی فەرموو پێتانی ڕادەگەیەنم، هیچتان لێ ناشارمەوە.»

ئەوانیش بە یەرمیایان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەتێکی ڕاست و دڵسۆز بێت، ئەگەر ئێمە هەموو فەرمایشتەکەی یەزدانی پەروەردگارت کە بە تۆدا بۆمان دەنێرێت، ئاوا نەکەین. چاک بێت یان خراپ، ئێمە گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان دەگرین، ئەوەی ئێمە دەتنێرین بۆ لای، چونکە ئەگەر گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان بگرین، چاکەمان لەگەڵ دەکات.»

ئەوە بوو دوای دە ڕۆژ، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات. ئەویش یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی کە لەگەڵی بوون و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورەی بانگکرد، پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی ئێوە منتان بۆ لای نارد بۆ ئەوەی پاڕانەوەکەتان بخەمە بەردەمی، ئەمە دەفەرموێت: 10 ”ئەگەر لەم خاکە نیشتەجێ بن، من بنیادتان دەنێم و ناتانڕووخێنم، دەتانچێنم و ڕیشەکێشتان ناکەم، چونکە پاشگەز بوومەوە لەو بەڵایەی بەسەرم هێنان. 11 هەروەها یەزدان دەفەرموێت: لە پاشای بابل مەترسن، ئەوەی ئێستا لێی دەترسن. لێی مەترسن، چونکە من لەگەڵتانم بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەم و لە دەستی ئەو فریاتان بکەوم. 12 جا بەزەییم پێتاندا دێتەوە، بۆ ئەوەی پاشای بابل بەزەیی پێتاندا بێتەوە و بۆ خاکەکەی خۆتان بتانگەڕێنێتەوە.“

13 «بەڵام ئەگەر ئێوە بڵێن: ”لەم خاکە نیشتەجێ نابین“ و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبن، 14 بەڵکو بڵێن: ”نا! ئێمە دەچینە خاکی میسر و لەوێ نیشتەجێ دەبین، لەوێ شەڕ نابینین و دەنگی کەڕەنا نابیستین و برسی نان نابین،“ 15 ئەی پاشماوەی یەهودا، ئێستا گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر مکوڕ بن لەسەر ئەوەی بچنە میسر و چوون و لەوێ نیشتەجێ بوون، 16 ئەوا ئەو شمشێرەی ئێوە لێی دەترسن لەوێ پێتان دەگات، ئەو قاتوقڕییەی ئێوە لێی دەترسن بۆ میسر دواتان دەکەوێت، لەوێ دەمرن. 17 جا هەموو ئەو پیاوانەی سوور بوون لە چوونە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن، لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن، کەسیان نامێنێتەوە و دەرباز نابن لەو بەڵایەی من بەسەریان دەهێنم.“ 18 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک چۆن تووڕەیی و هەڵچوونم بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا ڕژا، ئاواش هەڵچوونم بەسەرتاندا دەڕژێت کاتێک بچن بۆ میسر، جا دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی، هەرگیز ئەم شوێنە نابیننەوە.“

19 «ئەی پاشماوەی یەهودا، یەزدان سەبارەت بە ئێوە فەرمووی: ”مەچنە ناو میسرەوە.“ باش بزانن کە من ئەمڕۆ ئاگادارم کردنەوە، 20 چونکە ئێوە هەڵەیەکی ترسناکتان کرد کاتێک منتان بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان نارد و گوتتان: ”نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان، یەزدانی خودامان هەرچی بفەرموێت، ئەوەمان پێ ڕابگەیەنەوە و دەیکەین.“ 21 ئەوا من ئەمڕۆ بە ئێوەم ڕاگەیاند، بەڵام ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون لە هەموو ئەوەی منی پێ ڕاسپارد پێتان بڵێم. 22 جا ئێستا باش بزانن کە لەو شوێنەی دەتانەوێ بۆی بچن و لێی نیشتەجێ بن لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن.»

43 یەرمیا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی پەروەردگاریانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند کە یەزدان پێی ڕایسپاردبوو. کاتێک تەواو بوو، عەزەریای کوڕی هۆشەعیا و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو پیاوە لووتبەرزەکان قسەیان لەگەڵ یەرمیا کرد و گوتیان: «تۆ درۆ دەکەیت! یەزدانی پەروەردگارمان تۆی نەناردووە هەتا بڵێت: ”مەچنە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن.“ بەڵکو باروخی کوڕی نێرییا تۆی لە ئێمە هانداوە تاوەکو بماندەیتە دەست بابلییەکان، بۆ ئەوەی بمانکوژن یان بۆ بابل ڕاپێچمان بکەن.»

ئیتر یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان و هەموو گەل کەسیان گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون هەتا لە خاکی یەهودا ئۆقرە بگرن. بەڵکو یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان، هەموو پاشماوەی یەهودایان برد، ئەوانەی لەناو ئەو نەتەوانەوە گەڕابوونەوە کە پەرتەوازە ببوون بۆ لایان، بۆ ئەوەی لە خاکی یەهودا بژین. پیاو و ژن و منداڵ و کچەکانی پاشا و هەموو ئەوانەیان برد کە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لەلای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام کوڕی شافان بەجێی هێشتبوون. هەروەها یەرمیای پێغەمبەر و باروخی کوڕی نێرییاش لەگەڵیان بوون. جا چوونە ناو خاکی میسر، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و هەتا تەحپەنحێس چوون.

ئینجا لە تەحپەنحێس فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، پێی فەرموو: «لەگەڵ دەستت هەندێک بەردی گەورە ببە و لەبەرچاوی پیاوانی یەهودا، بیانخە ژێر قوڕەوە، لەو بەردڕێژەی لە بەردەرگای کۆشکی فیرعەونە لە تەحپەنحێس. 10 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من دەنێرم و نەبوخودنەسری پاشای بابل، خزمەتکارەکەم، دەهێنم و تەختەکەی لەسەر ئەم بەردانە دادەنێم کە چەقاندم، ئەویش چەتری تەختەکەی بەسەردا هەڵدەدات. 11 جا دێت و لە خاکی میسر دەدات، ئەوەی بۆ مردنە بۆ مردن، ئەوەی بۆ دیلیێتیە بۆ دیلیێتی، ئەوەی بۆ شمشێرە بۆ شمشێر. 12 ئینجا ئاگر بەردەداتە پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر، پەرستگاکان دەسووتێنێت و خوداوەندەکانیان ڕاپێچ دەکات. خاکی میسر لە خۆی دەپێچێتەوە، وەک چۆن شوان کەواکەی لە خۆی دەپێچێتەوە، ئینجا لەوێوە بە سەلامەتی دەردەچێت. 13 کۆڵەکەکانی پەرستگای خۆر لە خاکی میسر دەشکێنێت، پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر بە ئاگر دەسووتێنێت.“»

لێقەومان بەهۆی بتپەرستی

44 ئەو پەیامەی بۆ یەرمیا هات سەبارەت بە هەموو ئەو جولەکانەی لە خاکی میسر نیشتەجێ بوون، لە مگدۆل و لە تەحپەنحێس و لە مەمفیس و لە پاشایەتی باشووری میسر: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە هەموو ئەو بەڵایەتان بینی کە بەسەر ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی یەهودام هێنا. ئەمڕۆ وێرانە و ئاوەدانی تێدا نییە، لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. پەستیان کردم بە بخوور سووتاندن و پەرستنیان بۆ خوداکانی دیکە، ئەو خودایانەی نە ئەوان ناسیوویانن و نە ئێوە و نە باوباپیرانتان. منیش بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردن، فەرمووم: ”تکایە! ئەم کارە قێزەونە مەکەن کە من ڕقم لێیەتی.“ بەڵام نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد بۆ ئەوەی لە خراپەکەیان بگەڕێنەوە یان لە بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە بوەستن. جا هەڵچوون و تووڕەییم ڕژا، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا گڕی گرت، وەک ئەمڕۆ وێران بوو و بووە چۆڵەوانی.

«ئێستاش یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بۆچی ئێوە بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆتان دەهێنن، بە قڕبوونتان لەناوەڕاستی یەهودا بە پیاو و ژن، بە منداڵ و شیرەخۆرەوە، ئیتر هیچ پاشماوەیەکتان لێ نامێنێتەوە؟ بۆچی بە کردەوەکانی دەستتان پەستم دەکەن کاتێک لە خاکی میسر بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، کە ئێوە بۆی هاتوون تاوەکو لەوێ ئاوارە بن؟ خۆتان قڕ دەکەن و دەبنە نەفرەت و ڕیسوایی لەنێو هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی. ئایا خراپەکانی باوباپیرانتان و خراپەکانی پاشاکان و شاژنەکانی یەهودا و خراپەکانی خۆتان و ژنەکانتان لەیادچوو، ئەوەی لە خاکی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم کران؟ 10 هەتا ئەمڕۆش نە زەلیل بوون و نە لە من ترسان و نە ڕێگای فێرکردن و فەرزەکانی منتان گرتەبەر، ئەوەی لەبەردەم ئێوە و لەبەردەم باوباپیرانتان دامناوە.

11 «لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من مکوڕ دەبم لەسەر ئەوەی بەڵاتان بەسەربهێنم و هەموو یەهودا قڕ بکەم. 12 پاشماوەی یەهوداش دەبەم، ئەوانەی سوور بوون بچنە خاکی میسر هەتا لەوێ نیشتەجێ بن. هەموویان لە خاکی میسر لەناودەچن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن. لە بچووکەوە هەتا گەورە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن و دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی. 13 هەروەها سزای ئەوانەش دەدەم کە لە خاکی میسر نیشتەجێن، وەک چۆن بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئۆرشەلیمم دا. 14 پاشماوەکەی یەهودا، ئەوانەی هاتوون بۆ ئەوەی لە خاکی میسر لە ئاوارەیی بکەون، ئەوانەی تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ نیشتەجێبوون تێیدا، نە پاشماوە و نە دەربازبوویان نابێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا. کەسیان لێ ناگەڕێتەوە، جگە لە کەمینەیەکی دەربازبوو.»

15 ئینجا هەموو ئەو پیاوانەی کە دەیانزانی ژنەکانیان بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، هەروەها هەموو ئەو ژنانەی ڕاوەستابوون، کۆمەڵێکی گەورە بوون، هەموو ئەو خەڵکەی لە پاشایەتی باکوور و پاشایەتی باشووری میسر نیشتەجێن، وەڵامی یەرمیایان دایەوە و گوتیان: 16 «ئێمە گوێ لەم پەیامە ناگرین کە بە ناوی یەزدانەوە بە ئێمەت گوت. 17 بەڵکو هەر شتێک لە دەمی خۆمانەوە هاتووەتە دەرەوە، ئەوە دەکەین: بخوور بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەین، وەک چۆن خۆمان و باوباپیرانمان و پاشاکانمان و پیاوە گەورەکانمان لە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم ئەنجاممان داوە. ئەو کاتە تێر نان بووین و لە خۆشیدا بووین و خراپەمان نەبینی. 18 بەڵام لەو کاتەوەی وازمان لە بخوور سووتاندن هێناوە بۆ شاژنی ئاسمان و پێشکەشکردنی شەرابی پێشکەشکراو بۆی، پێویستمان بە هەموو شتێکە و بە شمشێر و قاتوقڕی لەناوچووین.»

19 ژنەکانیش گوتیان: «ئێمە کاتێک کە بخوورمان بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتاند و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەشی دەکرد، ئایا بەبێ ئاگاداری پیاوەکانمان کولێرەمان بۆ دەکرد لەسەر وێنەی ئەو و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەش دەکرد؟»

20 ئینجا یەرمیا بە هەموو خەڵکەکەی گوت، پیاو و ژنەکان، بە هەموو ئەو خەڵکەی بەم قسەیە وەڵامیان دایەوە: 21 «ئایا یەزدان بیری لەو بخوورە نەکردەوە و بەیادیدا نەهات کە لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم سووتاندتان، ئێوە و باوباپیر و پاشا و میر و هەموو گەلی خاکەکە؟ 22 ئیتر یەزدان لەبەر کردەوە خراپەکان و شتە قێزەونەکانتان کە ئەنجامتان داوە زیاتر بەرگەی نەگرت، جا خاکەکەتان بووە ڕووخاوی و وێرانە و نەفرەت و بێ ئاوەدانی، وەک ئەمڕۆ. 23 لەبەر ئەوەی بخوورتان سووتاند و گوناهتان کرد لە دژی یەزدان، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و ڕێگای فێرکردن و فەرز و یاساکانی ئەوتان نەگرتەبەر، لەبەر ئەوە تووشی ئەم بەڵایە بوون، وەک ئەمڕۆ.»

24 ئینجا یەرمیا بە هەموو گەل و بە تایبەتیش بە هەموو ژنەکانی گوت: «ئەی هەموو خەڵکی یەهودا، ئەوانەی کە لە خاکی میسرن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: 25 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە و ژنەکانتان بە قسە بەڵێنتان دا و بە ئەنجامتان گەیاند، گوتتان ”بێگومان ئێمە ئەو نەزرانەمان[g] جێبەجێ دەکەین کە نەزرمان کردبوو بۆ شاژنی ئاسمان، بخوور دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراوی پێشکەش دەکەین.“

«کەواتە فەرموون، بەڵێنەکانتان بهێننە دی و نەزرەکانتان بپارێزن! 26 بەڵام ئەی هەموو ئەو خەڵکەکەی یەهودا کە لە میسر نیشتەجێن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: ”من بە ناوی مەزنی خۆم سوێند دەخۆم، لەمەودوا کەس لە خەڵکی یەهودا لە هەموو خاکی میسر ناوی من بەسەر زاریدا نایەت، کە بڵێت: ’بە یەزدانی زیندووی باڵادەست.‘ 27 ئەوەتا من بۆ خراپە نەک بۆ چاکە چاودێرییان دەکەم، جا هەموو پیاوانی یەهودا، ئەوانەی لە خاکی میسرن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن، هەتا ئەوەی کەسیان لێ نامێنێتەوە. 28 ئەوانەش کە لە شمشێر دەرباز دەبن لە خاکی میسرەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا، خەڵکانێکی کەم دەبن. ئینجا هەموو پاشماوەی یەهودا ئەوانەی هاتنە میسر تاکو لەوێ بژین، دەزانن قسەی کێ سەردەگرێت، هی من یان هی ئەوان.“»

29 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەمەش نیشانەیە بۆ ئێوە، من لەم شوێنە سزاتان دەدەم، بۆ ئەوەی بزانن هەر دەبێت قسەی من سەربگرێت کە لە دژی ئێوەیە و بۆ خراپەیە.“ 30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من حۆفرەعی فیرعەونی میسر دەدەمە دەست دوژمنەکانی کە دەیانەوێ بیکوژن، وەک چۆن سدقیای پاشای یەهودام دایە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەو دوژمنەی دەیویست بیکوژێت.“»

پەیامێک بۆ باروخ

45 ئەو پەیامەی یەرمیای پێغەمبەر بە باروخی کوڕی نێرییای گوت، لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتێک ئەم وشانەی لە دەمی یەرمیاوە لە تۆمارێکدا دەنووسییەوە: «ئەی باروخ! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە تۆ ئەمە دەفەرموێت: تۆ گوتت: ”قوڕبەسەرم! چونکە یەزدان سەرەڕای ئازارم خەمیشی بۆ زیاد کردووم، لەناو ناڵاندنم لە هۆش خۆم چووم و حەوانەوەم نەبوو.“»

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەی پێ بڵێ: ”ئەوەتا من لە هەموو ئەم خاکەدا ئەوەی بنیادم ناوە دەیڕووخێنم و ئەوەی چاندوومە ڕیشەکێشی دەکەم. ئایا ئیتر تۆ داوای شتی گەورە بۆ خۆت دەکەیت؟ داوا مەکە، چونکە ئەوەتا من خراپە بەسەر هەموو خەڵکێکدا دەهێنم، بەڵام بۆ تۆ، ژیانت دەرباز دەبێت لە هەموو ئەو شوێنانەی بۆی دەچیت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پەیامێک سەبارەت بە میسر

46 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە نەتەوەکان:

بۆ میسر:

سەبارەت بە سوپاکەی نەخو فیرعەون، پاشای میسر، ئەوەی لەسەر ڕووباری فورات بوو لە کەرکەمیش، کە نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا لێیدا:

«سپەر و قەڵغان ئامادە بکەن،
    پێشکەون بۆ جەنگ!
ئەسپ زین بکەن،
    ئەی سوارەکان، سەربکەون!
بە کڵاوی ئاسنینەوە لە ئامادەباشیدا بن!
    ڕمەکان تیژ بکەن،
    زرێیەکان[h] بپۆشن!
چی دەبینم؟
    ئەوان تۆقیون،
بەرەو پاش دەکشێنەوە،
    پاڵەوانەکانیان بەزین.
بە پەلە هەڵاتن و
    ئاوڕیشیان نەدایەوە،
    لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئەوەی تیژڕەوە هەڵنایەت و
    پاڵەوان دەرباز نابێت.
لە باکوور لەلای ڕووباری فورات
    ساتمەیان کرد و کەوتن.

«ئەمە کێیە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
    وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات؟
میسرە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
    وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات.
دەڵێت: ”هەڵدەستم و زەوی دادەپۆشم،
    شار و دانیشتووانەکەی لەناو دەبم.“
ئەی ئەسپەکان، سەربکەون!
    ئەی گالیسکەکان، سەرەڕۆ بن!
با پاڵەوانان بەرەو پێش بچن،
    کوش و پووت قەڵغان بەدەستن،
    لوودییەکان تیرەکانیان لە کەوانەکانیان ڕادەکێشن.
10 بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژی یەزدانە[i]، پەروەردگاری سوپاسالار،
    ڕۆژی تۆڵەیە، تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنانی.
جا شمشێر دەخوات و تێر دەبێت،
    لە خوێنیان تێر دەخواتەوە،
چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، قوربانی سەربڕاو پێشکەش دەکات
    لە خاکی باکوور لەلای ڕووباری فورات.

11 «سەربکەوە بۆ گلعاد و هەتووان بهێنە،
    ئەی میسری کچە پاکیزە.
بەڵام بێهوودە داوودەرمان زۆر دەکەیت،
    چاکبوونەوەت نییە.
12 نەتەوەکان سووکایەتی تۆیان بیستووە،
    قیژەت دنیای پڕکردووە،
چونکە پاڵەوانێک ساتمە لە پاڵەوانێک دەکات،
    هەردووکیان پێکەوە دەکەون.»

13 ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان بە یەرمیای پێغەمبەری ڕاگەیاند، لەبارەی هێرشکردنی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ سەر خاکی میسر:

14 «ئەمە لە میسر ڕابگەیەنن، لە شاری مگدۆل جاڕبدەن،
    هەروەها لە مەمفیس و تەحپەنحێس، بڵێن:
”وریابە و لە ئامادەباشیدا بە،
    چونکە شمشێر دەوروبەرت دەخوات.“
15 بۆچی توانادارەکانت بە زەویدا دران؟
    نەوەستان، چونکە یەزدان ئەوانی خست.
16 بەردەوام ساتمە دەکەن،
    بەسەر یەکتریدا دەکەون.
دەڵێن: ”هەستن با بگەڕێینەوە،
    بۆ ناو گەلەکەمان و خاکی لەدایکبوونمان،
    دوور لە شمشێری ستەمکاری.“
17 لەوێ هاواریان دەکرد:
    ”فیرعەونی پاشای میسر تەنها هاتوهەرای هەیە،
    دەرفەتی ئەو بەسەرچوو!“»

18 پاشا کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە
    دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
کەسێک دێت وەک تاڤۆرە لەنێو چیاکان،
    وەک کارمەلە لەلای دەریاوە دێت.
19 ئەی دانیشتووانی میسر،
    خۆتان کۆبکەنەوە بۆ ڕاپێچ،
چونکە مەمفیس وێران دەبێت،
    دەبێتە چۆڵەوانییەکی بێ ئاوەدانی.

20 «میسر مانگایەکی زێدە جوانە،
    بەڵام مێشومەگەز لە باکوورە بۆی دێت.
21 هەروەها سەربازە بەکرێگیراوەکانت لە ڕیزەکانی جەنگ،
    وەک جوانەگای قەڵەون،
چونکە ئەوانیش ڕوو وەردەگێڕن،
    تێکڕا هەڵدێن و ناوەستن،
چونکە ڕۆژی کارەسات گەیشتە سەریان،
    کاتی سزادانیان.
22 میسر وەک ماری هەڵاتوو فیشک دەدات،
    چونکە دوژمنەکانی بە سوپاوە دێنە پێش،
هەروەک داربڕەکان
    بە تەورەوە بۆی هاتن.
23 دارستانەکەی دەبڕنەوە،
    هەرچەندە زۆر چڕە،
چونکە لە کوللە زۆرترن،
    لە ژمارە نایەن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 «دانیشتووانی میسر شەرمەزار دەبن،
    درایە دەست گەلی باکوور.»

25 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل فەرمووی: «من خەریکم سزا دەسەپێنم، لەسەر ئامۆنی خودای تیب و فیرعەون، لەسەر میسر و خوداوەندەکان و پاشاکانی، هەروەها لەسەر ئەوانەش کە پشتیان بە فیرعەون بەستووە. 26 دەیاندەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێت بیانکوژن، دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دەست خزمەتکارەکانی. پاش ئەمە میسر وەک ڕۆژانی پێشتری ئاوەدان دەبێتەوە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

27 «ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
    ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
    نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
    دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
28 ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
    چونکە من لەگەڵتدام.
هەرچەندە کۆتایی دەهێنم بە هەموو ئەو نەتەوانەی
    کە بۆ ناویان پەرتەوازەم کردیت،
    بەڵام تۆ بە تەواوی لەناو نابەم.
لە سزا ناتبوورم،
    بە دادپەروەری تەمبێت دەکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

پەیامێک سەبارەت بە فەلەستییەکان

47 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:

یەزدان ئەوە دەفەرموێت:

«ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و
    دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ،
زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت،
    شار و دانیشتووانەکەی.
خەڵکی هاوار دەکەن،
    هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی،
    لە خڕەی گالیسکەکانی و
    جیڕەی چەرخەکانی.
باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە
    لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە
    بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و
بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک
    کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن.
یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات،
    پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن،
    ئەسقەلان کپ دەبێت.
ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان،
    هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟

«”ئای ئەی شمشێری یەزدان،
    هەتا کەی پشوو نادەیت؟
بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە[j] و
    هێدی بە و کپ بە.“
بەڵام چۆن پشوو دەدات
    کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت،
لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا،
    لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.